سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  کێ ئایینی مەسیحی گۆڕی؟
گۆڕینی فۆنت


کێ ئایینی مەسیحی گۆڕی؟

مه‌سیح علیه سلام پێغه‌مبه‌رێكی خۆ ڕاگر و پاڵه‌وان، له‌ ماوەیه‌كی كورتی بانگه‌وازه‌كه‌ی كۆمه‌ڵێك قوتابی دروست كرد و پێی گه‌یاندن بۆ به‌رده‌وام بوونی بانگه‌وازی یه‌كتاپه‌رستی و بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاری و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی خه‌ڵك بۆ دینی خودا... له‌ شه‌وی به‌رزبونه‌وه‌شی بۆ ئاسمان دانیشتن و كۆبونه‌وه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ قوتابیه‌كانی ئه‌نجامدا، كه‌ كۆتایی له‌ سه‌ر زه‌وی نزیكه‌ و ئه‌و ئه‌ركی خۆی گه‌یاند، ئیستا كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ قوتابییه‌كانی په‌یامه‌كه‌ ته‌واو بكەن، ئه‌وه‌ بوو مه‌سیح بۆ ئاسمان به‌رز كرایه‌وه‌ و قوتابیه‌كان له‌ مامۆستاكه‌یان فێری خۆڕاگری و قوربانی دان بوون له‌ پێناو دینی خودا، ئازايانە ڕووبه‌ڕووی سته‌می جوله‌كه‌ و بت په‌رسته‌كانی ڕۆمانیه‌كان بوونه‌وه، سەرسەخت ترين دوژمنی ئه‌وان كه‌سێك بوو به‌ ناوی (شاوول) ...
بفه‌رموون له‌گه‌ڵ پیاچونه‌وه‌یه‌كی خێرا، چۆن (شاوول) ئاینی مه‌سیح بگۆڕێت و ئاینێكی تر دابتارشێت دوور له‌ ڕۆحی مه‌سیح و له‌ ڕۆحی هه‌موو ئاینه‌ ئاسمانیه‌كان:-
یه‌كه‌م (شاوول) كێیه‌ ؟
شاوول جوله‌كه‌یه‌كه‌ له‌ شاری ته‌رسوس له‌ دایك بووه‌، ڕووی كرده‌ شاری ئورشه‌لیم (قودس)، لای حاخامێك عمانوئیل بۆته‌ كه‌سێكی هه‌واڵگر و ڕاپۆرت نووس له‌سه‌ر باوه‌ڕدارنی مه‌سیح علیه سلام، کارەکەی بریتیبوو لە: ((به‌ڵام شاول كڵێسای له‌ناوده‌برد، ماڵ به‌ ماڵ ژن و پیاوی ڕاده‌كێشا و فڕێیده‌دانه‌ زیندان)) سیفری كردار 8 : 3. ((جگه‌ له‌ تاڵان كردنی كڵێسه‌كان و ڕاودونانی باوه‌ڕداران و زیندانی كردنیان، سه‌رپه‌رشتی كوشتن و له‌ ناو بردنیشی ئه‌كردن، شاول به‌ كوشتنی ستیفانۆس ڕازی بوو، هه‌ر له‌و ڕۆژه‌دا كڵێسا له‌ ئۆرشه‌لیم تووشی چه‌وسانه‌وه‌یه‌كی توند هات، هه‌موو به‌ ناوچه‌كانی یه‌هودیا و سامیره‌دا په‌رشوبڵاو بوونه‌وه‌، نێردراوان نه‌بێت)). سیفری كردار 8 : 1-2. ئه‌م دڵ ره‌قه‌، ئه‌م جه‌لاده‌ چۆن توانی ئایینی مه‌سیح بگۆرێت؟
سه‌ره‌تا/ شاوول بوو به‌ پۆلس پاش ئازار دان و ئه‌شكنجه‌دانی باوه‌ڕدارنی مه‌سیح، خۆ ڕاگری باوه‌ڕداران وای لە شاولی جوله‌كه‌ کرد كه‌ پلانی خۆی بۆ له‌ ناو بردنی مه‌سیحیه‌ت بگۆرێت، بۆیه‌ بڕیاری دا مه‌سیحییه‌ت له‌ ناو خۆی و له‌ ژووره‌وه‌دا وێران بكات و له‌ كتوپڕێك ڕایگه‌یاند، كه‌ ئه‌و بۆته‌ مه‌سیحی و بۆته‌ نێرداروی مه‌سیح بۆ گه‌یاندنی په‌یامی مه‌سیح، له‌ كاتی گه‌شتێكی بۆ شاری دیمه‌شق ڕایگه‌یاند مه‌سیح له‌ په‌ڵه‌ هه‌ورێك بۆی ده‌ركه‌وتووه‌ و پێی ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌ بۆچی ئه‌شكنجه‌ی مه‌سیح ئه‌دات و باوه‌ڕدارانی ڕاوده‌نێت؟ لۆقا باس له‌م گۆڕانكاریه‌ ده‌كات به‌م شێوه‌یه،‌ ده‌ڵێت: سیفری كردار 9 - 1)شاول هێشتا هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ قوتابییه‌كانی عیسای خاوه‌ن شكۆ ده‌كرد و هه‌وڵی كوشتنی ده‌دان. 2 چوو بۆ لای سه‌رۆكی كاهینان، داوای نامه‌ی لێكرد بۆ كه‌نیشته‌كانی دیمه‌شق، تاكو ئه‌گه‌ر یه‌كێك ببینێت سه‌ر به‌ ڕێگاكه‌[a] بێت، چ ژن چ پیاو، به‌ به‌ندكراوی بۆ ئۆرشه‌لیمیان ببات. 3 كه‌ ده‌ڕۆیشت و له‌ دیمه‌شق نزیك بووه‌وه‌، له‌پڕ ڕووناكییه‌ك له‌ ئاسمانه‌وه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری بریسكه‌ی دایه‌وه‌، 4 كه‌وته‌ سه‌ر زه‌وی و گوێی له‌ ده‌نگێك بوو، پێی فه‌رموو: «شاول! شاول! بۆچی ده‌مچه‌وسێنیته‌وه‌؟» 5 شاول پرسیاری كرد: «گه‌وره‌م، تۆ كێیت؟» فه‌رمووی: «من عیسام، ئه‌وه‌ی تۆ ده‌یچه‌وسێنیته‌وه‌. بۆت زه‌حمه‌ته‌ لوشكه‌ له‌ نه‌قیزه‌ی من باوێی». ((ئه‌م چیرۆكه‌ ئه‌فساوناویه‌ بوو به‌ خاڵی وه‌چه‌رخانی شاوول، وە له‌ ئازاردانی مه‌سیحه‌كان بوو به‌ په‌یامبه‌ری مه‌سیح ... به‌ڵام په‌یامبه‌رێك ڕێك دژ به‌ ئاكار و گوفتار و ئه‌خلاقی مه‌سیح، كه‌سێك سه‌د و هه‌شتا پله‌ ئایینێكی پێشكه‌ش به‌ مه‌سیحیه‌كان كرد، پێچه‌وانه‌ی ئایینی مه‌سیح... ئێستاكه‌ په‌رتوكی پیرۆزی مه‌سیحیه‌كان دامه‌زراوه‌ له‌ سه‌ر چوار ئینجیل و پاشكۆی نامه‌كانی قوتابیه‌كانی مه‌سیح، دوازده‌ نامه‌ كه‌ ده‌كاته‌ كۆی 70% نامه‌كان، هه‌موو ڕاسپارده‌ و چیرۆك و وته‌كانی پۆلسه،‌ له‌ ناخی ئه‌م نامه‌یه‌ش شه‌ڕ و دژایەتی كردنی له‌گه‌ڵ قوتابیه‌كانی مه‌سیح به‌ زه‌قی ده‌بینرێت، به‌ تایبه‌ت له‌گه‌ڵ بوترس گه‌وره‌ی قوتابیه‌كانی مه‌سیح و له‌گه‌ڵ به‌رنابا كه‌ جێگره‌وه‌ی قوتابی یه‌هوزا ئه‌سخه‌روتی بوو له‌ دوانزه‌ حه‌واریه‌كه‌ی مه‌سیح.
ئه‌و گۆڕانانەی پۆلس به‌ سه‌ر ئایینی مه‌سیحییه‌تی هێنا چی بوو؟
یه‌كه‌م/ داڕشتنی ووشه‌ی كوڕی خودا، پۆلس یه‌كه‌م كه‌س بوو ده‌سته‌واژه‌ی كوڕی خودای بۆ مه‌سیح به‌ كارهێنا، وه‌ك له‌ په‌یامه‌كه‌ی بۆ گه‌لاتیا ئیصحاح 4 : 4 ده‌ڵێت: (به‌ڵام كه‌ كاتی ته‌واوی خۆی هات، خودا كوڕی خۆی نارد، له‌ ژنێك له‌دایك بوو، له‌ سایه‌ی ته‌ورات له‌دایك بوو)، ئه‌م ده‌سته‌واژیه‌ نامۆ بوو به‌ ده‌می مه‌سیح، مه‌سیح هه‌رده‌م ده‌سته‌واژه‌ی كوڕی مرۆڤی بۆ خۆی به‌ كارده‌هێنا، وه‌ك ئینجیلی مه‌تتا ئیصحاح 8 : 20 . (عیساش پێی فه‌رموو: «ڕێوی كونی هه‌یه‌ و باڵنده‌ی ئاسمانیش هێلانه‌، به‌ڵام كوڕی مرۆڤ جێیه‌كی نییه‌ سه‌ری لێ دابنێت»).
دووه‌م/ بیدعه‌ و داهێنان، كه‌ ڕێگای ڕزگار بوون له‌ گوناهـ و تاوان و خوێن به‌خشینی مه‌سیحه‌، مه‌سیح بۆ ئه‌وه‌ هاتبوو كه‌ خوێنی بڕژێت بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی له‌ گوناحی ئه‌زه‌لی باوكه‌ ئاده‌م ڕزگاری ببێت و له‌گه‌ڵ خودا ئاشتی دروست ببێته‌وه،‌ وه‌ك له‌ په‌یامه‌كه‌ی بۆ ڕومیه‌ ئیصحاحی 3: 25 دا ده‌ڵێت: (خودا مه‌سیحی وه‌ك كه‌فاره‌ت پێشكه‌ش كرد، ئه‌گه‌ر باوه‌ڕ به‌ خوێنی ئه‌و بهێنین)، ئه‌مه‌ی بۆ ده‌رخستنی دادپه‌روه‌رییه‌كه‌ی خۆی كرد، بۆ چاوپۆشی كردن له‌ گوناهه‌كانی ڕابردوو، به‌ پشوودرێژیی خودا،) ئه‌م ئه‌فسانه‌ی خوێن به‌خشین و كه‌فاره‌ت كردنە بوو به‌ بنه‌غایی ئایینی مه‌سیحییه‌ت و له‌ بری ئه‌وه‌ی له‌ خاچ دانی مه‌سیح له‌ لایه‌ن ڕۆمییه‌كان و جوله‌كه‌كان به‌ تاوان سه‌یر بكرێت و ببێت به‌ كارێك بۆ ڕزگار بوونی مرۆڤه‌كان له‌ گوناح و تاوان .. ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی مه‌سیحه‌ كه‌ هه‌رده‌م ئه‌یفه‌رموو ئه‌و بۆ ئه‌وه‌ هاتوه‌ خه‌ڵكی تۆبه‌ بكه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ لای خودا، وه‌ك له‌ ئینجیلی مه‌تتا ئیصحاحی 9 : 13 دا ده‌ڵێت: (بڕۆن و واتای ئه‌مه‌ فێربن: {من میهره‌بانیم ده‌وێ نه‌ك قوربانی [b] }، چونكه‌ نه‌هاتووم ڕاست و دروستان بانگهێشت بكه‌م، به‌ڵكو گوناهباران).
سێیه‌م/ ڕوون و ئاشكرا بوو، كه‌ مه‌سیح ته‌نها بۆ گه‌لی جوله‌كه‌ هاتبوو، نه‌ك بۆ كۆی به‌شه‌ریه‌ت و هه‌موو گه‌لان، له‌ كاتێكدا مه‌سیح له‌ سه‌ر زه‌ویش بوو هه‌رده‌م بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌كرد ئه‌و ته‌نها بۆ گه‌لی جوله‌كه‌ هاتووه‌، ده‌یووت :مه‌تتا 15 : 24 ((وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «من ته‌نها بۆ مه‌ڕه‌ ونبووه‌كانی ماڵی ئیسرائیل نێردراوم)). هه‌روه‌ها فه‌رمانی به‌ قوتابیه‌كانی ده‌كرد و ده‌یوت: (ته‌نها بۆ گه‌لی به‌نی ئیسرائیل برۆن)، مه‌تتا 10 : 5 ((عیسا ئه‌م دوازده‌ كه‌سه‌ی نارد، فه‌رمانی پێ كردن: «به‌ ڕێگای نه‌ته‌وه‌كاندا مه‌ڕۆن و مه‌چنه‌ شاری سامیره‌ییه‌كان، 6 به‌ڵكو له‌بری ئه‌وه‌ بڕۆنه‌ لای مه‌ڕه‌ ونبووه‌كانی ماڵی ئیسرائیل.)) به‌ڵام پۆلس ئه‌م خاڵه‌ گرنگه‌شی گۆڕی كه‌ مه‌سیح بۆ هه‌موو گه‌لان هاتووه‌، خۆشی په‌یامبه‌ری مه‌سیحه‌ بۆ هه‌موو گه‌له‌كان، وه‌ك له‌ پایامه‌كه‌ی بۆ ئه‌فسۆس ئیصحاح 3 : 8 ((هه‌رچه‌نده‌ من بچووكترینی هه‌موو گه‌لی پیرۆزی خودام، ئه‌م نیعمه‌ته‌ درایه‌ من: مژده‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندی بێ سنووری مه‌سیح بده‌مه‌ نه‌ته‌وه‌كان)).
چواره‌م/ سڕینه‌وه‌ی شه‌ریعه‌ت و بانگه‌شه‌ كردن كه‌ ته‌نها باوه‌ڕهێنان هۆكاره‌ بۆ ڕزگار بوون و چوونه‌ به‌هه‌شت و لای خودا، نه‌ك ده‌ست گرتن به‌ شه‌ریعه‌ت و قانونی خودا، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی مه‌به‌ست و ئامانجی مه‌سیح بوو، كه‌ هاتبوو بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ریعه‌تی پیغه‌مبه‌رانی پێش خۆی ته‌واو بكات و خه‌ڵكی بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ده‌ست گرتن به‌ شه‌رعی خودا، وه‌ك ئه‌و په‌یامه‌ی بۆ ڕۆمییه‌كان له‌ ئیصحاحی 2 زۆر داكۆكی ئه‌كات له‌ بێ نرخ كردنی شه‌ریعه‌ت و ده‌ست نه‌ گرتن پێی، به‌ڵام مه‌سیح وا نه‌بوو، هه‌رده‌م بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌كرد خه‌ڵكی پابه‌ند بن به‌ شه‌ریعه‌تی پێغه‌مبه‌ران علیهم السلام، ئینجیلی مه‌تتا 5 : 17 ((«وا بیر نه‌كه‌نه‌وه‌ من هاتووم ته‌ورات یان نووسراوی پێغه‌مبه‌ران بسڕمه‌وه‌، نه‌هاتووم بۆ سڕینه‌وه‌یان، به‌ڵكو هاتووم بۆ ته‌واوكردنیان. 18 ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: هه‌تا زه‌وی و ئاسمان له‌ئارادا بێت، پیتێك یان خاڵێك له‌ ته‌ورات له‌ناو ناچێت، هه‌تا هه‌مووی دێته‌ دی»)). 



 636

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram