"نزهة القلوب" للسجستاني، بناسە.؟ لە مێژووی زانستەکانی قورئاندا، سەدەی چوارەمی کۆچی بە وێستگەیەکی پڕشنگدار دادەنرێت. لەم سەردەمەدا زانایەک هەڵکەوت کە توانی داهێنانێکی نوێ بکات لە شێوازی نووسینەوەی فەرهەنگی وشە قورسەکانی قورئان (غریب القرآن) و کتێبەکەی بۆ چەندین سەدە ببێتە جێی متمانەی موفەسیرە گەورەکان. لەم چەند خاڵەدا بە کورتی ئاشنای دەبین: 🔸 ناسنامەی نووسەر ناوی تەواوی (محمد بن عُزَیز)ـە، ناسراوە بە (أبو بكر السجستاني). لە بنەڕەتدا خەڵکی هەرێمی سیجستان بووە کە ئێستا دەکەوێتە سنووری نێوان وڵاتی ئێران و ئەفغانستان، بەڵام لە گەنجیدا کۆچی کردووە بۆ بەغدا و لەوێ نیشتەجێ بووە. لە مانگی شەوالی ساڵی ٣٣٠ی کۆچی (بەرامبەر بە ٩٤١ی زایینی) لە شاری بەغدا کۆچی دوایی کردووە. 🔸 پلەی زانستی و مامۆستا و قوتابییانی ئیمامی ذەهەبی لە وەسفیدا دەفەرمووێت: "پیاوێکی فازیل و خێرخواز بووە". بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەردەوام هاوەڵ و قوتابیی زانای پایەبەرز (أبو بكر بن الأنباري) بووە، پەیوەندییەکەیان ئەوەندە بەهێز بووە کە سیجستانی دوای کۆچی دوایی مامۆستاکەی تەنها دوو ساڵ ژیاوە. چەندین زانای گەورەش لێیەوە گێڕاویانەتەوە، دیارترینیان (إبن بطة)ی زانای گەورەی حەنبەلی، هەروەها عوسمانی کوڕی ئەحمەد و عەبدوڵای کوڕی حوسەین. 🔸 هاوڕێ و هاوچەرخەکانی بەو پێیەی لە سەردەمی زێڕینی بەغداددا ژیاوە، هاوچەرخی گەورەترین زانایانی ئەو سەردەمە بووە، لەوانە ئیبن موجاهیدی شێخی قورئان خوێنان و خاوەنی کتێبی "السبعة"، هەروەها هەردوو زانای گەورەی زمانی عەرەبی (نِفْطَوَيه) و (الزجاج). 🔸 مەزهەب و عەقیدە ئیمامی سیجستانی لەسەر عەقیدەی ئەهلی سوننە و جەماعە و ڕێچکەی سەلەف بووە، دوور بووە لە تەئویلی فەلسەفی. هەروەها نابێت تێکەڵ بکرێت لەگەڵ "ئەبوو حاتەمی سیجستانی" کە زانای نەحوو بووە، یان "ئەبوو داودی سیجستانی" کە خاوەنی کتێبی سونەنە. 🔸 شاکارە گەورەکەی کتێبی (نزهة القلوب في غريب القرآن العظيم) بە یەکەمین کتێبی "فەرهەنگی" دادەنرێت لە مێژووی ئیسلامدا کە وشەکانی قورئانی بەپێی پیتی ئەلفبێ ڕیزبەند کردووە نەک بەپێی سوورەتەکان. نووسەر کتێبەکەی بە پەلە نەنووسیوە، بەڵکوو چەندین ساڵی پێ چووە و بەوردی پێداچوونەوەی بۆ کردووە. ئەم کتێبە بۆ ماوەی ١١ سەدە سەرچاوەی سەرەکی بووە بۆ زانایانی دوای خۆی، وەک ئیمامی قورتوبی کە زۆر پشتی پێ بەستووە. 🔸 تێبینی زانستی لەسەر کتێبەکە سەرەڕای ئەو گرنگییە زۆرەی هەیەتی، کتێبەکە جۆرێک لە تێکەڵیی تێدایە لە ڕیزبەندییەکانیدا، بەهۆی ئەوەی سیجستانی هەندێک جار وشەکانی بەپێی "چاوگ" و هەندێک جار بەپێی "وشە" داناوە، ئەمەش وایکردووە دۆزینەوەی هەندێک وشە بۆ توێژەران قورس بێت. بۆ چارەسەرکردنی ئەمە، شێخ مەحمود خەلیل حوصەری هەستا بە دووبارە ڕێکخستنەوەی کتێبەکە بەپێی ڕیزبەندی سورەتەکان، تاوەکوو قورئانخوێن و لەبەرکەران ئاسانتر سوودی لێ ببینن. 🔸 باشترین چاپەکان بۆ دەستکەوتنی دەقی دروست و چارەسەری کێشەی ڕیزبەندییەکە، چاپی وەزارەتی ئەوقافی قەتەر بە تەحقیقی (د. یوسف المرعشلي) باشترین هەڵبژاردەیە، چونکە لێکۆڵەر بە دانانی پێڕستێکی ورد کێشەی دۆزینەوەی وشەکانی چارەسەر کردووە و چاپەکەش کوالیتییەکی زۆر بەرزی هەیە. هەروەها چاپی (دار قتيبة) بە تەحقیقی (د. محمد أديب الجادر) چاپێکی زۆر وردی زانستییە. ئامادەكردنی: مامۆستا سیروان حامید پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.