سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  پەپولەکەى دەوری قورئان..!
گۆڕینی فۆنت



(( چیرۆکێکى نێو ڕابونی ئیسلامی **  پەپولەکەى دەوری قورئان ** ))

نووسینی : ئەمین خۆشناو

کاک ڕزگار لە ساڵى نەوتەکان ... شەوانە لە دواى نوێژى مەغریب لە مزگەوتە خنجیلانەکەى گەرەک ئەماوە بۆ ووتنەوەى وانەکانى قورئانى پیرۆز و ئادەبە ئیسلامیەکان بە گەنجەکانى گەڕەک .. کاک ڕزگار پاش هەموو مەغریبێک گەنجێکى تەمەن پانزە سالى ..شێوە پەپولە سەرنجی ڕائەکێشا لە دوورى بازنەى قورئان خوێندنى ئەوان دائەنیشت و قورئانێکى بچکۆڵانەى بە دەست ئەگرت بۆ خوێندنەوە ... لە ڕاستیدا ئەو قوڕئانى نەدەخوێند بەڵکو واى نیشان ئەدا کە ئەویش خەریکى قورئان خوێندنە.. بەڵکو ئەو لە ژێرەوە بە چاوەکانى سەیرى ئەوانى دەکرد چونکە جار جار سەیرى خۆى بەرز ئەکردەوە هەوڵى ئەوەى ئەدا بزانێ ئەوان چى ئەکەین ... زۆر جاریش گوێچکەکانى خۆى شل ئەکرد تامەزرؤى ئەوە بوو لە قسەکانى ئەوان حالى بێت ... 
مامۆستا ڕزگاریش هەر جارێک سەیرێکى بکردایە ... کورژگەکە خۆى دەگەراندەوە سەر قوڕئان خوێندنەکەى وەک بڵى هیچ نەکردبێ... دانشتنى ئەم گەنجە شەرمناویە هەمو ڕۆژێک دووبارە دەبۆیەوە ... دواى نوێژى عیشاش چاوەکانى خۆى دەخستە سەر هەموو قوتابیەکان تا هەموبان پەرتەیان لێ ئەکرد... مامۆستاڕزگار ڕۆژێک بڕیارى دا قسە لە گەل ئەم لاوە بکات و دواى نوێژى عیشا خۆى لێ نزیک کردەوە پێى فەرموو :
من مامۆستا ڕزگار ... مامۆستاى ئەم قوتابیانەم لەم مزگەوتە..
گەنجەکە زۆر بە خێراى و بە خەندیەکى فراوانەوە ... منیش ناوم بەختیارە .. 
مامۆستا ڕزگار/ لە پۆڵى چەند دەخوێنیت...
بەختیار/ لە پۆلى سێیەم ..زۆر حەزیش لە قورئان ئەکەم ..
مامۆستا ڕزگار سەرسام بوو ئەم دێرەى دوایى بۆ چى ؟؟!! چ پەیوەندی بە پرسیارەکەى منەوە هەیە؟؟!!
بەڵام بە سەر خۆى نەهێناو ... بە ئاسایى وەرى گرت ... باش کاک بەختیار گەر تۆ پاش نوێژى مەغریبان کاتت هەیە ..هەموومان حەز ئەکەین تۆش بەشدارى خوێندنى قورئان بکەیت 
بەختیار: بەڕاستە مامۆستا !! منیش قبول دەکەن قوڕئانتان لە گەڵ بخوێنم 
مامۆستا ڕزگار: بە دڵنایی یەوە خۆشحال دەبین 
بەختیار: باش إن شاء الله من لە بەیانیەوە لە گەڵ ئێوە دەبم 
مامۆستا ڕزگار ئەو شەو خەو نەبوە میوانى چاوەکانى ... خەیالى هەر لاى ئەم گەنجە سەیرە بوو ... دەبێ چ چیرۆکێکى هەبێت ؟؟ زۆر خۆى هەڕگێڕ و وەرگێر کرد لە ناو جێگاکەى وەڵامێکى واى دەست نەکەوت تا هیلاک بوو ووتى یالله کیشە چى یە إن شاء الله ڕۆژگار بۆم ڕوون دەکاتەوە ئەم لاوە چى لە بن سەر دایە ... 
ڕۆژگار هات و ڕۆیشت کاکە بەختیار بوو بە پەپولەیکى ترى مزگەوتى گەڕەک .. بەڵام چ پەپولەیەک چوست و چالاک لە خوێندنەوەی قورئان و تەنانەت لە لەبەر کردنیش ... هەموو پەپولەکانى تر کاک بەختیاریان خۆش ئەویست ... کاک بەختیاریش بەردەوام وەک پەپولە دەورى چراکەى قورئانى بەر نەئەدا ... بەردەوامیش لە نوێژەکان لە ڕیزی یەکەم بوو ... ئەم لاوە جوانە هیچ عەیبێکى نەبوو ... یەک عەیب نەبێت زۆر جار دالغەى قوڵى لێ ئەدا ... بیرو هۆشى بۆ شوێنێکى دوور ئەڕۆیشت .. هەمویان هەستیان ئەکرد بەختیار بەس لاشەى لە ناو هاوڕێ کانى ماوە ڕۆحە جوانەکەشى بۆ جێهانێکى تر ڕۆیشتوە لە ئاسۆیەکى تر ئەفرێت ... مامۆستا ڕزگار جار بە جار بە ئاگاى دەهێناوە ... لاشە و ڕۆحەکەى بە یەکەوە کۆئەکردەوە ... کاک بەختیاریش داواى لێ بوردنى ئەکرد و هەندێ عوزر و قسەیى ئەهێنایەوە نەک ئەوان بەڵکو خۆشى باوەڕى پێ نەئەکرد ... 
مامۆستا ڕزگار بڕیارى دا .. کە بزانێت کاک بەختیار چ کێشەیەکى هەیە ... بونى گەشتێکى مزگەوتى بە هەڵێکى زێرین زانى کە دەبێ نهێنیەکانى کاک بەختیار بزانێت ... بۆ گەشت ڕویان لەم دەشت و دەرەى ناو سەوزایى و دار و درختە رەنگینەکانى دەرەوەى شار کرد و بە دەم خویندنەوەى دوعایى سەفرە کردن گەێشتنە سەر ئاوێکى سازگار ... دەنگى هاوش و هوشى ئاوەکەوە و جریوە جریوى بالندەکان تابلۆیەکى سورشتى بێ وێنەیان بۆ ئەو پەپولە جوانانە دروست کردبوو ... مامۆستا ڕزگار کاتێکى زۆر باشى دەست کەوت کە بەختیارى دیت لە دوورى هاوڕێیەکانى لە سەر بەردێک دانیشتوە ... لیچکە داریکى بە دەستەوەیە یارى بە زەویەى بەردەمى خۆى ئەکات ... مامۆستا ڕزگارى لێ نزیک کەوتەوە لە تەنشتى دانیشت و ووتى 
سلام علیکم ... کوە بە تەنیا دانشتوى 
کاک بەختیار/ و الله هەر ئاوا .سەریشى نزمە و تەماشاى زەویەکە ئەکات ..
مامۆستا رزگار ... بەختیار گیان ... شتێک لە ناو دڵت هەیە حەز ئەکەیت بۆ کەسێکى باس بکەیت ...
بەختیار: هەناسەیەکى قوڵى هەڵکێشا و سەیریک مامۆستاکەى کرد و ... خەریک بوو قسەیەک بکات ... بەڵام گەرایەوە بۆ شێوەى جارانى و بێ دەنگیەک باڵى خۆى بە سەر هەردووکیان کێشا... بۆ چەند چرکەیەک ... تا ئەو کاتەى قوڵپەى گریان وەک سوکە گرکانێک لە قوڕگى بەختیار هاتە دەرو سەیرێکى مامۆستاکەى کرد و چاوى بو بو بە گۆمێک لە فرمێسکى سور ... هێواش هێواش ...دەنگی گریانەکەى زیادى ئەکرد و هەناسەکانى قورس تر ئەبون ... م / ڕزگار هیچ قسەیەکى نەکرد حەزى کرد گڕى گریانەکانى بەختیار دابمرکێتەوە خۆى قسە بکات ... چەند ساتێک تابلۆى گریانى پەپولە بەردەوام بوو تا بە هەناسە بڕکێوە رووى لە مامۆستاکەى کرد ... مامۆستا من ئێوەم خۆش ئەوێت ... قورئانم خۆش ئەوێت ... پیاو چاکى وەک ئێوەم خۆش ئەوێت .... بەڵام باوکم ... ئاه باوکم ....
مامۆستا ڕزگار: باوکت؟؟ بۆ باوکت چى یەتى ؟؟!!
بەختیار: بەردەوام پێم دەڵى واز لە ئێوە بێنم ... ئەو ڕقى لە ئێوەیە ... دەڵى دەبێ منیش ڕقم لە ئێوە بێتەوە ... شەور ڕۆژ درۆ قسەى ناشیرین لە سەر ئێوە هەڵدەبەستێ ... کە هیچي وا نى یە .. من لەو ڕۆژەى هاتومەتە دەرسى قورئان خویندنەوە ... تەنها ڕوناکیم لە ئێوە دیوە قسەکانتان نورە !! تەنانەت کە بێ دەنگیشن هەر نورتان لێ ئەبارێت ... بیرت دێ مامۆستا ئەو کاتانەى من لە دورى ئێوە دائەنیشتم ؟؟؟ ئەزانى خەیالى چیم ئەکرد... خەیالى ئەوەم ئەکرد ئاخۆ چ ڕۆژێک دێت منیش لە گەڵ ئێوە دائەنیشم بە دیار قورئانەوە؟؟!! کەى منیش وەک ئیوە نورانى ئەبم ... بیرت دێ مامۆستا ئەو کاتەى هاتى ووتت وەرە بەشدارى ئیمە بکە ؟؟؟ من دەمێک بوو چاوەڕوانى ئەو قسەى جەنابتم ئەکرد ... بەردەوام لە خەیالى ئەوە دابوم ... کەى ئەم مامۆستایە بێت و ڕۆحى منیش بگرێت و لە گەل باقى ڕۆحەکانى تر لە ئاسمانى قورئانا بم فرێنێت لە جیهانێکى پاک و تەمیز پڕ لە خۆشەویستى ... خوا شاهیدە من لە رۆژەوە خەوم کەم بووە لە دەرەوەى مزگەوتیش هەر خەریکى قورئانم قورئان بۆتە بەهارى دڵى من ... منیش نورى ئێوەم وەرگرتوە ... بۆیە باوکم بەم حالەى منى زانیوە ئێستا وا خەیال دەکا منیش کەوتومەتە چالى توندڕەوە ئیسلامیەکان ... تا ئەو شەوە ڕەشەى کە وەک باقى شەوەکان باوکم لە چایخانە هاتەوە بۆ نان خواردن ... بە دەم و چاوێکى تاریک هات لە سەر سفرەکە دانیشت و ئێمە بێ دەنگ بوین ... ڕوى لە من کردو هاوارى کرد ... ها بەختیارە فەندی بە گەر ئیسلامی یان کەتى ؟؟؟!! 
ئەم پرسیارەى لەناو هەناومى دا !! زمانم ڵەڵ بوو هیچ قسەیەکم بۆ نەهات ووشەکان سەریان لێ شێواو نەیان توانى وەڵامێک بۆ باوکم بنێرن ...ئەصلا باوکم چاوەڕوانى وەڵامیشى نەکرد ... قۆریە چایەکەى هەڵگرت و بۆ منى هاویشت و بە نیوچاوانم کەوت .. چاوم تاریک بوو دییوار و دەرگاو پەنجەرەم لە یەکتر جیا نەدەکردەوە ... دایکم هات هەڵمبگرێتەوە ... بە سەر دایکیشم هاوارى کردوو ووتى وازى لێ بێنە با خراپ تر بە سەر توو نەهێنم ... خۆم خر کردووە هەلسام بۆ ژورەکەى خۆم بچم ... ئەویش هەر بەردەوامە لە پێ دانى جنێوى بازارى بە من ... لەم ڕۆژەوە ڕۆژ نى یە جارێک لێم نەدات ... لاشەم هەموو شین مۆر بووە بە لێدانەکانى ئەو ... جنێو ... شەق ... شولات ئەوانە بەشى منە لە لایەن باوکم لە بڕى سۆز و خۆشەویستى باوک بۆ ڕۆڵەکەى ... تا واى لێ هات ئەو ڕۆژە پێ ى ووتم هەستە بڕۆ چی تر لە ماڵى من نان نەخۆیت من هەستام برۆم ... قاپێکى تێ گرتم و شولاتێکى لێ دام بە زەوى دادام هیچ قسەم نەکرد .... بەلام لە ناو دڵم دەنگیک هاوارى کرد ... باش باوکە سەبر بگرە ... ڕۆژێک دێت منیش وەک تۆ گەورە ئەبم ... بزانە ئەو کات چیت پێ ئەکەم ... شەرت بێ شولاتى وات لێ بدەمەوە ... شەرت بێ جنیوى لەوە خراپرتت پىێ بدەم ... چیم پێ ئەکەى ئەبێ ئاوات بێ بکەمەوە .... لەو رؤژەوەش ماڵم جێ هێشتوە .... ڕوم لە مال خالۆکانم کردوە وا لەوێ ئەژیم کە بەس قورئان دایک و باوکمە لەم ماڵەى ئەوان ... مامۆستا رزگار ... سەرسام بوو لەو باوەکە نەفامە ... لەم دڵە بێ میهرو سۆزە ... لەم دەرونە کە ئەهیرمەن هیلانەى خۆی تیادا کردوە ... وە سەرسامیش بوو لەم پەپولە نازەنینە کە ئاوا ئارام گرو خۆڕاگربوە لە بەرامبەر ئەم هەموو لێدان و ئیش و ئازارەى بۆى کراوە ... سەرسام بوو لە گۆڕانى پەیوەندی خۆشەویستى کوڕ و باوک بۆ پەیوەندى ڕق و جنێو و شەق هاویشتن ... بەڵام بە سەر خۆى نەهێنا لە بەرامبەر کاک بەختیاري ... بەڵکو فرمێسکەکانى سڕیەوە و ئامۆژگارى کردوو و دوعای بۆ کردو پێ ى ووت هەر چۆنێک بێت ئەوە باوکە دەبێ تۆ چاکە کار بیت لە گەڵیدا إن شاء الله خواى گەورەش هیدایەتى ئەدات ... منیش پەیمان ئەدەم کە سەردانى باوکی بکەم و قسەى لە گەڵ بکەم .... 
چەند ڕۆژێک تێ پەرى کرد مامۆستا ڕزگار بیرى ئەکردەوە چۆن سەردانى باوکى بەختیار بکات ... داواى لێ بکات واز لە ئەزیەت دانی ئەو پەپولەیە بهێنێ ..لە دڵى خۆى ئەیوت من بە سیفەتى چى بچم ؟! وە چى بڵێم ؟! وە چۆن حالى بکەم کە ئێمە تەنها قورئان خویندنمان لە گەڵ کوڕەکەى هەیە ... لە کۆتایدا بڕیاری دا بچێتە ماڵى جا چى دەبێت با ببێت و ڕوو بە ڕوو ئەو باوکە دڕندەیە ببێتەوە... ڕۆژێک دواى عەصر ڕووى لە ماڵى بەختیار کردوو ... بە دەست لەرزینەوە لە دەرگاکەى دا ... سبحان الله کێ دەرگاى کردوە ... باوکە کە بوو ... ڕوێکى گڕژ و عەبوس و دەم چاوێکى پڕ لە لۆچی توڕەیی ... مامۆستا ڕزگار بە خەندەیەکى جوانەوە ویستى سڵاو بکات ... بەڵام باوکى یەکسەر یەخەى گرت و پێى ووت ئەتوو ئیسلامیە توندڕەوەکە ؟! کە دەرس بە بەختیارى کوڕم دەڵیت ؟؟!! 
مامۆستا ڕزگار : ب ه ڵ ی
باوکى بەختیار : چ شتى ناو دەمى هەبوو لە تف و بەلغ و هەمووى کۆ کردەوە خخخخکککککککک تففففففففف لێت ... شەرت بێ جارێکی تر بە لاى بەختیارى کوڕم دابڕۆیت قاچەکانت ئەشکێنم... پاڵێکى نا بە مامۆستا رزگار و دەرگاکەى بە ڕووى داخست ... مامۆستا ڕزگاریش گەڕایەوە لە ڕێگادا خۆى دڵى خۆى ئەدایەوە ئەیوەت قەی چى یە تف و بەلغی پیا کردم ... خۆ من لە پیغەمبەرەکەم نازدار تر نیم کە قورەیشەیکان پیساى و جنوی و قسەى ناشیرنیان پیا ئەکرد .... .
ڕۆژ هات و ڕۆیشت مانگ دواى مانگ کەس بەختیارى نەدیتوە .. چونکە پاش ئەوەى بەختیار گەڕایەوە ماڵەوە باوکی بە یەکجارى چونە مزگەوتى لێ قەدەغە کرد تەنانەت بۆ نوێژەکانیشى ... وە بڕیارى دا هەرگیزا و هەرگیز چاوی بە باقى پەپولەکانى مزگەوت نەکەوێت ... تا واى لێ هات پەپولەکانى تریش لە بەر جەنجاڵى ژیان کاکە بەختیاریان لە بیر کرد ....

چەند ساڵێک تێ پەڕى ... شەوێک دواى نوێژى عیشا مامۆستا ڕزگارى سەلامی دایەوە لە نوێژى سونەتى دواى عیشا... هەر دواى سەلام دانەوەکە هەستى بە دەستێکى قورس کرد وا لە سەر شانى دایە !! کە سەیرێکى کرد ئەوە هەمان ئەو دەستە یە کە بەر لە چەند ساڵێک یەخەى گرت بوو ... هەمان ئەو دەم چاوە و لۆچاویەیە ... هەمان ئەم دەمیە کە تف و بەلغی پیا کرد بوو ... بەڵام گڕژیەکە گۆڕا بە دەم و چاوێکى خاوى زەلیل ... ئێستا هیمنى لێ ئەبارێت ... ئەو باڵا و زەبەلاحەى جاران گۆراوە بە جەستەیەکى شەکەت و شکا ... و غەمبارى لە هەموو لایەک دەورى باوکی بەختیارى داوە .... مامۆستا ڕزگار یەکسەر هەستاوە سەر پێ یەکانى و دەستى گرت تەوقەیکى توند و گەرمى لە گەل کردو فەرموو سلام علیکم ... باشى مامە گیان .... دەستى یەکتریان گرت و بۆ لایەکى مزگەوت ڕۆیشتن و بە یەکەوە دانیشتن .... سبحان الله باوکی بەختیار ئەو کەرتە شاخە ڕۆژگار چى لێ کردوە .... ئەو دەریایە کە پڕ بوو لە توڕەى و جنێو دان بۆتە ئاوێکى مەنگ و لە سەر خۆ هێواش هێواش دەنگی شەکەتى و ماندوو بونى لێ ئەچۆڕێتەوە ...
مامۆستا ڕزگار چاوەڕى ئەوە ئەکات بزانى مامە پیرە قسە بکات و پێى بڵى چی قەوماوە ؟؟!! بۆیە زۆر خۆى پێ نەگیرا و فەرمووى بەڵى مامە گیان خزمەتت بکەم ...
باوکی بەختیار بە لێو لەرزینەوە .... دەمی کردەوە ووتى : بەختیار .... ئەم ناوە وەک خەنجەرێک وا بوو کە ئەم پیاوە پیرە لە سینگى خۆى ئەدا .... وە بەردەوام بوو لە قسە کردن .... بەختیار ئێستا بەختیارێکى ترە ... ئیستا ئەو کوڕە ئارامەى جاران نەماوە ... ئیستا ئەو کورە گوێڕایەلى پێشتر نەماوە ... پاش ئەوەى من لە ئێوەم دوور خستەوە ... کۆمەڵە برادەرێکى ترى لە گەڕەک بۆ خۆى پەیدا کردوو ... .

چونکە بەختیار کەسیێکى کۆمەڵایەتى یە و حەز لە تێکەلاوى خەلک ئەکات ... لەو رؤژەوە زۆر کەم دیتە ماڵەوە هەر خەریکى ڕابواردنە لە گەل ئەو برادەرانەى .... زۆرم لە گەلى کرد هیچ سودی نەبوو ..... جەستەى لە لێدان ڕاهاتوو ... جنێو هیچ کاریگەریەکى واى نەماوە لە سەرى بە لایەوە ئاسایە .... ئێستاش گەورە بووە .... خەرکى جگەرە کێشان و مەشروب خواردنیش بووە .... قسەکانى زۆر ڕەقن .... پێشتر بە باوکە گیان بانگی ئەکردم ئێستا هەر بە باوکەش بانگم ناکات ... قوتابخانەشی واز لێ هێناوە .... ئەو کاتە ماڵەوە لە خۆشى دان کە ئەو لە ماڵ نابێت بەردەوام توڕەیى و غەزەبى لێ ئەبارێت .... باوکى بەختیار قوڵپەى گریانى هات و بە دەم لەرزینەوە ووتى گەیشتۆتە ئەو ئاستەى لە براکانى و و خوشکەکانى ئەدا .... تا واى لێهاتوە ئێستا دەست لە منیش بەرز ئەکاتەوە شەق لە منیش ئەوەشێنىێ .... 
..ئێستا بەختیارە شەرمنەکەى جاران نەماوە .... ئێستا بەختیارێکى ڕوو قایم ... بەختیارە هێمن و ئارامەکەى جاران نەماوە ئێستا بەختیارێکى لاسار و بە هات و هاوار... بەختیارى خاوەن ڕەوشت وبۆتە بەختیارى بێ ئەدەب و دەم پڕ جنیو ...ئێستا رۆژ نى یە شەقێک یا شولاتێکم تیا هەڵنەدات ...
ئینجا فرمێسکەکانى سڕى و ڕووى کردە مامۆستا ڕزگار .... تخوا ڕۆڵە وەرن سەردانی بەختیار بکەن ... ئامۆژگارى بکەن دیسان فێرى قورئان و ئادابی ئیسلامی بکەنەوە ... لە گەڵ خۆتان بۆ سەفرەکانى خۆتانی بەرن ... من هیچ ڕێگرى ناکەم .... ئەگەر حەز ئەکەن دەرگاى ماڵم واڵایە وەرن لە جیاتى مزگەوت لە ماڵى من دەرسى قورئان بخوێنن ...
مامۆستا رزگار ویستى پێ بڵێت ئەمە بەرو بومى خۆتە چى بچینیت ئەوە ئەدوریتەوە ... بەلام قسەکەى قوت دایەوە پێى فەرموو إن شاء الله وا ئەکەین و هەولێکى تر لە گەل کاکە بەختیار ئەدەین ئەو پەپولەى بۆ چراکەى قورئان دەگەڕێنینەوە

 1018

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram