سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  مامۆستا عەبدولقادر تەوحیدی، هێمای ڕاپەڕین و شۆڕش و بەرخۆدان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان
گۆڕینی فۆنت


مامۆستا عەبدولقادر تەوحیدی، هێمای ڕاپەڕین و شۆڕش و بەرخۆدان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان

دكتۆر عەبدوڵڵا مەلا ئەحمەد - ئەحمەدئاوایی

مامۆستا عەبدولقادر تەوحیدی، زانا و نووسەر و هزرڤان و سیاسەتـمەدار و كەسایەتی ناوداری ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و سكرتێری (بزووتنەوەی ئیسلامیی ئەهلی سوننەت‌وجەماعەتی كوردستانی ئێران)، ناوێكی دیارە لەكۆڕی خەبات‌وبەرخودانی گەلی كورد لەڕۆژهەڵاتدا، ئەو تەواوی تەمەنی خۆی لەشۆڕش و بەرەنگاربوونەوەی چەكداری داگیـركەرانی كوردستان و دواجار غوربەت و ئاوارەییدا بەسەربرد، تادواجار لە (1/11/2017) ژیانی دونیای بەرەو جیهانی هەرمان گواستەوە.

ناو و لەدایكبوون‌ و خوێندنی:

مامۆستا عەبدولقادر تەوحیدی، لەساڵی (1952ز) لەدایكبووە، ئەو سەر بەهۆزی ئیمامییە كەهۆزێكی كۆچەر بوون و لەنێوان كوردستانی ڕۆژهەڵات‌وباشوردا گەرمیان‌وكوێستانیان كردووە، دوای ئاوەزكردنەوەی نراوەتە بەرخوێندن و لەهەردوودیوی ڕۆژهەڵات‌وباشوری كوردستاندا و لەخزمەت مەلا پایەبەرزەكانی ئەو سەردەمەدا وانەی زانستە شەرعییەكانی خوێندووە، لەو مامۆستایانە:
(1) . مامۆستا مەلا ساڵحی گەورە – هەڵەبـجە.
(2) . مامۆستا شێخ نورەدینی موفتی.
(3) . مامۆستا مەلا عوسـمان عەبدولعەزیز.

چالاكییە سیاسی‌ و ئاینی‌ و نەتەوەییەكانی: 

 مامۆستا عەبدولقادر تەوحیدی پاش تەواوكردنی خوێندن دەكەوێتە چالاكی سیاسی‌وئاینی‌ونەتەوەیی‌و ئەو لەگەرمەی دەسەڵاتی شاهەنشاهیدا لەئێران و لەساڵی (1972) تێكەڵی كاری سیاسی و كاروانی خەبات بووە و هەر لەو كاتەوە لەگەڵ هەردوو كەسایەتی ناسراوی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كاك ئەحـمەدی موفتی زادە، و پاشان مامۆستا ناسری سوبـحانی دا، دۆستایەتی لەنێوانیاندا پەیدا بووە، و ئەم سێ‌ كەڵە زانایە سێكوچكەی شۆڕشی ئاینی ونەتەوەیی بوون لەو سەردەمەدا بۆخەبات وبەرخودان و تا دواتریش لەسەردەمی خومەینیدا هەردرێژەیان بەكاروانی خەباتی خۆیان داوە، مامۆستا عەبدولقادر لەسەرەتاوە زیاتر كاریگەر بووە بەبیـری ئیخوان ئەلـموسلیـمیـن كەزیاتر بیـرێكی میانەڕەوانەیە و بڕوای بەجیهاد و ڕووبەڕووبوونەوەی چەكداری نییە، بەڵام دوای هاتنەوەی ئایەتوڵڵا خومەینی بۆ ئێـران و دوای ئەوەی شۆڕش سەردەكەوێت و ئەو سێ‌ زانایەی سەرەوە چەندینجار سەردانی ئایەتوڵڵا خومەینی دەكەن لەشاری (قوم) بەمەبەستی داواكردنی مافە ئاینی‌ و نەتەوەییەكانی گەلی كورد لەڕۆژهەڵاتی كوردستان، لەسەرەتادا ئایەتوڵڵا خومەینی بەڵێنی زۆروجۆراوجۆریان پێدەدات، بەڵام دواتر پەشیمان دەبێتەوە و هەر لەو كاتەوە مامۆستا عەبدولقادر تەوحیدی بیـروڕای دەگۆڕێت و دوای چەندین گفتوگۆ لەگەڵ هەردوو زانا كاك ئەحـمەدی موفتیـزادە و مامۆستا ناسری سوبـحانیدا و دەرخستنی بڕوای خۆی بەوەی كەكاتی جیهادوبەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی خومەینی هاتووە، بەڵام ئەو دوو زانایە بەپەیـمانە ناڕاستەكانی سەرانی تاران هەڵدەخەڵەتێن! بەڵام مامۆستا عەبدولقادر هەڵدەستێت بەڕاگەیاندنی (بزووتنەوەی ئیسلامیی ئەهلی سوننەت‌وجەماعەتی كوردستانی ئێران) و خۆی وەك سكرتێری پارتەكە دەست بەكار دەبێت و لەناوچەكانی (پاوە) و (باینگان) و (بانەوڕێ‌) یەكەم ڕووبەڕووبوونەوەی چەكداری لەگەڵ سوپای پاسداران ئەنـجام دەدەن و چەندین گورزی كەمەرشكێن ئاڕاستەی سوپای داگیـركەر دەكەن، و دواجاریش بیـری مامۆستا عەبدولقادر تەوحیدی بەڕاست دەرچوو كە هەر لەسەرەتاوە زانیبووی بەڵێنەكانی خومەینی و سەرانی دەسەڵاتەكەی درۆینەن و نایانبەنە سەر و دواتر كاك ئەحـمەدی موفتیـزادە توندی زیندان دەكەن و سەربەرزانە دەساڵ دەمێنێتەوە و پاشان هەر بەهۆی ئەشكەنـجەدانەكانی زیندانەوە كۆچی دوایی كرد و مامۆستا ناسری سوبـحانیش برایە بەردەم پەتی سێدارە و لەلایەن دادگای بەناو شۆڕشەوە لەدار درا!

مامۆستا عەبدولقادرو فكری جیهاد: 

مامۆستا عەبدولقادر تەوحیدی بیـروبڕوای وابوو كە دەبێت گەلی كورد لەڕۆژهەڵات چ جای ئەركە نەتەوەییەكەیشی وەك موسوڵمان بە ئەركی ئاینی خۆی هەڵبسێت و جوڵانەوەی چەكداری هەبێت لەبەرامبەر دەستدرێژی داگیـركەراندا و هەر لەم ڕوانگەیشەوە موناقەشەیەكی زیاتر لەچوار كاتژمێری لەگەڵ مامۆستا ناسری سوبـحانی هەیە كەلەسەر كاسێت تۆمار كراوە و تائێستایش ماوە و زۆر سەرسەختانەو زانایانە بەرگری لە بیـروڕای خۆی دەكات سەبارەت بەواجبی جیهاد دژی سوپای داگیـركەر، بەڵام دیارە مامۆستا ناسر زیاتر فیكرەیەكی ئیخوانی هەیە و جیهاد‌ و شۆڕشی چەكداری ڕەتدەكاتەوە.

شیاوی باسە مامۆستا عەبدولقادر تەوحیدی جگە لەبوونی ناسراوی لەگەڵ كاك ئەحـمەد و مامۆستا ناسر، دۆستایەتی لەگەڵ هەردوو زانای شۆڕشگێڕ مامۆستا شێخ عێزەدینی حوسەینی، و هەروەها مامۆستا شێخ جەلالی حوسەینی، سكرتێری سازمانی خەباتی ئیسلامی‌ونەتەوەیی كوردستانی ئێراندا هەبووە، و ماوەیەكیش هەردوو پارتی (بزووتنەوەی ئیسلامیی ئەهلی سوننەت‌وجەماعەتی كوردستانی ئێران) و (سازمانی خەباتی ئیسلامی‌ونەتەوەیی كوردستانی ئێران) پێكەوە كاری حزبی‌ و شۆڕشگێڕییان كردووە.

(بزووتنەوەی ئیسلامیی ئەهلی سوننەت‌وجەماعەتی كوردستانی ئێران) و یەكەم ڕووبەڕووبوونەوەی چەكداری:

 هێزە چەكدارەكانی ئەم پارتە بەفەرماندەیی مامۆستا عەبدولقادر تەوحیدی لەبەرواری (8/12/1363)ـی، هەتاوی بۆیەكەم جار لە (هانەسڵێمان)ـی، نزیك گوندی (بانەوڕێ‌) لەدەڤەری پاوە لەڕۆژهەڵاتی كوردستان یەكەم ڕووبەڕووبوونەوەی چەكدارییان ئەنـجامداوە، و لەشەڕەكەدا زیاتر لە (70) پاسداری ئێرانی كوژراون و لەبەرامبەریشدا دوو پێشمەرگەی (بزووتنەوەی ئیسلامیی ئەهلی سوننەت‌وجەماعەت) شەهید دەبن بەناوەكانی (مالك قادری باینگانی) و (عوسـمان عوسـمانی)، و هێزەكەی ڕژێم بەشكستخواردوویی بەرەو مۆڵگەكانی خۆیان دەكشێنەوە، دوای ئەم داستانە پێشمەرگە قارەمانەكانی بزووتنەوەی ئیسلامیی ئەهلی سوننەت‌وجەماعەت چەندین گورزی تر ئاڕاستەی سوپای داگیـركەر دەكەن، لەوانە داستانەكانی (لاران) و (شەڕی شاهۆ) و (دێرەنیان) و (دەرەبەیان) و (جوانڕۆ) و (مێرگ) و (پیـرپرچن)، كە لەم داستانانەدا ژمارەیەك پێشمەرگە شەهید بوون، لەوانە (شەهید سەڵاح ڕۆستەمی) و (شەهید موحەمـمەدڕەشید مورادی) و (مەلا شەریف سەعیدیانی) و (نەجیم قادری) و (سابیـر بەیدەقی) و (عەبدولـجەبار جوانڕۆیی) و (دكتۆرموحەمـمەد خوسرەوی) و (مەلا نورەدین یوسفی) و (بەهرام فەتاحی) و (عەلی ئەمینی) و (موحەمـمەدكەریم دوستمورادی) و (وەفا سەربازی).

مامۆستا عەبدولقادر و نووسیـن‌ و بەرهەمەكانی:

مامۆستا عەبدولقادر تەوحیدی سەرەڕای سەرقاڵی بەكاروانی خەباتەوە و سەرەڕای غوربەت و ئاوارەیی هەوڵیداوە لەنووسیـن دانەبڕێت و لەماوەی تەمەنیدا و لەپسپۆڕییەكەی خۆیدا كۆمەڵێك بەرهەمی ناوازەی پێشكەش بەكتێبخانەی كوردی كردووە، لەوانە:

(1). تەفسیـری تەوحید، ڕاڤەی تێكڕای قورئانی پیـرۆزە بەزمانی كوردی ‌و چاپكراوە.
(2). ژیانی پێغەمبەری خۆشەویست (د.خ).
(3). ڕاڤەی بیـروباوەڕی واستیە.
(4). ڕاڤەی هیدایە – ڕێزمانی عەرەبی.
(5). ڕاڤەی (بلوغ الـمرام).
(6). ڕاڤەی (الاصول من علم اللاصول).
(7). گوڵبژێرێك لەگوڵزاری چاكان.
(8). باسی شیعە.
(9). ئاییـن‌وهەڵبژاردن
(10). حزب حزبێنە
(11). ئابوری لەئیسلامدا
(12). باسی جگەرەكێشان
(13). ڕاڤەی (888) فەرموودە.
(14). ما چە میخواهیم؟ (بەزمانی فارسی) – ئێمەی كورد چیمان دەوێت؟
(15). هۆنراوە‌و هەڵبەستەكانی تەوحیدی.

كۆچی دوایی مامۆستا:

 مامۆستا عەبدولقادر تەوحیدی دوای بەسەربردنی «65» ساڵ تەمەن كە نزیكەی چل ساڵی لەخەبات‌ و غوربەت‌ و ئاوارەییدا بردە سەر، بەجۆرێك «27» ساڵ كوڕە گەورەكەی خۆیی نەبینیوەتەوە، و «23» ساڵ دوور بووە لەهاوسەرەكەی، و بۆ ماوەی «15» ساڵ هیچكام لەئەندامانی خێزانەكەی خۆیی نەبینیوە! دواجار كەوتبووە ناوچەی شەقڵاوە و هەولێـر لەباشوری كوردستان، و لەبەرواری (1/11/2017) بەخەم‌وئازارەكانی نەتەوەكەیەوە و بەژانی كارەسات و لێكەوتە نێگەتیڤەكانی دوای ڕیفراندۆمە مێژوییەكەی باشور و هەرەسهێنانی خەونی سەدساڵەی سەربەخۆیی گەلی بەشـمەینەتی كورد - كەئومێدی هەموو كوردان بوو- بۆ دواجار چاوەكانی لێكنا و پەیامی ئاینی‌ونەتەوەیی خۆیی بۆپەیڕەوانی خۆی بەجێهێشت و هەر لەشاری هەولێری پایتەختی باشوری كوردستان ئەسپەردەكرا. 

ژێدەرەكان:
(1). پەڕتووكی «بزووتنەوەیەكی نەناسێنـراو»، دیـمانە لەگەڵ (مامۆستا عەبدولقادر تەوحیدی)، ئامادەكردنی: یەحیا تەوحیدی، چاپی یەكەم (2013ز)
(2) . گۆڤاری «ڕێگای شەرع»، دیـمانە لەگەڵ (مامۆستا عەبدولقادر تەوحیدی)، ئامادەكردنی: هاوكار عەبدوڵڵا، ژمارە «2»، هاوینی «2011».

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود  رحمه الله.

 238

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram