مەرجەکانی قوربانی کردن ١- ئەوەی نیەتی قوربانی کردنی هەیە لەسەرەتای مانگی ذي الحجة وە هەتا ئەوکاتەی قوربانیەکەی دەکات نابێت هیچ موو و نینۆکی لەخۆی بکاتەوە ؛ وە ئەم کارە تایبەتە بەسەرۆک خێزان بۆ خێزان و منداڵەکانی دروستە موو و نینۆکیان بکەن .(واتە لە ١ی٨ی٢٠١٩ ەوە) ٢- نیەتی ئەم عیبادەتە لەدڵدایە و دەبێت مەبەست لەقوربانیەکە تەنها رەزامەندی خوای گەورە بێت ؛ تەنها لەکاتی سەربرینی ئاژەڵەکەدا دەڵێی ( بسم الله - الله أکبر - اللهم تقبل منی هذا منك ولك ) . ٣- ئەو ئاژەڵەی قوربانی پێ دەکرێت بریتیە لە ( وشتر - مانگا - مەڕ - بزن ) . وشتر دەبێت ( پێنج ) ساڵی تەواو کردبێت وە مانگا دەبێت ( دوو ) ساڵی تەواو کردبێت وە بزن دەبێت ( یەک ) ساڵی تەواو کردبێت وە مەڕ دەبێت ( شەش ) مانگی تەواو کردبێت . ٤- ئەم ئاژەڵە نابێت ( شەل ) بێت وە نابێت ( کوێر ) بێت وە نابێت ( نەخۆش ) بێت وە نابێت ( پیرو لاواز ) بێت . ٥- کاتی سەربڕینی قوربانی لەدوای نوێژی جەژنەوە دەست پێ دەکات هەتا کاتی خۆرئاوابونی چوارەمین رۆژی جەژن ( بەشە و رۆژی ئەم چوار رۆژ و شەوە ) دروستە بەڵام بەرۆژ باشترە . چەند تێبینیەک : ١. مەڕێک یان بزنێک بۆ سەرۆک خێزان و ماڵ و منداڵەکەی دەبێت وە وشتر یان مانگا بۆ حەوت سەرۆک خێزان و ماڵ و منداڵەکانیان دەبێت . ٢. دروستە گۆشتی قوربانیەکە بکەی بەسێ بەش لەم سێ بەشە بەشێکی بۆخۆت و ماڵ و منداڵت هەڵی بگری و بیخۆی وە بەشێکی بکەی بەدیاری بۆ خزم و دۆستەکانت کە ئەم دیاریە کەسانی دەوڵەمەندیش دەگرێتەوەو دروستە وە بەشی تریان بدەیت بە هەژاران . ٣. دروست نیە هیچ لەقوربانیەکە بدرێت بە قەصاب بەرامبەر بە ئەجری سەربرینی ئاژەڵەکە بەڵکو دەبێت پارەی بەجیا پێ بدرێت بەڵام دروستە گۆشتی ئاژەڵەکە وەکو خێر یان دیاری پێی بدرێت . ٤. قوربانی بەتایبەت بۆ مردوو ناکرێت ئەگەر وەسیەتی نەکردبێت چونکە بەڵگەی لەبارەوە نەهاتووە . ٥. ئەو کەسەی بووەتە وەکیلی کەسێکی تر بۆ قوربانی کردن تەنها خاوەن قوربانیەکە نابێت موو نینۆکی لەخۆی بکاتەوە بەڵام بۆ وەکیلەکە دروستە . نوسینی : هەڵگورد مصطفى گەڵاڵەیی