سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  نەورۆز و وەڵامی چەند گومانێكیش سەبارەت بە ڕەوایەتیی نەورۆز..!
گۆڕینی فۆنت



دانراوه له‌لایه‌ن: دلێر گەرمیانی


بسم الله الرحمن الرحیم 

الحمد لله والصلاە والسلام علی خیر خلقه محمد وعلی اله وصحبه وسلم, اما بعد... 
پێم خۆشە باسی نەورۆز بكەم و وەڵامی چەند گومانێكیش سەبارەت بە رەوایەتی نەورۆز بدەمەوە بە پشتیوانی خوای گەورە... 

سەرەتا با پێناسەیەكی جەژن بكەین, زانایانی زمانەوانی دەڵێن : (لەبەر ئەوەی پێی دەڵێن جەژن چونكە خەڵكی خوی پێوەكردووە كە ماوەیەك جارێك دووبارەی دەكاتەوە) 

مانای جەژن چیە لە ئیسلامدا : (جەژن لە ئیسلامدا پەرەستنێكە لە پەروەردگار نزیكمان ئەكاتەوە، لە ئیسلامیشدا تەنها دوو جەژن هەیە (ڕەمەزان و قوربان) جگە لەم دوو جەژنە جەژنەكانی تر داهێنراون و بەشداری كردن و شادی كردن و پیرۆزبایی كردن تیایاندا قەدەغەیە بە بەڵگەی ئەم فەرموودەیە كە (أنس) دەیگێڕێتەوە و دەڵێت: كە پێغەمبەری خوا هات بۆ مەدینە خەڵكی مەدینە دوو ڕۆژیان هەبوو تێیدا ئاهەنگیان دەگێڕا و یاریان دەكرد، پێغەمبەری خوا لێی پرسین ئەم دوو ڕۆژە چین ؟ وتیان: لە سەردەمی نەفامیدا لەم دوو ڕۆژەدا ئاهەنگمان دەگێڕاو یاریمان دەكرد. پێغەمبەری خوایش فەرمووی: خوای پەروەردگار ئەم دوو ڕۆژەی بۆتان گۆڕی بە دوو ڕۆژی لەوان باشتر كە هەردوو ڕۆژی جەژنی قوربان و ڕەمەزانە). 

سەبارەت بە جەژنیش زانای پایە بەرزی ئیسلام (ابن تیمیە) فەرمویەتی: ((جەژنەكان لەو تایبەت مەندیانەن كە ئاینەكەیانی لەیەكتر پێ جیادەكرێتەوە)) 

پاشان دێینە سەر نەورۆز ئایە جەژنە؟ ئایا پەیوەندی بە مسوڵمانان و میللەتی كوردەوە هەیە؟ 

زۆربەی سەرچاوەكان ئەڵێن ئەم ڕۆژە (نەورۆز) سەرەتای سەرهەڵدانی ئەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی (٤٧٠٠ - ٢٧٠) پێش زاین. واتە پێش دامەزراندنی دەوڵەتی (ماد) بە چەن هەزار ساڵێك. وە نەورۆز سەرەتا بەناوی (شم النسیم) ناسراو بووە، بنچینەی ئەم وشەیە (شمو)ی فیرعەونیە كە وشەیەكی هیرۆگلیفیە ولای دێرینەكان ئاماژەی پێ دەكرێت بۆ سەرەتای دروست بوونی ژیان، چونكە لەو باوەڕەدا بوون ئەو ڕۆژە یەكەم ڕۆژی دەست پێكردن وهاتنە كایەی جیهانە. واتە یەكەم ڕۆژێكە ژیانی دنیا تیایدا دەستی پێكردوە، وە پێی دەوترا جەژنی (شموس) واتە (زیندوبونەوەی ژیان) بەڵام لەگەڵ بەسەر چوونی ساڵ و لەسەردەمی (قبطیەكان) ناوەكەی گۆڕا بۆ ناوی(شم) پاشان وشەی (نسیم) ی بۆ زیاد كرا و بوە (شم النسیم). چونكە پەیوەست بوو بە خۆش بوونی كەش و هەوا لەو ڕۆژە كە سەرەتای بەهارە. وەك سەرەتا ئەم جەژنە لای فیرعەونیەكان باو بووە لەوانیشەوە گوازراوەتەوە بۆ میلەتانی تر. 

وشەی (شم) واتە: بۆن كردن 

وشەی (نسیم) واتە: هەوای بۆن خۆش 

هەمووی واتە: بۆنكردنی هەوای خۆش. 

لەم ڕۆژەدا فیرعەونیەكان چەندین داب و نەریتیان هەبووە و پەیڕەویان كردوە لەوانەش لەو ڕۆژەدا بەیانی زوو لەخەو هەڵدەسان و ئەچون بۆ سەر ڕوباری نیل بۆ ئاو خواردنەوە و هێنانی ئاو بۆ شۆردنی ناو ماڵیان وەك نەریتێكی تایبەت بەو ڕۆژە، پاشان دیوار و پەنجەرەی ماڵیان بە گوڵ ئەرازاندەوە و نانی خۆشیان ئەخوارد و بەخێزانی لەماڵ دەر ئەچوون ڕویان ئەكردە باخچەكان بۆ گەڕان و پیاسە كردن، واتە ئەم ڕۆژەیان تایبەت ئەكرد وەك ئەمڕۆی خۆمان كە خەڵكێكی زۆر تایبەتی ئەكات بۆ سەفرە كردن و دەرچوون لەماڵ كە بەداخەوە بەبێ ئەوەی بەخۆیان بزانن لاسایی فیرعەونیەكان ئەكەنەوە. هەروەها لەم ڕۆژەدا هێلكە و نۆك و پیازیان ئەخوارد وەك نەریتێكی تایبەت بەو ڕۆژە، هەروەها پیازیان ئەخستە ژێر سەرینەكانیان و لە بەردەرگای ماڵەكانیشیان هەڵیان دەواسی چونكە پێیان وابوو كە شەیتانەكان ڕاوئەنێ و هۆكاریشە بۆ شیفای هەندێ نەخۆشی. 

پاشان لە فیرعەونیەكانەوە گەیشتە میلەتانی تر و ئاینەكانی تر لەوانەش: 

١- یهودیەكان / یەهودیەكانی میسر وەكو فیرعەونیەكان لە ڕۆژی نەورۆز جەژنیان ئەگێڕا بەڵام كە وڵاتی میسریان بە جێهێشت ئەم جەژنە لەناویان كاڵ بووەوە و بەرەو لەناوچوون ئەچوو تەنانەت بۆ ماوەیەكی زۆر لەیادیان كرد. پاشان جارێكی تر سەر لەنوێ كردیانەوە بە جەژن و ڕۆژی دەربڕینی خۆشی بەڵام ئەم جارەیان بەناوێكی تر و لە پۆشاكێكی ئاینی پەیوەست بە ئاینەكەی خۆیان كردیانە جەژنی ڕۆژی ڕزگار بوونی موسا لەدەست فیرعەون و دارودەستەكەی. ناویان لێنا (عید بساح). 

٢- خاچ پەرستان / خاچ پەرستان وەكو یهودیەكان جەژنیان ئەگێڕا - ئەمە لەكاتێكدا كە یهودیەكان هێشتا پیلانی كوشتنی عیسایان دانەڕشتبو - بەڵام كاتێك كە یهودیەكان لە پاش جەژنەكەی خۆیان پیلانی كوشتنی عیسایان داڕشت، خاچ پەرستان لەو باوەڕەدا بوون كە لە ٧ ی ابریل ڕۆژی هەینی ساڵی (٣٠) زاینی لە خاچیان داوە و پاشان عیسای مەیسح لە ڕۆژی یەكشەممە لە نێو مردوەكان هەستاوەتەوە. بۆیە ڕا جیاوازیان لا دروست بوو سەبارەت بەڕۆژی جەژن گێڕان بەم بۆنەیەوە تا لە ساڵی ٣٢٥ زاینی (قسطنطین الاكبر) هات و ئەم ڕا جیاوازیەی یەكلا كردەوە و بڕیاری دا كاتی ناوەند بوون و خۆش بوونی كەش و هەوای بەهار بكرێتە‌ ڕۆژی جەژن گێڕان كە دەكەوێتە ٢١ ی مارس. 

وە لەكاتێكدا كە ڕۆژو گرتنی خاچ پەرستان پەنجا ڕۆژ بوو، ئەم جەژنە دەكەوتە ڕۆژانی ڕۆژوو گرتنیان، نەیاندەتوانی بە ئاروزوی خۆیان بخۆن و بخۆنەوە، بۆیە بڕیاریان دا ئەو جەژنە بگوێزنەوە بۆ دوای جەژنی زیندوو بونەوە (عید القیامە‌) بۆ ئەوەی هەلی ئەوەیان بۆ بڕەخسێت كە چێژ وەربگرن لەخواردن و خواردنەوە لەو ڕۆژەدا. 

دواتر ئەم جەژنە تەشەنەی كرد و گەشتە زۆربەی وڵاتانی دونیا تەنانەت بابلی و ئاشوریەكانیش لەم ڕۆژە جەژنیان دەگێڕا، هەروەها لە لای ڕۆمان و جیرمانەكان ناسراو بووە بە جەژنی (سەربڕینی كاوڕ)، لەهەمان كات دا لای ڕۆمانیەكان بە جەژنی (مانگ) و لای جیرمەنیەكانیش بە جەژنی (استر) واتە (خوای بەهار) ناسراو بووە 

تەنانەت زۆرێك ئەڵێن كە (النَّیْروز): وشەیەكە لە بناغەدا فارسیە و كراوە بە عربی، (نیروز) یش واتە ڕۆژێكی نوێ، كە جەژنێكە لە جەژنەكانی فارسە ئاگر پەرستەكان بەڵكو بەیەكێك لەگەورەترین جەژنەكانیان دادەنرێت، تەنانەت (المقریزی) لە باسی نەورۆز ئەڵێ داهێنانی ئەم جەژنە لە نێو فارسەكان لەلایەن پادشایەك بووە بەناوی (جمشید) كە یەكێك بووە لە پاشاكانی فارسە ئاگر پەرستەكان ئەوەش لە پاش ئەوەی كە دەسەڵاتی بەسەر ناوچەكانی دەور و بەریا گرت و دوژمنی نەما ئەو ڕۆژەی كردە جەژن و ناوی لێنا (نوروز) واتە: ڕۆژی نوێ. 

نەورۆزیش: یەكەمین ڕۆژی ساڵنامەی فارسەكانە و بە نەورۆز ناسراوە لەهەمان كاتیشدا یەكەمین ڕۆژی ساڵی قیبتیەكانە و بە جەژنی (شم النسیم) ناسراوە !!!!!!!!!! 

بەم شێوەیە بۆمان دەرئەكەوێ كە نەورۆز جەژنی ئەو میللەتانە بووە لە پێش ئیسلام كە باسمان كردن بەڵام لە ئیسلامدا بە جەژن دانەنراوە بۆیە بەشداری كردن تیایدا ئەم حوكمانەی خوارەوەی هەن: 

١- بەشداری كردن تیایدا لاسایی كردنەوەیەكی كوێرانەیە و هیچ بەڵگەیەكی لەسەر نی یە، پێغەمبەری خوایش صلی الله علیه وسلم ئاگاداری كردووینەتەوە لەوەی كوێرانە لاسای گاوڕ و خاچ پەرەستان و ئاگر پەرستان نەكەینەوە هەروەك فەرمویەتی: ئەو كەسەی لاسایی هەر نەتەوە و ئایینێك بكات، ئەویش لەوان دەبێت. 

٢- بەشداری كردن لە (نەورۆز) خۆ شوبهاندنە بە گاوڕ و خاج پەرەستان، سەبارەت بە خۆ شوبهاندنیش خوای پەروەردگار ئەفەرموێ: وَلَئِنِ اتَّبَعْتَ أَهْوَاءهُم مِّن بَعْدِ مَا جَاءكَ مِنَ الْعِلْمِ إِنَّكَ إِذَاً لَّمِنَ الظَّالِمِينَ ] (البقرە: ١٤٥)، واتە: سوێند بێت بە خوای پەروەردگار ئەگەر تۆ دوای ئارەزووەكانی ئەوان بكەویت دوای ئەو زانینەی (سروش) كە بۆت هاتووە بە ڕاستی ئەو كاتە تۆ لە ستەم كاران دەبیت.. 

زانای پایەبەرز (ابن تیمیە‌) سەبارەت بەڕاڤەی ئەم ئایەتە فەرمویەتی: ((ئەم ئایەتە ئاماژە بەوە دەدات كە پێچەوانە كردنەوەیان (واتە: گاور و خاچ پەرەستان) گشتی یە و لە هەموشتێكدایە)) كەواتە نەورۆزیش ئەگرێتەوە 

هەروەها زانای پایە بەرز (ابن تیمیە‌) فەرمویەتی: ((خۆ شوبهاندن دەبێتە هۆی خۆشەویستی و حەزلێكردن و پشتیوانی و كردنیان بە دۆست دانانیان لە ناخدا، هەروەها خۆشەویستی ناخ دەبێتە هۆی خۆشوبهاندن لە ڕوكەشدا)) 

ئاشكرایشە نەورۆز پێش ئەوەی ببێتە جەژنێكی نەتەوەیی كوردی جەژنی فیرعەونی و گاورو خاچ پەرستان وفارسە ئاگر پەرستەكان بوە 

٣- هەموو گەل و نەتەوەیەك خاوەن ئاینێكی تایبەتە بە خۆی هەموو ئاینێكیش خاوەن جەژنی تایبەتە بە خۆی وەك پێغەمبەری خوا صلی الله علیه وسلم بە (أبو بكر) ی فەرموو: " ئەی ئەبو بەكر هەموو گەلێك جەژنی تایبەتی خۆی هەیە ئەمیش جەژنی ئێمەیە، (واتە: ڕەمەزان و قوربان)، وە هەروەها خوای پەروەردگار ئەفەرموێ: لِكُلٍّ جَعَلْنَا مِنكُمْ شِرْعَةً وَمِنْهَاجاً (سورە المائدە: ٤٨)، واتە: هەریەكێك لە ئێوە شەریعەت و پەیڕەوێكی تایبەتمان پێ بە خشیون، بۆیە گەر جەژنێك تایبەت بوو بە گاور و خاج پەرەستان و ئاگر پەرستانەوە قەدەغەیە موسڵمان بە جەژنی خۆی بزانێت، وەك چۆن جەژنەكانی ئێمەش قەدەغەیە لە لای ئەوان. 

٤- جەژنەكان لەو تایبەت مەندیانەن كە ئاینەكانی پێ لەیەك جیادەكرێتەوە، كەوابوو جەژنەكان یەكێكن لەڕوەكانی جیاكردنەوەی موسڵمانان لەگاور و خاچ پەرەستان، خوای پەروەردگاریش ئەفەرمووێ: إِنَّ الدِّينَ عِندَ اللّهِ الإِسْلاَمُ (ا‌ل عمران: ١٩)، واتە: بەڕاستی دینی پەسەند كراو لە لای خوای پەروەردگار دینی ئیسلامە، ئایینی ئیسلامیش نەورۆز و جەژنە داهێنراوەكانی تری قەدەغە كردووە وە (ڤالنتاین و سەری ساڵی زاینی و لەدایك بوونی پێغەمبەر و.... هتد) و لەئیسلامدا هیچ بنەوایەكیان نیە واتە لە لایەن خوای پەروەردگارەوە قەدەغەكراون. 

٥- ئەو كردار و گوفتارانەی لەم جەژنە ئەنجام ئەدرێ ناشەرعیە. 

