سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  زنجيرەى وەلامى گومان لەسەر شەرحى فەرموودە.. تاوانى خۆ كوشتن.؟!
گۆڕینی فۆنت


تاوانى خۆ كوشتن.؟!

زنجيرەى وەلامى گومان لەسەر شەرحى فەرموودە.!

* ئایا ئەوەی خۆی بکوژێت بە ھەمیشەیی لە ئاگری جەھەننەمدا دەمێنێتەوە ؟!!
*ئایا تاوانی خۆکوشتن گەورەترە یان خەڵک کوشتن؟!!
*ئایا دروستە نوێژی مردوو لەسەر کەسێکی موسوڵمان بکرێت کە خۆی کوشتووە؟!!
* ئایا دروستە دوعای لێخۆشبوون بۆ کەسێک بکرێت کە خۆی کوشتووە ؟!!

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە ئەم بابەتە بخوێنەرەوە ...

عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ ، عَنِ النَّبِيِّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قَالَ : "مَنْ تَرَدَّى مِنْ جَبَلٍ فَقَتَلَ نَفْسَهُ ، فَهُوَ فِي نَارِ جَهَنَّمَ يَتَرَدَّى فِيهِ خَالِدًا مُخَلَّدًا فِيهَا أَبَدًا ، وَمَنْ تَحَسَّى سُمًّا فَقَتَلَ نَفْسَهُ ، فَسُمُّهُ فِي يَدِهِ يَتَحَسَّاهُ فِي نَارِ جَهَنَّمَ خَالِدًا مُخَلَّدًا فِيهَا أَبَدًا ، وَمَنْ قَتَلَ نَفْسَهُ بِحَدِيدَةٍ ، فَحَدِيدَتُهُ فِي يَدِهِ يَجَأُ بِهَا فِي بَطْنِهِ فِي نَارِ جَهَنَّمَ خَالِدًا مُخَلَّدًا فِيهَا أَبَدًا" (رواه مسلم)

أبو هریرە (ڕەزای خوای لێبێت) دەفەرموێت: پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) فەرمووی: "هەركەسێك لە سەر شاخێك خۆی بەربداتەوە و خۆی پێ بكوژێت، ئەوە لە جەهەننەمدا (بەردەوام) لەسەر شاخێك فڕێدەدرێتە خوارەوە و بە هەمیشەیی و هەتا هەتایە لە ئاگردا دەمێنێتەوە. وە هەركەسێك ژەهر بخواتەوە و خۆی پێ بكوژێت، ئەوە لە جەهەننەمدا بەردەوام ژەهر دەخواتەوە و بە هەمیشەیی و هەتا هەتایە لە ئاگردا دەمێنێتەوە. وە هەركەسێك بە پارچە ئاسنێك خۆی بكوژێت، ئەوە لە جەهەننەمدا بە بەردەوامی پارچە ئاسنەكە لە سكی ڕادەدات و بە هەمیشەیی و هەتا هەتایە لە ئاگردا دەمێنێتەوە"
----------------------------------------------------------
لێكدانەوەی فەرموودەكە:

1- ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە تاوانی خۆكوشتن یەكێكە لە تاوانە هەرە گەورەكان و هەڕەشەی زۆر توندی لەسەرە و خاوەنەكەی شایستەی سزای ئاگری جەهەننەم دەبێت.

2- لەم فەرموودەیەدا باس لە سێ ڕێگەی خۆكوشتن دەكات كە لەو سەردەمەدا بڵاو بوون، بەڵام خۆی لە ڕاستیدا دەتوانرێت ڕێگاكانی تری ئەم سەردەمەش قیاس بكرێنە سەر ئەوانە وەكو (خۆكوشتن بە فیشەك – خۆ سووتاندن - خۆ هەڵواسین – خۆكردن بەژێر ئۆتۆمۆبێل و شەمەندەفەر ....هتد) كە هەموو جۆرەكان دەگرێتەوە و هەموویان تاوانی گەورەن.

3- ئایا ئەوەی خۆی بكوژێت بە هەمیشەیی لە ئاگردا دەمێنێتەوە ؟!
ئەم بابەتە دوو لایەنی تێدایە: ئەهلی سوننە و جەماعە ڕایان وایە كە:

یەكەم: ئەگەر ئەو كەسە خۆكوشتنەكەی بە حەڵاڵ زانیبێت، ئەوە پێی كافر دەبێت، چونكە شتێكی حەڵاڵ كردووە كە خوای گەورە بە حەرامی داناوە، ئەوەشی كافر بێت بە هەمیشەیی لە جەهەننەمدا دەمێنێتەوە.

دووهەم: ئەگەر ئەو كەسە خۆكوشتنی بە حەڵاڵ نەزانیبێت، بەڵكو بەهۆی تێكچوونی دەروونی یاخود بەرگەنەگرتنی بەرامبەر خەم و خەفەت و موصیبەتێك خۆی كوشتبێت، ئەوە دەكەوێتە ژێر ویستی خوای پەروەردگار كە ئایا لێی خۆش بێت یاخود نا، چونكە خوای كەورە دەفەرموێت: " خودا لە تاوانی هاوەڵدانان خۆش نابێت، جگە لەوە دەكرێت لە هەموو تاوانەكانی تر خۆش بێت". بۆیە ئەم تاوانەش دەكەوێتە ژێر تاوانە گەورەكانی ترەوە و ئەكرێت خوای گەورە لێی خۆش بێت.

ئیمامی ابن حجر (رحمە اللە) لە شەرحی ئەم فەرموودەیەدا دەفەرموێت: " وَأَوْلَى مَا حُمِلَ عَلَيْهِ هَذَا الْحَدِيثُ وَنَحْوُهُ مِنْ أَحَادِيثِ الْوَعِيدِ أَنَّ الْمَعْنَى الْمَذْكُورَ جَزَاءُ فَاعِلِ ذَلِكَ إِلَّا أَنْ يَتَجَاوَزَ اللَّهُ - تَعَالَى – عَنْهُ"

واتە: " ئەوەی لەم فەرموودەیە و هاوشێوەكانیەوە وەردەگیرێت كە باس لە وەعدی سزادان دەكەن، ماناكەیان ئەوەیە كە سزای ئەو كەسانەی ئەو تاوانە دەكەن بەو شێوەیەیە جگە لەو كەسانەی كە خودا لێیان خۆش ببێت و بیانبەخشێت"

4- ئایا خۆكوشتن گەورەترە یان خەڵك كوشتن ؟!!

زانای پایەبەرز ابن عثیمین (رحمە اللە) دەفەرموێت: " تاوانی خۆكوشتن گەورەتر و مەترسیدارترە لە تاوانی خەڵك كوشتن لە دوو ڕووەوە، یەكەم: ئەو كەسەی كەسێكی تر دەكوژێت مەجالی تەوبە كردنی بۆ دەمێنێتەوە لەم دونیایەدا و ئەكرێت هەر لەم دونیایەدا تەوبە بكات و فیدیەی كوشتنەكە بدات و خوا لێی خۆش بێت، بەڵام ئەوەی كە خۆی دەكوژێت ژیانی كۆتایی دێت و مەجالی تەوبە كردنی نامێنێت. دووهەم: ئەوەی كە كەسێكی تر ئەكوژێت، شەڕ لەگەڵ مرۆڤێكی تر دەكات و زۆرجار لەبەر شتێكی دونیایی و دەستكەوتێكی ماددی دەیكوژێت، بەڵام ئەوەی خۆی دەكوژێت ئەوە شەڕ لەگەڵ قەدەری خوای گەورە دەكات، وەك ئەوە وایە شەڕ لەگەڵ خوای گەورە بكات."

5- ئایا دروستە نوێژی مردوو لەسەر كەسێكی موسوڵمان بكرێت كە خۆی كوشتووە ؟!!

* عمری کوڕی عبدالعزیز و ئیمامی ئەوزاعی (رحمهم الله) دەفەرموون ھەرکەسێک خۆی بکوژێت، نوێژی لەسەر ناکرێت، بە پشت بەستن بەم فەرموودەیە:
عن جابر بن سمرة رضي الله عنه قال: " أُتي النبي (صلى الله عليه وسلم) برجل قتل نفسه بمشاقص فلم يصل عليه) (رواه مسلم)

واتە: جابری کوڕی سمرە دەفەرموێت: جەنازەی کەسێکیان ھێنا کە خۆی کوشتبوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نوێژی لەسەر نەکرد.

* ئیجماعی زانایان ڕایان لەسەر ئەوەیە کە دروستە نوێژی لەسەر بکرێت ، لەوانە (ئیمامی النخعی و حەسەنی بەسڕی و قتادە و ئیمامی مالک و احمد و شافعی)

وە سەبارەت بەو فەرموودەیەش دەفەرموون کە پێغەمبەر ( صلى الله عليه وسلم) وەک ھەڕەشەیەک و گەورە پیشاندانی تاوانەکە نوێژی لەسەر نەکردووه، نەک وەک ئەوەی کە نوێژ کردن لەسەریان حەرام بکات.

6- ئایا دروستە دوعای خێر بۆ کەسێک بکرێت کە خۆی کوشتووە ؟!

بەڵێ دروستە دوعای خێری بۆ بکرێت ئەگەر زاهیرەن بە موسوڵمانی مردبوو.

خوای گەورە لەم تاوانە گەورەیە بمانپارێزێت و خۆمان کەسوکار و دەوروبەرمانی لێ بەدوور بگرێت.

سەرچاوەكان:
- فتح الباری فی شرح صحیح البخاری.
- شرح صحیح مسلم – للشیخ ابن عثیمین (ج1/ص242)
- موقع اسلام سۆال و جواب – للشیخ صالح المنجد.

ئامادەکردنی: سعد عبدالکریم


 908

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram