تەفسیری ئیبن فورەک بناسن! لەم ئەڵقەیەی زنجیرە باسەکانماندا بۆ ناساندنی تەفسیرە جیاوازەکان، تیشک دەخەینە سەر وێستگەیەکی گرنگی کۆتایی سەدەی چوارەم و سەرەتای سەدەی پێنجەمی کۆچی. ئەم قۆناغە بە سەردەمی زێڕینی نووسینەوەی زانستەکان و جێگیربوونی قوتابخانە کەلامییەکان ناسراوە. نموونەی ئەمڕۆمان (تەفسیری ئیبن فورەک)ـە، کە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە: ١. نوێنەرایەتی قۆناغێکی پێگەیشتوو دەکات لە قۆناغەکانی تەفسیرکردن بە ڕا، کە تێیدا یاسا و ڕێساکانی لێکدانەوەی دەقەکان جێگیر بوون. ٢. هەردوو لایەنی تەفسیری زمانی و لێکۆڵینەوەی عەقیدەیی لە خۆیدا کۆکردۆتەوە، بە شێوەیەک کە بەڵگە عەقڵییەکان خزمەت بە دەقە شەرعییەکان دەکەن. 🔸 ناساندنی دانەر: – ناوى تەواوی محەمەد کوڕی حەسەن کوڕی فورەکە. – فورەک وشەیەکی فارسییە و لە بنەڕەتدا (پورەک) بووە، بە واتای کوڕی بچکۆلە دێت. – کونیەی ئەبوو بەکرە. – نازناوی شێخی ئوسووڵییەکان و وتاربێژی ئیسفەهانی لێ نراوە. – لە فیقهدا شافیعی مەزهەب بووە، لە عەقیدەدا ئەشعەری بووە؛ یەکێک بووە لە گەورەترین بەرگریکارانی مەزهەبی ئەشعەری لەو سەردەمەدا. 🔸 کەی و لە کوێ لەدایک بووە: نزیکەی ساڵی ٣٣٠ی کۆچی (بەرامبەر ٩٤١ی زایینی)، لە شاری ئیسفەهانی ئێران لەدایک بووە و، دواتر بۆ خوێندن ڕووی کردۆتە عێراق و پاشان نیشابوور. 🔸 وەفات و چیرۆکی شەهیدبوونی: ساڵی ٤٠٦ی کۆچی (بەرامبەر ١٠١٥ی زایینی)، لە شاری نیشابوور کە دەکەوێتە نزیک شاری مەشهەدی ئێران ململانێیەکی توندی هەبوو لەگەڵ گرووپی کەڕامییەکان [کەڕامییەکان پەیڕەوانی محەمەد کوڕی کەڕام بوون، کە باوەڕیان بە تەجسیم هەبوو، واتە سیفاتی جەستە و شوێنیان دەدایە پاڵ خوای گەورە]. کاتێک کەڕامییەکان نەیانتوانی لە ڕووی زانستییەوە بەسەر ئیبن فورەکدا زاڵ بن، سکاڵایان لای سوڵتان مەحموودی غەزنەوی کرد و بە هەڵبەستنی تۆمەتێک کە گوایە سووکایەتی بە پێغەمبەر کردووە، بانگهێشتیان کرد بۆ شاری غەزنە -کە دەکاتە سەنتەری پارێزگای غەزنی لە ئەفغانستانـی ئەمڕۆ-، لەوێ ئیبن فورەک لە گفتوگۆیەکی کراوەدا هەموو تۆمەتەکانی ڕەت کردەوە و بە بەڵگە وەڵامی بیروباوەڕی هەڵەی کەڕامییەکانی دایەوە و سەرکەوتنی بەدەست هێنا. سوڵتان ڕێزێکی زۆری لێ گرت و ئازادی کرد، بەڵام لە ڕێگای گەڕانەوەیدا بۆ نیشابوور، ناحەزانی توانییان ژەهر بکەنە ناو خواردنەکەیەوە و، بەو هۆیەوە ڕیخۆڵەکانی پارچە پارچە بوو و دەستبەجێ شەهید بوو. دواتر تەرمەکەی گواسترایەوە بۆ نیشابوور و لە گۆڕستانی حیرە نێژرا. 🔸 مامۆستا و قوتابییەکانی: مامۆستاکانی: – ئەبولحەسەنی باهیلی: دیارترین مامۆستای بووە، باهیلی خۆیشی قوتابی ڕاستەوخۆی ئەبوو حەسەنی ئەشعەری بووە. – عەبدوڵڵای کوڕی جەعفەری ئیسفەهانی: فەرموودەناسی ئیسفەهان و موسنیدی وڵاتی عەجەم بووە، ئیبن فورەک هەموو کتێبی موسنەدی تەیالیسیی لێوە گێڕاوەتەوە. قوتابییەکانی: – ئەبولقاسمی قوشەیری، دانەری کتێبی (الرسالة القشيرية). – ئەبوبەکری بەیهەقی، خاوەنی (السنن الكبرى). – ئەبو ئیسحاقی سەعلەبی. – ئەبوبەکری شیرازی. ئەوانەی کە سوودیان لە تەفسیرەکەی بینیوە: ئەبو حەییانی غەرناتی. قازی عیاز. 🔸 بەرهەمەکانی: مێژوونووسان دەڵێن نزیکەی ١٠٠ کتێبی نووسیوە، بەڵام زۆربەیان فەوتاون، دیارترین ئەوانەی لەبەردەستن: – مشکل الحدیث (مشکل الآثار): کتێبێکی زۆر گرنگە بۆ وەڵامدانەوەی گومانەکان لەسەر فەرموودەکان. – مجرد مقالات الأشعري: گرنگترین سەرچاوەیە بۆ ناسینی ڕایەکانی ئەبوو حەسەنی ئەشعەری. – الحدود في الأصول: تایبەتە بە پێناسە زانستییەکانی زانستی کەلام و فیقهـ. – أصول الدين: پوختەیەکە لە عەقیدە. 🔸 ناساندنی تەفسیرەکەی: ناوی (تفسیر القرآن العظیم)ـە و بە یەکێک لە تەفسیرە گرنگەکانی قوتابخانەی تەفسیری بە ڕا دادەنرێت. 🔸 تێبینی گرنگ دەربارەی ناوەڕۆکەکەی: ئەم کتێبە نیوەی یەکەمی قورئانی تێدا نییە، واتە لە (الفاتحة)وە تا سوورەتی (الحج) ونبووە و، لە سەرەتای سوورەتی (المؤمنون) دەست پێ دەکات و بەردەوام دەبێت تاوەکوو کۆتایی قورئانی پیرۆز، واتە سوورەتی (الناس). 🔸 گرنگیی ئەم تەفسیرە: ئەم تەفسیرە گرنگییەکی تایبەتی هەیە لە چەند لایەنێکەوە، لەوانە: – لەسەر شێوازی پرسیار و وەڵام نووسراوەتەوە، کە ئەمەش ڕێگایەکە بۆ وروژاندنی زەین و دەرخستنی نهێنییەکانی قورئان. – بەهۆی شارەزاییە زۆرەکەی لە زانستی ئوسووڵدا، گرنگییەکی تایبەتی داوە بە دیاریکردنی وردی واتای وشەکانی قورئان و دەروازەیەکی گرنگە بۆ تێگەیشتن. – بەپێی وتەی ئیبن عەرەبیی مالیکی، ئەم تەفسیرە کورتکراوە و ڕەنگدانەوەی تەفسیرە گەورە ونبووەکەی ئەبوو حەسەنی ئەشعەرییە بەناوی (المُختَزن) کە ٥٠٠ بەرگ بووە. بۆیە ئەم کتێبە بە تاکە دەروازە دادەنرێت بۆ زانینی بۆچوونە تەفسیرییەکانی ئەبوو حەسەنی ئەشعەری. – بووەتە سەرچاوەی سەرەکی بۆ گەورە موفەسیرانی وەک ئیبن عەتییە و قوڕتوبی، هەروەها سەرچاوەیەکی گرنگ بووە بۆ کتێبە بەناوبانگەکانی زانستی قورئان وەک: (البرهان)ی زەرکەشی و (الإتقان)ی سویوتی. 🔸 باشترین چاپی کتێبەکە: ئەم تەفسیرە ماوەیەکی زۆر دەستنووس بووە و بەشێکی ون بووە، بەڵام باشترین چاپی تا ئێستا بریتییە لە: (تفسیر القرآن العظیم للإمام ابن فورك) بە لێکۆڵینەوەی د. محەمەد بنسەر ئەلعەلەوی و، سەرپەرشتی د. شاهید ئەلبوشیخی کە لە لایەن چاپخانەی (دار اللباب) لە تورکیا چاپ کراوە لە ساڵی ٢٠٢٢. ئەم چاپە لە بنەڕەتدا نامەی دکتۆرا بووە و پشتی بە دەستنووسی فەیزوڵڵا ئەفەندی بەستووە. نووسینی: مامۆستا سیروان حامید. پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.