٦- بەجەژن دانانی ئەو ڕۆژە دوای ئەو فەرمودانەی كە باسمان كردن بەدژایەتی كردنی ئاینی خوا حیساب دەكرێت وە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو ڕۆژە وەكو جەژنێك بەمانای ئەوە دێت كە خوای گەورە ئاینەكەی بە كاملی دانەبەزاندووە، و پێغەمبەی خوایش صلی الله علیه وسلم خیانەتی لە گەیاندنی ئاینەكەكردووە بۆیە تۆ لەبەردەم دوو وڵامدای یەكەم: دەزانی حەرامە و كەچی سەرپێچی پەروەردگارت ئەكەیت، كە ئەمەش سزایەكی سەختی لەدوایە. دووەم: واهەست ئەكەیت كە ئاینی ئیسلام كامل نیە و قەدەغەی ئەم جەژنانەی نەكردووە و لە كاتێكیشدا خوای گەورە ئەفەرموێ:الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي وَرَضِيتُ لَكُمُ الإِسْلاَمَ دِيناً (سورە المائدە: ٣)، واتە: ئەمڕۆ ئاینەكەتانم بۆ تەواو (كامڵ) كردوە و چاكە و بەهرەی خۆم بەتەواوی ڕشتووە بەسەرتاندا، و ڕازی بووم كە ئیسلام ئاینتان بێت، بزانە ئیسلامی كردووەتە ئاینمان و (جەژنی رەمەزان و قوربان) یشی كردۆتە جەژن بۆمان كە هەمووی خۆشەویستی و گەیاندنی پەیوەندی خزمایەتی، بۆیە ئەگەر ئەتەوێ بەشداری بكەی ئەم ئایەتە بخوێنەوە پاشان بڕیار بدە: وَمَن يَبْتَغِ غَيْرَ الإِسْلاَمِ دِيناً فَلَن يُقْبَلَ مِنْهُ وَهُوَ فِي الآخِرَةِ مِنَ الْخَاسِرِينَ (ا‌ل عمران: ٨٥)، واتە: هەر كەسێك دوای دینێك بكەوێت جگە لەدینی ئیسلام، ئەوە لێی وەرناگیرێت، و لە ڕۆژی دواییدا لە زەرەرمەندان دەبێت. 

ڕەواندنەوەی چەند گومانێك

١- قەولەكەی ئیمامی عەلی :ئیمامی بەیهەقی لە (هیشام) دەگێڕێتەوە ئەویش لە (محمد بن سیرین) دەگێڕێتەوە و دەفەرموێت : (أُتِيَ عَلِيٌّ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ بِهَدِيَّةِ النَّيْرُوزِ ، فَقَالَ : " مَا هَذِهِ؟ قَالُوا : يَا أَمِيرَ الْمُؤْمِنِينَ، هَذَا يَوْمُ النَّيْرُوزِ، قَالَ : فَاصْنَعُوا كُلَّ يَوْمٍ فَيْرُوز) 
واتە : ( دیاریەكیان هێنا بۆ ئیمامی عەلی (ڕەزای خوای لێبێت) بە بۆنەی نەورۆزەوە, ئیمامی عەلی فەرمووی ئەم دیاریە چیە؟ ووتیان بەرپرسی ئیمانداران ئەوڕۆ ڕۆژی نەورۆزە, ئیمامیش فەرمووی هەموو ڕۆژێك بكەن بە فەیروز) 

هەندێك كەس بە هەڵە لەم قەولەی ئیمامی عەلی تێدەگەن و دەڵێن: ئەوە نیە ئیمامی عەلی فەرموویەتی هەموو ڕۆژێك بكەنە فەیروز, خۆ ئەگەر بە خراپی دابنیایە ئەوا یەكسەر قەدەغەی دەكرد!؟ 

لە وەڵامی ئەم جۆرە كەسانە (شێخ سەفەر ئەلحەوالی) دەفەرموێت : ( ئیمامی عەلی ڕازی نەبوو تەنها ئیقرار بە ناوەكەیشیان بكات چی جای ئەوەی یادی بكاتەوە و خواردنیان بخوات, ئیمامی عەلی هەر حەزی نەكرد بڵێت نەورۆز بەڵكو فەرمووی فەیروز, هەموو ڕۆژیكتان بكەن بە خۆشی) 

دەتوانیین بڵێین ئیمامی عەلی بە دوو شێوە وەڵامی دانەوە, شێوەی یەكەم : ئامادە نەبوو بڵێت نەورۆ بەڵكو ناوەكەی گۆڕی بە فەیروز, شێوەی دووەم : ئەوان لە ساڵێكدا یەك ڕۆژ خۆشی دەكەن ئیمام فەرمووی دەی با ئێمە هەموو ڕۆژێكمان بكەین بە خۆشی. 

٢- جەژن دەچێتە بابی عادات و موعامەلاتەوە!!! 

نەخێر دەچێتە بابی عباداتەوە, شێخ ناصرالعقل –ڕەحمەتی خوای لێ بێت- دەفەرموێت : ( لە بەر ئەوەی جەژن لە مەناسك و مەشاعرە, كەواتە دەچێتە بابی عبادات نەك عادات). 

٣- مەسەلەی نەورۆز خیلافی تێدایە!!! 

مەسەلەی نەورۆز لە سەردەمی پێغەمبەر –صلی الله علیه وسلم- و چوار پێشەواكەی ڕاشدین و ئەصحابەكان و تابعیەكان خیلافی تێدا نەبووە. 

ئەگەر هەر دەڵێن ئێستا لەم سەردەمەدا بووەتە مەسەلەیەكی خیلافیە, ئەوا پیچتان دەڵێین پێغەمبەر –صلی الله علیه وسلم- دەفەرموێت : (عَلَيْكُمْ بِسُنَّتِي وَسُنَّةِ الْخُلَفَاءِ الْمَهْدِيِّينَ الرَّاشِدِينَ), كەوابوو ئەم مەسەلەیە دەگەڕێنینەوە بۆ سەردەمی پێغەمبەر –صلی الله علیه وسلم- و چوار پێشەواكەی ڕاشدین. ئایا لەو سەردەمە خیلاف هەبووە بەدڵنیاییەوە نەخێر, پێشتر قەولی ئیمامی عەلیمان نەقڵ كرد بۆتان. 

٤- ئەگەر هەر دەڵێن موباحە ڕۆشتنە دەرەوە !!! 

بەم یاس ئوصولی فیقهیە وەڵامتان دەدەینەوە : ( درك المفسدة أولى من جلب المصلحة) 

واتە : دوور خستنەوەی تاوان ئەولاترە لە بەدەستهێنانی بەرژەوەندی. 

ئایا ئەو خەڵكە دەچێتە دەرەوە بۆ سەیران خەریكی چین؟ بە چیەوە مەشغوڵن؟ ئافرەتەكان چ جۆرە جلێك لەبەر دەكەن؟ ئایا جلەكانیان شەرعیە؟ 

خەریكی تاوانن هەر لە هەڵپەڕكێ و گۆرانی و تێكەڵاوی و جلی ناشەرعی ئافرەتان و میكیاجی ئافرەتان و نەزەر و مەی خواردنەوە و هەر شتێك خوا پێی ناخۆشە ئەنجامی دەدەن. 

توخوا ئەو هەموو تاوانە واجب نیە لە سەر مان كە ڕێگری لێ بكەین!!! 

قەولی زانایان لە سەر نەورۆز و بەشداریكردن لەو ڕۆژە و شت خواردن و هتد... 

عن عبد الله بن عمرو قال : "مَنْ بَنَى فِي بِلادِ الأَعَاجِمِ فَصَنَعَ نَيْرُوزَهُمْ وَمِهْرَجَانَهُمْ، وَتَشَبَّهَ بِهِمْ حَتَّى يَمُوتَ وَهُوَ كَذَلِكَ، حُشِرَ مَعَهُمْ يَوْمَ الْقِيَامَةِ " " . أخرجه البیهقی فی السنن الكبری (٩ / ٢٣٤) وإسناده صحیح كما قال شیخ الإسلام ابن تیمیە وابن القیم.ا قتضاءو الصراط المستقیم لمخالفة أصحاب الجحیم (١/ ٢٧١) مجموع الفتاوی (٢٥/ ٣٣٠) أحكام أهل الذمة لابن القیم (٣/ ١٢٤٨) 
هەر كەسێك بڕوات بەلای وڵاتانی فارس و تورك وهتد... بەشداری نەورۆز و ئاهەنگەكانیان بكات و وە بشوبهێت بەوان تاك دەمرێت بەردەوام بێت لەسەر ئەو كارانەی, ئەوا لە ڕۆژی دواییدا لە گەڵیان حەشر دەكرێت. 
لە مەزهەبی ئیمامی ئەبو حەنیفەدا هاتووە هەر كەسێك لەو ڕۆژە لەو ئاهەنگ و موناسەباتدا هێلكەیەكیش ببەخشێت ئەوا پێی كافر دەبێت. 

لە كۆتاییشدا گەیشتینە ئەنجامێكی ڕوون و ئاشكرا كە ئاینی پیرۆزی ئیسلام بۆ هەموو نەتەوە و گەلان بەبێ جیاوازی نەتەوایەتی دوو جەژنی داناوە جا دەبێت موسڵمانان پابەند بن بە ڕێنمایی ئاینەكەیانەوە بە تایبەت میللەتی كورد، چونكە: 

١- بناغەی ئەم جەژنە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی فیرعەونیەكان لە نێوان ساڵانی (٤٧٠٠ - ٢٧٠) پێش زاین واتە بە سالانێكی زۆر پێش دامەزراندنی دەوڵەتی ماد كەوابوو لە دوو لاوە جەژنێكی تایبەت نی یە بە كوردەوە 

یەكەم / دروست كراوی فرعەونیەكانە 

دوەم/ پێش دامەزراندنی دەوڵەتی ماد باو بوە. 

٢- هۆی بڵاو بونەوەی دەسەڵاتی (جمشید)ی پادشای فارسەكان بەسەر ناوچەكانی دەورو بەر كە كوردستانیش لەو ناوچە داگیر كراوانە بووە كە پادشای ناوبراو داگیری كردوە. وەك ئەڵێ كە دوژمنانی نەما ئەو ڕۆژەی ناو نا (نیروز) واتە:ڕۆژێكی نوێ. كەواتە پادشای ناو براو دامەزرێنەری نەورۆز كوردی بە دوژمنی خۆی زانیوە. 

٣- پێش ئەوەی بكرێتە جەژنی نەتەوایەتی كورد جەژنی فیرعەونیەكان بووە پاشان گوازراوەتەوە بۆ یهودیەكان لەوانیشەوە بۆ خاچ پەرستان لەوانیشەوە بۆ فارسە ئاگر پەرستەكان بۆ ئەوانی تر تا گەیشتوەتە كورد. هەموویشیان دوژمنی سەرسەختی كورد و ئیسلامن. 

٤- لە ئاینی خاچ پەرستان ڕۆژی جەژنەكە گۆڕاوە بۆ پاش ڕۆژوو گرتن واتە لە ڕۆژی ڕاستەقینەی خۆی نەماوە. 

٥- جەژنی ئاشوری و بابلی و ڕۆمان و جیرمان و فارسە ئاگر پەرستەكان بووە. 

هەربۆیە لە كۆتاییدا ئەڵێم: بەشداری كردن لەم جەژنە واتە زیندو كردنەوەی دابوو نەریتی بت پەرەستی و ئاگر پەرەستی و لاسایی كردنەوەی فارس و گاور و خاچ پەرستانە كە هەرهەمویان دوژمنی سەرسەختی كورد و ئیسلامن و كوردیش نەتەویەكی موسڵمانە ئەم جەژنەش هیچ بنەوایەكی لە ئاینی كورد دا نیە بەڵكو هاوەڵان و زانایان بە جەژنیان نەزانیوە. 

تێبینی: ئەم نووسراوەی بەردەستت كۆمەڵێك پرسیارە لە مامۆستای دەكەن و ئەویش جوابیان دەداتەوە و برایەكیش خوا خێری بنووسێت لەسەر سیدی خستوویەتییە سەر كاغەز. جا هەر هەڵەیەكی تێدابێت ئەوە هەڵەی خرانەسەر كاغەزە و مامۆستای لێی بەرپرسیار نییە. 

سه‌رچاوه‌: كۆمه‌ڵنیوز

 

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram