سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  زۆرترین زانیارى سەبارەت بە فەزڵ و گەورەیی مانگی شەعبان
گۆڕینی فۆنت

زۆرترین زانیارى سەبارەت بە فەزڵ و گەورەیی مانگی شەعبان

بەشی سێەم و كۆتایی.


 لە هەڵە باوەكانی مانگی شەعبان:

20- دروست نییە تایبەت کردنی نیوەی شەعبان بەڕۆژوو گرتن وە هەروەها تایبەت کردنی شەوەکەی بە نوێژ، یاخود تایبەت کردنی بەسەردانی قەبرستان ، یاخود خێر کردن بۆ مردوو ، یاخود جۆرێکی تایبەت لەعیبادەت ، هەموو ئەمانە بیدعەن . و فەرموودەی سەحیح نی یە لەبارەی فەزڵی عیبادەت کردن لە شەوی نیوەی شەعبانەوە کەبتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت ، بەڵکو فەرموودەکان یان زەعیفن ویاخود مەوزوع ودروستکراون ، بەپێچەوانەی هەندێ لەزانایانەوە کەبەسەحیحیان داناوە . دوو باره تەئکید لەوە دەکەینەوە ئەو فەرموودانەی لەو بارەیەوە هاتوون یان زەعیفن ویاخود مەوزوع وهەڵبەستراون بەدەم پێغەمبەرەوە ﷺ ، وهیچ شتێکی وا سابت نەبووە لەپێغەمبەر ﷺ ،وهاوەڵانەوە .  المنار المنیف لابن القیم ( ۹۸ ) ، والفوائد المجموعة للشوكاني ( ۱۰٦) ، وفتاوی ابن باز (۱/ ۱۸٦ ) ، وفتاوی اللجنة الدائمة(۳/ ٦۱ ) .

21- هەرکەسێک عادەتی وا بوو شەو نوێژ بکات ، وە نیوەی مانگی شەعبان شەو نوێژی کرد بێ ئەوەی باوەڕی وا بێت ئەو شەوە زیادەی خێری هەیە و تایبەتمەندی خۆی هەیه ، ئەوا هیچی لەسەر نییەو کارەکەی دروستە .

22- دروست نییه تایبەت کردنی نیوەی مانگی شەعبان بەڕۆژوو گرتن ، مەگەر بۆ کەسێک عادەتی وا بێت ڕۆژ نا ڕۆژێک یاخود دوو شەم وپێنج شەم بەڕۆژوو بێت وئەو ڕۆژە بکەوێتە ئەو ڕۆژەوە کەئەم تیایدا بەڕۆژوو دەبێت ، بۆ ئەم کەسە دروستە بەڵام کاتێ کەباوەڕی وا نەبێت خێری زیاترە وتایبەت مەندی خۆی هەیە وە ئەو فەرموودەی لەو بارەیەوە هاتووە زەعیفە و سەحیح نییە .

23- ڕۆژوو گرتنی نیوەی شەعبانە لەو ڕۆژانە کەڕۆژوو گرتن تیایدا سوننەتە چونکە دەکەوێتە ڕۆژە سپیەکانەوە کە (13 - 14 - 15) ـە ، بۆیە هەر کەسێک بەو نیەتە بەڕۆژوو بێت ئەوا سوننەتی پێکاوە ، بەڵام نابێ باوەڕی وا بێت ئەو ڕۆژە خێری زیاترە لەمانگەکانی تر ، بەڵام گەر کەسێک بەتەنها ئەو ڕۆژە ، واتە (15) شەعبان بگرێت ئەوا پێی ناوترێت ڕۆژە سپی یەکان بەڕۆژوو بووە ، بەڵکو بۆیە بەتەنها گرتوویەتی بەنیەتی زیادەی خێر نەبێت لەو ڕۆژەدا ئەوەش ڕێگری لێ کراوە . اقتضاء صراط المستقيم لابن تيمية (۲/ ۱۳۸ ) ، ولطائف المعارف (۱۳٦) ، وفتاوی ابن باز (۱/ ۱۸٦ ) .

24- زۆربەی زانایان فەرموودەی : (( ٳذا انتصف شعبان فلا تصموا ))رواە ٲبو داود ( ۲۳۳۷) ، والترمذي (۷۳۸ ) ، وابن ماجە ( ۱٦٥)  واتە: کاتێ مانگی شەعبان گەشتە نیوە بەڕۆژوو مەبن. بەزەعیفيان داناوە، وە گەورە زانایان دەڵێن : فەرموودەیەکی مونکەرە، لەوانە: عبدالرحمن بن مهدي، وٲحمد بن حنبل، وٲبو زرعة.  لطائف المعارف ( ۱۳٥). هەر بۆیە ڕۆژووی دوای نیوەی شەعبان مەکروە نی یە ، تەنها پێش ڕەمەزان نەبێت بەڕۆژێک یاخود دوو ڕۆژ کەحەرامە لەو ڕۆژانە ڕۆژوو بگیردرێت.

25- لەسەر ئەو بۆچوونەش کەفەرموودەی ڕێگری کردن لەڕۆژووی دوای نیوەی شەعبان بەسەحیح دەزانن ئەو کەسانە ناگرێتەوە کەعادەتیان وا بێت بەڕۆژوو بن تیایدا، وەک کەسێک عادەتی وا بێت ڕۆژ نا ڕۆژێک یاخود دوو شەم و پێنج شەم بەڕۆژوو بێت وئەو ڕۆژە بکەوێتە ئەو ڕۆژەوە کەئەم تیایدا بەڕۆژوو دەبێت ، بۆ ئەم کەسە دروستە بەڵام کاتێ کەباوەڕی وا نەبێت خێری زیاترە وتایبەتمەندی خۆی هەیە ، وە هەرکەسێک پێش پازدەی مانگی شەعبان بەڕۆژوو بوو و لەگەڵیشیا دوای پازدەی مانگ بەڕۆژوو بوو ئەمەش فەرموودەکە نایگرێتەوە ، چونکە لەفەرموودەدا هاتووە: ((کان یصوم شعبان کله ، کان یصوم شعبان ٳلا قلیلا))رواه البخاري ( ۱۹۷۰ ) ومسلم ( ۱۱٥٦) . واتە: هەموو شەعبان بەڕۆژوو دەبوو ، وە مانگی شەعبان جگە لەهەندێکی نەبێت هەمووی بەڕۆژوو دەبوو، وە هەروەها ئەوانەش ناگرێتەوە کەلەدوای نیوەی شەعبان ڕۆژووی قەرزی ڕەمەزان دەگرنەوە .

26- حەرامە ڕۆژوو گرتنی پێش ڕەمەزان بەڕۆژێک یاخود دوو ڕۆژ ، مەگەر بۆ کەسێک عادەتی وا بێت بەڕۆژوو بێت ، یاخود ڕۆژووی نەزری لەسەر بێت ، یاخود ڕۆژووی ڕەمەزانی ساڵی ڕابردووی لەسەر بێت ، یاخود لەگەڵ ڕۆژانی پێشوو بەدەم یەکەوە بەڕۆژوو بێت ، لەبەر ئەم فەرموودەیه: (( لا تَقَدَّمُوا رَمَضَانَ بِصَوْمِ يَوْمٍ وَلا يَوْمَيْنِ إِلا رَجُلٌ كَانَ يَصُومُ صَوْمًا فَلْيَصُمْهُ ))رواە البخاري (۱۹۱۳) ومسلم (۱۰۸۲). واتە: پێش ڕەمەزان بەڕۆژێک یاخود دوو ڕۆژ بەڕۆژوو مەبن، مەگەر کەسێک نەبێت عادەتی وا بێت بەڕۆژوو بێت با بەڕۆژوو بێت .

27- بە ڕۆژوو بوونی کۆتایی شەعبان سێ حاڵەتی هەیە: یەکەم : بەنیەتی ڕەمەزان وەک ئیحتیات بەڕۆژوو بێت ، ئەمەیان دروست نییەو ڕێگری لێ کراوە. دووەم: بەنیەتی نەزر ، یاخود قەزا کردنەوەی ڕەمەزان بەڕۆژوو بێت ، ئەم جۆرەیان لای جمهوری زانایان دروستە . سێیەم: بەنیەتی سوننەتی موتڵەق بگیردرێت ، ئەمەیان مەکروهە ، مەگەر بۆ کەسێک عادەتی وا بێت بەڕۆژوو بێت ئەم کەسە بەڕۆژوو دەبێت ، یاخود پێش دوو ڕۆژ پێش ڕەمەزان بەڕۆژوو بووبێت ولەگەڵ ڕەمەزان بیداتە دەم یەک  .شرح النووي علی مسلم (۷/ ۱۹٤) ، ولطائف المعارف ( ۱٤٤).

28- حیکمەت لەڕێگری کردن لەبەڕۆژوو بوونی ڕۆژێک یاخود دوو ڕۆژ پێش ڕەمەزان وەک لە کتێبی (لطائف المعارف) دا هاتووە بۆ ئەوەیە ڕۆژووەیەک بۆ ڕەمەزان زیاد نەکرێت کە بەشێک نییە لەو ، ئەمەش نەک وەک ئەهلی کتاب لێ بێت کەبەبۆچوونی خۆیان ڕۆژوویان زیاد دەکرد .
وە هەروەها لەبەر جیاوازی کردن لەنێوان ڕۆژووی فەرز وسوننەت ، و جیاوازی خستنە نێوان خودی یەک جۆر لە عیبادەتەکان لەسوننەت وفەرزەکاندا دروستە وکارێکی باشە ، هەر بۆیه پێغەمبەر ﷺ ڕێگری کردووە لەوەی نوێژی سوننەت بلکێندرێت بەنوێژی فەرزەوە بەبێ گۆڕینی جێگەی نوێژ یاخود قسە کردن لەنێوانیاندا ( ٤) . صحيح مسلم ( ۸۸۳ ).

29- ڕۆژی گوماناوی (یوم الشك) ڕۆژی سی (۳۰) شەعبانە کاتێ کەجەوی دونیا هەورە و مانگ نابینردرێت ، ئەم ناوەی لێ نراوە، چونکە گومانی تێدایه، لەو ڕووەوە ئایا کۆتا ڕۆژی شەعبانە یاخود یەکەم ڕۆژی ڕەمەزانە ؟
ڕۆژووی ئەم ڕۆژە حەرامە مەگەر بۆ کەسێک کەعادەتی وا بێت بەڕۆژوو بێت وبکەوێتە دوو شەم یاخود پێنج شەممەوە ، لەبەر ئەم فەرموودەیه: (( من صام یوم الشك فقد عصی ٲبا القاسم)) واتە: هەر کەسێک لەڕۆژی گوماناوی (یوم الشك)دا بەڕۆژوو بێت ، ئەوا بەتەئکید بێ فەرمانی پێغەمبەری ﷺ کردووە . رواه البخاري معلقا بصیغة الجزم ( ۳/ ۲۷) ، ووصله ٲبو داود ( ۲۳۳٤) ، و الترمذي (٦۸٦) ،وصححه الٲلباني.

30-  لەمانگی شەعباندا چەند ڕووداوێکی گەوره ڕوویان داوە ، لەوانە:
1ـ لە ساڵی دووی کۆچیدا ڕۆژووی تیادا فەرز کرا. 2ــ گۆڕینی قیبلە لە قودسەوە بۆ کەعبەی پیرۆز، ئەوەش هەر لەساڵی دووی کۆچیدا بوو ، وە بۆچوونێک هەیە دەڵێت: نەخێر لە مانگی ڕەجەبدا بوو ، وە بۆچونێکی تر هەیە پێی وایه لەمانگی (جمادي الآخرە) دا بووە. 3ــ مارەکردنی حەفەسه لەلایەنە پێغەمبەرەوە ﷺ لە ساڵی سێی کۆچی. 4ــ  غەزای (بني المصطلق) لەساڵی پێنجی کۆچیدا . 5ــ غەزای (تبوك) لەساڵی نۆی کۆچی و ئەو جەنگە لەڕەجەبدا بوو ولەڕەمەزاندا گەڕایەوە ، وە بۆچوونێک هەیە گوایە لەشەعباندا بووە.

 نووسین و ئامادەكردنی: خەنده فەرهاد

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە مەحموود رحمه الله.

 274

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram