سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ڕۆڵى ئيسلام لە ژيانى مرۆڤايەتيدا.! (5).
گۆڕینی فۆنت


ڕۆڵى ئيسلام لە ژيانى مرۆڤايەتيدا.! (5).

بەشى پێنجەم.

(بمرێ ئایين.. بمرێ کڵێسا.. سەربەستی بۆ ژیان و مرۆڤ..)!!

کردەوە ناپەسەندەکانی کڵێساو پیاوەکانی ئاوا بوون، ئەمانە یەک نمونەن لە ساتێکی ژیانی خەڵکی لە ژێر سێبەری فەرمانڕەوایی (دیوانی پشکنین)ە ئایینیەکە.! ئادەی کوا بەزەیی و لێبوردن و دڵە پاکەکەی عیسا- سەلامی خوا لەویش و لە پێغەمبەری خۆشمان بێت- کوا بەخشندەیی و هێمنيی و ئاسودەیی ژێر فەرمایشتی ئاسمانی.؟! کوا مرۆڤایەتی و ئاشتی خوازی.؟!
(برتراند روسل) دەڵێ: (لەچەرخێکدا کە پێی دەڵێن چەرخی باوەڕهێنان، لە کاتێکا کە خەڵکی باوەڕی پتەوی بە هەموو لایەنێکی ئایینی مەسیحی هەبوو، لەو کاتەدا (دیوانی پشکنین)و سزاو ئازار هاتە کایەوە، ئەوکاتە کەوتنە سوتاندنی ملیۆنەها کەس لە ئافرەت و چینە جیاوازەکانی کۆمەڵ.. لەم هۆیەوەیە كە هەرچی لەم جیهانەدا ئەیبینی وەک میرنشینێکی بچکۆلە کە نیشانەی پێشکەوتنی هەست و بیرو هۆشی مرۆڤایەتی تێدا بەدی دەکرێت، یان هەرچی یاسایەکی چاککراو، یان هەر هەنگاوێک دەبینی کە بۆ کەمکردنەوەی شەڕو شۆڕ دراوە، یان بۆ چارەسەری کێشەی وەکو هی ڕەشپێستەکان هەڵ هێنراوەتەوە، یان بۆ کەمکردنەوەی ڕاددەی کۆیلەیی بووە، یان هەر پێشکەوتنێکی تر کە لەم جیهانەدا دەیبینی ڕوو دەدات، هەر هەمووی لەلایەن کەنیسەکانەوە بەرهەڵستی لێوە کراوەو بەربەرەکانی کراوە..).
لەم ڕوانگەوە بوو کە شۆڕش دژی (ئایین) بەرپا بوو، ئاشکراکردنی کافربوون (بە ڕای کڵێسا) کاردانەوە بوو، دەمێک بوو لە دڵی خەڵکێکی ئازادو سەربەستا پەنگی خواردبۆوە.! بۆیە دروشمی (مرۆڤ هەرخۆیەتی و هاوەڵی نیە) بەرز کرایەوە، ڕاپەڕینی ئەوروپاش شۆڕشێک بوو دژی کڵێسا، لە پێناوی مافی مرۆڤدا کرا: مافی بیرکردنەوە، مافی ژیان و مافە ڕەواکانی تر.
هەر ئەمانە بوون کە ڕێبازەفەلسەفیەکانی ئەوروپا خستیانە ڕوو، ئەوە فەلسەفەی ئینگلیزی، ئەوە ئەڵمانی، هەموو هەر لەبەر ئەو ڕەفتارو هەڵوێستانەی کڵێسا بوو کە دژی ئايین وەستانەوەو سەرەنجام خستیانە لاوە..
چونکە ئەیانبینی مرۆڤێکی وەک خۆیان درۆ بەدەم خواوە هەڵئەبەستێ و خەڵکەکەی پێ چەواشە ئەکات..! ئەیانبینی وا بەناوی ئايینەوە ستەمێکی زۆرو تینێکی بێ ئەندازە کەوتۆتە سەر هەموو خەڵی ئەوروپا.. دڵی خۆیان ئەبینی پڕ بووە لە ناسۆر و ڕقو کینە دژی ئايین و لەهەمان کاتیشدا ناچار کراون تاوێرە بەردی بنێنە سەرو لایەنگری زۆرداریەکەی کڵێسا بن، چونکە دەسەڵاتی خوایە..!!
ئەمانە بوو وایان لەو جەماوەرە کرد بەیەک دەنگ هاوار بکەن: بمرێ ئایين.. بمرێ کڵێسا.. سەربەستی بۆ ژیان و مرۆڤ..

ماويەتى..

نووسينى: ئازاد نجم الدين



 490

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram