تەفسیری (القرآن العزيز)ی زەمەنەین بناسە.؟
تەفسیری (القرآن العزيز)ی ئیبن ئەبی زەمەنین بناسن.!
وەڵام - ژمارەی پرسیار 4012


تەفسیری (القرآن العزيز)ی ئیبن ئەبی زەمەنین.

🔸 کورتەیەک دەربارەی نووسەر:
ناوی (محمد بن عبدالله بن عيسى بن محمد)، ناسراوە بە (ابن أبي زمنين)؛ ئەم نازناوەی لە باوکییەوە بۆ ماوەتەوە. باوکی ناوی (عبدالله) بووە و پیاوێکی زۆر چاکەکارو خواناس بووە. وشەی (زَمَنَيْن) لە عەرەبیدا واتە "دوو کات"، کە مەبەست لێی شەو و ڕۆژە. لەبەر ئەوەی باوکی شەو و ڕۆژی پێکەوە گرێ دابوو بە پەرستش و پێیان دەوت (أبو زمنين).
نووسەر ساڵی ٣٢٤ی کۆچی لە ئەندەلووس لەدایک بووە و لە شاری ئیلبیرە ژیاوە. لە ساڵی ٣٩٩ی کۆچی و لە تەمەنی ٧٠ ساڵیدا، هەر لە ئیلبیرە وەفاتی کردووە و نێژراوە.

 پێگەی زانستی و عەقیدەی:
یەکێک بووە لە زانا گەورەکانی مەزهەبی مالیکی لە ئەندەلوس. زانایەکی فەرموودەناس، شەرعزان و ئەدیب بووە.
لەسەر عەقیدەی سەلەفی ساڵح بووە و لە ڕیزی زانایانی (أهل الحديث) هەژمار دەکرێت. زۆر توند بووە لەسەر پەیڕەوکردنی سوننەت و دژایەتیکردنی بیدعە.

🔸 مامۆستا و قوتابییەکانی:
– گرنگترین مامۆستاکانی: باوکی (عبد الله بن عيسى)، (إسحاق بن إبراهيم الطليطلي)، (سعيد بن فحلون) و (وهب بن مسرة الحجاري).
– دیارترین قوتابییەکانی: (أبو عمرو الداني)ی خاوەنی کتێبی (التیسیر)، (أبو عمر بن الحذاء) و (أبو إسحاق إبراهيم بن مسعود التجيبي).

🔸 ستایشی زانایان بۆی:
زانایانی هاوسەردەم و دوای خۆیشی شایەدییان بۆ داوە، لەوانە:
– ئەلحومەیدی دەڵێت: فەقیهێکی زانابوو، پێشەنگ بوو لە زانستی فەرموودەدا و، خاوەنی ئایین و پارێزگارییەکی پتەو بووە.
– ئیمامی زەهەبی لە وەسفیدا دەڵێت: پێشەوا، پێشەنگ، زاهید و شێخی ئیسلام. 
– ئیبن بەشکوال دەڵێت: یەکێک بووە لە باشترین بەندەکانی خوا.

🔸 بەرهەمە زانستی و هۆنراوەکانی:
ئیبن ئەبی زەمەنین خاوەنی قەڵەمێکی بەپیت بووە، لە گرنگترین کتێبەکانی:
– کتێبی (أصول السنة) لە عەقیدەدا.
– کتێبی (المُنتَخَب في الأحكام) و کتێبی (المُقَرَّب في شرح الموطأ) لە فیقهدا.
– کتێبی (قُدْوَة الغازي) و (آداب الإسلام) لە ئاکاردا.
– شاعیرێکی بەتوانا بووە و شیعرەکانی بۆ زوهد و حیکمەت تەرخان کردووە. نموونەیەک لە شیعرەکانی:
المَوْتُ في كُلِّ حِينٍ يَنْشُرُ الكَفَنَا
وَنَحْنُ في غَفْلَةٍ عَمَّا يُرَادُ بِنَا

🔸 ناساندنی تەفسیرەکەی:
– ئەم تەفسیرە لە بنەڕەتدا کورتکراوەی تەفسیرەکەی (يحيى بن سلام)ـە.
– ئەم کتێبە میراتی زانستیی تەفسیرەکەی (يحيى بن سلام)ی پاراستووە، کە دەقە ئەسڵییەکەی بەشێکی زۆری فەوتابوو.
– ئامانجی سەرەکی ئاسانکاری بووە بۆ قوتابیان، چونکە تەفسیرە ئەسڵییەکە زۆر دوورودرێژ بوو  و پڕ بوو لە دووبارەکردنەوە، بۆیە کورتی کردەوە و پاکسازی کرد.
– تەفسیرێکی (مأثور)ـە.
– گرنگییەکی زۆری بە ڕوونکردنەوەی (غريب القرآن) و لایەنی زمانەوانی داوە.

🔸 باشترین چاپی:
باشترین چاپی، چاپی کتێبخانەی (الفاروق الحديثية)یە لە قاهیرە کە (أبو عبدالله حسين بن عكاشة) و (محمد بن مصطفى الخطيب) لێکۆڵینەوەیان بۆ کردووە و قەبارەی ٤ بەرگە.

نووسینی: مامۆستا سیروان حامید.

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود  رحمه الله.

 

سەردان: 118