سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  کورتەیەک لە ژیانی قورئان خوێنی بەناوبانگ (عبد الباسط محمد عبد الصمد) - به‌شی یه‌كه‌م-
گۆڕینی فۆنت


کورتەیەک لە ژیانی قورئان خوێنی بەناوبانگ (عبد الباسط محمد عبد الصمد) - به‌شی یه‌كه‌م-

ساڕێژ گەرمیانی 

زۆرن ئەوکەسانەی کە قورئان پێی گەیاندون جا ئەو کەسانەش چی خوێنەری قورئان بن وەکو(ئەبو موسای ئەشعەری و عبدالله کوری مەسعود،...)هتد،کە هەر بە گوێبیستنی دەنگیان پێغەمبەری نازدار( صلى الله عليه وسلم) چاوەکانی فرمێسکیان بۆ ڕانەدەگیرا، کە بە دڵنیایەوە چاوەکانی ئێمەش بە دەنگی قورئان خوێنە دەنگ خۆشەکانی ئەم سەردەمە بە هەمان شێوەن، ئەمە لە لایەک لە لایەکی کەش سوارچاکانی مەیدانی جەنگ و دەسەڵات و فەرمان ڕەوایەتی لە سەر زەوی بۆ ماوەی زیاتر لە (1000)سال هەر لە سایەی قورئانی پیرۆزدا بووە بەڵگەشمان مێژووی پڕ سەروەری ئەم ئیسلامەیە کە هەر لە سەردەمی پێغەمبەرو(د.خ)و پاشان صحابي و تابعين وتابعي تابعين ومحمدي فاتح صلاح الديني باپیرە گەورەمان و زۆر کەسانی کەش،بەڵام لێرەدا ئەمەوێت کورتەیەک لە ژیانی قورئان خوێنێکی دەنگ خۆش بخەمە بەر دیدی ئیماندارانی بەڕێز ئەویش قورئان خوێنی دەنگ خۆش(عبد الباسط عبد الصمد)ە. 

بەڵام لێرەدا پرسیارێک دێتەپێشەوە ئایا ڕاستە کە (عبد الباسط عبد الصمد) کوردە؟! جا فەرموون با کورتە گەشتێک بکەین بە نێو ژیانی پڕ لە سەر وەری ئەم کەڵە پیاوەی ئومەتی ئیسلام دا ،وە لە راستی و دروستی ئەو هەواڵەش ئاگادار بین. 

ناوی تەواوی ئەم قورئان خوێنە سەر بەرزە( شیخ عبد الباسط محمد عبد الصمد )ە لە ساڵی 1927 ز کە دەکاتە 1349 ی کوچی لە شارۆچکەی(مراعزە)ی سەر بە شاری (ئەرمنت) لە پارێزگای(قەنات)لە باشوری ووڵاتی میسر لە دایک بووە،خاوەنی بنەماڵەیەکی پاک و ناوداری ناوچەکەیەتی و وە هەر بەبنەماڵە بایەخی تەواویان دابوو بە قورئانی پیرۆز شێخ(عبد الصمد)کە دەکاتە باپیری پیاوچاکێکی ناسراوی ناوچەکە بوەو هەموو قورئانی لەبەر بوەو،وە بە زیرەکی لە قورئان خوێندندا ناسراو بوەو شارەزایەکی بێ وێنە بوە لە بواری تەجوید و تیلاوەدا ، هەروەها باپیری دوەمیشی (ئەبوداود) کە دەکاتە باوکی دایکی بە هەمان شێوە پیاو چاکێکی ناوچەکەیان بوەو پلە و پایەیەکی رێزداری هەبوە ،وە هەروەها باوکیشی کە دەکاتە(محمد عبد الصمد ) بە هەمان شێوە پیاوێکی چاک و خواناسی ناوچەکە بوەو هەموو قورئانی پیرۆزیشی لەبەر بوە. 

هەر بە لەدایک بوونی ( عبد الباسط )ژیانێکی نوێ دەست پێدەکات لە ناوچەکەدا،بۆیە هەر لە تەمەنی 6 ساڵیدا دەنێردرێتە حوجرە لە شارۆچکەکەی خۆیان و لە لای مامۆستا(شێخ ئەمیر) دەست بە خوێندن و لەبەر کردنی قورئان دەکات،بۆیە هەر لە سەرەتاوە مامۆستا هەست بە تواناو لێهاتوی و پشوو درێژی(عبد الباسط ) دەکات و دەبینێت کە زۆر خۆی ماندوو دەکات، و گوێرایەڵەو نەفەس درێژە و مافی پیتەکان دەدات لە کاتی خوێندنیاندا. بۆیە مامۆستاکەی دەڵیت (عبد الباسط ) جۆرە ئاوازێک لە قورگیدا هەبوو کە هیچ کەسێک لێی بێ تاقەت نەدەبوو وە خەڵکی بە پەرۆشەوە دادەنیشتن و گوێیان دەگرت ،وە سەرەڕای ئەمانەش (عبد الباسط ) هەرچیەکی بخوێندایە لای مامۆستاکەی کە دەهاتەوە بۆ ماڵەوە بە دەنگێکی بەرزوو پڕ لە جۆش و خرۆشەوە دەیخوێندەوە دوبارە ، هەرچی ماڵە دراوسیی هەبوو سەریان لەدیوارەوە دەر دەهێناو گوێیان بۆ دەنگی ڕادەگرت ، لە یەکێک لە یاداشت نامەکانیدا (عبد الباسط ) دەڵێت تەمەنم گەشتە 10 ساڵ هەموو قورئانم لە بەر کرد،سوپاس بۆ خوا کە بەشێوەیەک ئاسانی کردبوو لەسەر زارم کە وەک رووبار لێی هەڵدەقوڵا، پاشان داوا لە باوکی و باپیری دەکات کە بۆ فێر بوونی جۆرەکانی قورئان خوێندندنەوە( علم القراات) ڕێگەی پێبدەن کە بچێتە ( طنطا ) گەرچی لەشارەکەی خۆشیانەوە زۆر دوور بوو ، بەڵام باوک و باپیری رازی بوون چونکە دەیان زانی کە (عبد الباسط ) مناڵێکی زیرەک و چاوکراوەیە بەڵام ،قەدەری خوا وا ئەبێت پێش سەفەر کردنی (عبد الباسط ) زانایەکی گەورە بە ناوەی (شێخ محمد سلیم) بۆ نیشتە جێ بوون روودەکاتە شارۆچکەکەیان و هەر لە ناو پەیمانگای ئاینی شارۆچکەکەدا قوتابخانەیەک بۆهەژارانی شارۆچکەکە دەکاتەوە،بۆیە لای ئەم زانا بەڕێزە بە چۆکدا دە کەوێت و فێری خوێندنی قورئان دەبێت لەسەر شێوازی( الشاطبية ) کە هەموو جۆرەکانی خوێندنی قورئانی پیرۆزە،پاش ئەم خوێندنەشی بوو بە خاوەنی بەهرەیەکی باش و کاتێک کە تەمانی دەگاتە 13 ساڵ ناوبانگی لە هەموو گوندوو شارەکانی سەر بە پارێزگای (قەنات) بڵاوە دەبێتەوە خەڵکی بانگێشتی ئەکەن بۆ ئاهەنگ و بۆنە ئایینیەکان هەتا بە دەنگی پڕ لە جۆشی دڵەکان بە نوری قورئان ڕوناک بکاتەوە وە هەروەها مامۆستا (شێخ محمد سلیم) کە کەسێکی زیرەک و ناسراویش بوو دەگەشتە هەر جێگەیەک باسی دەنگ خۆشی و زیرەکی (عبد الباسط )ی دەکرد ئەمەش زیاتر ناساندی بە خەڵکی ، هەر بۆیە ناوبانگی لە سنوری شارەکەی خۆی ‌تێپەر دەکات و دەگاتە شارەکانی(ئەسوان و ئەقسیر) ، بۆیە لە لایەن کەسایەتیە ناو دارەکانی ئەوێشەوە بانگێشت ئەکرێت هەتە لە بۆنە ئاینیەکاندا بەشدار ببێت گومان لەوەدا نیە کە ئامادەبونی (عبد الباسط ) کاریگەریەکی گەورەی هەیە لە کۆکردنەوەی خەلکی و وە وزەیەکی ئیمانییە و کۆڕێکی زیکری بە دەنگە خۆشەکەی دەڕازێنێتەوە. 

لە ساڵی 1950 کە تەمەنی ئەوکاتە 27 ساڵە رودەکاتە قاهیرە بە مەبەستی زیارەتی مزگەوتی( سەیدە زەینەب) کە مزگەوتێکی بەناوبانگەو لە هەموو شوێنێکی میسرەوە موسڵمانان ڕوی تێدەکەن و جێگەی ئاهەنگە ئاینیە گەورەکانیشە هەر بۆیە رادیۆی میسریش پەخشی ئاهەنگەکانی لەم مزگەوتەوە راسەوخۆ بوو، لە یەکێک لە شەوە ئاهەنگەکاندا (عبد الباسط ) بۆ بەشداری کردن روو لە وێ دەکات و دە بینێت کە قورئان خوێنی ناسراو و رێزدار(عبد الفتاح الشعشاعی) قورئان بۆ ئامادەبووان دە خوێنێت وە زۆر سەر سامی دەنگی دەبێت و هەتا کۆتای ژیانیشی ئاشقی دەنگی ئە‌بێت ،لە پڕ کەسایەتیەکی پایە بەرز و ناسراو لە (عبد الباسط ) نزیک دەبێتەوەو ئەیناسێتەوەو داوای لێدەکات کە بە دەنگە خۆشەکەی بەشدار بێت ئەمشەو، بۆیە لە شەرمی تەمەنی ئەو قورئان خوێنە ناودارانە ئەڵێت ناکرێت! بە هەرحاڵ رازی دەکات بە تەنها 10 خوولەک ،پاش تەواو بوونی شێخ(عبد الفتاح الشعشاعی) و ناساندنی (عبد الباسط ) با ئامادەبووان داوای لێدەکرێت کە 10 خولەک قورئان بۆ ئامادەبوان بخوێنێت، ئەمییش بە رێز و ئەدەبێکی جوانەوە دەچێتە شوێنی قورئان خوێندن هەر لە سەرەتاوە سەرنجی خەڵکی بۆ خۆی رادەکێشت و خەڵکی سەرسام دەبن بەو دەنگەو هەر کەسە لە جێگەی خۆیەوە سەری بەرز ئەکاتەوە هەتا سەرچاوەی ئەو دەنگە زوڵاڵە ببینێت ئیتر چریکەی دەنگی (عبد الباسط ) وا لە خەڵکی دەکات کە پەردەی هێمنی و بێدەنگی نە مێنێت و لە هەر سوچێکی مزگەوتەوە دەیان هەزار کەسی ئامادە بوو بە دەنگی (الله اكبر)و (صلوا على النبي)و(ربنا يفتح عليك) چەندین گوزارشی جوانتر پێشوازیان لەو دەنگە دەکرد و دوعای خێریان بۆی دەکرد،وە ئەم 10 خولەکە درێژ کرایەوە بۆ کاتژمێر و نیوێک ئەم شەوە سەرەتایەکی کە بوو بۆ ناساندنی (عبد الباسط ) بە هەموو میسرو هەموو جیهانی ئیسلامیش بە گشتی چونکە لە ساڵی 1951 لە لایەن زانای بە ناوبانگی میسر (شێخ ضباع )ەوە داوای لێدەکرێت کە ببێتە قورئان خوێنی پەخشی راستەوخۆی ردیۆی میسر بۆیە سەرەتا ئەم داوایە رەت دەکاتەوە!! کە دەڵێت بۆ من بەسە کە لە ناو خەڵکی ئاساییدا قورئان بخوێنم بەڵام(شێخ ضباع) پێدەڵیت لەرێگەی رادیۆوەو دەنگت ئەگات بە هەموو جیهان و زیاتر ئەناسرێت و پاداشتێکی گەورەترت دەست دەکەوێت لای پەروەردگار ئیتر ئەمیش رازی ئەبێت و بۆ ماوەی 3 مانگ لە کاتژمێر 6.30 خولەک بۆ کاتژمێر 7 ی سەر لەبەیانی لە پاش گەرانەوەی لە مزگەوت بە شێوەیەکی راستەو خۆ لە رادیۆی میسری قورئان دەخوێنێت تەنانەت باس لەوش دەکرێت لەو ماوەیەدا زۆرترین رێژەی رادیۆ فرۆشراوە ،وە ئەوماڵانەشی کە دەست کورت بوون گوێیان لە رادیۆی ماڵە دراوسێکانیان دەگرت ،هەر ئەمەش وایکرد کە زیاتر بە جیهانی ئیسلامی بناسێنرێت. 

(عبد الباسط ) لە تەمەنی 19 ساڵیدا کچە مامی خۆی دەهێنێت و خوای گورە 2 کچی پێدەبەخشێت لە سەرەتاداو پاشان بۆ نیشتەجێ بوون لەساڵی 1952 رودەکاتە قاهیرەو لە وێیش خوای گەورە 4 کوری پێ دەبەخشێت بە ناوەکانی( جەمال وخالید ومحمد وتاریق)،محمد هەموو قورئانی لەبەرەو 3 براکەی تریشی زۆربەی قورئانیان لە بەرەو تاریقیان زۆر دەنگی ئەچێتەوە سەر باوکی. 

هەر لە ساڵی 1952 لەگەڵ ئەوەی کە قورئان خوێنی رادیۆی میسر ئەبێت لە مزگەوتی ئیمامی شافیعی دادەمەزرێت وەکو قورئان خوێن هەتا ساڵی 1981 پاشان دەگوێزرێتەوە بۆ مزگەوتی ئیمامی حسەین بەڵام ئەمە وای نەکردبوو کە (عبد الباسط ) تانها پەیوەستی تانها 2 مزگەوت بکات بەڵکو بۆ هەموو ئەو مزگوەتانە ئەچوو کە بانگێشت بکرایە یاخوود ئاهەنگی ئاینیان تێدا ئەنجام بدرایە، لە دوای ئەو ناوبانگەی کە لە ساڵی 1952 دا پەیدای کرد دەستی کرد بە گەشتکردن بۆ ووڵاتانی کە، یەکەم ووڵاتیشی بۆ سعودیە بوو لە گەڵ باوکیدا بۆ بە جێگەیاندنی فەریزەی حەج ،بۆیە سعودیەکان ئەم سەردانەی (عبد الباسط )یان بە هەل زانی بۆیە داوایان لێی کرد کە دەنگی تۆمار بکەن ئەویش بە خۆشحاڵیەوە رازی بوو وچەند کاسێتێکی بۆ تۆمار کردن،بەناوبانگترینیان ئەوەی مزگەوتی حەرام بوو کە لە مەککەی پیرۆز و ئەویتریشیان لە مزگەوتی پێغەمبەر(د.خ)لە مەدینە بوولەبەر گرنگیان ناونران بە( صوت المكه)(دەنگی مەککە). 

وە لە گەشتێکی تریدا کە لەگەڵ قورئان خوێنی بەناوبانگ(محمد صديق المنشاوي) لە ساڵی 1955 سەردانی ووڵاتی ئەندەنوسیا دەکەن و لە مزگەوتی گەورەی جاکارتا شەوێک زیندوو ئەکەنەوە کە مووسڵمانان بە لێشاو روو لە مزگەوت ئەکەن و تەنانەت جێگا نامێنێت لە ژورەوە ناچار دەبن بە درێژای 1 کم بە چوار دەوری مزگەوتەکەدا کۆببنەوە ئەمە لە کاتێکدا کە بەس گۆڕەپانی مزگەوتەکە جێگای 250،000 کەسەو ئەویش پڕ دەبێت وە خەڵکیش بە ئەدەبێکی زۆر جوانەوە گوێ بۆدەنگی ئەم دوو پیاوە بەڕێزە ڕادەگرن هەتاکو بەرە بەیان،ئە ووڵاتانەی کە ( عبد الباسط ) سەردانی کردوون زۆرن بە نمونە( فەڕەنسا وپاکستان و باشوری ئەفریقیاو هیندستان وسوریا وفەڵەستین ولوبنان و کوەیت و عێراق )بەڵام گرنگترینیان لای ( عبد الباسط ) گەشتەکەی (ئۆگەندا) بوو کە هەر وەکو خۆی دەڵێت لە گەشتێکی زۆر ماوە کورت دا لە ئۆگەندا تەنیا لە دوو کۆڕدا خوای گەورە بە بۆنەی دەنگی منەوە هیدایەتی 92 کەسی دا کە لە کۆڕی یەکەمی دا 72 کەس موسڵمان بوون ولە کۆڕی دووەمیشی دا ئەوانی تر سوپاس بۆ خوا ئەمە سەروەتێکی زۆر گەورەیەو ڕێزێکی زۆرە کە خوای گەورە لێی ناوم، وە هەروەها گەشتێکی گرنگی تریشی بۆ (ئەمریکا) بوو کە لە ماوەی ئەو گەشتەیدا سەردانی 14 وویلایەتی کردبوو کە مەڵبەندی ئیسلامیان لێبووە ئەنجامی ئەم سەردانەشی موسڵمان بوونی 6 کەس بوو لە وویلایەتی (لۆس ئەنجلس) ئەمەش سەرە ڕای ئەوەی کە موسڵمانیکی زۆر کۆ ببونەوەو بە هێمنی فرمێسکیان لە گەڵ دەنگی زوڵاڵی عبد الباسط دەڕێژا، وە هەر وەها لە گرنگترین تۆمارەکانیشی لە کاتی ئەم گەشتانەیدا لە لوبنانە کە هەموو قورئانی پیرۆزی تۆمار کردوە بە شێوەی تەرتیل کە تا ئێستاش لە جیهانی ئیسلامیدا بڵاوە هەروەها 1951 یش لە عێراق هەرسێ سورەتی(تکویر،فجر،حشر )ی تۆمار کردوە کە هەتا ئێساتش جێگای بایەخی جیهانی ئیسلامیە. 

وە لە هەمووشیان گرنگتر بۆ ئێمەی کورد گەشتەکەی پاکستانیەتی کە تیایدا سەلمێنراوە کە ئێمەی کورد لە صلاح الديني باپیرە گەورەمانەوەو وە پێشتر و هەتاکو ئێستاش قورئانمان بە پیرۆز ڕاگرتوەو شانازیشمان بە ئیسلامەوە کردوە گەرچی کەسانی نەزان و بە کرێگیراوانی کوفر پلان دەگێرن بۆ لەکە دار کردنی کورد لە بەردەم جیهانی ئیسلامیدا بەڵام سوپاس بۆ خوا کە جگە لە سەر شۆڕی شتێکی کەیان بۆ نامێنێتەوە جا فەرموون با لە گرنگی گەشتەکەی عبد الباسط تێبگەین بۆ چی بە لای ئێمەوە گرنگی خۆی هەیە؟ 

ئەگەر لێرەدا بێینە سەر وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوە ئایا ڕاستە کە (عبد الباسط عبد الصمد) کوردە؟..! 

ماویەتی تکایە چاوەڕوانی بەشی دووەمی بن ،،،،   لە گەڵ رێزی ساڕێژ گەرمیانی.

 1734

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram