خەڵکی شارەزوور چۆن و كەی موسوڵمان بوون.؟
مێژووی موسڵمانبوونى خەڵکی شارەزوور.؟
وەڵام - ژمارەی پرسیار 4003


مێژووی موسڵمانبوونى خەڵکی شارەزوور.؟

 ڕەهەندە مێژووییەکان:
بەپێی گێڕانەوەکانی (البلاذری) لە (فتوح البلدان) و (ئیبن ئەثیر) لە (الکامل)، فەتحی شارەزوور لە ساڵانی (١٦-٢١ی کۆچی) و لە سەردەمی خەلیفەی ڕاشیدین عومەری کوڕی خەتابدا ئەنجامدرا. فەرماندەی سوپا (عوتەیبەی کوڕی فەرقەد) دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەخت لەگەڵ هێزە ناوخۆییەکان و پارێزەرانی قەڵاکانی شارەزوور، توانی لە ڕێگەی سوڵح و ڕێککەوتنامەوە بەپێدانى جزیە ناوچەکە بخاتە ژێر ڕکێفی خیلافەتى دەوڵەتی ئیسلامییەوە.

 خاڵە جەوهەرییەکانی دواى ئەم فتوحاتە:
زۆربەی ناوچەکانی شارەزوور بە پەیماننامەی ئاشتی هاتنە ناو بازنەی ئیسلامەوە. ئەمەش پارێزبەندییەکی یاسایی و ئایینی بەخشی بە دانیشتووانە ڕەسەنەکەى، واتە: (کوردەکان) بۆ پاراستنی ماڵ و سامان و بەردەوامبوونیان لەسەر کشتوکاڵ.

شارەزوور بەهۆی هەڵکەوتە ستراتیژییەکەی لە نێوان خاکە رەشەکەو ناوەندی ئێرانی ساسانی، بوو بە مەڵبەندێکی گرنگی جێگیربوونی هەندێ لە هۆزە عەرەبە کۆچەرییەکان، کە ئەمەش پرۆسەی "تێکەڵاوبوونی کولتووری" خێراتر کرد.

لە سەدەکانی دواتردا، شارەزوور لە ناوچەیەکی مەفتوحەوە گۆڕا بۆ ناوەندێکیی زانستى. دەرکەوتنی زانایانی وەک ئیبنوسەلاحی شارەزووری، نیشانەی ئەوەیە کە ناوچەکە نەک هەر ئیسلامی قبوڵ کردووە، بەڵکو بووەتە داڕێژەر و پارێزەری ژێرخانی مەعریفی ئیسلامی.
موسڵمانبوونی خەڵکی شارەزوور پرۆسەیەکی سەپێنراو نەبوو، بەڵکو پاشەکشەی ئایینی زەردەشتی و ئاینییە کۆنەکان بوو، لە ئەنجامی گونجانی خەڵکەکە لەگەڵ سیستەمە نوێیەکە هاتە ئاراوە، کە تیایدا کورد توانی ناسنامەی نەتەوەیی خۆی لە چوارچێوەی ئایینە نوێیەکەدا بپارێزێت و گەشەی پێ بدات.

 سەرچاوەکان
فتوح البلدان للبلاذري، ص٣٢٥.
الكامل في التاريخ لابن الأثير، ج٢، ص٥٥٥.

وەرگیراوە لە: شارستانییەتی ئیسلامی.

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.

 

سەردان: 86