مافی هاوەڵان چییە بەسەرمانەوە.؟
مافی هاوەڵان چییە بەسەرمانەوە؟
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3981


مافی هاوەڵان چییە بەسەرمانەوە؟

مافی هاوەڵان بەسەرمانەوە مافێكی زۆر گەورەیە، واجبی سەرشانمانە ئەركەكانی خۆمان بەرانبەر ئەو كەسە دڵسۆز ومەزنانە - الله لە هەموویان رازی بێت - بەجێ بهێنین، زانایان لە ڕۆشنایی بەڵگەكانی قورئان و سوننەتدا زۆر باسی مافەكانی ئەوان و ئەركەكانی ئێمەیان كردووە كە دەبێت بەرانبەریان ئەنجامی بدەین، منیش لێرەدا بە پوختی هەندێك لە قسەكانی ئەوان دەخەمەڕوو:

1- پێویستە دان بە چاكەكانیاندا بنەین و باسی هەڵوێستەكانیان لە خزمەت كردنی ئەم دینەدا بخەینەروو، دڵەكانیشمان لە هەموو ڕق وكینەیەك بەرانبەر هەر كەسێك لەو هاوڵە بەرێزانە پاك بكەینەوە، بەلكو دەبێت دڵمان پڕبێت لە خۆشەویستی و ڕێزگرتن وبەگەورەزانینی ئەوان.
2- پێویستە ئەوانمان خۆش بوێت و ستایشیان بكەین و هەموو كات باسی چاكەكانیان بكەین، واجبە لەسەرمان بەتایبەتی ئەوانەی كە نووسەر و بانگخواز و وتاربێژن، مەناقیب و هەڵوێستە پرشنگدارەكانی ئەوان بۆ خەڵكی بە جوانی باس بكەن، چونكە ئەوە لەم كاتەدا و لە هەموو كاتێكدا  واجبێكی جەخت لەسەر كراوە، بە تایبەتی مامۆستایانی ئایینی كە خەڵكانێكی زۆر گوێیان لێ دەگرن، دەبێت ئەو هەلە بقۆزنەوە و مینبەری مزگەوتەكان تەرخان بكەن بۆ دەرخستنی گەورەیی و ڕۆڵی مەزنی ئەو كەڵە پیاوانە بۆ موسوڵمانان، ئەگەر تەنها ئەو ئایەت و فەرمودانە شەرح بكەن كە باسی ئەوان دەكان كارێكی گەوەریان كردووە. .
3- واجبە لە سەرمان ئەوان لەلای موسوڵمانان وخەڵكی بەگشتی خۆشەویست بكەین، بە ستایشكردنیان، بە ناوهێنانیان بە ئەوپەڕی ڕێزەوە وبە  بە وتنی (رضي الله عنه) لە كاتی ناوبردنیاندا، بە وەرگێڕان و شەرح كردنی كتێبی مەناقیبی هاوەڵان الله لێیان ڕازی بێت لە كتێبەكانی فەرموودەدا، هەر ڕۆژی فەرموودەیەك لەو فەرموودانەی بۆ نموونە لە  سەحیحی بوخاری و موسلیمدا  دەربارەی فەزائیل و مەناقیبی ئەو هاوەڵە بەرێزانە هاتووە باس بكرێت.
4- نابێت هیچ ڕوداوگەلێكی سیاسی، یان ڕوداوەكانی ڕۆژ و سەرقاڵبوون بە كاروباری جۆراوجۆرەوە، لەباسكردن و ناسین وناساندنی ئەوان دوورمان بخاتەوە، بەڵكو دەتوانین بەشێویەك لە شێوەكان ناو و ژیاننامەی ئەوان بە هەموو باس و ڕوداوەكانەوە ببەستین، ئەوانە خۆشەویستی پێغەمبەرەكەمانن صلی الله علیه و سلم وسەرگەوەری ئێمەن، ئەركی سەر شانمانە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە ژیاننامەكانیان، لە وتە جوانەكانیان، لە غیرەت و جوامێرییەكانیان بتەنینەوە، پێویستە زانست و ژیاننامە و فەرموودە جوانەكانیان وەرگێڕینە سەر زمانی كوردی وبەشێوازی جۆراوجۆر بیخەینە ناو ژیانی خەڵكی.
5- یەكێك لە ڕێگاكانی بەجێهێنانی مافەكانی ئەوان كە كاریگەری زۆری هەیە ئەوەیە، لە رێگەی نامیلكە و وانەی دەنگی و ڤیدیۆیی ئاسان و بەكارهێنانی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان و درووست كردنی فیلمی كارتۆنی و هۆكاری گونجاوی ترەوە ژیاننامە وچیرۆك و بەسەرهات و  كەسایەتی و هەوڵ و كۆششی ئەوان بۆ منداڵان بخەینەڕوو، (هەرچەند گەورەكانیش باوەڕ ناكەم زۆر لە منداڵەكان لە ژیاننامەی ئەوان شارەزاتر بن بەداخەوە)، بۆ ئەوەی لە زانست و لە مەزنی و لە قوربانیدان و لە خۆبوردەیی ئەوان لە هەڵگرتتنی ئەم ئیسلامەدا بێ ئاگا نەبن وهاوكات بیانكەن بە پێشەنگ و مامۆستای خۆیان، ئەم خاڵە بەدڵنییایی گرنگی و كاریگەری زۆری هەیە.
6- واجبە لەسەرمان ئەوان بكەین بە قودوەو پێشەنگی خۆمان ودینیان لێ وەربگرین و لێیانەوە فێری ئیسلام ببین، پێویستە لە هەموو ئەو كارە باشانەی كە كردوویانە شوێن پێیان هەڵبگرین، لە زانست و كردارەكانیاندا، لە فەرمان بەچاكە و نەهی كردن لە خراپەیاندا، لە غیرەت و توندییاندا بەرانبەر ناحەزانی ئیسلام، لە دونیانەویستی و چاووبڕینە قیامەت و ڕەزامەندی الله تعالی دا، لە گوێڕایەڵی و خۆشەویستیاندا بۆ پێغەمبەرمان صلی الله علیه و سلم، ئەوان لە هەموو كەسێك لەم ئوممەتەدا باشتر لە فەرموودە و سوننەتی پێغەمبەری پێشەوا تێگەیشتوون، ئەوان لە هەموو كەس باشتر بە كیتاب و سوننەت كاریان دەكرد و لە خۆیان و ماڵ و منداڵ و سەرجەمی ژیانیاندا بەرجەستەیان دەكرد، ئەوان دڵسۆزترین كەس بوون بۆ ئێمە ودورترین كەس بوون لە هەموو بیدعەو داهێنانێكەوە.
7- پێویستە بەردەوام ڕەحمەتیان بۆ بنێرین و داوای لێخوشبوونیان بۆ بكەین،  الله تعالی فەرموویەتی: (وَالَّذِينَ جَاءُوا مِنْ بَعْدِهِمْ يَقُولُونَ رَبَّنَا اغْفِرْ لَنَا وَلِإِخْوَانِنَا الَّذِينَ سَبَقُونَا بِالْإِيمَانِ وَلَا تَجْعَلْ فِي قُلُوبِنَا غِلًّا لِلَّذِينَ آمَنُوا رَبَّنَا إِنَّكَ رَءُوفٌ رَحِيمٌ) الحشر:10.
پێویستە وەكو نزیكترین كەسەكانی خۆمان ئەوانمان خۆش بوێت و بەرگرییان لێ بكەین و دڵ و ناخمان بە ڕێزگرتن بە خۆشەویستی ئەوان لەبەر الله تعالی ئاوەدان بكەینەوە، چونكە ئەوان هەڵگری ڕاستەقینەی ئەم دینە بوون و هاوەڵ و یارمەتیدەر و خزمەتكاری پێغەمبەرەكەمان بوون صلی الله علیه وسلم، 
8- پێویستە زمانمان پاراو رابگرین لە قسەكردن وڕەخنەگرتن لەو كێشەو ناكۆكییانەی لە نێوانیاندا درووست بووە، باوەڕمان وایە ئەوان هەرچیان كردووە مەبەستیان بەرزكردنەوەو خزمەتی ئیسلام بووە، بەڵام لەبەر ئەوەی مرۆڤ بوونە هەندێ جاركەوتوونەتە هەڵە و نەپێكانەوە، كۆشش و ئیجتیهادیان كردووە با هەندێك جار حەقیشیان نەپێكابێت هەر ئەجر و پاداشتی خۆیانیان دەست دەكەوێت و ئێمە نابێت لەو مەسلانەدا قسە بكەین، چونكە ئەگەر ڕاستییان پێكابێت ئەوا دوو جار پاداشتیان وەرگرتووە، ئەگەر ڕاستیشیان نەپێكابێت ئەوا هەر پاداشتیان دەست دەكەوێت لەسەر نیەتەكەی خۆیان الله خێر وچاكەیان بۆ دەنووسێت.
9-  دەبێت زۆر وریابین وباوەڕ بەو درۆ و بوختانانە نەكەین كە بۆیان هەڵدەبەسترێت، كتێبەكانی مێژوو بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە تاقمە لادەرەكانەوە هەیە پڕن لە قسەی بێ بنەما و ناڕاست بەرانبەر بە ئەوان، دەستی ڕق و كینە ڕۆڵی خۆی بینیوە لە هەڵبەستنی درۆدا بۆ ئەوان ، تەنانەت هەندێ بەسەرهاتیش كە وەكو سەنەد ڕاستە و جێگیر بووە، ئەویش نازانین هۆكار و حیكمەتی ئەنجامدانەكەی چی بووە، ئەسڵ ئەوەیە ئێمە گومانی باشمان بەو هاوەڵە بەڕێزانە هەبێت، ئەوان الله تعالی لە سەرووی حەوت ئاسمانەوە ستایشی كردوون و لێیان ڕازی بووە، بۆیە ئێمەش نابێت - كورد واتەنی - لە گوڵێك كاڵتر بەرانبەر هیچ یەكێك لەو هاوەڵە مەزنانە بڵێین. یەك بەیەكی ئەوان شایانی مەزن ڕاگرتن و خۆشویستی ئێمەن، هەر جۆرە ناشیرین كردن و قسە وتنێك بە ئەو بەڕێزانە بەلای كەمەوە تاوانێكی گەورەیە و دینی موسوڵمانی پێ لەكەدار دەكات.
10- یەكێكی تر لە مافەكانی ئەوان بەسەرمانەوە ئەوەیە بزانین جنێودان بە ئەوان و تانەدان لێیان و ناشیرین كردنیان بەهەر شێویەك لە شێوەكان لە كەمترین حاڵەتەكاتیدا  حەرامە وهێڵێكی سوورە، قسەكردن بەوان مەعنای قسەكردنە بەئیسلام، چونكە ئەوان ئیسلامیان بە ئێمە گەیاند! 
چونكە ئەو زێدەڕەوی و سنووربەزاندنە بەرانبەر بەوان سەر لەوە دەردەكات ئایەتی قورئان بەدرۆبخرێتەوە، الله تعالی ستایشی ئەوانی كردووە و بەڵێنی بەهەشتی پێداون، كەاوتە قسەكردن بەوان قسەكردنە بەكەسانیك بەلێنی بەهەشتیان وەرگرتووە، هەروەها قسەوتن بەو كەڵەپیاوانە جارێكی تر بێ ئەدەبییە بەرانبەر پێغەمبەرمان صلی الله علیه و سلم كە قەدەغەی كردووە هیچ بێ ڕێزییەك بەرانبەر بە هاوەڵەكانی بكرێت، چونكە ئەولیا و خۆشەویستی الله تعالی و پێغەمبەرەكەین صلی الله علیه و سلم، دەیان فەرمودە سەلمینەرە ئەم ڕاستییە، ئینجا هەركێ ئازاری خۆشەویستێكی الله بدات دوژمنایەتی لەگەڵ الله ڕاگەیاندووە: (وَالَّذِينَ يُؤْذُونَ الْمُؤْمِنِينَ وَالْمُؤْمِنَاتِ بِغَيْرِ مَا اكْتَسَبُوا فَقَدِ احْتَمَلُوا بُهْتَانًا وَإِثْمًا مُبِينًا) الأحزاب:58. پێغەمبەریش صلی الله علیه وسلم لە فەرموودەی صحیح دا فەرموویەتی: (مَن عادَى لي وَليًّا، فقد آذنْته بالحرب).
11- واجبێكی تری گرنگ لەم ڕۆژگارەدا - كە موسوڵمانان تێیدا زۆر كەمتەرخەمن -  ئەوەیە ناوی منداڵەكانمان بەناوی ئەو هاوڵە بەڕێزانەوە بنەین، باوباپیرانی ئێمە لەو مەسەلەدا زۆر لە ئێمە بەغیرەتتر و ڕاستگۆتر بوون لە سەلماندنی خۆشویستنیاندا بۆ ئەوان.
 ناوی أبوبكر و عمر و عثمان و علي وعائشة و حفصة فاطمة و دەیان هاوەڵی تر لە زۆربەی ماڵەكاندا هەبوو، بەڵام ئێستا خەڵكی ئەو ناوانە بە كۆن دەزانن و هەندێك داماوی تر بەناوی عەرەبی دەزانن بۆ هەستیارییان بەرانبەریان هەیە وبگرە هەندێك لەوانەیە بەدواكەوتنیشی بزانن! تەنانەت ئەوەشی كە خۆی بە موسوڵمانێكی زۆر دڵسۆز و باش دەزانێت، بەدوای ناوی غەریب و نامۆدا بۆ مناڵەكەی دەگەڕێت، زۆری پێ خۆشە ناوێك بۆ مناڵەكەی بدۆزێتەوە كەس پێش ئەو ناوی وای نەبیستبێت، بۆیە ئێستا ماڵی موسوڵمانان پڕ بووە لەناوی سەیروسەمەرە كە تەنانەت خۆیشیان نازانن مەعنای ئەو ناوانە چییە، تەنها ئەوە گرنگە بەلایانەوە ئاواز و جەرەسی ناوەكە خۆش و سەرنج راكێش بێت! كە ئەوە لە ڕاستیدا نیشانەی بەزین و كەوتنە ژێر كاریگەری عەلمانیەت و جیهانگیرییە وخەڵكی ئامادەن ناوی مناڵیان بەناوی ئەكتەر و یاریزانی جولەكە و نەسڕانی  بنێن، یان بەناوی شاخ و ڕوبار و دەریا و ئاژەڵ وباڵدار و شتی سەیر و سەمەرە، یان تەماشای درامایەك دەكەن ئیتر نیوەی ئەو خەڵكە دەكەونە ژێر كاریگەری ناوی ئەكتەرەكانی دراماكە، بەڵام مەخابن ئامادە نین ناوی ئەو هاوەڵە مەزنانەی پێغەمبەرەكەیان لە مناڵەكانیان بنێن، هیوادارم بانگخوازان و ئەوانەی كە قسەیان بیستراوە بایەخ بەم مەسەلە بدەن و بڵاوی بكەنەوە، چونكە ئێمە لە هەموو ڕوویەكەوە لە ئێستادا بە كاتێكی ناسك و هەستیاردا تێدەپەڕێن.

وەڵامدانەوەی: م.ئیحسان برهان الدین.

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود  رحمه الله.

سەردان: 138