سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  بەشی چوارەم لەشێوازەکانی بانگەواز بە حیکمەت و داناییەوە:
گۆڕینی فۆنت


(یەکلاکردنەوە لە نێوان بەرژەوندی و زیان)

بەرژەوەندی لە ڕووی دەستەواژەییەوە: بریتیە لەو بەرژەوەندییەی خاوەنی شەرع بۆ بەندەکانی خواستووە، لە پاراستنی دین، نەفس، ئەقڵ، نەوە، بارودۆخ، بە پێی ڕێکختنێکی دیاریکراو لە نێوانیندا.
تێکڕای فیقھناسان کۆکن لەسەرئەوەی کە ھەموو داخوازییەکانی خودا چاکەی بەندەکانە لە ھەردوو دونیا، وە مەبەستەکانی شەریعەتیش بریتیە لە بەدی ھێنانی کامەرانی ڕاستەقینە بۆیان، ئێمە لەسەر ئەم باسە نادوێین بە ھەموو ڕەھەندەکانییەوە بەڵکو مەبەستمان شیکردنەوەی ئەو حاڵەتانەیە کە پێغەمبەری خودا پەیڕەوی کردووە لە پێناو بەرژەوەندی بەندەکانی خودا و بانگەوازدا، بەو واتایەی کە ئەو شتەکانی بەراورد دەکرد و پاشان دەستنیشانی باشترینیانی دەکرد، گەر زیانێکی ئاشکرا یان دەست ھەڵگرتن لە ئەرکێکی دینی یاخود ووتەیەک کە کوفری بەدوا دێت ھەبوایە ڕەتی دەکردەوە، ھەروەھا ڕەچاوی ئامادەباشی کەسەکانی دەکرد بۆ وەرگرتنی حەق و بە دەنگەوە چوونی، بە پێی بار و دۆخەکە، بەو مەرجەی کە دەرئەنجامەکانی ئەرێنی بن و بەرژەوەندییەکان بۆ دەوڵەت بن و بە ھەدەر نەچن، ئەمەش داناییە لە مامەڵەدا، وە دوور بینییە لە ئاکامی باسەکان، بەو واتایەی کە توند بوون لە ھەندێک دۆخدا تەنھا ئەنجامی پێچەوانەی لێ شین دەبێت، ناگونجێت لەگەڵ بەرژەوەندب ئوممەت و موسوڵمانان.
چەند نموونەیەک دەخەینەڕوو کە ئەو ڕاستییە دەردەخەن لە دانایی پێغەمبەری خودا:

ابو داود لە جابرەوە دەگێڕێتەوە کە: ( ثقیف ) کاتێک بەیعەتیاندا بە پێغەمبەری خودا ئەوەیان بە مەرج گرت کە نابەخشن و جیھادیش ناکەن، ئەویش گوێی لە پێغەمبەری خودا ببوو کە فەرمووبوی (دەبەخشن و جیھادیش دەکەن گەر ھاتنە ناو ئیسلام).
وە لە ڕیزی ئەو مەرجانەی دیاریان کردبوو ئەوەبوو کە ڕێیان پێبدرێ ( الطاغیة ) کە ئەو بتە بوو کە ناویان لێنابوو ( الربة ) پارێزراوبێت بۆ ماوەی سێ ساڵ، بەڵام پێغەمبەری خودا بۆ کاژێرێکیش ڕێگەی بە مانەوەی نەدا بەڵام بەو مەرجە ڕازی بوو کە لە غەیری خۆیان کەس نەکاتە لێپرسراویان، ئەوەبوو ( عثمان بن ابی العاص )ی کردە گەورەیان کە یەکێک بوو لە کەسانی ناو وەفدەکەی کە ھاتبوونە خزمەتی.
گەر وورد سەرنج بدەین دەبینین کە پێغەمبەری خودا ئەوەی بە بەرژەوەندی زانی کە لە سەرەتاوە داخوازی ماڵ بەخشین و جیھادیان لێنەکات تا ئەو کاتەی پەروەردەیان دەکات و ئیمان دەچێتە دڵ و دەروونیان، بەڵام دوابەدوای ئەمە ماڵیشیان بەخشی و جیھادیشیان کرد و تەنانەت سەرکردەشیان تیادا دەرکەوت .

●پێشەوا مسلم لە عائشەوە ڕەزای خودای لەسەربێت دەگێڕێتەوە: کە پێغەمبەری خودا ﷺ فەرموویەتی: ئە عائیشە دیتت کە گەلەکەت کاتێک کەعبەیان بونیاد نایەوە لایاندا لەوەی لەسەر پایەکانی ابراھیم پێغەمبەر بێت؟ عائشە دەفەرموێت منیش ووتم: ئەی پێغەمبەری خودا  نایگێڕیتەوە بۆ سەر پایەکانی ابراھیم؟ فەرمووی: گەر لەبەر ئەوە نەبێت کە گەلەکەت تازە ئیسلامیان ناسیوە و دەستیان لە کوفر ھەڵگرتووە دەمکرد.
پێشەوا نەواوی لە ڕاڤەی ئەم فەرموودەیە فەرموویەتی: لێرەدا بەرپرسی موسوڵمانان بیری لە بەرژەوەندی ژێردەکانی کردەوە، دەستی لە شتێک ھەڵگرت کە گومانی ئەوەی لێدەکرێت زیانی دین و دونیای تێدابێت، ئەمەش بەڵگەی تێدایە لەسەرئەوەی کە ئەگەر بەرژەوەندییەکان دژیەک وەستانەوە، یان بەرژەوەندی و زیان ڕووبەڕوو بوونەوە و پاساوێک ھەبوو لەوەی کە نەدەکرا ھەردووک کۆبکرێنەوە، بەوە دەست پێدەکرێت کە گرنگترینە، چونکە پێغەمبەری خودا ھەواڵی سەبارەت بەوەدا کە ھەڵوەشاندنەوەی کەعبە و بونیاد نانەوەی لەسەر پایەکانی ابراھیم بەرژەوەندییە، بەڵام ترس لە زیانێک ھەبوو کە لە بەرژەوەندییەکە گەروەتر بوو، ئەویش ئەوەبوو دەترسا فیتنەیەک دروست بێت و خەڵکی کە کەعبەیان بە گەورە دەزانی پێیان وابێت ڕووخاندنی گەورەترە لە بونیاد نانەوەی، بۆیە پێغەمبەر لێی گەڕا.

پێشەوا نەواوی باسی لەو حوکمانە کردووە کە لەم باسەوە ھەڵدەھێنجرێن و فەرموویەتی: ڕاگرتنی دڵی موسوڵمان و باش مامەڵە کردن لەگەلیان،ئەنجام نەدانی شتانێک کە گومانی ئەوەی لێدەکرێت ھانیان بدات بۆ ئەوەی لە دین ڕابکەن.
پێشەوا ابن حجر فەرموویەتی: ئەم ڕووداوە ئەوەی لێ وەردەگیرێت کە: دروستە دەست لە بەرژەوەندى ھەڵبگیرێت لە پێناو ئەمین بوون لە کەوتنەوەی زیان، لەوانە دەست ھەڵگرتن لە ئینکاری کردنی خراپەیەک لە ترسی ئەوەی بکەونە خراپەیەکی گەورەترەوە، ئیمام دڵی ئوومەت ڕادەگرێت لە شتانێکدا کە بەرژەوەندی خۆیانی تێدایە بە مەرجێک حەرام نەبێت.

ڕێگەدان بە موسوڵمان بۆ دەربڕینی ووشە گەلێک کە ڕووکاری ووشەکان کوفرە بەڵام لەژێر زەبری ئەشکەنجەدا، بە مەرجی سەلامەتی ئیمان لە دڵدا، وەک ئەوەی کە ڕێگای بە ( عمار بن یاسر ) دا، کە بێ باوەڕەکان لێی نەگەڕان تا وایان لێکرد شتانێک بڵێت، پێغەمبەری خوداش مۆڵەتی دا و پێی فەرموو: گەر وایان لێکردیتەوە تۆش وابکەرەوە.....چونکە ئەو بەرژەوەندییەی کە لەسەر مانەوەی لە ژیان ھەبوو گەورەتر بوو لە ووتەیەک کە تەنھا لەسەر زاری بوو.

ڕێگەدانی بە ھەندێک کەسی دیکە بۆ ووتنی ھەندێک ووشە کە ڕووکەشیان کوفری بوو، لە پێناو بەرژەوەندییەکی گەورەی موسوڵمانان و دوور خستنەوەی زیان لێیان، وەک مۆڵەت دانی بە ( نعیم بن مسعود ) وە مۆڵەت دانی بە  ( محمد بن سلمە ) و یاوەرەکانی کە سەبارەت بە پێغەمبەری خودا قسەبکەن لە کاتی چوننیان بۆ لەناوبردنی ( کعب بن الاشرف ) تاوەکو گومانیان لێنەکات و سەرکەوتووبن لەو ئەرکەی پێیان سپێردراوە.

لە نموونەکانی یەکلاکردنەوەی نێوان بەرژەوەندی و زیان لە لایەن پێغەمبەری خوداوە، بریتی بوو لە دانووستان کردنی لەگەڵ (غطفان) 
لە کاتی گەمارۆی مەیدنە لە غەزوەی الاحزاب، سەبارەت بەوەی کە سێ لەسەر یەکی بەرھەمی مەدینەیان دەداتێ لە بەرامبەر ئەوەی دەست لە جەنگی موسوڵمانان ھەڵگرن و بکشێنەوە شوێنەکانی خۆیان، بەم ھەنگاوە پێغەمبەری خودا ویستی وابوو کە کەلێن بخاتە ناو ڕیزەکانی احزاب و پەرتەوازەیان بکات، ئەم ھەنگاوەشی لە داناییەوە بوو، چونکە (غطفان) لاوازترینی ئەڵقەی زنجیرەکە بوو لەبەر ئەوەی زۆر دەشتەکی بوون و تەنھا پشتیان بە کۆچ و ڕەو بەستبوو،وە توانای ئابووریشیان لاوازبوو، لە سەرەتاشەوە کە ھاتبوونە ناو ئەم شەڕەوە بۆ مەبەستی جەنگی نەھاتبوون بەڵکو لە پێناو دەستکەوتا ھاتبوون، جا ئەو دەستکەوتە لە یەھودی خەیبەرەوە بێت یان موسوڵمانانەوە گەر توانیان سەرکەون بە سەریاندا، ئەمەش ئاسانکاری بوو بۆ ئەوەی کە ھەرکات مەبەستەکەیان ھاتەدی کە ماددە بوو پشت لە الاحزاب بکەن.

وە ( السھیلی ) باسی لەوەکردووە کە: دروستە پارە بە دوژمن بدرێت ئەگەر لە پێناو پاراستنی موسوڵمانان بوو، وە ئەم باسە کاری پێکراوە و باس لەوەش دەکات کە (معاویة) لەگەڵ پاشای ڕۆم ڕێککەوتووە تا نزیکی ھەندێک ناوچەش شام نەکەوێت لە بەرامبەردا پارەی پێداوە کە دەوترێت سەد ھەزار دینار بووە.



ئامادەکردن و وەرگێڕان: م. باوان بھاءالدین


 666

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram