سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ئافرەت و ئەحكامەكانی سوڕی مانگانە.؟
گۆڕینی فۆنت

ئافرەت و ئەحكامەكانی سوڕی مانگانە.؟

* ئایا ئافرەت چ کاتێک دەس دەکات بەنوێژ کردن دوای تەواو بوونی سوڕی مانگانەکەی ؟
* جیاوازى نێوان خوێنى سوڕى مانگانە (حیض) و خوێنى (الاستحاضة ) چیە؟
* ئافرەت چۆن بزانێت بە تەواوى پاک بوەتەوە ؟
* وە ئەگەر پێی وا بوو سوڕی مانگانەکەی تەواو بووە بەڵام دواتر خوێنى بینى چی بکات ؟


وەڵام /

 یەکەم :  گەر ئافرەت کەوتە سوڕی مانگانەوە، ئەوا پاکبوونەوە بەوەستانی خوێن دەبێت جا کەم یاخود زۆر، وە زۆربەی زانایان ئەندازەیان بۆ دیاری کردووە کە کەمترینی شەو و ڕۆژێکە و زۆرترینى پازدە ڕۆژە .

وە شيخ الإسلام ابن تيمية رحمه الله پێی وایە حەدێکی دیاری کراوی نییە، واتە: نە بۆ زۆری و نە بۆ کەمی کاتێکی دیاری کراوی نییە، بەڵکو هەرکاتێ سیفەتە دیاری کراوەکانی سوڕی مانگانە هاتە دی ئەوا سوڕی مانگانەیه جا زۆر بێت یاخود کەم ، وە پاک بوونەوە لەنێوان دوو سوڕی مانگانەدا بوونی نییە لەگەڵ ئەوەی کە زۆربەی ئافرەتان تووشی ئەوە دەبن و پێویستیان پێیەتی (واتە: گەر کەوتە سوڕی مانگانەوە و پاشان پاک بوویەوەو دووبارە کەوتە سوڕی مانگانەوە ئەوا ئەو ماوەی کەپاک بۆتەوە بەپاک بوونەوە ئەژمار ناکرێت، چونکە ناگونجێ پاک بوبێتەوە و دواتریش یەکسەر بکەوێتە سوڕی مانگانەوە ، دیارە ئەسڵەن پاک نەبۆتەوە).

شيخ الإسلام ابن تيمية رحمه الله دەفەرموێت: خوای پەروەردگار لە قورئان و پێغەمبەر له سوننەتدا چەند حوکمێکیان تایبەت کردووە بە سوڕی مانگانەوە و نەبۆ زۆری و نە بۆ کەمی کاتێکی دیاری كراویان دەس نیشان نەکردووە.

وە هەروەها دەفەرموێت : " والعلماء منهم من يحدُّ أكثرَه وأقلَّه ، ثمَّ يختلفون في التحديد ، ومنهم من يحد أكثره دون أقله والقول الثالث أصح : أنَّه لا حدَّ لا لأقله ولا لأكثره ." مجموع الفتاوى (19 / 237). واته: "هەندێ لەزانایان کاتی کەمی و زۆریان دەست نیشان کردووە، پاشان جیاوازن لەتەحدید کردنیدا، هەندێکیان لایەنی زۆرییەکەیان دەس نیشان کردووە ولەلایەنی کەمەکەیان دەس نیشان نەکردووە ، وبۆچونی سێیەم کە بۆچوونی ڕاستە ئەوەیە :
نە بۆ زۆری و نەبۆ کەمی ئەندازەیەکی دیاری کراوی نییە.

دووەم : خوێنێک هەیە پێی دەوترێت ( الاستحاضة ) کەسیفاتەکانی جیاوازە لە خوێنی سوڕی مانگانە، جا ئەم جۆره بەم شتانەی لای خوارەوە لە خوێنی سوڕی مانگانە جودا دەکرێتەوە:

ڕەنگ: خوێنی سوڕی مانگانە ڕەشە بەڵام خوێنی (الاستحاضة) سوورە.

کاڵی: خوێنی سوڕی مانگانە تۆخە و توندە بەڵام خوێنی (الاستحاضة) کاڵە.

بۆن: خوێنی سوڕی مانگانە بۆنی ناخۆشە بەڵام خوێنی (الاستحاضة) بۆنی نایەت، چونکی خوێنی دەمارە.

گرسان: خوێنی سوڕی مانگانە نا گرسێت واته جامد نابێت، بەڵام خوێنی (الاستحاضة) دەگرسێت، چونکی خوێنی دەمارە.

خوێنی سوڕی مانگانە ڕێگری دەکات لەنوێژ کردن بەڵام خوێنی (الاستحاضة) ڕێگری ناکات لەنوێژ کردن، بەڵکو تەنها خۆی لە پیس بوون دەپارێزێت و بۆ هەموو نوێژێک دەست نوێژ دەگرێت گەر خوێنەکە لەکاتی نوێژەکە و دوای نوێژ بەردەوام بوو، جا ئەگەر لەکاتی نوێژکردندا خوێنی لێ هات ئەوا هیچ زیانی نییە، وە ئەسڵ لەهاتنی خوێندا خوێنی سوڕی مانگانەیە، مەگەر بەردەوام بێت و تەواوی مانگەکەی داگرتبوو ئەمە لەسەر بۆچوونی شيخ الإسلام، یاخود لە پازدە ڕۆژ تێپەڕ بکات کە دوا ماوەی سوڕی مانگانە لەلای جمهوری زانایان، جا لەوکاتەدا بە خوێنی (الاستحاضة) ئەژمار دەکرێت.

تێبینى : خوێنی نه‌خۆشی (الاستحاضة): بریتیه‌ له‌و خوێنه‌ی كه‌ له‌ شوێنی منداڵبوونی ئافره‌ته‌وه‌ ده‌رده‌چێت به‌ به‌رده‌وامی یان بچڕ بچڕ له‌ غه‌یری كات و حاڵه‌تی ئاسایی خۆیدا به‌ هوێ نه‌خۆشیه‌وه‌.

سێیەم : ئافرەت بەدوو شت پاک بوونەوەی دەس نیشان دەکات :

1- دەرچوونی لیقاوێکی سپی لە ڕەحمی ئافرەتەوە کەنیشانەی پاک بوونەوەیە.
2- بەتەواوی وشک بوونەوە گەر ئەو لیقاوە سپییە نەهات ئەوا لەو کاتەدا بەوە دەزانرێت پاک بۆتەوە کە پارچە لۆكەیەکی [ پارچە لۆکە یا پەڕۆی سپی] لەجێگای دەرچوونی خوێندا دا دەنێت خۆ ئەگەر کاتێ دەری دێنێت پاک بوو ئەوا پاک بۆتەوە و خۆی دەشوات، پاشان نوێژ دەکات ، 
بەڵام گەر لۆكەكه سوور بوو یاخود زەرد بوو ، ئەوا نوێژ ناکات .
جا ئافرەتان لۆكەی زەردیان لە قاپێکدا دەنارد بۆ لای عائشة، ئەویش پێیانی دەگوت: پەلە مەکەن تاوەکو لیقاو وئاوە زەردەکە دەبینن. رواه البخاري 
بەڵام گەر زەردایی هات لەو کاتانەدا کە عادەتەن ئافرەت تیایدا لەسوڕی مانگانەدا نییە ئەوا هیچ حساب بۆ ئەو خوێنە ناکرێت و ئافرەت واز لەنوێژ ناهێنێت بەڵکو خۆیشی ناشوات؛ چونکە پێویست ناکات.

ئامادەکردنی : خەندە فەرهاد 

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود  رحمه الله.

 26

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram