سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ئایا کورد بە زەبری هێز ئیسلامی بەسەردا سەپێنراوە؟!
گۆڕینی فۆنت


ئایا کورد بە زەبری هێز ئیسلامی بەسەردا سەپێنراوە؟!

بە حوکمی ئەوەی ئیستا زۆربەمان دوورین لە کتێب و خوێندنەوە بۆیە بەرچاو ڕوونیەکی ئەوتۆمان نییە لە بابەتە مێژوویەکان تەنیا ئەوە ئەڵێین کە ئەیبیستین. بۆیە لە کاتی خوێندنەوەی هەر کتێبێک بابەتە گرنگەکانی ئەکەمە پۆست،تا خەڵکی کەش لێی سودمەند بن،ئەم بابەتەم لە کتێبی (دۆزی کورد لە نێوان بیری نەتەوەیی و ئایندا)دەرهێناوە. هیوادارم وەڵامێک بێت بۆ ئەوانەی ئەڵێن کورد بەزۆر کراوە بە موسڵمان.

+ تا چەند هێزی ئیسلامی کە هاتۆتە کوردستان ڕەچاوی ئاستی بەرپرسیارێتی بەرامبەر کورد کردوە بەوەی کە زۆرداریی و دەسەڵاتی موتڵەقگەرایی بەسەردا نەسەپاندبێت و هەوڵی سڕینەوەی کلتورەکەی نەدابێت ، تا ئێستا هیچ لە مێژوونوسان شتی لەم شێوەیان درکاندووە کە بەرامبەر کورد شتی لەو جۆرە کرابێت ؟
دکتۆر حەکیم : یەکێک لەم قەوانە سواوانەی زۆر لێدراوە و لێ دەدرێتەوە ئەوەیە کە فتوحاتی ئیسلامی گەیشتبێتە هەر ناوچەیەک قەتڵ و عامی خەڵکە سڤیلەکەی کردووە و وێران و تاڵانی وڵاتەکەی کردووە و تەڕ و وشکی بەیەکەوە سوتاندووە . ئەم قسەیە کردنی زۆر ئاسانە بەتایبەتی لای کەسانێک کە بۆچونێکی پێش وەختەیان بۆ مەسەلەکان هەیە و هەر لە سەرەتاوە لەبیری خۆیان ئەمەیان بڕاندۆتەوە کە ئاینی ئیسلام و هەڵگرانی پەیامەکەی کەسانی توندو تیژ و بکوژ و تاڵانچی و خراپەکار و وێرانکار بوون و کاتێک کوردستانیان ( داگیرکردوە !) چی خراپە هەیە بە خاک و خەڵکەکەی کردوویانە وەک بڵێی پێش ئیسلام کوردستان وڵاتێکی ئازاد و ئاوەدان و پڕ لەخێرو خۆشی و شارستانی بووبێت ، نەک داگیرکراو و مافخوراو و دەست و پێوەندی داگیرکارە فارس و ڕۆمەکان بوبێت کە ئەمەیە واقیعەکە ، لە هەمووش سەیرتر بەرگێکی زانستی لەبەر دەکەن و هەرکەسێک وا بیربکاتەوە و بنوسێت بەبێ هیچ بەڵگەیەکیش ئەوە زانستخواز و ئەکادیمیە و بە پێچەوانەشەوە .
بەڵام لای کەسانی زانستخواز و ئەکادیمی و بەویژدان هەرگیز وا بەئاسانی ئەم قسەیە ناکرێت ، چونکە بەڵگە لۆژیکی و عەقڵی و مێژووییەکان پێچەوانەی ئەم بۆچوونەن ، ئەگەر لەچەند سەرچاوەیەکیش کە دەیان هەزار لاپەڕەن و هەزاران گێڕانەوە ( ڕیوایە)ی مێژووییان تێدایە ، چەند ڕیوایەتێک تۆمار کرابن کە لەپەنجەکانی هەردوو دەست تێناپەڕن و ئەوانیش لە یەکتر وەرگیراون ، کە بەشێوەیەکی زیادەگۆیانە باسیان لە ڕوداوێک کردبێت کە توندوتیژی زۆر و کوشتاری زۆری تێداکرابێت بەرامبەر بە عەوامی خەڵک ، ئەوە بەهیچ شێوەیەک، ئەگەر گریمان ڕاستیش بن ناکرێ بەسەر سەراپای مێژووی ئیسلامدا بگشتێندرێت ، چونکە ئەم حاڵەتانە شاز و دەگمەن بوون نەک گشتی .
جا ئەگەر چەند ڕۆژهەڵاتناسێکی داخ لە دڵ و بێ ویژدان بەدەر لە پێوەرە زانستیەکان ئەم ئاخافتنانەیان کردبێت و بەپێوەری واقیعی خۆرئاوا ڕوانیبێتیانە مەسەلەکان کەپێوەری ماددی و توندوتیژیە و مێژووی ئەوروپای پێ ناسراوە ، هەروەها دەرچووانی قوتابخانەکانیان لە ڕۆڵەکانی میللەتانی خۆرهەڵات هەمان شت دوبارە بکەنەوە بەڵکو بە زیادەوەش ( بەتایبەتی لە سەردەمی ناسیۆنالیزم کە هەموو میللەتانی موسوڵمان هاندراون و تاودراون بە شێوەیەکی بەرنامەڕێژکراو ) و مێشێک بکەنە گامێشێک و کێچێک بکەنە چیایەک .
ئەوە لە هەمان کاتدا چەندین ڕۆژهەڵاتناس و مێژوونوس و نوسەری بوێر و بەویژدان دانیان بەوەدا ناوە کە موسوڵمانان لەکاتی فەتحکردنی وڵات و ناوچەکان نموونەی لێبوردەیی و نەرمی و دادپەروەریی بوون ، خۆیان و ئاینەکەیان بەسەر دانیشتوانەکانیان نەسەپاندووە چونکە (لا إکراە في الدین )، ( فمن شاء فلیؤمن ومن شاء فلیکفر ...)، ( أفأنت تکرە الناس حتی یکونوا مؤمنین)، ( لکم دینکم ولي دین )، بەڵکو سەرپشک کراوە لەنێوان موسوڵمان بوون یان جزیة دا ، ئەگەر لەسەر بیروباوەڕی خۆیان بمێننەوە و مافە ئاینی و مەدەنیەکانیان پارێزراو دەبێت .

دیارە بڕی ئەم جزیەیەش دیاریکراو بووە و بەپێی باری گوزەرانی هەر تاکێکی (أهل الذمة)کە تا ڕادەیەکی زۆر شتێکی ڕەمزی بووە کەجۆرێک پابەندبوون بگەیەنێت بەرامبەر بە دەسەڵاتی ئیسلام ، چونکە ئەوان لەسەریان نیە کە پشکداری سەربازی بکەن و لەپڕۆسە سەربازیەکانی ڕۆڵیان هەبێت بەحوکمی ئەوەی موسوڵمان نین و باوەڕیان بە ئاینی ئیسلام نیە ، جا چۆن داوایان لێ بکرێت کە بەرگری لێبکەن ؟!
ئەم بڕەپارەیەش هەروەها وتمان زۆر کەم بووە و بە بەراورد لەگەڵ ئەم باج و سەرانەی کە پێشتر کوردەکان و غەیری ئەوان دەبوایە بیدەن بە دەسەڵاتدارانی ڕۆم و فارس.
لەلایەکی تریشەوە ئەم جزیەیە تەنیا لەو پیاوانە وەردەگیرا کە توانای چەک هەڵگرتن و شەڕکردنیان هەبوو ، واتا لە ژنان و مناڵان و پەککەوتوان و نابینایان و تەنانەت پیاوانی ئاینیش وەرنەدەگیرا ، بەمەرجێک خاوەن موڵک و ماڵ نەبووبن ، ئەم جزیەش جۆرێک نەبووە لە سزا لەبەر ئەوەی ئیسلام نەبوون ، بەڵکو لەبەرامبەر دابین کردنی ئەو پاراستنەبوو کە موسوڵمانەکان بۆیان دابین دەکردن ، چونکە وەرگرتنی جزیە لێیان مانای پارێزگاری کردنی سەروماڵیان ، هەروەک (ابو یوسف) لە کتێبی (الخراج) دا باسی دەکات .
مێژوو نوسی بەناوبانگی ئینگلیز (توینبی ) دەڵێت : لە وڵاتی ڕۆم و فارسەکان خەڵکان سەرپشک نەکراون لە نێوان ئیسلام و شمشێر ، بەڵکو سەرپشک کراون لەنێوان ئیسلام و جزیە ،
ئەمەش پلانێکە جێگەی دەستخۆشیە ، چونکە ڕۆشنگەریی پێوە دیارە ، هەر ئەوەش بوو دواتر لە ئینگلتەرا پیادەکرا لەسەردەمی شاژن ئەلیزابێت .
گۆستاف لۆبۆن لە کتێبی (حضارة العرب ) دەڵێت : (مێژوو کەسانێکی نەدیووە کە شوێنێک فەتح بکەن لە موسوڵمان بە بەزەییتربن ). هەروەها دەڵێت (هێز فاکتەرێک نەبووە بۆ بڵاوبوونەوەی قورئان و موسوڵمانەکان میللەتانیان بە ئازادی لەسەر ئاینەکانی خۆیان جێهێشت ) ، هەروەها دەڵێت : ( قورئان بە شمشێر بڵاونەبۆوە ، بەڵکو تەنها بە بانگەواز بڵاوبۆوە و هەر بە بانگەوازیش میللەتان باوەڕیان پێی هێنا ).
(ڕوبرنسون ) لە کتێبی (مێژووی شارکلن) دەڵێت : (تەنها موسوڵمانەکان جیهاد و لێبووردەییان لە یەک کاتدا بەرامبەر شوێنکەوتووانی ئاینەکانی تر پیادە دەکرد ، هەرچەندە بەسەریشیاندا زاڵبوون ، بەڵام ئازادییان پێدان کە ڕێوڕەسم و باندوباوە ئاینییەکانی خۆیان ئەنجام بدەن).
(کۆنت هنری دی کاستری)لە کتێبی (الاسلام خواطر وسوانح )ی وەرگێڕانی ( احمد فتحی زغلول) دەڵێت : (موسوڵمانان زۆریان لە کەس نەکرد بە شمشێر یان بە زمان بێنە ناو ئیسلام ، بەڵکو ئیسلام خۆی بە خۆشەویستی و ویستی کەسەکە چووە ناو دڵان ).
(تۆماس ئارنۆڵد ) لە کتێبی ( الدعوة الی الاسلام ) دەڵێت : (ئەگەر بڕوانینە ئەم لێبووردەییەی موسوڵمانەکان بەرامبەر مەسیحیەکان لەسەرەتای حوکمی ئیسلام پیادەیان دەکرد دەردەکەوێت کە ئەم بیرۆکەیەی کە بڵاوبۆتەوە و دەڵێت بەهۆی شمشێرەوە خەڵک ڕوویان لە ئیسلام کردووە ، زۆر دووە لە ڕاستی) .
هەروەها دەڵێت : (مەسەلەی زۆر لە خەڵک کردن تاکو بێنە ناو ئیسلام یان چەوساندنەوەیان بەهەر ڕێگەیەک ، لە سەرەتاکانی فتوحاتی ئیسلامی _ کە کوردستانیش دەگرێتەوە _ لەسەرچاوەکان هیچ بوونێکی نییە ).
هەروەها لە شوێنێکی تری ئەم کتێبەدا دوای ئەوەی باس لە چەند هۆکارێکی لەناوچوونی ئیمپراتۆریەتی ساسانی و هەرەسهێنانی ئاینی زەردەشت دەکات دوای هاتنی ئیسلام و فتوحات و مامەڵەکردنێکی باش و لێبووردەیی بەرامبەر زەردەشتیەکان و پەرستگاکانیان ، دەڵێت : (مەحاڵە بڵێین کزبوون و پاشەکشەکردنی ئاینی زەردەشتی بەهۆی ئەوەوە بووە کە موسوڵمانەکان بەزۆر خەڵکیان کردۆتە ئیسلام ، پێدەچێت ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی وڵاتی فارس هەر لەسەرەتای فتوحات ، ئیسلامیان قبوڵکردبێت ، بە ویستی خۆیان و لە کەشێکی هێمن و ئاشتیدا ).
مێژوونوسان شتی لەم جۆرەیان باس نەکردووە کە موسوڵمانەکانی بەرایی لە کاتی فتوحات زۆردارانە مامەڵەیان لەگەڵ دانیشتووانی کوردستان کردبێت یان هەوڵی سڕینەوەی کلتورەکەیان دابێت ، ئەمە تەنها وەهمە پاشان کام کلتور ؟ ئایا کورد پێش ئیسلام کولتوری دیار بووە و لە سەرچاوەکاندا باسی لێوە کراوە جگە لە هەندێ گریمانەی بێ سەرچاوە و بەڵگەنامەی باوەڕپێنەکراو ؟ لە لایەکی تریش ئاینی ئیسلام و موسوڵمانان گەیشتبێتە هەر ناوچەیەک باردودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووریی خەڵکیان لەبەرچاوگرتووە ، هەوڵیان نەداوە بیان سڕنەوە و لە سفرەوە دەست پێ بکەن یان کولتوری ڕەسەنی میللەتەکە فەرامۆش بکەن . بەڵکو هەر لایەنێکی کۆمەڵایەتی لە ئاکار و ڕەوشت ، یان دابونەریت یان بۆ ئەو یادەوەرییەکان بوو یان ئەدەب و هونەر ، یان هەر شتێکی تر کە پێچەوانەی بنەماکانی شەریعەت نەبووبێت ، ڕێزیان لێ گرتووە و هێشتوویانەتەوە ، بەڵکو پەرەی پێ دراوە و بۆتە بەشێک لە پێکهاتەی شارستانی ئیسلامی ، یان هەندێک گۆڕانکاری لەسەر کراوە تاوەکو بگونجێت لەگەڵ بنەماکانی شەرع .
لە لایەکی تریشەوە موسوڵمانان کە دەسەڵاتیان لە کوردستان وەرگرتووە بەرپرسیارانە هەڵسوکەوتیان کردووە ، چونکە ئەوان زۆر نزیک بوون لە سەردەمی پێغەمبەر و زۆربەیان لە هاوەڵانی پێغەمبەر بوون بەتایبەتی سەرکردەکان ، واتە تا ڕادەیەکی زۆر فەرمان و ئامۆژگاری و ڕاسپاردەکانی پێغەمبەر و خەلیفە ئەبوبەکریان لەبەرچاو بووە کەچۆن مامەڵە بکەن لەگەڵ دانیشتوانی ناوچە فەتحکراوەکان کە تەنانەت هەستیان بە بەرپرسیارێتی لە ئاست درەخت و ئاژەڵ و بێگیانیشدا کردووە چ جای مرۆڤەکان ، ئەم ڕاسپاردەیەی ئەبوبەکر کاتێک یەکەم سوپا بەڕێدەکات دوای پێغەمبەر ﷺ هەر لە گوێیان زرینگاوەتەوە کە داوادەکات : داری تەڕو بەردار نەبڕن ، ئاژەڵ نەکوژن بۆ خواردن نەبێت و ژن و مناڵ نەکوژن ، تەنها ئەو کەسانەی چەک دەبەستن و شەڕکەرن ، و پیاوانی ئاینی لە هەر ئاینێک بن نەکوژن و وازیان لێ بێنن لە پەرستگاکانی خۆیان خواپەرستی بکەن بەگوێرەی بیروباوەڕ و تێگەشتنی خۆیان .
نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کە فەتحی کوردستان لەسەردەمی خەلیفەی دادوەر عومەری کوڕی خەتاب بووە کە هەمیشە لە خەمی خەڵک و دابینکردنی عەدالەتدا بووە ، بۆیە پێشێلکاریەکانی لە سەردەمی ئەو زۆر کەم بوون ، سەردەمەکەشی نمونەیی بوو ، نەک لە مێژوویی ئیسلام و ناوچەکە ، بەڵکو لە مێژوویی مرۆڤایەتیدا.

لە کۆتاییدا مەبەستمان لە نوسنی ئەم بابەتە ئەوە نییە کە پاکانە بۆ ئیسلام بکەین، چونکە ئێمە شانازانی بە مێژووی ئیسلامەوە ئەکەین گەر بە زەبری هێزیش بەسەرماندا سەپێنرابێت ئەوە کەوایە وای پێویست کردووە هێزمان بەرامبەر بەکاربهێنرێت چونکە هەڵەکە لە خۆمانە نەک ئیسلام،بەڵام ئەمانەوێ بەرچاو ڕونیتان بەینێ تا بە درۆی بێ بنەمای دژە ئیسلامەکان فریو نەخۆن.


 2527

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram