سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  دوای نوێژ زانیت جلوبەرگت بێ نوێژە، چی بكرێت؟
برایەک پرسی "نوێژم کردوە پاش ئەوەی سەلامم دایەوەو هەندێکی بەسەردا ڕوشتبوو بیرم کەوتەوە جلەکەم پیسیەکی پێوە بوەو نوێژەکەشم کردووە، ئایا ئەو نوێژە دوبارە بکەمەوە ؟.
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3920

دوای نوێژ زانیت جلوبەرگت بێ نوێژە، دەبێت چی بكەیت؟

برایەک پرسی "نوێژم کردوە پاش ئەوەی سەلامم دایەوەو هەندێکی بەسەردا ڕوشتبوو بیرم کەوتەوە جلەکەم پیسیەکی پێوە بوەو نوێژەکەشم کردوە، ئایا ئەو نوێژە دوبارە بکەمەوە؟". 

بابەتەکە دوو بەشە :

بەشی یەکەم:

 لە کاتی نوێژەکەدا بیری ئەکەوێتەوە جلەکانی پیسن لەم کاتەدا، ئەگەر ئەو بەشەی پیسی پێوە بێت ئەیتوانی فڕێی بدات بۆ نمونە کڵاوێک بوو یان گورەویەک بوو، ئەبێ فڕێی بدات و نوێژەکەش نابڕێ و تەواوی ئەکات، وە ئەگەر جلێک بوو نەیئەتوانی فڕێی بدات بۆ نمونە جلی ژێرەوە بوو ئەوە نوێژەکە ئەبڕێت مادام لە کاتی نوێژدا بیری کەوتۆتەوە. بەڵام کەسێک لە پێش نوێژدا ئەزانی جلەکانی بێ نوێژن لەگەڵ ئەوەشدا هەر نوێژەکە دەکات ئەوە نوێژەکەی دروست نیە تا پاکی نەکاتەوە، یاخود لە کاتی نوێژەکەدا پێی ئەزانێت و گوێی پێنادات. 

بەشی دووەم :
پاش تەواو بونی نوێژەکە بیری ئەکەوێتەوە جلەکەی پیس بووە:

ئەم جۆرەیان لە نێوان زانایان بۆچونی جیاواز هەیە کە ئایا نوێژەکەی دروستەو ئەتوانێ نەیگێڕێتەوە؟ یان نوێژەکەی بەتاڵەو ئەبێ بیگێڕێتەوە؟ کورتەی بۆچونەکان بەم شێوەن:
١- ئەوەی نوێژ بکات و نەزانێ جلەکەی پیس بووە یان پێش نوێژ زانیوێتی بەڵام بیری چوە نوێژی پێوە کردوە، نوێژەکەی دروستە، بەڵام سونەت وایە دوبارەی بکاتەوە، گەر نوێژی نویوەڕۆ و عەسر بوو تا خۆر ئاوا بوون، گەر شێوان و خەوتنان بوو تا بانگی بەیانی، گەر بەیانی بوو تا خۆر کەوتن، ئەمە مەزهەبی ئیمامی مالیکە. 
٢- نوێژەکەی دروست نیەو ئەبێ بیگێڕێتەوە ئەمە مەزهەبی ئیمامی ئەحمەدە، بەڵام بەشێک لە زانایانی هەمان مەزهەب پێیان وایە نوێژەکەی دروستە، وە ڕیوایەتێکیش لە ئیمامی ئەحمەدەوە هەیە کە دروستە نوێژەکەی. 
٣- نوێژەکەی دروست نیەو ئەبێ بیگێڕێتەوە، ئەمە مەزهەبی ئەبوو حەنیفەیە. 
٤- لە مەزهەبی ئیمامی شافعیشدا دوو قسەی لە سەرە مەزهەبی کۆنی ئیمامی شافعی نوێژەکەی دروستەو گێڕانەوەی لەسەر نیە، ئیمامی ( ابن المنذر) و ( النووي) ئەم بۆچونەیان لا پەسەند بوە. 
مەزهەبی تازەی ئیمامی شافعی ئەوەیە نوێژەکەی دروست نیەو ئەبێ بیگێڕێتەوە. 

 * پوختەی قسە:
ئەوەی بۆمان ڕوون بویەوە بە کورتی دوو بۆچون بوو مەزهەبی ئیمامی ئەحمەد و ئەبوو حەنیفە و قسەی تازەی ئیمامی شافعی پێیان وابوو نوێژەکە دروست نیەو ئەبێ بیگێڕێتەوە. 
وە مەزهەبی ئیمامی مالیک و بەشێک لە زانایانی مەزهەبی ئیمامی ئەحمەد وەک: ( ابن تيمية، ابن القيم، عبدالعزيز بن باز، ابن العثيمين) وە ئیمامی شافعیش لە قسەی کۆنیداو بەشێک لە زانا دیارەکانی مەزەهبی ئیمامی شافعی وەک ( النووي، ابن المنذر) پێیان وابوو نوێژەکەی دروستەو گێڕانەوەی لەسەر نیە.
وە بۆچونی هەر یەک لەم زانا بەڕێزانەشە ( عبدالله بن عمر، عطا، سعيد بن المسيب، سالم، مجاهد، الشعبي، النخعي، الزهري، يحيى الانصاري، إسحاق).

 جا ئەو بۆچوونەی من پێموایە پەسەندە لەم باسەدا قسەی ئەو زانایانەیە کە ئەڵێن نوێژەکەی دروستەو گێڕانەوەی لەسەر نیە لەبەر ئەم بەڵگانە:

١-عبداللەی کوڕی عەباس بۆمان ئەگێڕێتەوە کە پێغەمبەر فەرمووی "إن الله تجاوز لي عن أمتي الخطأ والنسيان وما استكرهوا عليه" رواه ابن ماجه(٢٠٤٥) حسن. 
واتە: خوایە گەورە لە گەلەکەم خۆش بوە لە کردارا گوفتارێکدا کە بە هەڵە یان لە بیر چوون ئەنجامی بدەن یاخود بە زۆر لێکردن پێیان بکەن. 
٢- ئەبوو سەعیدی خودری بۆمان ئەگێڕێتەوە ئەڵێ پێغەمبەر : يصلى بأصحابه إذ خَلَعَ نَعْلَيْهِ فَوَضَعَهُمَا عن يساره، فخلع الناس نِعالهم، فلما قضى رسول الله (صلى الله عليه وسلم) صلاته قال:" ما حَمَلَكُمْ على إلقائكم نعالكم" ؟ قالوا: "رأيناك أَلْقَيْتَ نعليك فألقينا نعالنا" فقال : (صلى الله عليه وسلم) " إن جبريل أتاني، فأخبرني أنّ فيها قذراً-أو قال أذى- فألقيتها" رواه أبو داود في سننه(٦٥٠) صحيح. 
واتە: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نوێژی بۆ هاوەڵان ئەکرد، هەر لە ناێژەکەدا هەردوو نەعلەکەی لە پێیەکانی داکەندو لای چەپێوە داینا، هاوەڵانیش نەعلەکانیان دانا-چونکە لە هەموو شتا هەوڵیان ئەدا چاو لە پێغەمبەر بکەن-، کە لە نوێژەکە بونەوە فەرمووی"ئەوە بۆ نەعلەکانتان داکەند لە پێتان؟" وتیان بینیمان تۆ نەعلەکانت داکەند ئێمەش دامانکەند، لەوکاتەدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووی"جبریل هات بۆ لام و هەواڵی پێدام کە نەعلەکانم پیسیەکی پێوەیە منیش دامکەند". 
ئەم ڕوداوە بەڵگەی ئەوەیە نوێژەکە دروستە و گێڕانەوەی ناوێت، چونکە پێغەمبەر نوێژەکەی نەگێڕایەوە ئەو بەشەی کە ڕۆشتبوو. 
٣- یاخود پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەربارەی کەسێک کە بە ڕۆژوە و بە نەزانی شت ئەخوات ئەفەرموێت:" من نسي وهو صائمٌ فأكل أو شربَ، فليتمَّ صومه) رواه البخاري (١٩٣٣).
باشە جیاوازی چیە لە نیوان ڕۆژو و نوێژدا کە هەردوکیان بە نەزانین هەڵەیەکیان بەسەردا تێپەڕێت، بۆچی نوێژەکە بە تاڵ بێت بەڵام ڕۆژوەکە دروست بێت؟، خواردن و خواردنەوە لە کاتی ڕۆژودا حەرامە، وە جلی پیسیش لە کاتی نوێژدا حەرامە گەر لە بەردا بێت، بەڵام هەردوو ئەو یاسایە لە سەر خاوەنی لا ئەچێت بە هۆی لە بیرچونەوەو نەزانینەوە. 

سەرچاوەکان:

 ١- كفاية الأخيار في حل غاية الإختصار: تقي الدين الشافعي(١/ ٩٢)
٢- نيل الأوطار: الشوكاني(١/ ٥٩٩).
٣- المغني: ابن قدامة(٢/ ٤٦٥).
٤- الفقه على المذاهب الأربعة:عبدالرحمن الجزيري (١/ ١٨)
٥- الموسوعة الفقية الكويتية: وزارة الأوقاف الكويتية(١٢/ ٦٢).

✍️ وەڵامدانەوەی: د. شاخەوان سيامنصورى.

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محموود رحمه الله

  ژمارەی بینین 154

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram