● ناسۆر لە ژیانی بانگخوازان ● نزیکە لەوەی ناسۆر ببێتە یەکێک لە دیاردە پەیوەستەکان بە بزاوتی ئسلامییەوە لە کۆن و نوێدا. ئیسلام بانگەشەی یاخی بوونە...یاخی بوون لە سیماکانی ژیانی نەزانی ( الجاھلیە ) بە تێکڕای وێناو چەشنەکانییەوە...یاخی بوونە لە نەریتەکانی نەزانی...یاخی بوونە لە ھزری نەزانی...یاخی بوونە لە پەیڕەو و یاسا نەزانییەکان. ئەمە ئەو تایبەتمەندیەیە کە ئیسلامی پێ دەناسرێت کە بزاوتی ئیسلامی زیاتر ڕووبەڕووی ناسۆر و تەنگانەکان دەکاتەوە، پاشان وای کردووە لە ئیسلامدا واتایەکی تایبەتی بۆ تێگەیشتن لە ناسۆر ھەبێت کە بزاوتە حیزبی و سیاسییەکانی دی بەشدار نین لەم تێگەیشتنە. ناسۆر لە گرنگترین پاڵنەرەکانی بونیاد نان و ھەڵبژاردنە لە ئیسلامدا، ئەشێت بونیادە بیردۆزییەکەی بەھای نەبێت ئەگەر لەگەڵیدا ھۆکارەکانی ئاستەنگ و تاقیکردنەوە بوونیان نەبێت...باشترکردنی مرۆڤ و گێڕانەوەی لە مەترسی لە زۆرێک لە حاڵەتەکاندا وەھا دەخوازێت ڕووبەڕووی ئاستەنگ و ناخۆشی بکرێتەوە تا بەرگری و ھێز بەدەست بھێنێت کە ھێزی بداتێ لە ڕووی نەھامەتییەکاندا بوەستێتەوە. ئیمان...خودی ئیمانیش پێویستی بە ناسۆر ھەیە پەردە لەسەر ئاستی قووڵاییەکەی لابچێت و پانتاییەکەی بزانرێت...ئیمانی بەھێزی داچەقیو ئەوەیە کە لە ساتی تەنگەژەدا خۆ ڕاگر بێت...بەڵام ئیمانی نەزۆکی نەخۆش ھەرزوو ناسۆر دەری دەخات...وەک پەروەردگار فەرموویەتی: (وَمِنَ النَّاسِ مَنْ يَقُولُ آَمَنَّا بِاللَّهِ فَإِذَا أُوذِيَ فِي اللَّهِ جَعَلَ فِتْنَةَ النَّاسِ كَعَذَابِ اللَّهِ وَلَئِنْ جَاءَ نَصْرٌ مِنْ رَبِّكَ لَيَقُولُنَّ إِنَّا كُنَّا مَعَكُمْ أَوَلَيْسَ اللَّهُ بِأَعْلَمَ بِمَا فِي صُدُورِ الْعَالَمِينَ * وَلَيَعْلَمَنَّ اللَّهُ الَّذِينَ آَمَنُوا وَلَيَعْلَمَنَّ الْمُنَافِقِينَ . العنکبوت: ١٠ - ٠١١ لەبەرئەمە...ھەموو بانگەشەیەک پێویستی بە بەڵگەیە...ئیمانیش بانگەشەیەکە پێویستی بە بەڵگەیە...جێگیر بوونیش لە کاتی تەنگەژەدا ڕووکارێکی ئەم ئیمانەیە و بەڵگەی بوون و ڕۆچوونیەتی... (أَحَسِبَ النَّاسُ أَنْ يُتْرَكُوا أَنْ يَقُولُوا آَمَنَّا وَهُمْ لَا يُفْتَنُونَ * وَلَقَدْ فَتَنَّا الَّذِينَ مِنْ قَبْلِهِمْ فَلَيَعْلَمَنَّ اللَّهُ الَّذِينَ صَدَقُوا وَلَيَعْلَمَنَّ الْكَاذِبِينَ . العنکبوت: ٢ - ٣ کەواتە سوننەتی خودا وەھایە کە حەق لە ململانێیەکی بەردەوام بێت لەگەڵ دژەکانی, وە ھەرکاتێکیش نووری حەق پرشنگی دایەوە جاڵجاڵۆکەکانی ناو تاریکی دیار نامێنن...لەگەڵ ھاتنە ژیانی یەکەم بوونەوەر و ناردنی یەکەم پێغەمبەر...لەگەڵ پەیدا بوونی خێر و خراپە...ململانێکە توندە لە نێوانیان...ڕاستییەکیش لەم نێوەندەدا بەردەوام ڕوونتر دەبێتەوە ئەویش ئەوەیە کە: حەق ھەمووکات لە سەرکەوتندایە و ناحەقیش بەردەوام لە خۆکوشتندایە... (وَلَقَدْ سَبَقَتْ كَلِمَتُنَا لِعِبَادِنَا الْمُرْسَلِينَ * إِنَّهُمْ لَهُمُ الْمَنْصُورُونَ * وَإِنَّ جُنْدَنَا لَهُمُ الْغَالِبُونَ. الصافات: ١٧١ - ١٧٣ ئامادەکردنی: باوان بھاءالدین