سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ئایە دروستە ئافرەت لە سوڕی مانگانەدا قورئان بخوێنێت؟
ئایە دروستە ئافرەت لە سوڕی مانگانەدا قورئان بخوێنێت؟
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3657



ئایە دروستە ئافرەت لە سوڕی مانگانەدا قورئان بخوێنێت؟

بەهۆی ئەوەی قورئانی پیرۆز قسەی خوای گەورەیەو ڕێز لێگرتنی ئەرکێکی پێویستی سەر شانی هەموو مرۆڤێکی موسڵمانە و نابێت وەک پەرتوکێکی تر مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و بۆ هەموو جێگایەک نابرێت و هەموو کەس مافی ئەوەی نیە هەڵی بگرێت لەبەر پیرۆزیەکەی، جا یەکێک لە تاقمانەی جێگەی مشت و مڕە دەست لە قورئانی پیرۆز بدات خوشکانی بەڕێزە کاتێک لە نەخۆشی سوڕی مانگانەدا بن، هەر بۆیە بە پشت بەستن بە دەقەکان و تێگەشتنی جیاواز لێیان لە سەر ئەم بابەتە زانایان و شەرع زانان بۆچونیان جیاوازەو کورتەی قسەو بۆچونەکانیان سێ بوچونە، کە بە کورتی ئاماژەیان پێ دەکەین:

#یەکەم: دروست نیە قورئان بخوێنێت:
ئەمە بۆچونی زۆربەی زانایانە وەک مەزهەبی ئیمامی ئەبوو حنیفەو ئیمامی شافعی و ئیمامی ئەحمەدی کوڕی حەنبەل، بەڵگەشیان ئەم فەرموودەیە کە ئیمامی تورمزی بە ژمارە(١٣١) لە عبداللەی کوڕی ئیمامی عومەر بۆمان ئەگێڕێتەوە کە پێغەمبەر فەرموویەتی" لا تقرأ القران الحائض ولا الجنب شيئاً من القرآن). واتە: دروست نیە ئافرەت کە لە سوڕی مانگانەدابوو وە هەروەها کەسێک کە لەشی گران بوو قورئان بخوێنن.
بەڵام ئەم فەرموودە زانایان لە کۆن و نوێدا بە لاوازیان داناوە، وەک ئیمامی بوخاری، ئیمامی زەیلەعی، شێخ ئەلبانی، ئیمامی ابن رەجب لە شەرحی بوخاریدا (٤٨/١) ئەفەرمووێت" وفي نهي الحائض والجنب أحاديث مرفوعة إلا أن أسانيدها غير قوية".
وە ئیمامی ئینو تەیمیە دەربارەی لاوازی ئەم فەرموودە ئەفەرموێت" هذا حديث ضعيف باتفاق أهل المعرفة بالحديث".
کەواتە لێرەدا بۆمان دەرکەوت ئەو فەرموودە خۆی لە خۆیدا لاوازەو ناکرێ بکرێتە بەڵگە بۆ قەدەغەکردنی کارێکی گەورە کە قورئان خوێندنە.
#دووەم: دروستە قورئان بخوێنێ بەبێ ئەوەی دەستی لێ بدات:
ئەم بۆچونەش بۆچونی ئیمامی مالیک و ئیمامی ئەبوو داودی و زاهیری و ئیبن و حەزم و ئیبن و مونزیرو ئیمامی تەبەری و بەشێکی ترە لە زانایان لە کۆن و نوێدا.
خاوەنی ئەم بۆچونە چەند بەڵگەیەکیان بەدەستەوەیە لەوانە:
1_ پێیان وایە نە لە قورئانی پیرۆزدا وە نەلە فەرموودەی سەحیحدا دەقێک نەهاتوە ڕێگری ئەوە بکات کە ئافرەت لەوکاتەدا قورئان نەخوێنێت، ئەوانەشی هاتوون لە فەرموودە کێشەیان تێدایەو کاریان پێ ناکرێت و ناکرێت قیاسی سوڕی مانگانە بە لەشگران بکرێت.
2_ ئیمامی نەوەی لە مەجموعدا ( ٣٥٧/١) نەقلی کردوە کە دایکمان عائشە لە سوڕی مانگانەدا بوەو قورئانیشی خوێندوە.
وە ئیمامی تەبرانی لە المعجم الاسط دا (٩٨/٢)، و ئین ڕەجب لە فتح الباری دا (٤٦/١)، و ئیبن حزم لە المحلى دا(٧٨/١)، گێڕاویانەتەوە کە عبداللە کوڕی عباس و ئین موسەیب بەلایانەوە دروست بوە ئافرەت لەو کاتەدا قورئان بخوێنێت.
3_ پێویستی ئافرەت تا قورئانی بیر نەچێتەوە، یەکێکی تر لە بەڵگەکانیان ئەوەیە ئەفەرموون ناکرێ سوڕی مانگانە کە کاتەکەی زۆرە وەک لەشگرانی تەماشا بکرێت، چونکە لەشگرانی کاتەکەی کەمەو نابێتە هۆکار بۆ لە بیرچونەوەی قورئانی پیرۆز، بەڵام سوڕی مانگانە کاتەکەی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر ئەگۆڕێت و گەر ئافرەت لەو کاتە زۆرەدا قورئان نەخوێنیت دورنیە قورئانی بیر چێتەوە کە ئەوەش زیانێکی گەورە بە ئافرەتان ئەگەیەنێت، یاخود خوشکانێک هەن وانەی قورئان ئەڵێنەوەو ناکرێت هەرکاتە توشی ئەو نەخۆشیە بن واز لەوکارەیان بێنن.
4_ هەموو لایەک ئەزانن ئەو ویردو زیکرانەی ڕۆژانە ئەیخوێنین لە بەیانیان و ئێواراندا بۆ ئەوەیە خۆمان بپارێزین لە شەیتان پێیان، وە لەو زیکرانەشدا ئایەتی قورئانی پێرۆزی تێدایە، ناکرێ بڵێین ئافرەت با ئەو چەند رۆژەی لە سوڕی مانگانەدایە خۆی نەپارێزێت لە شەیتان و ئەو زیکرانە نەخوێنێت یاخود بە کەم و کورتی بیخوێنێت و ئایەتەکانی لێ دەرکات!.
بۆیە پێیان وایە ئافرەت کاتێک کەوتە سوڕی مانگانە دروستە قورئان بخوێنێت بەلام بە مەرجی دەست لە قورئان نەدات، یان لە بەر بیخوێنێت یاخود لە مۆبایل کە ئێستە زۆر ئاسانە یاخود قورئانەکە تەفسیری لەگەل بێت.
#سێهەم: دروستە ئایەتێک یان دوو ئایەت بخوێنیت، لەوە زیاتر بێت ڕێگە پێدراونیە.

#بۆچونی_دروست

دوای تەماشا کردنی ئەم بابەتە بە وردی و بینینی دەقەکان و قسەی زانایان لە سەریان، ئەوەی بۆم دەرکەوتوە ئەوەیە، دروستە ئافرەت لە کاتی سوڕی مانگانەدا قورئانی پیرۆز بخوێنێت، چونکە هیچ دەقێکمان نیە ئەوە قەدەغە بکات لێیان، بەڵام بە مەرجێ راستەو خۆ دەست لە قورئانەکە نەدات، واتە یان دەستکێشی لە دەست بێت، یاخود لە مۆبایل بیخوێنێت، یان گەر لە بەری بوو لەبەر بیخوێنێت، یاخود لە تەفسیرێکدا بیخوێنێت واتە قورئانی پێرۆز نەبێت بەتەنها، چونکە ئەم بۆچونە زیاتر لەگەل ڕوحی ئیسلام و قازانجی ئافرەتدا یەک دەگرێتەوە.

د. شاخوان سيامنصورى



  ژمارەی بینین 775

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram