سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ئایا فەڵەستین خاکی جولەکەیە.؟
ئایا فەڵەستین خاکی جولەکەیە.؟! کورتەیەک لەسەر مێژووی جولەکە لەفەڵەستین.
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3912

ئایا فەڵەستین خاکی جولەکەیە.؟!

کورتەیەک لەسەر مێژووی جولەکە لەفەڵەستین.

 هەندێک لەوانەی هەواداری جولەکەن، لافی ئەوە لێدەدەن کە فەڵەستین خاکی جولەکەیەو بەپێی قورئان خوا پێیبەخشیون! لەوەڵامدا دەڵێین: 

بەکەمێک شارەزابوون لەمێژوو ناڕاستیی ئەم قسەیە دەردەکەوێت؛ جولەکە دەڵێن: ئێمە نەوەی ئیبراهیمین، ئیبراهیم (سەلامی خوای لێبێت) خەڵکی عێراقە، لەدایکبووی شاری (ئوور)ـە نزیکی بابل، لەوێوە دەچێتە شام، دوایی لەبەر وشکەساڵی و قاتوقڕی دەچێتە میسر، لەوێ بەرپرسی ئەو شارە تەماح دەکاتە سارای ژنی و ئەیەوێت بیبات بۆ خۆی، لەخەویدا هۆشیاریی دەدرێتێ دەست بۆ ئەو ئافرەتە نەبات، لەبەرئەوە ڕێزی لێدەگرێت و کەنیزەکێکی پێشکەشدەکات بەناوی هاجەر، دوایی دەگەڕێنەوە بۆ فەڵەستین کە ئەو کاتە کەنعانییەکانی تێدابوو کە عەرەبن، لەوێ هاجەر منداڵی دەبێت، ئیبراهیم (سەلامی خوای لێبێت) لەلای خواوە فەرمانی پێدەدرێ هاجەرو ئیسماعیل ببات بۆ مەککەو لەوێ نیشتەجێیان بکات، خۆی دەگەڕێتەوە فەڵەستین و هەر ماوەی جارێک سەردانییان دەکات، دوایی سارا منداڵێکی دەبێت، ناوی دەنێن ئیسحاق، ئیسحاقیش یەعقوبی دەبێت، یەعقوب دوازدە کوڕی دەبێت، یەکێکیان یوسفە، ئەوەبوو یوسف دەبرێتە میسرو لەوێ دەفرۆشرێ و دوایی زیندانیدەکرێ و دوایی دەبێت بەعەزیزی میسرو دەنێرێ بەشوێنی باوک و دایک و براو خوشکەکانیداو لەمیسر دەمێننەوە تا سەردەمی موسا، کە دەکاتە دەوروبەری (١٥٠٠) ساڵ پێش زایین، موسا بەنوئیسرائیل لەدەستی فیرعەون دەردێنێت و دەیانبات بەرەو شام، بەڵام لەبەر تاوان و گوناهیان، تووشی ونبوون دەبن لەدەشتی سینادا بۆ ماوەی (٤٠) ساڵ، لەوێ هارون دەمرێت و دوای (٣) ساڵ موسایش دەمرێ و یوشەع بن نوون دەبێتە سەرکردەی جولەکە، لەسەردەمی ئەمدا کە دەکاتە نزیکەی (١٤٦٠)ی پ. ز. دەچنە شاری ئەریحا لەفەڵەستین و بەپێی تەورات کوشتارێکی زۆری تێدادەکەن و دەوڵەتێکی تێدا دادەمەزرێنن، لەیوشەع بن نوونەوە، سەردەمی حوکمڕانیی قازییەکان دەستپێدەکات، کە سەدەو نیوێک دەخایەنێت و دوازدە قازی حوکمدەکەن، دوایی لەتاڵوتەوە سەردەمی حوکمڕانیی پاشاکان دەستپێدەکات، لەدوای سولەیمان دەوڵەتی جولەکە لەتدەبێت و دەبێت بەدوو دەوڵەت: دەوڵەتی ئیسرائيل؛ لەباکووری فەڵەستین و پایتەختەکەی (السامرە) بووەو دەوڵەتی (یەهوزا) لەباشوور، پایتەختەکەی ئورشەلیم (قودس) بووە، لەساڵی (٧٢٢)ی پ. ز. ئاشورییەکان دەوڵەتی ئیسرائیلیان ڕوخاندو پایتەختەکەیان کە (السامرە) بوو وێرانکردو جولەکەکانیان بەدیل برد بۆ عێراق، ساڵی (٥٨٦)ی پ. ز. بابلییەکانیش بەسەرکردایەتیی نەبوخوزنەسەر (بوختنەسەر) دەوڵەتی یەهوزایان لەناوبردو جولەکەکانیان بەدیلی برد بۆ بابل. ساڵی (٥٣٩)ی پ. ز. فارسەکان بەسەرکردایەتیی کۆڕشی دووەم و بەهاوکاریی جولەکەکان دەوڵەتی بابلیان ڕوخاندو ڕێگەیاندا بەجولەکەکان بگەڕێنەوە بۆ فەڵەستین، بەو مەرجەی هاوکاری فارسەکان بن. دواتر ئەسکەندەری مەکدۆنی زاڵبوو بەسەر فارسەکانداو فەڵەستینی داگیرکردو جولەکەکان بەبێ کێشەیەکی ئەوتۆ لەژێر ڕکێفیدا مانەوە. لەدوای ئەسکەندەر وڵاتەکەی لەتبوو، دەستەڵاتداران فشاریانهێنا بۆ جولەکەکان بچنە سەر ئایینی بتپەرستیی یۆنانییەکان، لەبەرئەوە زۆربەیان کۆچیانکرد بۆ میسر. ڕۆمانییەکان لەساڵی (64)ی پ. ز. چوونە ناو فەڵەستینەوەو ساڵی (٧٠)ی زایینی هەندێکیش دەڵێن: (١٣٥ز) لەسەردەمی هەدریانۆسدا، شاری ئورشەلیم وێرانکراو هەیکەلی سولەیمانیان ڕوخاندو کۆتایی بەبوونی جولەکە هێنرا لەفەڵەستین. ساڵی (١٤٩٤ز) لەدوای دەرکردنی موسوڵمانان لەئەندەلوس، جولەکەکانی ئەوێ کۆچیانکرد بۆ جیهانی ئیسلامی و بەشێکیان ڕوویانکردە فەڵەستین. لەسەردەمی موحەمەد عەلی پاشادا سەرژمێرییەک کرا بۆ دانیشتوانی فەڵەستین، دەرکەوت (٢٪)ی دانیشتوانی فەڵەستین جولەکەن، بەو شێوەیە بوونی جولەکە لەفەڵەستین کۆتاییپێهات، تا سەرەتای سەدەی بیست کە جارێکی تر لەسەر دەستی ئینگلیز دەوڵەتێکی نەتەوەیی لەفەڵەستین بۆ جولەکە ڕاگەیەنرا. شایانی باسە بەدرێژایی ئەو ماوەیەی جولەکە فەرمانڕەوابووە لەفەڵەستین، خەڵکی تریشی لێبووە، بەتایبەتی کەنعانییەکان. ئەوانەیشی کە ئەڵێن: خوا فەڵەستینی داوە بەجولەکە! ئەڵێین: ئەگەر خوا پێیداون لەبەر ئایینەکەیان بووە، دوایی کە پێغەمبەری خۆمان (صلی الله علیه وسلم) دێت، ئایینەکانی تر نەسخدەکرێنەوەو ئیسلام دەبێتە میراتگری هەموو ئەو ئایینانەو ئیتر جولەکە هیچ مافێکی ئایینییان بەسەر فەڵەستینەوە نامێنێت. قورئانی پیرۆزیش دەفەرموێت: کە خوا بەجولەکەی ڕاگەیاندووە کە لەئەنجامی دەستدانیان بەخراپە، خوا میللەتانی تریان بەسەردا زاڵدەکات و لەفەڵەستین دەریاندەکەن و وڵاتەکەیان دەڕوخێنرێ.

✍🏼 ن: د. کەریم ئەحمەد.

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە مەحمود - رحمه الله.

  ژمارەی بینین 189

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram