سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ئافرەتانی کورد بۆ لە فرەژنی دەترسن.؟!
گۆڕینی فۆنت


باوکی ئه‌سمائـ 

بەردەوام ئەم باسە ووروژێندراوە لەلایەن چەندین ڕێکخراوی ئافرەتان و ڕاگەیاندنەکانەوە ، تاوەکو هەرچۆنێك بێت هەوڵی ڕێ لێگرتنی بدرێت و ، کاتێکیش داوای بەدیل لەو پارت و ڕێکخراوانە دەکرێت ، هەندێکیان هیچی پێ نیەو، هەندێکی تریان لە ئاستی بەرپرسیاریەتیدا دەڵێت: با مەلهاو باڕ بکرێتەوەو، هەندێکی تر دەڵێن: با عەورەتی دەستکردمان بۆبێت لەدەرەوەی وڵات، دوور لەڕوی بەڕێزتان ، پێی وایە ئەوە دەبێتە چارەسەر، تا کۆتایی لێدوان و باسەکان کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دەبێتە هۆکاری دواکەوتنی پرۆژەی هاوسەرگیری و لەم ڕوەشەوە تەنها ئافرەتان باجی قورس دەدەن!. 
هەرچەندە باسەکەی من لەسەر خاڵێکی دژواری ترە لەو ڕوەوە، کەبۆتە هۆی دڵە ڕاوکێ و ساردبونەوەی ئافرەتان لەپرۆسەی هاوسەرگیری فرەژنی دا، بەشێوەیەك نە ژنی یەکەم بە ئاسانی ڕازی دەبێت ژنی دووەمی بەسەردا بێت ، نە ئافرەتانیش دەوێرن سەر بە هەویە شو بکەن!. 
بەڕای من هۆکاری دواکەوتنی ئەم هاوسەرگیریە ئەگەر چی لایەنی دەسەڵاتدار بەیاسای دەستکرد ، ئەو حوکمە شەرعیەی وەستاندووەو ، زۆرێك لە ڕێکخراوەکانی ژنانیش بەتەواوی ئافرەتانیان ترساندووەو ڕێگریان لێ کردوون و دووریان خستونەتەوە لەو پرۆسەیە!. 
بەڵام بەڕای من گەورەترین هۆکارو ترس و دڵە ڕاوکێ کە بۆ ئافرەتان دروست بووە ، پیاوان خۆیانن و زۆرێك لەو پیاوانەی کەوا ژنی دووەمیان هێناوە نەیان توانیوە دادپەروەری لەنێو خێزانەکانیان بچەسپێنن و، مەیلیان نەدابێت بەلایەك و لایەکەی تریشیان نەکردبێتە قوربانی حەزو ئارەزوەکانی خۆیان!. 
بەڕاستی پیاوانی کورد گەر چەند نمونەیەکی سەرکەوتویان پیشانی کۆمەڵگەی کوردی بدایە لە جێ بەجێ کردنی مافەکانی نێوان خێزانەکانیاندا ئەوە ، دەتوانرا ئەو بەربەست و ڕێگریانە بە ئاسانی بشکێنرانایە، بەڵام بەداخەوە ئەو نمونانە بەپەنجەکانی دەستیشمان ناژمێردرێت!. 
کەوابوو پێش ئەوەی پیاو باسی فرەژنی بکات و لەبەر حەزو ئارەزوەکانی بڵێت: سوننەت زیندوو دەکەمەوە، دەبێت ئاگای لەفەڕزەکانی بێت نەیفەوتێنێت بۆ خاتری سوننەتێك، چونکە ئەو پیاوەی کەوا خاوەنی دوو خێزانەو دادپەروەر نەبوبێت لەنێوانیاندا ، ئەوە لەڕۆژی دوایی دا بەشانی خواری، یان بە دوو کەرت کراوی حەشر دەکرێت!. 
دادپەروەریش لایەنی ماددی و مەعنەوی یە بۆ هەردوو خێزان کەوا ، دەبێت چی لەڕوی مانەوەوەو بەدەمەوە چونەوە ، وە چی لەڕوی مادی یەوە دەبێت وەك یەك تەماشایان بکات و بمێنێتەوە لایان، ئەگەر چی دڵیشی بەلای یەکێکیاندا زیاتر بڕوات ئەوە ناچێتە ناو نادادگەریەوە، بەو مەرجەی بەشێوەیەك لەشێوەکان لەپێش چاوی کەسیاندا فەزڵی ئەوی تریان نەدا بەسەر ئەوی تردا!. 
چونکە ناکرێت خێزانێك باشتر بێت لەوی تر ، هەردووکیانی وەك یەك خۆش بوێت!. 
کەوابوو پیاو پێش ئەوەی بیر لە خێزانی دووەم بکاتەوە بەهەر هۆیەك لە هۆیەکان، دەبێت بیر لەوە بکاتەوە کە ئایا ئەو دەتوانێت خێزانێك بەڕێوە ببات و دادپەروەربێت لەگەڵیدا، تا بتوانێت مافی دوو خێزان یان زیاتر بدات؟. 
وە ئایا پیاوان بەڕاستی ئەم سوننەتە زیندوو دەکەنەوەو ڕازی دەبن ئافرەتێك بێنن کە بێوژن بێت و خاوەنی منداڵ بێت یان ، تەمەنی گەورە بێت و داواکاری نەبێت؟. 
یان ئەم ووتەیە تەنها بۆ چەواشەکردن و تێرکردنی حەزو ئارەزووەکانی خۆیەتی؟. 

 

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram