سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  بنەما شەرعیەكان دەربارەی بانك و ڕیبا.؟
چەند بنەمایەكی شەرعی دەربارەی بانكەكان وڕیبا
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3921

چەند بنەمایەكی شەرعی دەربارەی بانكەكان وڕیبا

واجبە لەسەر موسوڵمان خۆی لە هەموو جۆرەكانی ڕیبا و سووخواردن بپارێزێت، چونكە ڕیبا یەكێكە لە قەدەغە كراوەكانی شەریعەت كە ئەنجامدەری وەكو ئەوەیە جەنگێكی لە دژی الله عزوجل ڕاگەیاندبێت: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اتَّقُوا اللَّهَ وَذَرُوا مَا بَقِيَ مِنَ الرِّبَا إِن كُنتُم مُّؤْمِنِينَ) البقرة:278. پێغەمبەریش صلی الله علیه و سلم لەعنەتی كردووە لەو كەسەی ڕیبا دەخوات و لە هەركەسێكی تریش كە بەشدارە تێیدا تەنانەت وەكو شایەتی و نووسینی گڕیبەستەكەشی "لعن الله آكل الربا، وموكله، وكاتبه، وشاهديه. وقال: هم سواء" رواه مسلم.

جا لەبەر ئەوەی سزای سوو خواردن لە ئیسلامدا بەو شێوە سەختە و یەكێكە لەو سنوورانەی كە داوامان لێكراوە نەیبەزێنین و توخنی نەكەوین، هاوكات لەم سەردەمەی خۆیشماندا شێوازەكانی ڕیبا خواردن ئاسان كراوە و شێوازاكانی جۆراوجۆر بوونە وخەڵكیش شارەزایی پێویستیان لە شەریعەتدا نییە، بۆیە بە پێویستم زانی لەسەرەتاكانی ئەم زنجیرەی تەرخانمان كردووە بۆ بوارەكانی كڕین و فرۆشتن ومامەڵە بازرگانی و داراییەكان، چەند لایەنێكی ئەم مەسەلە ڕوون بكەینەوە و ئاماژە بۆ هەندێ بواری گرنگی بكەین:

- واجبە لەسەر هەموو موسوڵمانان خۆیان لە هەموو جۆرەكانی مامەڵە كردن بە ڕیبا بە دوور بگرن، هەروەها حەرامە لەسەریان بە هەر شێوەیەك لە شێوەكان ئاسانكار و یارمەتیدەر بن بۆی.

- هەموو پارەیەك لە ڕێگەی مامەڵە كردن لە گەڵ ئەو بانكانە بەدەست بێت كە بە ڕیبا مامەڵە دەكەن پارەیەكی حەڕام و پیسە، جائیز نییە موسوڵمان نە بۆ خۆی و نە بۆ ئەوانەی كە بە خێویان دەكات لێی سوودمەند بێت، بەڵكو ئەگەر بەهەر هۆیەك پارەیەكی لەو جۆرەی دەست كەوت دەبێت لە كارێكی چاكەدا خەرجی بكات و بیكات بە خێر و بۆ خۆی وخێزانی خەرجی نەكات و لێی نەخۆن.

- جائیز نییە هیچ موسوڵمانێك پارە لە بانكە ڕیبەوییەكاندا هەڵبگرێت بۆ ئەوەی لە داهات و سووەكەی بخوات، چونكە ئەوە ڕیبایە و بە دەقی قورئان و سوننەت قەدەغە كراوە. مامەڵە كردن لەگەڵ ئەو جۆرە بانكانە هێڵێكی سووری شەرعە دەبێت موسوڵمان دووری لێ بگرێت.

- بەهەمان شێوە درووست نییە لە غەیری بانكەكانیشدا پارە دابنرێت بۆ ئەوەی ساڵانە یان مانگانە سوویەكی پێ بدات و پارەیەكی جیگیر و دیاری كراوی پێ بدات لەبەرانبەر دانانی ئەو پارەیە، چونكە ئەوە ڕیبایە وهەمان حوكمی مامەڵە كردنی لە گەڵ بانكەكاند اهەیە، واتە پارەكە لەلای كەسیك بێت و لەلای بانكێك بێت مادام بەو شێوە بێت یەك حوكمی هەیە.

- درووست نییە قەرز لە هیچ بانكێك یان كەسێك بكرێت و سووی لەسەر وەربگیرێت چونكە ئەوەڕیبایە و الله عزوجل فەرموویەتی: (وَأَحَلَّ اللَّهُ الْبَيْعَ وَحَرَّمَ الرِّبَا ۚ ) البقرة: 275. بەڵكو قەرز دەبێت چەند وەرگیرا هەر ئەوەندەش بگێڕدرێتەوە، ئەگینا دەبێتە ڕیبا.

- درووست نییە موسوڵمان پارەی خۆی لە بانكە ڕیبەوییەكاندا دابنێت، با بلێت من سووەكەی وەرناگرم و دەیدەمەوە بە خۆیان! چونكە ئەوە جۆرێكە لە یارمەتیدانی ئەوان بۆ مامەڵە كردن بە ڕیبا لەبەر ئەوەی سوود لەو پارانە وەردەگرن كە خەڵكی لە لایان دایدەنێن، هاوكات جۆرێكیشە لە هاوكاری كردنی ناڕاستەوخۆ بۆ بڵاوبوونەوەی ڕیبا.

- بەڵام زانایانی هاوچەرخ دەڵێن ئەگەر كەسەكە ناچار بوو بۆ ئەوەی پارەكەی لە بانكێكدا دابنێت كە مامەڵە بەڕیباوە دەكات، واتە جێگایەكی لەو بانكانە باشتر دەست نەكەوت پارەكەی تێدا بپارێزێت و نەفەوتێت، لەو حاڵەتەدا لە ڕووی (اضطرار) وناچارییەوە درووستە پارەكەی لەو بانكە دابنێت، الله فەرموویەتی: ( وَقَدْ فَصَّلَ لَكُم مَّا حَرَّمَ عَلَيْكُمْ إِلَّا مَا اضْطُرِرْتُمْ إِلَيْهِ ۗ) الأنعام:119. بەڵام هەركەی جێگایەكی دۆزییەوە كە مامەڵە كردنی بە ڕیباوە تێدا نەبێت ئیتر درووست نییە پارەكەی لەو بانكەدا بهێڵێتەوە.

8- كاركردن لەو بانكانەی كە بە ڕیباوە مامەڵە دەكەن نادرووستە و یارمەتیدانە بۆ تاوان و دژایەتی دینی الله عزوجل كە فەرموویەتی: (وَتَعَاوَنُواْ عَلَى الْبرِّ وَالتَّقْوَى وَلاَ تَعَاوَنُواْ عَلَى الإِثْمِ وَالْعُدْوَانِ) المائدة:2. ئینجا پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لەعنەتی كردووە لەو كەسەی ڕیبا دەخوات و لەوەی گرێبەستەكەی دەنووسێت و لەوەی كە دەبێتە شایەتی و جیاوازی لە نێوانیاندا نەكردووە. بۆیە كاركردن لە هەر بانكێكدا كە مامەڵە بە سوو ئەكات بەهەر سیفەتێك بێت هەر حەرامە، ئەمەش بەڵگەی قورئان و سوننەت و كۆدەنگی زانایانی لەسەرە .

- سەبارەت بە تەحویل كردنی پارە لە ڕێگای بانكەكانەوە زانایانی ئەم سەردەمە ڕێگایان بەو كارە داوە لەبەر ئەوەی بەیەكێك لە زەروراتی ژیانی ڕۆژانە دانراوە و ئەو بڕە پارەش كە لە بەرانبەر تەحویل كردنی پارەكەدا وەردەگیرێت جائیزە لەبەر ئەوەی لە بەرانبەر ئەنجامدانی كارێكدا لێت وەردەگرێت.

- ئەو بانكانەی كە مامەڵە بەڕیباوە دەكەن، موسوڵمان بۆی نییە هیچ جۆرە ئیشێكیان تێدا بكات با ئیشەكەش پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە سووخواردنەوە نەبێت، بۆ نموونە پاسەوانێتی و خزمەتگوزاری و كاری ئیداری وژمێریاری وهەر جۆرە ئیشوكار و مامەڵەكردنێك لەگەڵ ئەو بانكانەی بە سوو مامەڵە دەكەن ، هەمووی دەبێتە هاوكاری كردن بۆ ئەو كارەی ئەوان كە وەكو وتمان شێوازێكە لە ڕاگەیاندنی جەنگ لە دژی الله جل جلاله

- زانایان دەڵێن ئەگەر كەسێك لە بانكێكی ڕیبەویدا كار بكات و نەیزانیبێت كە كاركردن تێیدا حەرامە، هەركەی زانی حەڕامە دەبێت دەست لە كارەكەی هەڵبگرێت و ئەو پارانەش كە لە ماوەی كارەكەیدا وەریگرتووە پێویست ناكات بیكات بە سەدەقە یان لەناوی بدات، چونكە ئەوەی كردوویەتی بە جەهل و نەزانین كردوویەتی و نەیزانیوە تاوانی ڕیبا خواردن لە ئیسلامدا چەند گەورەیە .

- ئەگەرچی وەكو ئەسڵ درووست نییە موسوڵمان پارەی خۆی لەو بانكانەدا دابنێت كە مامەڵە بە سوو دەكەن، بەڵام ئەگەر ناچار بوو و پارەكەی لەوێ دانا و مانگانە یان ساڵانە بڕێك پارەیان پێدا، بە فەتوای كۆمەڵێك لە گەورە زانایانی ئەم سەردەمە دەتوانێت پارەكە وەربگرێت و لە ڕێگایەكی خێر و چاكەدا خەرجی بكات، بە مەرجێك نەخۆی نە كەسوكار و خێزانی هیچی لێ نەخۆن.

- قەرز وەرگرتن لە هەر بانكێك یان هەر كەسێك بە زیادەیەكی ساڵانە یان بەهەر شێوەیەكی تر حەڕامە و ڕیبایەكی ڕاشكاوە، بۆ نموونە بانكێك دە ملیۆن دینار بەكەسێك دەدات بەقەرز و دوای دە ساڵی تر بە دوانزە ملیۆن وەریدەگرێتەوە، ئەوە حەڕامە وهەردوو جۆرەكانی ڕێبای (الفضل و النسیئة)ی لە خۆ گرتووە.
بۆیە هەموو ئەو قەرزانەی ئێستا بانكەكان ڕایدەگەیەنن و وەكو قەرزی خانوبەرە و نیشتەجێبوون و شتی تر ، لە ڕاستیدا هەمووی بەدەر نییە لە وەرگرتنی ڕێژەیەكی ڕیبا كە موسوڵمان نابێت بۆ ساتیك بیر لە وەرگرتنی بكاتەوە، مەگەر قەرزێك بێت لەوەی پێی دەوترێت قەرزی حەسەنە و هیچ سوویەكی نەچێتەسەر.

- سەبارەت بە زەرورەتیش كە هەندێ لەوانەی ڕێڕەوەیەكی شلڕەوییان هەیە و فەتوایان داوە كە درووستە، ئەوەی من بەدواداچوونم بۆ كردووە و پێی گەیشتووم، بۆ نموونە ئەوە بەهانەیەكی شەرعی نییە كەسەكە بلێت خانووی خۆمم نییە و كرێچیم، بەو بەهانەوە بە پارەی ڕیبا خۆی بكاتە خاوەن خانووی خۆی، بەڵكو دەبێت سەبر بگرێت و خۆی و ماڵ ومناڵی نیشتەجێی خانووەیەك نەكات كە بەو پارە پیسە درووست كراوە، بەڵكو الله عزوجل بە حەڵاڵی لەوە باشتری پێ بدات.

- سەبارەت بە مامەڵەیەك كە خۆی بۆ خۆی موباح و درووست بێت لەگەڵ بانكێكدا كە بە ڕیبا مامەڵە دەكات، زانایان دەڵێن بە هیچ شێویەك درووست نییە مامەڵە لەگەل بانكی وادا بكرێت با مامەلەیەكی درووستیش بێت، چونكە كەمترین هەڵوێست و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی شەرعی و ڕەوشتیی موسوڵمان بەرانبەر ئەو جۆرە بانكانە ئەوەیە نكۆڵی لە ئیشەكەیان بكات و ناڕەازیەتی خۆی لە بەرانبەریاندا دەربڕێت، ئەوەش بە دابڕانی ڕاستەقینە و ڕەها درووست دەبێت كە هیچ جۆرە ئیشوكارێكیان لەگەڵدا نەكات.

- زانایان دەڵێن ئەو بازرگان و وەبەرهێنەرەی كە بازرگانی لە ڕێگەی بانكەكانەوە بەڕێبا دەكات، درووست نییە موسوڵمان مامەڵەی لەگەڵدا بكات یان داوای قەرزی لێ بكات، مەگەر لە ڕووی ناچارییەوە نەبێت ئەو كاتە حوكمی (مضطر)ی بەسەردا جێبەجێ دەبێت.
ئینجا موسوڵمان نابێت بەوەش بخەڵەتێت كە هەندێ لەو بانكانە لەبەرانبەر ئەوەی خەڵكی پارەیان لەلا دادەنێن سوویان پێ نادەن و تەنها پارەكەیان بۆ دەپارێزن ، ئەوە هیچ لە حەرامێتی مامەڵە كردن لە گەڵیاندا كەم ناكاتەوە بەوەی كە ئەو كەسە سەرمایەی خۆی دەخاتە خزمەتی بانكێكەوە كە بە ڕیبا مامەڵە دەكات و دژایەتی لەگەڵ الله ڕاگەیاندووە، الله عزوجل فەرموویەتی: (قُلْ لَا يَسْتَوِي الْخَبِيثُ وَالطَّيِّبُ وَلَوْ أَعْجَبَكَ كَثْرَةُ الْخَبِيثِ فَاتَّقُوا اللَّهَ يَا أُولِي الْأَلْبَابِ لَعَلَّكُمْ تُفْلِحُونَ ) المائدة:100.
حەقیقەتێكیش هەیە زۆر كەس لێی بێ ئاگان ئەویش ئەوەیە: ئەو بانكانەی كە بە ڕیبا مامەڵە دەكەن ئەگەر موسوڵمانان پارەیان لەلا دانەنێن و مامەڵەیان لەگەڵدا نەكەن خۆیان ناچار دەبن شێوازی كارەكانیان بكەن بە جۆرێك كە لەگەڵ شەریعەتی ئیسلامدا بگونجێت، بەڵكو كێشەی موسوڵمانی ئەم سەردەمە ئەوەیە كە زۆر جار هەر بەناو موسوڵمانە و لە زۆرێك لە حوكمەكانی ئیسلام خۆی بواردووە.

- هەندێ لە زانایان دەڵێن ئەو كەسەی پارەی خۆی لە بانكێكدا دادەنێت و ناچار نییە و ئەتوانێت لە جێگەی تر پارەكەی بپارێزیت، با بەو بانكەش بڵێت من سوو ناخۆم و جگە لە پارەكەی خۆم هیچی ترم ناوێت، وەكو ئەوەیە سەرمایەكەی بخاتە لای ئەو بانكە و بلێت فەرموو بەو پارەیەی من جەنگ لە دژی الله بكەن چونكە من جەنگ لەدژی پەروەردگاری خۆم ناكەم. یان وەكو ئەوەیە چەكێكی هەبێت وبڵێت من كەس ناكوژم و دەستم ناچێتە خوێنی هیچ كەسێك، بەڵام لەولاشەوە بڕوات ئەو چەكە بدات بە پیاوكوژێك بلێت من وەزعەكەم ئاوهایە و پیاوكوژ نیم، بۆیە فەرموو ئەوە چەكەكەم و بڕۆ بە ئارەزووی خۆت خەڵكی پێ بكوژە بەڵام دوایی چەكەكەم وەكو خۆی بۆ بگێڕەوە .

- لێرەشدا زۆر پێویستە ئەوە بڵێم كە هەندێ بەناو زانا و دكتۆر و مامۆستای زانكۆ و خەڵكی بابردوو لە ئەزهەر و هەندێ لە وڵاتانی كەندا و جێگەی تر، كە بە مەبەستی جۆراوجۆرەوە خەریكی دەركردنی فەتوای تێكدەرانە و ناكۆكن لەگەڵ شەرعدا و دڵێن ئاساییە و هیچی تێدا نییە خەڵكی پارەی خۆیان بخەنە بانكەكان و زیادەكەشی وەربگرن! هەندێ گومان و قسەی بێ بنەمایش لەو بارەوە دەكەن كە زیاتر نییە لە خۆڵ لەچاوكردن و جێبەجێكردنی ئەجیندای ناشەرعی جۆراوجۆر، ئەوانە لەبەر دەرگای دۆزەخدا وەستاون و خەڵكی بۆ بانگ دەكەن، بۆیە هیچ كاتێك ئاوڕیان لێ مەدەنەوە چونكە ڕیبا یەكێكە لە گەورەترین ئەو تاوانانەی كە شوێنەوارە خراپەكانی لە ئاستی تاكە كەسەكاندا ناوەستێتەوە، بەڵكو كۆمەڵگا بەجارێك دەشێوێنێت وفەسادی دەكات وكاریگەری خراپی بەسەرەوە بەجێ دەهێڵێت.

تێبنیی: هەرچی ئەو حوكمانەی لەم پۆستەدا باس كراون، هەمووی فەتوای گەورە زانایانی ئەم سەردەمەی لەسەرە و لە كۆتایی زنجیرەكەدا كە ئەگەر وەكو كتێبێك چاپ كرا إنشاء الله، ناوی هەموو ئەو سەرچاوانەی كە لێیان سوودمەند بووم جێگیر دەكەم.

نووسین و ئامادەکردنی / احسان برهان الدين

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە مەحموود رحمه الله

  ژمارەی بینین 123

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram