(معاني القرآن)ی زەجاج بناسە.!
كتێبی (معاني القرآن)ی زەجاج بناسە.!
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3998


كتێبی (معاني القرآن)ی زەجاج بناسە.!

کتێبی (معاني القرآن وإعرابه) یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی کتێبخانەی تەفسیر و زمانی عەرەبی. نووسەر تێیدا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی شیکردنەوەی ڕێزمانی (إعراب)ـەوە، مانای ئایەتەکان و مەبەستەکانی قورئان ڕوون بکاتەوە و پەیوەندی نێوان "وشە" و "مانا" دەربخات.

🔸 پوختەیەک لە ژیانی نووسەر
ناوی تەواوی ئیبراهیم کوڕی موحەممەد کوڕی سەری، بە (الزجاج) ناسراوە، چونکە لە سەرەتای ژیانیدا پیشەی شووشەبڕین بووە.

زەجاج بەوە ناسراو بوو کە زۆر پابەندی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی بووە؛ هەموو ژیانی لە شاری بەغدا بەسەر بردووە و سەفەری بۆ دەرەوەی شارەکە نەکردووە. تەنانەت سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژەیان بەوە نەداوە کە سەفەری حەجیشی کردبێت، سەرەڕای ئەوەی لە کۆتایی تەمەنیدا سامانێکی زۆری هەبووە.

زەجاج پیاوێکی زمانزان و زیرەک بووە. دەگێڕنەوە ڕۆژێک پرسیاریان لێ کرد دەربارەی چۆنێتی خوێندنەوەی  ناوەکەی (زجاج)، ئەویش بە زیرەکییەکی زمانەوانییەوە وەڵامی دایەوە و وتی هەرسێ جوڵەکە دروستن: ئەگەر بڵێیت (زَجاج - بە “فەتحە") مەبەست پیشەوەرەکەیە، ئەگەر بڵێیت (زُجاج - بە "زەممە") مەبەست ماددەی شووشەکەیە، وە ئەگەر بڵێیت (زِجاج - بە "کەسرە") مەبەست پارچە شووشەیەکە.

زەجاج لە سەرەتای لاویدا داهاتێکی زۆر کەمی هەبوو، ڕۆژانە تەنها درهەمێک و نیوی دەست دەکەوت. سەرەتا بۆ فێربوونی زانست ڕووی کردە ئەڵقەی دەرسی ثەعلەب'ی پێشەوای قوتابخانەی کوفە لە بەغدا. بەڵام کاتێک زانای گەورە موبەرڕەد (یان موبەررید -بەپێی ڕای جیاوازی زانایان-) کە پێشەوای نەحوی بەسرە بوو هاتە شاری بەغدا و نیشتەجێ بوو، زەجاج ئارەزووی کرد بچێتە لای ئەویش تا وانەی پێ بڵێت. لێرەدا ڕووبەڕووی مەرجێکی ماددی بووەوە، چونکە موبەرڕەد زانستەکەی بەخۆڕایی نەدەبەخشی.
زەجاج بڕیارێکی بوێرانەی دا و گرێبەستێکی لەگەڵ موبەرڕەد کرد؛ بڕیاریدا لەو درهەم و نیوەی دەستی دەکەوێت، ڕۆژانە یەک درهەم بدات بە موبەرڕەد وەک کرێی وانەکان، و تەنها بە نیو درهەم بژێوی ژیانی خۆی دابین بکات، واتە دوو لەسەر سێی ڕەنجی ڕۆژانەی کردە قوربانی بۆ فێربوون، بەمەش زانستی هەردوو قوتابخانەی کوفە «لای ثەعلەب» و بەسرە «لای موبەرڕەد»ی لای خۆی کۆکردەوە.

زەجاج بەردەوام بوو لەسەر ئەم حاڵە تا فێری زانستەکە بوو. ڕۆژێکیان وەزیری خەلیفە (قاسم کوڕی عوبەیدوڵڵا) داوای لە موبەرڕەد کرد کەسێکی شارەزای بۆ بنێرێت تا ببێتە مامۆستای منداڵەکانی. موبەرڕەدیش بەهۆی لێهاتوویی زەجاجەوە، ئەو دەرفەتەی پێ بەخشی و ناردی بۆ کۆشکی وەزیر. دواتر ناوبانگی گەیشتە خەلیفەی عەباسی (المعتضد بالله) و بووە مامۆستای تایبەتی منداڵەکانی خەلیفە. لێرەدا ژیانی زەجاج بەتەواوی گۆڕا و بووە خاوەنی سامان و پلە و پایەیەکی بەرز، تەنانەت لەڕووی وەفاشەوە بۆ مامۆستاکەی کەمتەرخەمی نەکرد و دواتر خەرجی پرسە و کفنی موبەرڕەدیشی لە ئەستۆ گرت.

سەرچاوە مێژووییەکان زانیاری وردیان دەربارەی خێزان و منداڵەکانی زەجاج تۆمار نەکردووە، تەنها ئەوە نەبێت کە زەجاج لە پاش خۆی سامانێکی زۆری بۆ بەجێهێشتن، نزیکەی 40 هەزار دیناری ئاڵتوون، کە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی زانستەکەی بووە هۆی خۆشگوزەرانی بۆ نەوەکانیشی.

بەڵام لە ڕووی زانستییەوە، زەجاج دۆست و هاوڕێی دڵسۆزی هەبوو، دیارترینیان (الأخفش الأصغر) بوو، کە تەنها قوتابی نەبوو بەڵکوو وەک هاوڕێ و کوڕی زەجاج وابوو. هەر ئەمیش بوو کە کتێبی (معاني القرآن)ی لە زەجاجەوە وەرگرت و بۆ نەوەکانی دوای خۆی گواستەوە.
دوای تەمەنێکی پڕ لە خزمەت بە قورئان و زمانی عەرەبی کە مەزندە دەکرێت نزیکەی 80 ساڵ ژیا بێت، زەجاج لە ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی 19ی جەمادی ئاخیری ساڵی 311ی کۆچی لە بەغدا کۆچی دوایی کرد.
مەراسیمی ناشتنەکەی شایستەی پێگەی زانستیی ئەو بوو؛ (ئەبو سەعید - حەسەنی کوڕی ناسر) کە یەکێک بوو لە گەورە پیاوانی دەوڵەت نوێژی لەسەر کرد، و لەبەر ڕێز و گەورەیی، لە گۆڕستانی گشتی نەینێژرا، بەڵکوو لەناو ماڵەکەی خۆیدا لە بەغدا بە خاک سپێردرا.
سەبارەت بە شوێنی گۆڕەکەی لەمڕۆدا، بەهۆی کارەسات و وێرانکارییەکانی بەغدا لە درێژایی مێژوودا -وەک هێرشی مەغۆلەکان-، ئێستا هیچ شوێنەوارێکی دیار لە گۆڕەکەی نەماوەتەوە و شوێنەکەی بە تەواوی ون بووە.

🔸 چیرۆکی نووسینی کتێبەکە
یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم تەفسیرە ئەوەیە کە بەرهەمی پەلەپەل نییە، بەڵکو نووسینەکەی 16 ساڵی خایاندووە -ساڵی 303ی کۆچی تەواو بووە-.

سەرەتای چیرۆکەکە کاتێک دەستی پێکرد کە وەزیر (قاسم کوڕی عوبەیدوڵڵا) داوای لە زەجاج کرد تەفسیرێکی قورئانی بۆ بنووسێت کە لایەنی زمانەوانی تێدا زاڵ بێت.
لە میانەی نووسینی کتێبەکەدا، ڕۆژێک وەزیر بە زەجاجی وت: "ئەم کتێبە زۆری پێ چوو، تەواو نەبوو؟"، زەجاج بە وەڵامێک کە گەورەیی کتێبەکەی دەردەخست وتی: "ئەی وەزیر، ئەمە دروستکردنی شووشە نییە تا زوو تەواو بێت، ئەمە قورئانە!". 

زەجاج بە شێوازی وتنەوە (الإملاء) کتێبەکەی نووسی؛ واتە دادەنیشت و بازنەیەک لە زانایان و قوتابیان لە دەوری بوون، ئەو ئایەتەکانی شی دەکردەوە و ڕێزمانەکەی دەوت، ئەوانیش دەیاننووسییەوە.

🔸 بەرهەمەکانی تری نووسەر
جگە لە شاکارەکەی (معاني القرآن)، زەجاج خاوەنی چەندین بەرهەمی ناوازەیە لە بواری زمانەوانیدا، لەوانە: (ما ينصرف وما لا ينصرف)، (خلق الإنسان)، (فعلت وأفعلت) و (الاشتقاق).

🔸 بیروباوەڕ و مەزهەبی نووسەر
بۆ خوێنەری کتێبەکە گرنگە ئاگاداری لایەنی فیقهی و عەقیدەیی زەجاج بێت:
– لە ڕووی فیقهەوە: زەجاج سەر بە مەزهەبی (ئیمامی شافیعی) بووە، تەنانەت زانایانی تەبەقاتی شافیعییە ناوی ئەویان لە ڕیزبەندی پیاوانی مەزهەبەکەدا هێناوە.
– لە ڕووی عەقیدەوە: هەرچەندە زەجاج لە بازنەی گشتیی ئەهلی سوننەت و جەماعەدا هەژمار دەکرێت، بەڵام لەژێر کاریگەریی مامۆستاکەی "موبەرڕەد" و مەنهەجی قوتابخانەی بەسڕەدا، لە هەندێک بابەتی دیاریکراودا -بەتایبەت سیفاتی پەروەردگار- بۆچوونی قوتابخانەی موعتەزیلەی لا پەسەند بووە و پەنای بۆ تەئویل بردووە.

🔸 پێگەی مێژوویی
ئەم کتێبە بە یەکێک لە تەفسیرە گرنگەکانی سەدەی چوارەمی کۆچی دادەنرێت. هەرچەندە زەجاج زۆربەی ژیانی لە سەدەی سێیەمدا بەسەر بردووە، بەڵام بەو پێیەی لە ساڵی ٣١١ی کۆچی وەفاتی کردووە و کتێبەکەشی لە ساڵانی کۆتایی تەمەنیدا تەواو کردووە، بە بەرهەمی سەرەتای سەدەی چوارەم هەژمار دەکرێت.

🔸 باشترین چاپەکانی
– باشترین و پەسەندترین چاپی ئەم کتێبە لەلایەن توێژەرانەوە، چاپی دەزگای (عالم الکتب)ـە لە بەیروت، کە لەلایەن (د. عبدالجلیل عبدە شەلەبی)ـەوە کاری لێکۆڵینەوەی بۆ کراوە و لە ٥ بەرگ پێکهاتووە. 
– بێجگە لەم چاپە باوەڕپێکراوە، چەند چاپێکی تریش لە کتێبخانەکاندا هەن، لەوانە چاپی (دار الکتب العلمية) کە لە ٣ بەرگدا کورت کراوەتەوە، هەروەها چاپی (دار الحدیث) لە قاهیرە کە ئەویش ٥ بەرگە، بەڵام بۆ توێژینەوەی ورد هەمیشە چاپی یەکەم (عالم الکتب) پێشنیار دەکرێت.

ئامادەكردنی: مامۆستا سیروان حامید

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود  رحمه الله.

سەردان: 123