سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  نازانم چۆن داوای لێبووردن بكەم..!
گۆڕینی فۆنت





(من هەندێك جار هەست بە گوناه دەكەم، كاتێك دڵی هاوڕێیەكم دەشكێنم، بەڵام نازانم چۆن داوای لێبووردن بكەم، لە هەمان كاتدا زۆر لە دڵم گرانە لێبوردنی یەكێكی تر قبوڵ بكەم؟)
- لێبوردن، وشەیەكی ناسكە. هەروەك مارك كۆین دەڵێت “لێبوردن ئەو بۆنە خۆشەیە كە لە گوڵە وەنەوشە دەردەچێت، هەرچەندە بای بەهێز و توندیش هەبێت”. لێبوردن پێچەوانەی رق و كینەیە، دەرەنجامی هەستكردنە بە هەڵەو گوناه بەرامبەر كەسی بەرامبەر، پردی بە یەك بەستنەوەی دڵەكانە دوای تۆران و لەیەكدابڕان، گرنگترین هەنگاویش لە لێبوردن لە بیركردنی رابردووە، راستە لێبوردن رابردوو ناگوڕێت، بەڵام بە دڵنییایەوە داهاتوو دەگۆڕێت! ئەگەر ویستت تۆڵە لە دوژمنەكەت بكەیتەوە، لێی ببوورە! ئەگەر ویستت خۆشەویستەكەت بۆت بگەڕێتەوە لێ ببوورە، لێبووردن مانای لە بیركردنەوەی رابردوو و دانانی ستراتیژی نوێیە بۆ داهاتوو، لێبووردن‌و خۆشەویستی دوو وشەی هاوتای یەكترن. ئەوەی ناتوانێت ببوورێت، ناتوانێت كەسی خۆش بوێت، پێچەوانەكەشی هەر راستە. تۆ كاتێك دەتەوێت لە بەرامبەرەكەت ببووریت، وا هەست مەكە لە لاوازییەوە ئەم كارە ئەنجام دەدەیت، بەڵكو ئەوەیە تۆ راست و هەڵە لەیەكتر جیادەكەیتەوە، ئەمەش رێز و پلە و پایەت زیاد ئەكات. ئەوانەی نازانن یان ناتوانن داوای لێبوردن بكەن، كەسایەتی لاوازیان هەیە، چونكە پێیانوایە ئەوان هیچ هەڵە ناكەن و لەوە بەرزترن داوای لێبووردن لە كەسانیتر بكەن، یانیش كەسانێكن، هێشتا دركیان بەو بەروبوومە بەتامەی لێبووردن نەكردووە. هەر كاتێك لێبووردن نەبوو، رق‌و كین یان تۆڵە جێگای دەگرنەوە، ئەو كۆمەڵگەیەش لێبووردن نەكاتە كولتور، كۆمەڵگایەكی نەخۆشەو هەموو كات لە لێواری مەرگدایە، لێبووردن پرۆسەیەكی سەخت و ئەستەم نییە، بەڵام تەنها پێویستی بە جولاندنی لێوەكان نییە، بەڵكو پێویستی بە راستگۆیی دڵەكان هەیە! چونكە لە دوای لێبووردن خۆشەویستی دەست پێدەكاتەوە، ئەوەی دەڵێت دەبوورم بەڵام لەبیر ناكەم، ئەوە كەسێكە هێشتا نازانێت لێبووردن چییە! زۆرجاران ئێمە ترسی ئەوەمان هەیە لەدوای لێبووردن بەرامبەركەمان قبوڵی نەكات، یان لەمەش زیاتر بە قسەی رەق وەڵاممان بداتەوە، لە راستیشدا ئەمە هەندێكجار روودەدات، بەڵام زۆرجاران بەرامبەرەكەمان چاوەڕێی لێبوردنمان لێدەكات و ئێمەش فەرامۆشی دەكەین. كاتێك بەرامبەرەكەت چاوەڕێی لێبوردنت لێدەكات، مانای وایە هێشتا خۆشی دەویێت و دەیەوێت بەم هەڵوێستەت برینەكەی سارێژ بكەیت، بەڵام ئەگەر لەبەرامبەر لێبوردنەكەی تۆ، ئەو قبوڵی نەكرد، یان ئەم هەلەی قۆزتەوە بۆ ئەوەی قسەی ناڕێكت پێ بڵێت، ئەوا كەسێكە شایستەی لێبووردن نییە، هەرچەندە تۆ ئەوەی لەسەرت پێویست بوو كردت، بەم پێیەش خۆت لە گرێی هەست بە تاوان و دڵڕەنجاندنی بەرامبەر رزگار كرد، هەندێكجار وا روودەدات دوو كەس لە یەكتر تووڕە دەبن و هەرەیەكەیان خۆی لەسەر هەق و ئەویتر بە ناهەق دادەنێت، بۆیە هیچیان ئامادەنین داوای لێبووردن لە ئەویتر بكەن، (بەم پێیەش داوای لێبووردن مانای ئەوەیە من هەڵەم)، ئەمەش هەڵەیەكی ترە لەو هەڵانەی ئێمە رۆژانە دووچاریان دەبینەوە. دەبێت ئێمە بزانین، كە داوای لێبووردن هەموو كات مانای هەڵەكردن ناگەیەنێت، بەڵكو داوای لێبووردن مانای وایە تۆ ئامادەی لە شوێنی كردەوەیەك یان هەر رەفتارێكدا‌و لەهەر كەسێكدا رووبدات، خۆشەویستی بڕوێنێت. زۆرجاران ئێمە داوی لێبووردن لە كەسی بەرامبەر دەكەین، لە كاتێكدا هەڵەی بەرامبەرمان كردووە! ئێمە بۆچی ئەمە دەكەین؟ ئەم لێبووردنە بۆ ئەوەیە كە ئێمە دڵگرانین بەوەی ئەومان خستۆتە هەڵوێستێكی شەرمەزارانەو وامان لێكردووە داوای لێبووردنمان لێبكات! واتە داوای لێبووردن دەكەین، كە وامان كردووە ئەو داوای لێبووردن بكات! كەواتە داوای لێبووردن بكە، تەنانەت ئەگەر تۆش لەسەر هەق بوویت، لە هەمان كاتدا دەتوانیت لەگەڵ داوای لێبووردنت، نەرمە گلەییەك لە بەرامبەرەكەت بكەیت، كەوا ئەو بە رەفتارەكەی هەستی تۆی بریندار كردووە، لە هەمان كاتدا رای خۆت بە بەرامبەرەكەت بگەیەنە، كە بۆچی تۆ لەسەر هەقیت، چونكە رەنگە تۆش رەفتارێكت بەرامبەر ئەو كردبێت و هەستی ئەوت بریندار كردبێت، لە هەموو بارێكدا دەبێت هەردووكتان ئەو راستیە بزانن كە بۆ ئەوە گلەیی دەكەن و بۆ ئەوە داوای لێبووردن لەیەكتری دەكەن، كە یەكترتان خۆش دەوێت. بۆیە من ئامۆژگاریم بۆ تۆ ئەوەیە كە تۆ بە لێبووردن بەرز دەبیتەوە، چ وەك داوای لێبووردن یان قبوڵكردنی لێبووردن

د. ڕێدار محمد امین
پسپۆری نه‌خۆشیه‌ ده‌‌روونییه‌کان

 1713

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram