تەفسیری سولەمی (حقائق التفسير) بناسە.؟
تەفسیری سولەمی (حقائق التفسير) بناسن.؟
وەڵام - ژمارەی پرسیار 4015


تەفسیری سولەمی (حقائق التفسير) بناسن.؟

قورئانی پیرۆز سەرچاوەی بنەڕەتی زانستە ئیسلامییەکانە و زانایان بەپێی پسپۆڕییەکانیان لێکدانەوەی جیاوازیان بۆ کردووە. زۆربەی تەفسیرەکان تیشکیان خستووەتە سەر لایەنە زمانەوانی و فیقهییەکان، بەڵام جۆرێکی تر لە تەفسیر هەیە کە بە تەفسیری ئیشاری ناسراوە و بایەخ بە مانا ڕۆحی و پەروەردەییەکان دەدات. کتێبی (حقائق التفسير)ی ئەبوو عەبدولڕەحمان سولەمی، وەک یەکێک لە کۆنترین و گرنگترین ئینسایکلۆپیدیاکانی ئەم جۆرە تەفسیرە دادەنرێت.

🔸 ناساندنی دانەر:
محەممەد کوڕی حسێن ئەزدی سولەمی نەیسابووری (٣٢٥ - ٤١٢ ک)، لە شاری نەیسابوور -خوراسانی ئێران- لەدایک بووە و هەر لەوێش کۆچی دوایی کردووە. لە ڕووی فیقهییەوە لەسەر مەزهەبی شافعی بووە و لە ڕووی عەقیدەوە ئەشعەری بووە، بەڵام لایەنی پەروەردەیی و تەسەوفی ڕەسەن بەسەر تەواوی بەرهەمەکانیدا زاڵ بووە.

🔸 مامۆستا و قوتابییە دیارەکان:
سوودی لە گەورە زانایانی وەک ئەبوو عەباس ئەلئەسەم و باپیری (ئەبوو عەمر بن نەجی) بینیوە.
قوتابییە هەرە دیارەکانی بریتین لە: ئیمامی قوشەیری، ئیمامی بەیهەقی و خەتیب ئەلبەغدادی.

🔸 تەفسیری ئیشاری و میتۆدی سولەمی:
تەفسیری ئیشاری بریتییە لە لێکدانەوەی قورئانی پیرۆز بە پێچەوانەی مانای ڕواڵەتی، بەهۆی ئاماژەگەلێکی شاراوە کە بۆ هەندێک لە خاوەن زانستەکان، یان بۆ عاریفان لەوانەی خاوەن ڕێچکەی سۆفیگەری و جیهادی دەروونن دەردەکەوێت، ئەوانەی خودا بینایی دڵی ڕووناک کردوونەتەوە و درکیان بە نهێنییەکانی قورئانی مەزن کردووە.

مەرجەکانی وەرگرتنی تەفسیری ئیشاری:
بۆ ئەوەی تەفسیرێکی ئیشاری بە دروست هەژمار بکرێت و لە تەحریف دوور بێت، دەبێت ئەم چوار مەرجە تێدا بێت:
– نابێت مانا ئیشارییەکە لەگەڵ دەقی ئاشکرای قورئان دژ بێت.
– دەبێت مانا عیرفانییەکە خۆی لەگەڵ بنەماکانی شەریعەت و عەقڵدا بگونجێت.
– دەبێت لە ناو وشەکەدا ئاماژەی بۆ کرابێت، واتە لە دەربڕین و وشەکاندا نیشانەیەکی تێدا بێت کە ئەو مانایە بگەیەنێت.
– دەبێت لە نێوان مانای ئاشکرای ئایەتەکە و مانای ئیشارییەکەدا پەیوەندییەکی ڕوون هەبێت.

میتۆدی سولەمی لە ڕێکخستنی کتێبەکەدا:
سولەمی لەم کتێبەدا پابەند بووە بەوەی تەفسیرەکەی گشتگیر بێت بۆ تەواوی سوورەتەکانی قورئانی پیرۆز و بەپێی ڕیزبەندی موصحەف ڕێکی خستوون. بەڵام لە ناو سوورەتەکاندا، تەنها تیشکی خستووەتە سەر ئەو ئایەتانەی کە وتەیەکی ئیشاری یان عیرفانییان لەسەر گوتراوە. ئەگەر ئایەتێک وتەیەکی عیرفانی لەسەر نەبووایە، سولەمی تەفسیرە باوەکانی بۆ زیاد نەکردووە.

🔸 فەلسەفەی نووسینی کتێبەکە لە زمانی دانەرەوە:
سولەمی دەڵێت زانایانی پێش ئەو زیاتر خەریکی زانستە دیارەکان بوون، وەک ئیعراب و ئەحکام. ئەو دەڵێت هەرچەندە وتەی عیرفانی لە هەندێک زانای وەک جەعفەری سادق و ئیبن عەتا مابوونەوە، بەڵام پەرش و بڵاو بوون. بۆیە ئامانجی ئەو ئەوە بووە ئەم وتانە کۆ بکاتەوە و بۆ یەکەم جار بەپێی ڕیزبەندی سوورەتەکان ڕێکیان بخات تا تیشک بخاتە سەر حەقیقەتی مانای ئایەتەکان.

🔸 هەڵوێستی زانایان لەسەر کتێبەکە:
ئەم کتێبە ڕەخنەی توندی زانایانی لێ گیراوە کە گرنگترینیان ئەمانەن:
– ئیمامی زەهەبی دەڵێت: ئەو وتانەی سولەمی لە جەعفەری سادقەوە دەیگێڕێتەوە، زۆربەیان درۆ و بوختانن.
– ئیمامی واحیدی دەڵێت: ئەگەر سولەمی بڕوای وابێت ئەمە تەفسیری قورئانە، ئەوا کفر دەکات، چونکە یاری کردنە بە مانای ئایەتەکان.
– تاجەدین سوبکی ڕەخنەی ئەوە دەگرێت کە لێکدانەوەکانی لەگەڵ مەبەستی ئاشکرای ئایەتەکان (ظاهر اللفظ)دا ناگونجێن.
– ئیحسان ئیلاهی زەهیر پێی وایە سولەمی قورئانی بەپێی ئارەزووی مەزهەبی سۆفیگەری لێکداوەتەوە بێبنەمای زانستی.

🔸 ئەنجامگیری و باشترین چاپ:
کتێبی (حقائق التفسير) وەک ئینسایکلۆپیدیایەکی ڕۆحی و مێژوویی گرنگ دەمێنێتەوە بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی ڕوانینی سۆفییە کۆنەکان بۆ قورئان، بەڵام وەک زانایان ئاماژەیان پێداوە، نابێت وەک سەرچاوەی بنەڕەتی بۆ تێگەیشتن لە مانا و ئەحکامەکان پشتی پێ ببەسترێت.
باشترین چاپیشی چاپی (دار الكتب العلمية - بيروت)ـە بە لێکۆڵینەوەی سەيد عیمران.

نووسینی: مامۆستا سیروان حامید.

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود  رحمه الله.

 

سەردان: 183