سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  زۆرترین زانیارى سەبارەت بە فەزڵ و گەورەیی مانگی شەعبان
گۆڕینی فۆنت

زۆرترین زانیارى سەبارەت بە فەزڵ و گەورەیی مانگی شەعبان

بەشی یەكەم

فەزڵ و گەورەیی مانگی شەعبان چیە و بۆچی پێغەمبەرى خوا ﷺ زۆر گرنگی بەم مانگە داوە؟
سوپاس وستایش بۆ خوای پەروەردگار و دروود و سەلام لەسەر گیانی پێغەمبەری خودا ﷺ بێت . 

فەزڵ و گەورەیی مانگی شەعبان بە (30) خاڵی گرنگدا دەخەینە ڕوو ، داوا کارین خوای پەروەردگار بیکاتە مایەی سوود و خێر بۆ تەواوى موسڵمانان .

1- مانگی شەعبان هەشتەم مانگە لەمانگە کۆچیەکان و لەنێوان مانگی ڕجەب وڕەمەزاندایە و بۆیە ناو نراوە بەو ناوەوە ؛ چونکە عەرەب تیایدا بڵاو دەبوونەوە و بەشوێن ئاودا دەگەڕان. 
وە گوتراوە: لەبەر بڵاو بوونەوەی هۆزەکانە لەکون و دۆڵەکاندا، وە گوتراوە: (شَعَبَ) واتە: دەرکەوتووە لەنێوان مانگی ڕەجەب وڕەمەزاندا و کۆیەکەی (شعابین) و (شعابات)ـە. تفسیر ابن كثير ( ٤/ ۱٤۷). ولسان العرب (۱/ ٥۰۳).

2- مانگی شەعبان مانگێکی پیرۆزە ، وە زۆر کەس لێی بێ ئاگان، وە کەوتووەتە نێوان مانگی ڕەجەب و ڕەمەزانەوە ،  ئوسامەی کوڕی زەید خوا لێی ڕازی بێت گێڕاویەتیەوە و دەڵێت: گوتم: (( يا رسول الله، لمْ أرَاكَ تصوم شهْرًا من الشهور ما تصوم مِنْ شعْبان، قال: ذلك شهْرٌ يغْفُل الناس عنْه بيْن رجب ورمضان، وهو شهْرٌ تُرْفَع فيه الأعْمال إلى ربِّ العالمين، فأحبّ أنْ يرْفعَ عملي وأنا صائمٌ)) رواه النسائي ( ۲۳٥۷) ، وحسنە الٲلباني في الصحیحة ( ۱۸۹۸) . واتە: ئەی پێغەمبەری خوا ﷺ هیچ مانگێک نەم بینیوی بەقەد شەعبان بەڕۆژوو بیت ، فەرمووی: ئەوە مانگێکە خەڵک لێی بێ ئاگان لەنێوان ڕەجەب و ڕەمەزاندایە ، ئەوە مانگێکە کردەوەکان تیایدا بەرز دەبێتەوە بۆلای خودا ، بۆیە پێم خۆشە کاتێ کردەوەکانم بەرز دەبێتەوە بەڕۆژوو بم .

3- پێغەمبەری خوا ﷺ زۆربەی مانگی شەعبانی وەك سوننەت بەڕۆژوو دەبوو ، وە ئەم کارەی لەهیچ مانگێکی تردا نەدەکرد ، له عائیشەوە گێڕاویانەتەوە و دەڵێت: (( ما رأيتُ رسولَ الله - ﷺ - استكملَ صيام شهر قطُّ إلا شهر رمضان، وما رأيتُه في شهرٍ أكثر صيامًا منه في شعبان)) رواه البخاري (۹۰٦۹) ، ومسلم (۱۱٥٦). واتە: پێغەمبەری خوام ﷺ نەبینیوە هیچ مانگێک جگە لەڕەمەزان بەتەواوی بەڕۆژوو بێت و نەمبینیوە هیچ مانگێک زۆرترینی بەڕۆژوو بێت جگە لەمانگی شەعبان. وە لەڕیوایەتێکی تردا هاتووە: ((کان يصوم شعبان كله ، كان يصوم شعبان ٳلا قلیلاً))رواه البخاري (۱۹۷۰) ، ومسلم (۱۱٥٦)  واته: هەموو شەعبان بەڕۆژوو دەبوو ، و مانگی شەعبان بەڕۆژوو دەبوو تەنها هەندێکی نەبێت .

4- پێغەمبەری خوا ﷺ هیچ کات دوو مانگی بەدوای یەکدا بەڕۆژوو نەدەبوو جگە لەمانگی شەعبان و ڕەمەزان ، وە زۆربەی شەعبان بەڕۆژوو دەبوو و دەیدا بە دەم مانگی ڕەمەزانەوە ، هەر وەک ئوم سەلەمە گێڕاویەتیەوە ودەڵێت: ((ما رٲيت النبي ﷺ يصوم شهرین متتابعين ٳلا شعبان ورمضان )) رواه الترمذي (۷۳٦) ، والنسائي (۲۳٥٦) وصححە الٲلباني. واتە: پێغەمبەری خوام ﷺ نەبینیوە هیچ کات دوو مانگی بەدوای یەکدا بەڕۆژوو بێت جگە لەمانگی شەعبان وڕەمەزان .

5- چاکەکردن لە کاتى غەفڵەت و بێئاگایی خەڵکدا، فەرموودەکەی پێغەمبەری خوا ﷺ کە دەفەرموێ : ((ذلك شهْرٌ يغْفُل الناس عنْه بيْن رجب ورمضان))واتە: ئەوە مانگێکە خەڵک لێی بێ ئاگان لەنێوان ڕەجەب و ڕەمەزاندایە.
 ئاماژەیەکی تێدایە بەوەی کارێکی چاکە زیندوو کردنەوەی ئەو کاتانەی کەخەڵک لێی بێ ئاگان  بە عیبادەت و کاری خێر ، وە ئەوە شتێکە خواو پێغەمبەر ﷺ پێیان خۆشە و لێی ڕازین ، هەر بۆیە هەندێ لەسەلەف پێیان باش بوو سوننەت کردن لە نێوان مەغریب وعیشادا و دەیان گوت ((هي ساعة الغفلة)) ، واته: ئەوە سەعاتێکە خەڵک لێی بێ ئاگان. بۆیە نوێژ لە سێ یەکی شەودا خێری زیاترە ؛ چونکە خەڵک لەو کاتەدا نوستوون و بێ ئاگان تیایدا لەزیکر و یادی خودا و پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: ((أقربُ ما يكونُ الربُّ من العبدِ في جوفِ الليلِ الآخرِ فإِنِ استطعْتَ أن تكونَ ممن يذكرُ اللهَ في تلْكَ الساعَةِ فكُنْ))رواه رواه الترمذي (۳٥۷۹) ، والنسائي ( ٥۷۲) وصححە الٲلباني. واتە: نزیکترین کات کە خودا لەبەندەکەیەوە نزیکە لەناوەڕاستی  شەودایە ، گەر توانیت لەو کەسانە بیت کەیادی خودا دەکەن لەو سەعاتەکەدا ئەوا ئەو کارە بکە، هەر بۆیە سوننەت و زیکرو یادی خودا لەو جێگەو کاتانەدا کە خەڵک لێی بێ ئاگان و سەرقاڵی گاڵتەو گەپن چاکە و خێری زیاترە ، وەک: بازاڕەکان و شوێنە گشتیەکان. لطائف المعارف لابن رجب (۱۳۱).

6- یەکێک لەسوودەکانی چاکەکردن لەکاتی بێ ئاگای و سەرقاڵ بوونی خەڵکدا : موسوڵمان گەر لەو کات وساتانەدا کاری چاکەی کرد ئەوا زیاتر کردەوەکانی بەپەنهانی دەبێت ، وە نزیکترە لەئیخلاسەوە ، مرۆڤی موسوڵمان لەخۆی دڵنیا نییە لەوەی توشی ڕیا نەبێت گەر کردەوە چاکەکانی بەئاشکرا ئەنجامدا.

7- بەڕۆژوو بوونی مانگی شەعبان باشتر و چاکترە لەمانگە حەرامکراوەکانی تر ؛ چونکە ڕۆژووی مانگی شەعبان لەگەڵ ڕەمەزاندا هاوشێوەی سوننەتەکانی ترە لەگەڵ فەرزەکاندا، وە هەروەک چۆن سوننەتە ڕاتیبەکان خێری زیاترە لەسوننەتی موتڵەق بەهەمان شێوە ڕۆژووی پێش و پاش ڕەمەزان خێری زیاترە لەوەی کەبەماوەیەکی دوورتر ڕۆژوو بگیردرێت. لطائف المعارف (۳٤ /۱۲۹)).  
بەڵام بەنیسبەت ئەو فەرموودەیەوە کەدەفەرموێت : ((أفضل الصيام بعد رمضان، شهر الله المحرم ، وٲفضل الصلاة بعد الفريضة : صلاة الليل )) رواه مسلم. واتە: باشترینى ڕۆژووەكان دواى ڕۆژووى ڕەمەزان ڕۆژووى مانگى موحەڕەمە ، وە باشترین نوێژ دوای نوێژە فەرزەکان: شەو نوێژە . مەبەست لێی سوننەتی موتڵەق و بێ هۆکاره ، واتە : سوننەتی موتڵەق لەمانگی موحەڕەم دا باشترە ، پاشانی مانگەکانی تر ، هەروەک چۆن باشترین نوێژی سوننەتی موتڵەق: شەو نوێژه . بەڵام بەنیسبەت مانگی شەعبانەوە ، پەیوەستە بەمانگی ڕەمەزانەوە ولەگەڵ ئەوە ، هاوشێوەی شەشەڵان کەباشترین ڕۆژووی سوننەتە . هەروەک چۆن باشترین نوێژ دوای نوێژی فەرز وسوننەتە ڕاتیبەکان ، شەو نوێژە لای زۆربەی زانایان . لطائف المعارف (۳٤ /۱۲۹)).

8- مانگی شەعبان مانگی بەرز بوونەوەی کردەوەی ساڵانەیە بۆ لای خودا ، هەروەک لەم فەرموودەیەدا هاتووە : ((وهو شهْرٌ تُرْفَع فيه الأعْمال إلى ربِّ العالمين، فأحبّ أنْ يرْفعَ عملي وأنا صائمٌ))واتە: وئەوە مانگێکە کردەوەکان تیایدا بەرز دەبێتەوە بۆلای خودا ، بۆیە پێم خۆشە کاتێ کردەوەکانم بەرز دەبێتەوە بەڕۆژوو بم . پێغەمبەر ﷺ پێی خۆش بوو لەکاتی بەرز بوونەوەی کردەوەکانیدا بەڕۆژوو بێت ؛ چونکە زیاتر نزیکە لەوەی خودا لێی قەبوڵ کات ، وپلەی بەرز ببێتەوە ، دەی با موسوڵمانان چاو لەپێغەمبەرەکەیان ﷺ بکەن ، ولەم ڕۆژانەدا زیاتر کردەوەی چاک بکەن لەنێویاندا زۆر بەڕۆژوو بن.

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە مەحموود رحمه الله.

 141

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram