چۆن ڕەمەزان بکەین بە مانگى نوێ بونەوەى ئیمانمان؟ موسڵمانی یەكخوا پەرست.! هەموو میللەت و گەلێك پێویستی بە ماوەكی دیاری كراو هەیە بۆ ئارامی و بەخۆداچوونەوە و نوێ كردنەوەی باوەڕ، ئێمەی موسوڵمانیش خوای پەروەردگار مانگی ڕەمەزانی پێ بەخشیوین بۆ ئەوەی لەڕێگەیەوە بە خۆمانا بچینەوە و هەڵەكانمان ڕاست بكەینەوە و ئارامی ببەخشینە دڵەكانمان، گەورەیی مانگی ڕەمەزانیش لەوەدایە كە هۆكارێكە بۆ پتەوبوونی باوەڕ و نەهێشتنی گومان، چونكە تیایدا بەهۆی برسێتییەوە حاڵی هەژارەكان ئەزانین، زیاد لەسەر ئەوەش مانگی ڕەمەزان قوتابخانەیەكە بۆ فێربوونی ڕەوشت، و مانگی هەوڵدان و تێكۆشانە لەپێناو خوای پەروەردگار و بەدەست هێنانی بەهەشت و ڕزگاربوون لە بەندایەتی دونیا. بازرگانەكانی دونیا هەموو سەرقاڵی ماڵ و سامان كۆكردنەوەن، ڕێگا نامێنێ نەیگرنە بەر بۆ زیاتر كردنی سەرمایەكانیان، جا باش وایە ئێمەی موسڵمانان لەمانگی ڕەمەزان لەگەڵ پەروەردگار بازرگانی بكەین بۆ ئەوەی جێگایەكی فراوانتر و بڵندتر لە بەهەشت بەدەست بهێنین، چونكە مانگی ڕەمەزان یەكێكە لەباشترین مانگەكان بۆ بازرگانی كردن لەپێناو بەدەست هێنانی بەهەشت، دڵنیابن گەر بە مردوەكان بڵێن ئارەزوی چی ئەكەن یەكێك لەو شتانەی ئارەزوی ئەكەن ڕۆژوو گرتنی مانگی ڕەمەزانە، جا باش وایە ئێمەی زیندوان تا لە دونیاداین ڕۆژوو بگرین بەرلەوەی بمرین و چاوەڕوانی ئومێدێكی خەیاڵی بكەین كە نایەتە دی ئەویش زیندوو بونەوەیە بۆ ڕۆژوو گرتن. زیندوەكان ئاگاداربن ڕۆژگارێك دێت پەشیمان ئەبنەوە لەو ڕۆژانە بەبێ ڕۆژوو گرتن بەسەرتان بردوە، دەبا بیرێك لەخۆمان بكەینەوە (11) مانگ بۆ دونیا ئەژین هیچ نەبێت با (1) مانگیش بۆ قیامەتمان بژین، باشترین هەوڵدانیش بۆ سەرفرازی و سەركەوتن لە قیامەت دا ڕۆژوو گرتنی مانگی ڕەمەزانە وەك چۆن لە پێغەمبەری خواوە ﷺ پێمان گەیشتووە بێ كەم و كوڕی، بۆ ئەوەی بچینە ڕیزی ئەو كەسانەی پێغەمبەری خوا ﷺ لەبارەیانەوە فەرموویەتی: [من صام رمضان إيمانا واحتسابا غفر له ما تقدم من ذنبه] (متفق علیه). واتە: هەر كەسێك ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان بگرێت، بە مەرجێ بڕوای بە فەرزێتی ئەم كارە هەبێ و چاوەڕوانی پاداشتی ڕۆژی دوایی بێت، ئەوا خوای پەروەردگار لە هەموو تاوانەكانی ڕابووردوی خۆش ئەبێت. وە بۆ ئەوەی دوور بین لەو جورە كەسانەی كە پێغەمبەری خوا ﷺ لە بارەیانەوە فەرموویەتی: [ورغم أنف رجل دخل عليه رمضان ثم انسلخ قبل أن يغفر له] (صححه الألباني في صحيح سنن الترمذي ومشكاة المصابيح). واتە: بێ دەسەڵاتی و سەرشۆڕی بۆ كەسێك مانگی ڕەمەزانی بەسەردا هات و كۆتایی بێت پێش ئەوەی خوا لێی خۆش بێت. ئامادەكردنی: خەنده فەرهاد پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە مەحموود رحمه الله.