خەڵڪی هەورامان چۆن موسوڵمان بوون.؟
خەڵڪی هەورامان چۆن و لە چ سەردەمێکدا موسوڵمان بوون.؟
وەڵام - ژمارەی پرسیار 4002


خەڵڪی هەورامان چۆن و لە چ سەردەمێکدا موسوڵمان بوون.؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە چوار بۆچوونێکی جیاواز هەیە، کە ئێمە لێرەدا بە کوورتی دەیانخەینەڕوو:

✺ بۆچوونی یەڪەم …
شارەزایان پێیان وایە کە لەساڵی (18ك_318ك) چەند جارێك سووپای ئیسلام هێرشی کردووەتە سەر هەورامان و نەیتوانیوە بیگرێت، تەنانەت دەڵێن: لە "دزڵی" ژمارەیەك هاوەڵی پێغەمبەر ﷺ شەهید بوون، کە ژمارەیان 11کەس بووە، هەربۆیە چەمێكیش لەوێ ناونراوە "دەرەو ئەسحابا" کە بە واتای "چەمی ئەسحابە" دێت. بەڵام هەر ئەم بۆچوونە پێی وایە کە دواتر هەورامییەکان بە ئارەزوو و ویستی خۆیان موسڵمان بوون.

✺ بۆچوونـی دووەم …
هەندێك پێیان وایە کە تا سەردەمی خەلیفەی عەبباسی (هارون الرشید) و هەردوو کوڕەکەشی (مٲمون، معتصم) خەڵکی هەورامان هێشتا باوەڕیان نەهێنابوو بە ئیسلام، کە ئەو کاتەش سەردەمێکی پڕ لە تەبایی و هێمنی و بەریەککەوتنی کولتوورە جیاوازەکان بووە، بەڵگەشیان ئەوەیە خەڵکی هەورامان جزییەی ساڵانەیان داوەتە دەوڵەتی عەبباسی. پشت بەستن بەوەی کە سککەیەك لە ناوچەکەدا دۆزراوەتەوە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دەووروبەری ساڵی 230ك، بەڵگەیەکە لەسەر ئەوەی کە ئافرەتێك فەرمانڕەوای هەورامان بووە لەو سەردەمەدا و خەڵکەکەش سککەی خۆیان هەبووە، بەجۆرێك ساڵی لێدانی سککەکەی لەسەر بووە و لە بڕۆنز درووستکراوە.
لەگەڵ ئەوەی دراوەکە زۆر ڕوون نییە بەڵام لەوانەیە ناوی (بوران دوخت) بوو بێت.. هەروەها دەسەلمێنێت کە ڕەنگە تا ئەوکاتەش حکومی ئیسلام بە تەواوی نەگەیشبێتە ناوچەی هەورامان! چونکە ئافرەتەکە سەری ڕووتە، بەڵام دەشێت موسڵمانیش بووبن، بەڵام خۆیان حوکمی خۆیانیان کردبێت و تەنها ساڵانەیان دابێت بە عەباسییەکان!!.

✺ بۆچوونـی ســـێیەم …
ئەم بۆچوونە دەڵێت: ئەو کاتەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام هاتووەتە شارەزوور، دەکرێت خەڵکی هەورامانیش بەزارەکی موسڵمان بووبن و لە شەڕ و شۆڕ خۆیان پاراستبێت، بەڵام لە ژێرەوە پەیڕەوی ئایینی زەردەشتیان کردبێت، بەتایبەت بەشی هەورامانی ئێران.دواتر لە ئەنجامی تێکەڵاویان لەگەڵ مسوڵماناندا بە ئارەزوومەندانە خۆیان مسوڵمان بووبن، بەجۆرێك کە لە سەردەمی (پیرشالیاری دووەم) و بەتایبەتیش لە سەردەمی (گوشایش کوڕی پیر محمد)دا ئیسلام لەناویاندا تەشەنەی کردبێت.

✺ بۆچوونــی چـــوارەم …
هەندێك پێیان وایە کە خەڵکی شارەزوور و هەورامان هەر لە سەردەمی پێغەمبەرەوە ﷺ نوێنەریان ڕۆشتووە بۆ خزمەت پێغەمبەر ﷺ و پاشان گەڕاوەتەوە بۆ هەورامان، کاتێکیش سووپای ئیسلام نزیکبووەتەوە لە ناوچەکە، ڕێککەوتنیان لەگەڵ مۆرکردوون و بە نهێنی موسڵمان بوون، دواتریش لە دژی فارسەکان ڕاپەڕیوون و موسڵمانبوونی خۆیانیان ئاشکرا کردووە..

لە ڪۆتاییدا بۆمان دەردەڪەوێت ڪە:
¹- هیچ بۆچوونێکیان سەد لە سەد یەکلاکەرەوە نییە و بەڵگەی تەواویان بەدەستەوە نییە، بەڵکو بۆچونەکانیان نیسبین.
²- هەموو بۆچوونەکان لەوەدا کۆکن کە خەڵکی هەورامان بە
بە ئارەزوو و ویستی خۆیان موسڵمان بوون و ئاینی ئیسلامیان وەرگرتووە.
³-ئەوەش ڕوون بووەتەوە کە ئاینی ئیسلام لە سەردەمی (پیرشالیاری دووەم) پەرەی سەندووە لە هەوراماندا و دواتریش لە سەردەمی (گوشایشی کوڕی محەممەد)دا زیاتر جێگیر بووە.
⁴- بێگومان هەورامانیش وەکو مەڵبەندێکی ئایینی ئیسلام، لە کۆتاییەکانی سەدەی پێنجەمی کۆچی بە دواوە ناودەردەکات و زانای ناودار و کەڵەپیاوی ئیسلامی لەناوچەکەدا دەردەکەون، لەوانە:
- (پیرشالیاری دووەم) لە ساڵی 480ك.
- (بابا نەوەس) لە ساڵی 505ك.
- (مەردۆخ) لە ساڵی 680ك.

سەرچاوە:
📖 سەربوردێکی هەورامان و سەردانێکی تەوێڵە
(عبدالرزاق عبدالرحمن محمد)
لاپەڕە 128 _ 149

وەرگیراوە لە: پەیجی شارستانییەتی ئیسلامی

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله. 

 

سەردان: 86