سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ئایا قوربانی خێری زۆرە یان پارەکەی بکرێتە خێر؟
گۆڕینی فۆنت


ئایا قوربانی خێری زۆرە یان پارەکەی بکرێتە خێر؟

ونکردنەوەیەکی شەرعی پێویست..!

(‏پرۆفیسۆر د.خالید محمد صاڵح)

زۆر بەڕێز پرسیاری ئەوە دەکەن کە بۆ جەژنی قوربان قوربانی کردن خێری زیاترە یان بەخشینی پارەکەی بەسەرخەڵکی هەژاردا کە بەهۆی ئەم قەیرانی داراییەوە گوزەرانی خەڵک زۆر تێک چووە.
لەوەڵامدا دەڵێین بۆ جەژنی قوربان هیچ شتێک هێندەی قوربانی کردن وسەربڕینی ئاژەڵێک خێری نیە، ئەگەر چی بەخشینی پارەکە سەد هێندەی نرخی قوربانیەکەیش زیاتر بێت. بەم بەڵگانەی لای خوارەوە.

١- ئەم ئاژەڵ سەربڕینە زیندووکردنەوەی سوننەتەکەی حەزرەتی ئیبراهیمە، وئیبراهیمیش لەو ڕۆژەدا ئاژەڵی سەربڕیوە.

٢- پێغەمبەری خۆیشمان صلى الله هلیه وسلم بەدرێژای دە ساڵ مانەوەی لەمەدینە هەموو ساڵێک قوربانی کردوە، وفەرمانی بەهاوەڵانیشی کردوە قوربانی بکەن، وتەنانەت هەڕەشەی لەو کەسانە کردوە کە پارەیان هەیە وقوربانی ناکەن وفەرموویەتی: ( هەرکەس هەیەتی وقوربانی ناکات، بانوێژیشمان لەگەڵ نەکات). فەرموویشێتی: (هەرکەس پاش نوێژی جەژن قوربانی کرد ئەوە گشت پەرستشەکانی ئەوە ڕۆژەی بەجێ هێناوە ولەسەر سوننەتی باوەڕدارانە). خۆیشمان دەزانین کە خەڵکی مەدینە بەشێوەیەکی گشتی هەژار بوون، بەڵام نەیفەرمووە لەو ڕۆژەدا پارەیان بدەنێ بەڵکو فەرموویەتی قوربانی بکەن ولەگۆشتەکەی بەشیان بدەن.

٣- قوربانی کردن بەلای حەنەفیەکان، وزۆرینەی مالکیەکان، وبۆچۆنێکی مەزهەبی حەنبەلیەکان، وئیبن تەیمیەوە واجبە نەک سوونەت، وهەر کەس نەیکات وەک ئەوە واەیە لەو ڕۆژەدا واجبێکی نەکردبێت، وتاوانبار دەبێت، بەلای زۆرینەی زانایانیشەوە سوننەتێکی موئەکەدەەیە.

٤- خێر کردن هەموو کاتێکی ساڵ دەکرێت وکاتی دیاری کراوی نیە، بەڵام قوربانی تەنها لەو چەند ڕۆژەدا دەکرێت وئەگەر نەکرا، لەدەست دەچێت وقەرەبوویش ناکرێتەوە.

٥- زۆرێک لەپەرستشەکان کات وشوێن وچۆنیەتی کردنیشیان دیاری کراوە ودەبێت بەو شێوازە بێت کە شەرع دایناوە ومرۆڤ مافی گۆڕینی نیە، مەگەر شەرع خۆی بۆ پاساوێک ڕێگەی گۆڕنی بدات، وەکو کەفارەتی سوێند، یان کوشتنی هەڵە، خۆ ئەگەر شەرع ڕێگەی گۆڕینی نەدا ئەوە کەس ناتوانێت بە بۆچوونی خۆی بیگۆڕێت، وشەرعیش ڕێگەی نەداوە مرۆڤ لەبری قوربانی پارە بکات بەخێر، خۆ ئەگەر بکرایە دەبوو شەرع دیاری بکردایە.

٦- ئەم جۆرە قسە وبانگەشانە زۆر کات خەڵکی بێ دین وخوانەناسی لەپشتەوەیە کە چاویان بە دروشمە ئیسلامیەکاندا هەڵنایەت ونازانن لەژێر چ ناوێکدا دژایەتی بکەن، جارێک بەناوی بەزەیی هاتنەوە بە ئاژەڵدا، جارێک بەناوی پیس بوونی ژینگە، جارێک بەناوی دەستگیرۆیی هەژاران، بەڵام ئەمانە هەمووی پاساوی دوور لەڕاستین چونکە هەژارانی کوردستان کوشتەی دەستی ئاغا وکوێخاکانی ئەوانن وهەر ئەوان چارەنووسی ئەم میللەتەیان بەم ڕۆژە گەیاند، وبازرگانی بەخوێنی خەڵکەوە دەکەن. جا ئەوان نەک تەنها بە قوربانی قاڵسن ئەوەتا بۆ حەج وعەمرەیش هەروا دەڵێن ودەڵێن بۆ ئەو پارەیە دەکەنە دەستی عەرەبەوە ونایدەن بە کوردەکە هەژارەکەی خۆمان، بەس ئەگەر بڕۆیت بۆ ئیسرائیل نەمسا وئەڵمانیا وفلبین وتایلاند وجورجیا بۆ ڕابواردن وبەمەلایین دۆلای دزراوی ئەم میللەتە لەوێ بەخەرج بەیت ئەوە ئاساییە چونکە پارەکانی ئەوێ هەمووی دێتەوە گیرفانی هەژارەکانی کوردستان؟!!. بۆیە هەر بۆ کوێرایی چاوی ئەوانە دەبێت موسوڵمانان زیاتر سووربن لەسەر زیندوکردنەوەی ئەو دروشمانە وبەرز ڕاگرتنیان.

٧- خوای گەورە لەهیچ کاتێکدا بەرژەوەندی هەژارانی بیر نەچووە تا ئەوان بیری بخەنەوە وپێمان بڵێن چی لەفەرمانەکەی خوا باشترە، بەڵکو فەرمانی کردووە بەهەر کەس کە قوربانی دەکات کە دەبێت لەسێ بەش بەشێکی تەواوی بۆ هەژاران بڕوات، تائەوانیش لێی بەهرەمەند وسود مەند بن.

٨- ئێمە دەتوانین لەم جەژنەدا کە خەڵکانی بەشخوراوی ئەم میللەتە بە بارودۆخێکی نا هەمواردا تێپەڕدەبن هەوڵ بدەین خەڵک ئاراستە بکەین، کەزیاتر ئاژەڵی بچووکی وەکو مەڕ وبزن بکەنە قوربانی، وەکەمتر ڕەشە ووڵاخ سەربڕن ئەو پارەیەی لەوە زیاد دەبێت بیدەنە هەژاران تا پێداویستیەکانی خۆیانی پێ پڕ بکەنەوە. بەمەیش هەردوو مەبەستەکە دەپێکین، بەڵام ناکرێت بڵێین قوربانی مەکەن وپارە بدەن بەخەلک چونکە ئەوە زیندوکردنەوەی سوننەتەکەی ئیبراهیم لە بەین دەبات.
بۆیە پێویستە موسوڵمانان هۆشیار بن وهەمیشە بەشوێن ڕاستیدا بگەڕێن وبەقسەی خەڵکی نەزان فریو نەخۆن وهەر کەس بتوانێت بۆ ئەم جەژنە ئەو سوونەت ودروشمە گەورەیە زیندو بکاتەوە وقوربانی بکات. والله أعلم.

 1467

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram