ئه‌و كەسانەى دەتوانن به‌رۆژوو نه‌بن كێن.؟
دينى ئيسلام دينى ڕەحمەت و ئاسانكارى و لێبووردەييە، هەر بۆيە خواى ميهرەبان چاوپۆشى و لێبووردەيى بۆ ئەوانە دەردەكات لە مانگى ڕەمەزاندا بەهۆكارى شەرعى ناتوانن بەرۆژوو بن. ئەوانەى خودا چاوپۆشييان لێدەكات بەرۆژوو نەبن ئەم چوار كەسەن: یه‌که‌م: رێبوار‌و سه‌فه‌ری.. ئه‌گه‌ر رۆ‌ژووگر له شوێنی خۆیه‌وه رۆیشت بۆ شوێنێکی تر، وه ئه‌و شوێنه‌ش بۆی ده‌چوو له دوو قۆناخ که‌متر نه‌بوو واته: چل و هه‌شت میل ده‌بوو، بۆی هه‌یه به‌رۆژوو نه‌بێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر تووشی زه‌حمه‌ت و ئازار نه‌بوو به‌رۆ‌ژووبێت باشتره. خودا له قورئانداو لەسوورەى بەقەرەدا ده‌فه‌رموێت: ئه‌وه‌ی كه نه‌خۆش بێت یان له سه‌فه‌ردا بێت با له‌ڕۆژانی داهاتوو به‌و ئه‌ندازه بیگرێته‌وه.. دووه‌م: نه‌خۆش.. یه‌کێکی تر له‌وانه‌ی بۆیان هه‌یه له ره‌مه‌زاندا به‌رۆژوو نه‌بن نه‌خۆشه، به‌پێی ئه‌و ئایه‌ته‌ی باسمان کرد، جا ئه‌گه‌ر نه‌خۆشه‌که به‌ته‌مای چاك بوونه‌وه بوو، ئه‌وه پاش چاكبوونه‌وه ده‌یگرێته‌وه، خۆ ئه‌گه‌ر به‌ته‌مای چاك بوونه‌وه‌ش نه‌بوو، ئه‌وا له باتی هه‌ر رۆ‌ژێك 750 گرام لە برنج و هاوشێوەى دەداتە فەقيرو هەژار. سێهه‌م: پیرو به‌ساڵا چوو.. ئه‌مانه‌ش بۆیان هه‌یه به‌رۆژوو نه‌بن، به‌مه‌رجێ ئه‌وەندە پير بن، ئه‌گه‌ر به‌رۆژوو بن په‌کیان بکه‌وێت و زیانیان پێ بگات، ئه‌وانه‌ی که له‌به‌ر ته‌مه‌ن زۆری ناتوانن به‌رۆژوو ببن له باتی هه‌ر رۆ‌ژێك نانی هه‌ژارێك ده‌ده‌ن له فیدیه‌دا.. به پێی ئه‌م ئایه‌ته: (وه‌كو پیره‌مێردو نه‌خۆشه به‌رده‌وامه‌كان) ئه‌وه با ژه‌مێك خواردن ببه‌خشن به هه‌ژارێك، ئه‌وه‌ی زیاتر ببه‌خشێت ئه‌وه باشتره بۆی، بێگومان ئه‌گه‌ر به‌ڕۆژوو بن چاكتره‌و پاداشتی زۆرتره ئه‌گه‌ر بزانن و (بتوانن). چواره‌م: دوو گیان و شيردەر.. ئه‌گه‌ر ئافره‌تی دووگیان (سك پڕ)، وه ئافره‌تی مناڵه‌به‌ر (شیرده‌ر) له‌وه ده‌ترسان ئه‌گه‌ر به‌رۆژووبن زیان به‌خۆیان بگات، یان زیان به‌خۆیان و مناڵه‌که‌یان بگات، وه‌ك ئه‌وه‌ى سکه‌که‌ی له‌بار بچێت، یا شیره‌که‌ی وشك بكات له‌گه‌ڵ زیانی خۆشیان، بۆیان هه‌یه به‌رۆژوو نه‌بن، به‌ڵکو پێویسته به‌رۆژوو نه‌بن، ئه‌مانه ته‌نیا گرتنه‌وه‌ی رۆژووه‌که‌یان له‌سه‌ره به‌بێ فیدیه.. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له خۆیان نه‌ده‌ترسان زیانیان پێ بگات ، ئه‌وه گرتنه‌وه‌ی رۆژووه‌که‌و فیدیه‌شیان له‌سه‌ره. ئا: عیرفان ئەحمەد كاكه مەحموود پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ ئه‌حمه‌د كاكه مه‌حموود ڕەحمەتی خوای لێبێت.