سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  یەکبوون بۆچی.؟! واعتصموا بحبل الله جميعا.
گۆڕینی فۆنت



یەکبوون بۆچی..؟!


نووسينى : شيخ  ئەحمەد کاکە مەحموود 

١. لەو کاتەوە پێغەمبەرمان محمد (صلی اللە علیە وسلم) خەڵاتی پێغەمبەرایەتی کرا تا ئەو ڕۆژەی کۆچی دوایی کردو بەسەر بڵندی و سەرفرازییەوە گەڕایەوە بۆ (الملا الاعلی) بە شەو و بە ڕۆژ، ھەفتە، مانگ، ساڵ، بێ وچان پەیوەندی دەکرد بە تاک و کۆمەڵەوە، ئەڵبەتە پاش ڕێکخستنی ئوسرەو بنەماڵە شەریفەکەی خۆی بە ھەموو جۆرە توێژەکانی کۆمەڵگەی ئەو سەردەمەوە، پەیوەندی دەکرد، بۆچی.؟! بۆ درووست کردنی کۆمەڵگەیەکی یەک بیروباوەڕو بۆچوون و یەک شێوە کار کردن نەبوو.؟! 

٢. (١٣) ساڵی مەککەی و (١٠) ساڵی جیھادی بێ وچانی مەدینەی و (٣٠) ساڵی خەلیفەکانی پاش خۆی... ئیتر با سەردەمەکانی پاش ئەوان بووەستێ تا دێتە خەلافەتی عوسمانییەکان – لەگەڵ ھەندێ تێبینیمان لە ھەڵس و کەوتی پاش سێ ساڵەی خەلیفەکان – ئایا بۆ یەکبوون و یەکڕیزی جیھانی ئیسلامیی نەبووە.؟! 

٣. ڕیزکردنی ئایەت و فەرموودەکان سەبارەت بە یەکڕیزکردنی گەلی موسڵمان و نەفرین کردنی مشت و مڕو ناکۆکی و دووبەرەکی و پەرتەوازە بوون جگە بە یەککردنی موسڵمان چ مەبەستیێکی تری لێ دەوەشێتەوە..؟ (وَاعْتَصِمُوا بِحَبْلِ اللَّهِ جَمِيعًا وَلَا تَفَرَّقُوا...)... (وَلَا تَنَازَعُوا فَتَفْشَلُوا وَتَذْهَبَ رِيحُكُمْ...)... (وَلَا تَكُونُوا كَالَّذِينَ تَفَرَّقُوا وَاخْتَلَفُوا مِنْ بَعْدِ مَا جَاءَهُمُ الْبَيِّنَاتُ..)... (إِنَّ الَّذِينَ فَرَّقُوا دِينَهُمْ وَكَانُوا شِيَعًا لَسْتَ مِنْهُمْ فِي شَيْءٍ إِنَّمَا أَمْرُهُمْ إِلَى اللَّهِ..) لەگەڵ فەرموودەی: (إن الله يرضى لكم ان تعتصموا بحبل الله جميعا ولاتفرقوا) مسلم. (عليكم بالجماعة واياكم والفرقة فإن الشيطان مع الواحد وهو من الإثنين أبعد ومن أراد بحبوحة الجنة فليلزم الجماعة) سنن الترمذي چی دەگەیەنن.؟! 

٤. دەستە دامێن بوونی پێغەمبەرمان محمد (صلی اللە علیە وسلم) لەگەڵ موسڵمانان بۆ پاراستنی یەکڕیزییان و لیخن کردنی پەڕاگەندە بوون، وەک جوولەکەو گاور لەم فەرموودەدا: (إفترقت اليهود على احدى وسبعين في النار، وافترقت النصارى على ثنين و سبعين فرقة، فإحدى وسبعون في النار، وواحدة في الجنة. والذين نفسي محمد بيده تفترق امتي على ثلاث وسبعين فرقة، واحدة في الجنة واثنتان وسبعون في النار.. قيل يا رسول الله من هم.؟! قال: "الجماعة") لە ڕیوایەتێکی تردا ھاتووە: (وتفترق أمتي على ثلاث وسبعين ملة كلهم في النار الاملة واحدة.. قال: من هي يا رسول الله.؟ قال: ما أنا عليه وأصحابي) چی دەبەخشێت.؟! 

٥. ئایا تا موسڵمانان یەک ڕیز بوون و لە ژێر یەک ڕایەت و ئاڵادا دەجووڵان و پیرۆزو سەرکەوتوو و سەربڵند نەبوون.؟! دەسەڵاتدارانی ئەوسەردەمە لە بەردەمیاندا بە چۆکدا نەھاتن.؟! 

٦. حاڵەتی ئێستای موسڵمانانی جیھاە – لە سەراسەری وڵاتدا – کە بە ھەموو شێوەیەک دەچەوسێنرێتەوە و لە مافی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و ئابووری... خۆیان بێ بەش دەکرێن، ئەگەر کەسێکیش فزەی لێوە بێت بە توندڕەو و تۆقێنەر و (إرھابی) تاوانبار دەکرێ و توندی بەندیخانەکان دەمرێ ئەویش دەبێ وەک مەڕی بەردەست قەساب، یا مردووی بەردەست مردوو شۆر جووڵە لە خۆی ببڕێ، ئایا میللەت و گەلی ئاوا بە زیندوو لە قەڵەم ئەدرێ.؟! سەرەڕای ئەوە کە موسڵمانان لە ئەستۆیاندایە حوکم بە فەرموودەکانی خواو پێغەمبەرە دڵسۆزەکەی بکەن وە حوکم و دەسەڵات بگێڕنەوە بۆ خوا.! 

٧. زیت بوونەوەی کوفری جیھانی ئەمڕۆ لە موسڵمانە مەکتەبییەکان بێ جیاوازی و چەواشەکردنی سیاسەت و ئابووری و ڕۆشنبیرایەتی و ئایینداری، و ئاڵۆزکردن و شێواندنی باری ڕاستەقینەی ئیسلام لە جیھاندا بە ھەزاران ھەزار ھۆی ڕاگەیاند. ئیتر ئێستای سەتەلایت و ئەنتەرنێت با بووەستێ... ئایا باروودۆخێکی ئاوای تیژڕەو داوای پیاچوونەوە ناکات لە موسڵمانانی جیھان و پێیان ناڵێت، برابن و یەکترتان خۆش بوێ و تەبا بن بە یەک شێوە کار بکەن، بە یەک ڕیز بڕۆنە پێشەوە، بە یەک بۆچوون (خیتابی سیاسیتان) پەخش بکەن، بە یەک ڕاگەیاندن وتوو وێژ بکەن، لەگەڵ گەلدا یەک دارایی و یەک سامان بن. 

٨. نرخ دانەنان و گرنگی نەدان بە ئیسلامییەکان لەناو خۆی وڵات و ھەندەراندا بەتایبەتی لەکاتی ڕووداو و گۆڕانکارییەکاندا، ڕا وەرنەگرتنیان و پرس و مەشۆرەت پێ نەکردنیان بۆ چارەسەری کێشەکان و قایل نەبوون بە مافی ڕەوای ئیسلامییەکان و ڕێز نەگرتن لە مقدسات و شیعارو درووشمیان و، ھێرش ھێنانە سەر ئیسلام و ئیسلامییەکان لەگەڵ ژمارەی زیاتر لە (ملیار)ێکیانداو باس نەکردنی مافیان لە (ڕێکخراوی نەتەوەکان)داو، ناچار کردنیان بە وەڵامدانەوەو بڕیارە ناشەرعە...ئەمشە پڕ بە دەم ھاوارو داوای یەکڕیزی موسڵمانان ناکات.؟! 

٩. جیاوازی و ئیختیلافی موسڵمانان لەناو خۆیاندا (فیکرە) و (عەقیدە).. تا دێتە سەر شێوەی دەست نوێژو ڕۆژوو خواپەرستییەکانی تر، بێ گومانم باجی خۆی داوەو بۆتە ھۆی خۆش نەویستنی یەکترو کەم ئیحترامی بەرامبەر یەکتر، ئەوەش بە زەقی لە ھەندێ وڵات و جێگادا بەدی دەکرێ و گەیشتۆتە ئاسۆ و تەنانەت لە ھەندێ مزگەوتدا (جەناح)ێک تایبەت کراوە بە ھەریەکە لە مەزھەبەکانەوە، وە ھەر یەکە شێوەی تایبەتی خۆی ھەڵگرتووە، وە بە ھیچ شێوەیەک خزمەتی یەکبوون و یەکڕیزی موسڵمانان ناکات، بۆیە بە بۆچوونی ئێمە پێویستە ئەو شتانە لابدرێن دەبنە ھۆی لە یەک ترازاندنی موسڵمانان و درووست بوونی (من) و (تۆ)، ئەویش بە کورتی بە گەڕانەوە دەبێ بۆ لای (قورئان و سوننەت)ی ێەحیح لە ھەموو بوارەکاندا، لە سەرەتای ھەموویانەوە (عەقیدە) با لە ژێر ڕۆشنایی و ئایەت و فەرموودەکاندا دەرنەچێت، چونکە ئەوە ئاسانترە بۆ وەرگرتنی، بئاڵێنرێ بە (فەلسەفە)ی ئەم و ئەودا، پێغەمبەری خواش (صلی اللە علیە وسلم) ھەر بەو قورئانە وانەی عەقیدەی وتووەتەوە، وا ئەزانم لەوە زیاتر تووشی ھەڵەو پەڵەیەکی زۆر دەبین خواپەرستییەکانیش – لەگەڵ ڕێزماندا بۆ موجتەھیدە زەحمەت کێشەکانمان – ھەر دەبێ لەگەڵ قورئان و سوننەت بەراورد بکرێن، ئەوەی ئەوان پشتگیری بکەن و دانی پیادا بنێن، ئێمە وەری گرین، بێ سەر لێکردنەوە لەوە: ئایا ڕاوبۆچوونی کام موجتەھیدە.؟! وە ھەر کامیش لەگەڵ (کتاب و سوننەت)دا ڕەوتی جووت نەدەبوو دەبێ بخرێنە ئەولاوە و نەکرێ بە ماڵ بەسەر ئیسلامەوە، پێویستە ئەوە بڵێین ئەگەر لە سەردەمی پێشوودا ئەوە گونجا بێت، ئێستا بە ئاشکرا دەبینرێ کە بۆ ئەمڕۆی موسڵمانان بەرژەوەندی تێدا نییەو پێویستە (متخصص) و پسپۆرانی (عەقیدە)و (فیقە) لە ھەر وڵاتێکدا بن ھاوکاری یەکتر بکەن و سەر لە نوێ ھێڵە عەقیدی و فیکرە فیقھییەکان دیاری بکرێن و وەک (مەوسوعە)یەک بخرێتە بەردەست موسڵمانان، ئەڵبەتە پاش لێکۆڵینەوەو لە بێژنگدانی ھەموو ڕاو بۆچوونەکان و بەراورد کردنیان لەگەڵ کتاب و سوننەتدا.

١٠. کەوابوو پێویستە لە دەرگای خۆیەوە ھەموومان کار بکەین بۆ ئیسلام و بگەڕێینەوە سەر ئەو خاڵە سەرەکییە کە موسڵمانان ھەموویان یەکدەنگن تیایدا ئەوەش (وەحدەت)و یەکڕیزییە و پێویستە بە زوویی میکانزمێک بەڕێ بخرێ ئەگینا – ئەگەر چی ئێستا ئیسلامییەکان ئەندازەیەک یەکبوونیان پێوە دیارە – لە بەردەم ھەزاران ھەڵدێردا خۆیان دەبیننەوە. 
دەبێ ئەوەش بڵێین سوپاس بۆ خودا ئیسلامییەکانی کوردستان پتر لە جێگاکانی تر برایەتی و تەبایی نێوانیان پارێزراوەو چەندین لیژنە دابنێن بۆ ڕێخۆش کردن بەرەو یەکبوون، بەرھەمیش دیارەو ھەموو شایەتی دەدەن. 

١١. (زەمان) و (مەکان) قۆزتنەوە، نرخ دانان بۆیان شتێکی شاراوە نییە لە ئیسلامدا، بۆیە ھەندێ کار ئێستا دەکرێ نابێ بخرێنە ڕۆژێکی ترو وە لە ھەندێ شوێن زەمینە سازیی دەبێ بقۆزرێتەوە، جگە لە ھەموو ئەو خاڵانە باروودۆخی ئەمڕۆی کوردستان و میللەتەکەمان زیاتر ئەو وەحدەتەمان لا پێویست دەکات. 

١٢. دیارە لەبەر ڕۆشنایی ئەم خاڵانەو واقیعی جیھانی ئیسلامەتی ئەمڕۆ دەبێ بڵێین فرە حیزبی و (تعددیەت) ھیچ خێرو بێرێکی بۆ موسڵمانان نەبووەو نایشی بێ وە بە بۆچوونی من تەواوی ئیسلامییەکان گوناھبار دەبن ئەگەر بە پەلە ورد ھەنگاو نەنێن بۆیەکڕیزی خۆیان. 

١٣. بۆیە بزووتنەوەی ئیسلامیی ھەر لە سەرەتاوە لەگەڵ برا ئیسلامییەکاندا کەوتە وتووێژ و لێکۆڵینەوە سەبارەت بە بوونیاتنانی و شێوەی تەشکیل کردنی، شایانی باسە لەگەڵ زۆربەی ئەو برایەنانەدا کە ئێستا گەیشتوونەتە پلەی بەرپرسی، ڕای گۆڕیوەتەوەو پەسەندیان بووەو پشتگیری لێوە کراوە، بۆیە ئێستا – سوپاس بۆ خوا – زۆر براین و بە تەبا دەژین... ئەمڕۆش بزووتنەوەی ئیسلامیی بە ئەوپەڕی (مرونەت) و (سەماحەت) و متمانەو لێ بووردنەوە دەرگای برایەتی و ھاوکاری و یەکبوونی واڵا کردووە لە خزمەتی ھەموو ئیسلامییەکانداو چی پێ بکرێت و درێغی ناکات، لەگەڵ نەفەس درێژی و قبووڵ کردنی قسەو قسەلۆکی ئەم و ئەو. 
سەرکەوتنیش لای خوایە 

وَمَا النَّصْرُ إِلَّا مِنْ عِنْدِ اللَّهِ الْعَزِيزِ الْحَكِيمِ 

سەرچاوە: گۆڤاری جەماوەر، ژمارە ٨٥، لاپەڕە ٤٢ – ٤٣

 

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram