(معاني القرآن)ی نەححاس بناسە.؟ "معاني القرآن" یەکێکە لە گرنگترین لقەکانی تەفسیر، کە هەوڵ دەدات پەیوەندیی نێوان پێکهاتەی زمانی عەرەبی و مەبەستی ئایەتەکان ڕوون بکاتەوە. لەم نێوەندەدا، کتێبی (معاني القرآن)ی ئەبوو جەعفەری نەححاس (٣٣٨ک) وەک سەرچاوەیەکی مەوسوعی دەردەکەوێت، کە توانیویەتی بە وردبینییەکی زانستی، بۆچوونی قوتابخانە ڕێزمانییە جیاوازەکان لە خزمەت تێگەیشتنی قورئاندا کۆبکاتەوە. * ژیاننامە و پێگەی نووسەر: – نووسەری کتێبەکە ناوی ئەبوو جەعفەر ئەحمەد کوڕی محەمەد کوڕی ئیسماعیلە، ناسراو بە (النحاس). زانایەکی دیاری خەڵکی میسر بووە و لە ساڵی (٣٣٨ی کۆچی / ٩٥٠ی زایینی) کۆچی دوایی کردووە. نەححاس گەشتی بۆ بەغدا کردووە و لەسەر دەستی گەورە زانایانی وەک زەججاج و ئیبن ئەنباری خوێندوویەتی، کە وایکردووە ببێتە پێشەوایەکی باڵادەست لە هەردوو زانستی ڕێزمان نەحوو و تەفسیردا. – نازناوی (النحاس) لە وشەی عەرەبی (النُحاس)ـەوە هاتووە کە بە مانای کانزای مس دێت. ئەمەش ئاماژەیە بۆ پیشەی مسگەری، کە سەرچاوەکان دەڵێن پیشەی خۆی یان باوکی بووە پێش ئەوەی بە تەواوی خۆی تەرخان بکات بۆ زانست. – بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان و لێکۆڵینەوەی ڕەچەڵەکناسی، ئەبوو جەعفەری نەححاس عەرەبە. نازناوی (المُرادي) کە هەڵیدەگرێت، ئاماژەیە بۆ هۆزی موڕاد کە هۆزێکی دیاری عەرەبی یەمەنییە. هەرچەندە لە میسر لەدایکبووە، بەڵام ڕەگ و ڕیشەی دەچێتەوە سەر ئەو هۆزە عەرەبییە ڕەسەنە. – نەححاس لەسەر ڕێچکەی ئەهلی سوننە و جەماعە بووە. لە کتێبەکانیدا بە ڕوونی بەرگری لە بیروباوەڕی زانایانی فەرموودە ئەهلی حەدیس کردووە و دژی بۆچوونی موعتەزیلە و دەستە لادەرەکان وەستاوەتەوە. لە بابەتی سیفاتەکانی خوای گەورەدا، ڕێچکەی سەلەفی گرتووەتەبەر و ئایەتەکانی بەبێ چواندن تەفسیر کردووە. – دوای ئەوەی نەححاس لە عێراقەوە گەڕایەوە بۆ میسر، بووە ڕووگەی فێرخوازانی زانست و خەڵکێکی زۆر لەسەر دەستی پێگەیشتن، دیارترین ئەو زانایانەی کە قوتابی نەححاس بوون: • ئەبو بەکری ئەدفەوی (أبو بكر الأدفوي)، بەناوبانگترین خوێندکاریەتی و زانستی نەححاسی لە میسردا بڵاوکردەوە. • ئەبو قاسم عەبدولڕەحمانی غافیقی. • عەبدولکەریم کوڕی ئەحمەدی تەبەری. – نەححاس لە سەردەمی دەوڵەتی ئیخشیدییەکاندا ژیاوە لە میسر. پەیوەندییەکی پتەو و ڕێزلێگیراوی لەگەڵ فەرمانڕەوای ئەو کاتە کافوری ئیخشیدی هەبووە. – کافوری ئیخشیدی مەجلیسی تایبەتی بۆ زانایان هەبوو و هەمیشە نەححاسی بانگهێشت دەکرد و ڕێزێکی تایبەتی لێ دەگرت. – نەححاس سەرەڕای نزیکی لە دەسەڵات، شکۆی زانستیی خۆی پاراستبوو؛ نە دەبووە داردەستی دەسەڵات و نە وەک شاعیرەکان بۆ پارە مەدحی دەکردن، بەڵکو وەک مەرجەعێکی زانستی مامەڵەی لەگەڵ دەکرا. * ناساندن و مەنهەجی کتێبەکە: ئەم کتێبە بە یەکێک لە دایکی سەرچاوەکان لە بواری (التفسیر اللغوي) دادەنرێت. مەنهەجی نەححاس تێیدا لەسەر پێنج کۆڵەکەی سەرەکی وەستاوە: ١. گرێدانی مانا بە ئیعرابەوە: نەححاس تەنها باسی ڕێزمان ناکات وەک وشکە یاسایەک، بەڵکوو ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن گۆڕانی جوڵەیەک (الحرکة) مانای ئایەتەکە بە تەواوی دەگۆڕێت. لای ئەو ئیعراب ئامرازێکە بۆ پاراستنی مانای دروستی قورئان. ٢. ناوەندگیریی زانستی: هەرچەندە نەححاس قوتابی زانایانی بەسرە بووە و مەیلی بەلای مەزهەبی بەسرییەکاندا هەبووە، بەڵام زۆر دادپەروەرانە مامەڵەی کردووە؛ کاتێک بینیویەتی بەڵگەی قوتابخانەی کوفە بەهێزترە، پشتگیری کردوون و دەمارگیری مەزهەبی نەکردووە. ٣. پشت بەستن بە قیرائات: یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی کتێبەکە ئەوەیە کە پشت بە خوێندنەوە جیاوازەکان دەبەستێت. نەححاس ڕوونی دەکاتەوە کە هەر خوێندنەوەیەک (قراءة) چۆن ئاڕاستەی ئیعراب و مانای ئایەتەکە دەکات، ئەمەش ئاسۆی تێگەیشتنی فراوانتر کردووە. ٤. بەکارهێنانی شیعر: کتێبەکە پڕە لە شیعری سەردەمی نەفامی و سەردەمی ئیسلامی. نەححاس وەک بەڵگە دەیهێنێتەوە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە ئەم وشەیە لە زمانی عەرەبی ڕەسەندا بەم مانایە هاتووە. ٥. ڕۆحی ڕەخنەیی و هەڵبژاردن: نەححاس تەنها گواستنەوەی قسەی خەڵکی نەکردووە، بەڵکوو کەسایەتییەکی سەربەخۆی هەبووە. زۆر بە ڕاشکاوی ڕەخنەی زانستی لە زانایانی گەورەی پێش خۆی وەک فەرڕاء، ئەخفەش و موبەڕڕەد گرتووە لەو شوێنانەی کە پێی وابووە بەڵگەکانیان لاوازە یان لەگەڵ سیاقی ئایەتەکە نایەتەوە. * مێژووی نووسین و سەرچاوەکان: ١. هۆکاری نووسین: هۆکاری زانستیی نووسینی کتێبەکە بریتی بووە لە پاراستنی دەقی قورئان لەو هەڵە زمانەوانییانەی (کە لە سەدەی چوارەمدا بەهۆی تێکەڵبوونی نەتەوەکانەوە سەری هەڵدابوو. نەححاس ئامانجی بووە لە ڕێگەی ڕوونکردنەوەی ئیعرابەوە، مانا دروستەکان جێگیر بکات، هەروەها کتێبێک بنووسێت کورتتر بێت لە کتێبە ئاڵۆزەکانی سیبەویە و فەرڕاء. ٢. ماوەی نووسین: سەرچاوە مێژووییەکان ماوەیەکی دیاریکراویان تۆمار نەکردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم کتێبە پوختەی ئەزموونی ژیانیەتی و دوای گەڕانەوەی لە بەغدا و لە میسر نووسیویەتی، بە بەرهەمی قۆناغی کامڵبوونی زانستی دادەنرێت. ٣. سەرچاوەکانی کتێبەکە: نەححاس بۆ نووسینی ئەم شاکارە، پشتی بە چوار پایەی سەرەکی بەستووە: – قورئان بە قورئان: ڕوونکردنەوەی ئایەت بە ئایەتێکی تر. – خوێندنەوەکان: سوودوەرگرتن لە جیاوازیی قیرائات. – شیعری عەرەبی: وەک بەڵگەی زمانەوانی (جاهیلی و ئیسلامی). – بۆچوونی زانایانی پێشوو: بەراوردکردنی بۆچوونی قوتابخانەی بەسرە (سیبەویە، زەججاج) و کوفە (کیسائی، فەرڕاء). * چاپەکانی کتێبەکە و باشترین تەحقیق: کتێبی (معاني القرآن) چەندین چاپی جیاوازی هەیە، بەڵام لە ڕووی زانستییەوە پلەکانیان جیاوازە: باشترین چاپ: بۆ توێژینەوەی ئەکادیمی و پشتیوانیی زانستی، چاپی (جامعة أم القرى - مكة المكرمة) بە باشترین و باوەڕپێکراوترین چاپ دادەنرێت. ئەم چاپە لەلایەن د. محەمەد عەلی سابونی کاری تەحقیق و پێداچوونەوەی بۆ کراوە و لە ٦ بەرگ پێکهاتووە. گرنگییەکەی لەوەدایە کە لەسەر بنەمای بەراوردکردنی دەستنووسەکان ساغکراوەتەوە و پەراوێزی زانستیی وردی بۆ دانراوە. چاپەکانی تر (چاپە بازرگانییەکان): جگە لە چاپی (جامعة أم القرى)، دوو چاپی تر لە کتێبخانەکاندا بەربڵاون، بەڵام بۆ توێژینەوەی ورد نابێت پشتیان پێ ببەسترێت: – چاپی (دار الکتب العلمیة): ئەم چاپە لەلایەن ئەحمەد فەرید مەزیدی کاری تەحقیقی بۆ کراوە. – چاپی (دار الحدیث): ئەمیش هاوشێوەی چاپی یەکەم چاپێکی بازرگانییە. تێبینی: ئەم دوو چاپەی سەرەوە (دار الکتب العلمیة + دار الحدیث) بەوە دەناسرێنەوە کە قەبارەیان بچووکترە (٣ بەرگن) و نرخیشیان هەرزانترە، بەڵام هەڵەیان تێدایە و خزمەتێکی ئەکادیمیی قووڵیان بۆ نەکراوە. نووسینی: مامۆستا سیروان حامید. پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.