سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  بزووتنەوە ئیسلامییەكانی كوردستان لەبیرەوەری هیجرەتی پێغەمبەردا (درودی خوای لەسەر)
گۆڕینی فۆنت


بزووتنەوە ئیسلامییەكانی كوردستان لەبیرەوەری هیجرەتی پێغەمبەردا (درودی خوای لەسەر)

"هیجرەتی مامۆستا مەلاعوسمان و هاوبیرانی وەك نموونە"

ئێستا زۆرینەمان لەژێر كاریگەری ڕۆحی و عاتیفەی ساتەوەختی هیجرەتی پێغەمبەرداین (درودی خوای لەسەر) لەمەككەی پیرۆزەوەبۆ مەدینەی درەوشاوە، هەموو وەلائو پەیمان نوێدەكەینەوەو وێنەی پرۆفایلەكانی فەیسبووكمان بەناونیشانی ئەومێژووە دەخەینەڕوو وەك پشتیوانی و هاوسۆزی و شوێنكەوتەی ئاینیی.

لێرەوە جێگای خۆیەتی كوردیانە و بۆ قۆناغی تەمەنی ئێمەش لەماناو مەدلوولی هیجرەت ڕابمێنین لەكوردستان، بەتایبەتی لەچارەكی كۆتایی نیوەی دووەمی سەدەی پێشوو كەبەعس بەگرتنەبەرو بەكارهێنانی هەموو میكانیزمێك كوردی دەچەوساندەوەو جینۆسایدی دەكرد، كاتی ئەوەیە لەبەرهەمی ئەو هیجرەتەش كەزانایانی ئاینیی و گەنج و ئەوانەی ستەمیان قبوڵنەبوو باشووریان بەجێهێشت قسە بكرێت، بەتایبەتی ئەو هیجرەتەی كەلەقۆناغی دووەمی دوای بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامیی كوردستان لەلایەن مامۆستایانی هەڵەبجەو شارەزوورو هەورامانەوە دەستی پێكرد لە ناوەڕاستی ئایاری 1987.

بەنسبەت هێزە ئیسلامییەكانەوە ئەمە "ڕووداو" بوو ڕوویدا، سەرباری ئەوەش مامۆستاو زانایانی تریش كەهێشتا سەربە ڕێكخستنەكانی بزووتنەوەی ئیخوان موسلیمین بوون و بۆخۆیان بەردەوام مانەوە لەناو بزووتنەوەكەی خۆیان،بەڵام لێكەوتەكانیشی بۆ ئەوانەی لە دەرەوەی برایانی موسوڵمان بوون و سەربەخۆتربوون یان لەوان جیابوونەوە بریتی بوو لە یەكگرتنی مامۆستایانی تازە كۆچكردوو لەگەڵ بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامیی و دواتر دروستبوونی بزووتنەوەی ئیسلامیی لەكوردستانی عێراق، ئەو زانایانەش ئەوانەی كە مامۆستا عەبدوڕەحمانی نەورەسی لە دەستنووسێكدا باسیان دەكات بۆ ئەوكاتە بریتی بوون لە (مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولعەزیزو مامۆستا مەلاعەلی عەبدولعەزیزو مامۆستا مەلا عومەری برایان و مامۆستا شێخ سدیقی سەرگەتی و مامۆستا سەید نورەدین و مامۆستا مەلائەحمەدی كاكە مەحموود).

مامۆستا نەورەسی بەبایەخەوە لە یاداشتە دەستنووسەكەیدا باسی گەورەیی ئەو هیجرەتە دەكات و دەڵێت " كاتێك مامۆستایان تەشریفیان هێنا لەدەوروبەری ناوەڕاستی ئایاری 1987 گەیشتنە سەرمەرز لەلایەن سەرۆك كۆماری ئێران و ئاغای ڕەفسەنجانی سەرۆكی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامیی ئێران نوێنەریان هات، هەروەها نوێنەری سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق"موحەممەد باقرلحەكیم" و نوێنەری ئیمام لە كوردستان و لە كرماشان هەموو هاتبوون بۆ پێشوازی مامۆستایان و خەڵكی لەسەر سنوور،جگە لە مەسئولینی هەردوو ئوستانی كوردستان و كرماشان فەرماندەی هێزەكانی نیزامی و ئینتیزامی هاتبوون، هەرلەوسەروبەندە ئەندامانی سەركردایەتی پارتی و یەكێتیی بەنامەوە هاتبوون بۆ خزمەت مامۆستایانی هەڵەبجەو یاوەرانی، بەكورتی هەموو ڕێزی زۆریان نیشاندا".

ئەمە بەر لە سی وسێ ساڵ پێش ئێستا بۆ بزووتنەوەی ئیسلامیی لەحزەیەكی مێژوویی گرنگ بوو، ڕووداو بوو، مانای خۆی هەبوو بۆ سەرهەڵدانی قەزیەیە ئیسلامیی بەمیكانیزمێكی نوێتر، واتە گۆڕانكارییەك بوو بۆ وەڵامی واقیعێكی سەردەمی كە هاتبووە پێشەوە.

جێگای خۆیەتی لەئێستادا ئەو پرسیارە بكرێت ئەو بزووتنەوە گەورەیە كەبە هیجرەتی كۆمەڵێك زانای كوردستان دروستبوو بۆچی كاریگەرییەكانی كاڵبوونەوە (هەڵبەت مەبەستم بزووتنەوەی ئیسلامییە بەو واتا گەورەو تێگەیشتنەی ئەوانەی كە هەڵگری فیكرەی بزووتنەوەبوون بەوانەی ئێستاشەوە نەك تەنها ئەو بزووتنەوەیەی ئەمڕۆ وەك حزبێكی سیاسی هەیەو خاوەنی سەربەخۆیی خۆیەتی)، مەبەستم تەواوی بزووتنەوە ئیسلامییەكانە، هۆكارەكانی بەرتەسكبوونەوەی بازنەی ئەم بزووتنەوانە چی بوو، بۆچی نەیتوانی بەو قەبارەیەی دروست بوو بەردەوام بێت؟

حەقی خۆیەتی بپرسین كاتێك لەساڵی 1997 "حەوت" حزبی ئۆپۆزسیۆن لەعێراق بەفەڕمی ناسێنرا یەكێك لەو حزبانە بزووتنەوەی ئیسلامیی بوو، ئەمە بۆخۆی هێمای كاریگەریی و گەورەیی ئەو بزووتنەوەیەبوو، كوا ئەو كاریگەرییانەو هۆكارەكانی لاوازبوون و پاشەكشەی ئەو بزووتنەوەیە چی بوو؟ ئایا پەیوەندی بەوانەوە هەبوو نەیانتوانی بزووتنەوەكە بگەیەننە ئامانجەكانی و بكەرەكانی لەئاستی قەزیەكە نەبوون یاخود گوتارەكەیان گوتاری سەردەمەكە نەبوو وە نەیانتوانی گۆڕانكاری تێدا بكەن؟! یاخود ئایا ئەوە دڵڕەقی دەسەڵاتی كوردیی و عەلمانیەتی سوڵتەوییە كە بەهاوكاری هاوپەیمانە خۆرئاواییەكانیان بەڕابەرایەتی ئەمریكا نایانەوێت ئەم بزووتنەوانە لەڕۆژهەڵاتدا گەشە بكەن و بچنە پێشەوەو ببنە نمایندەی كۆمەڵگا؟!.

خوازیاربووم لەبیرەوەری هیجرەی نەبەویدا هێزە ئیسلامییەكان لەڕووی فیكرو حەرەكەت و سیاسەتەوە بهاتنایە كۆنفرانس و وۆرك شۆپ و مێزگردیان لەسەر پرسی هەڵكشان و داكشانی گوتاری حزبەكانیان تاووتوێ بكردایە تاوەكوو بزانن داخۆ ئەوەی ئەمڕۆ دەسەڵاتی كوردیش پەیڕەوی لێ دەكات و ئەوان پەراوێزی حساب بۆنەكراون هۆكارەكانی لەناوخودی خۆیاندایەو پێویستیان بە ئامرازی گونجاوتری سەردەمیانەو چاكسازیی ڕاستەقینەیە یاخود ئەوە سروشتی دەسەڵاتی عەلمانی كوردییەو ئەوان بەرپرسن لەو پەراوێزییەی ئەم هێزانەی تێكەوتووە!.

ئارام عەلی سەعید
20ی ئابی 2020

 545

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram