خەڵکی بادینان كەی موسوڵمان بون.؟
مێژووی موسوڵمانبوونی خەڵکی بادینان.؟!
وەڵام - ژمارەی پرسیار 4006


مێژووی موسوڵمانبوونی خەڵکی بادینان.؟!

ناوچەی بادینان، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی و سەختی چیاکانییەوە، یەکێک بووە لەو ناوچانەی کە پرۆسەی موسڵمانبوونی خەڵکەکەی قۆناغی جیاوازی بڕیوە.

لە ساڵی (١٨ بۆ ٢٠ی کۆچی)، دوای ئەوەی موسڵمانان شاری موسڵیان فەتح کرد، خەلیفە عومەری کوڕی خەتاب فەرماندە (عوتبەی کوڕی فەرقەدی) ڕاسپارد بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناوچە شاخاوییەکانی باکوور. عوتبە توانی ناوچەکانی (مەج، باهەزرا، عەقڕە/ئاکرێ و شۆش) فەتح کرد. زۆربەی ئەم ناوچانەش بە ڕێککەوتن بوو و شەڕی گەورە تیایدا ڕووی نەدا.

پێش هاتنی سوپای ئیسلام، بادینان فرە ئاینی هەمەچەشن بوو:
زەردەشتی: ئاینی فەرمیی دەوڵەتی ساسانی بوو، بەتایبەت لە ناوچەکانی ئاکرێ و قەڵای ئامێدی.
مەسیحیەت (نەستوری و یەعقوبی): ئاینێکی زۆر بڵاو بوو لە ناوچەی زاخۆ و ئامێدی و گوندەکانی دەشتی سندی.

خەڵکی بادینان لەسەرەتادا تەنها وەک "أهل الذمة" مانەوە و جزیەیان دەدا. بەڵام لە سەردەمی دەوڵەتی ئومەوی و دواتر بەتایبەت عەباسییەکان، بەهۆی تێکەڵاوبوونی کوردەکان لەگەڵ سوپای ئیسلام و گواستنەوەی زانیاریی ئاینی، زۆربەی هۆزە کوردەکان (وەک: حەمیدی و هەکاری) بوونە موسڵمان. میرنشینی بادینانیش دواتر ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لە چەسپاندنی ئیسلام و دروستکردنی قوتابخانە ئایینییەکان لە ئامێدی.

لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە "جۆلەمێرگ" ناوەندی پارێزگای هەکارییە لە باشووری تورکیای ئێستا. "عەقرشۆش"یش لە جەزیرەی فوراتییە. ئەم شارە کوردییە ناوەندی میرنشینی حەمیدی بووە و لە قەڵای "شۆش"دا بووە. (شۆش: قەڵایەکی گەورە و بەرزە لە نزیک قەزای حەمیدییە لەموسڵ و دەوترێ: لە هەموو قەڵاکان بەرزتر بووە. شۆش نزیکە لە گوندێک کە پێی دەوترێ "شەرمەلە"، شارۆچکەیەکی بچووک بووە لە دەشتی جەزیرە لە باشووری جەزیرەی ئیبن عومەر.

📚 سەرچاوە
البلاذری: فتوح البلدان، ص۳۲٦- ۳۳۰.
محمد ئەمین زەکی بەگ: خوڵاسەیەک لەتاریخی كورد وكوردستان، بەرگی ١، ل١٤٣- ١٤٥.
مێجەرسۆن: کورد و کوردستان، ل٨٨.

وەرگیراوە لە/ پەیجی شارستانییەتى ئیسلامى

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.
 

سەردان: 83