باوه‌ڕبوون به غه‌یب یه‌كه‌م سیفه‌تی موسڵمانانه. باوکی موحه‌ممه‌د باوه‌ڕبوون به غه‌یب لای ئه‌هلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ت، گوفتار و كردار ده‌گرێته‌وه. باوه‌ڕی دڵ، باوه‌ڕی زمان و باوه‌ڕی ئه‌ندامه‌كان ده‌گرێته‌وه. جا لێره‌وه باوه‌ڕبوون به غه‌یب ده‌بێته ئه‌و ڕاستییه هه‌ره‌گه‌وره‌یه‌ی كه خوای گه‌وره -سبحانه وتعالی- دایناوه و له سه‌ره‌تای سووره‌تی (البقرة)دا وه‌سفی به‌نده ڕاسته‌قینه‌كانی خۆی پێ كردووه و ده‌فه‌رموێت: ال‌م * ذَلِكَ الْكِتَابُ لا رَيْبَ فِيهِ هُدىً لِلْمُتَّقِينَ * الَّذِينَ يُؤْمِنُونَ بِالْغَيْبِ ... [البقرة: ١-٣] . ئه‌مه وه‌سفی سه‌ره‌كی و یه‌كه‌م وه‌سفه و ئه‌وانه‌ی به دوای ئه‌ودا هاتوون پاشكۆی ئه‌من و شوێنكه‌وته‌ی ئه‌م وه‌سفه‌ن؛ نوێژ كردن، زه‌كاتدان، باوه‌ڕبوون به دوارِۆژ و باوه‌ڕبوون به هه‌رچییه‌ك كه خوای گه‌وره -سبحانه وتعالی- له قورئاندا هه‌واڵی پێ داوه یان پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) هه‌واڵی پێ داوه له‌وه‌ی كه ته‌نها له ڕێگه‌ی نیگاوه نه‌بێت نازانرێت. هه‌موو ئه‌مانه درێژه‌ی ئه‌وه‌یه كه خوای -متعال- له سه‌ره‌تای سووره‌ته‌كه‌دا كورتی كردۆته‌وه و فه‌رموویه‌تی: الَّذِينَ يُؤْمِنُونَ بِالْغَيْبِ ... [البقرة: ٣] لێره‌وه به‌ته‌واوی ڕوون ده‌بێته‌وه كه یه‌كه‌م نیشانه له نیشانه‌كانی باوه‌ڕداران، یه‌كه‌م سیفه‌تێك له سیفه‌ته‌كانیان، ئه‌وه‌یه كه ئه‌وانه باوه‌ڕیان به غه‌یب هه‌یه، كه ئه‌مه‌ش جیاكه‌ره‌وه‌ی ڕێگایه له‌نێوان ئه‌وان و بێباوه‌ڕ و بێ‌دین و لاده‌ره‌كاندا