سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ڕۆڵى ئيسلام لە ژيانى مرۆڤايەتيدا.! (6).
گۆڕینی فۆنت


ڕۆڵى ئيسلام لە ژيانى مرۆڤايەتيدا.! (6).

بەشى شەشەم.

شايەتيدانى زانايانى ئەوروپى لەسەر ڕۆڵى ئيسلام لەسەر ژيانى مرۆڤ.!

دکتۆر(دینۆرت)ی ئەڵمانی سەرژمێریەکی لە نێوان زاناکاندا کرد دەربارەی باوەڕبون بەخواو زەرورەتی ئایين بۆ مرۆڤ، ئەنجامێکی سەیری خستە ڕوو، کە بەم شێوەیە بوو:

کۆی زاناکان: (٢٩٠) کەس بون، (٢٤٢) زانایان باوەڕیان بە خوا هەبوو، ئەمەشیان لە نوسینەکانیاندا بڵاوکردۆتەوە، (٢٨) زانایان پەیوەندییان بەو باسانەوە نەبوە، (٢٠) زاناشیان بێ باوەڕبون..

کەوا بوو ٪٩٢ زاناکان باوەڕدارن، هەڵوێستیشیان لە ئایين ئاشکرایە.. دەیانیشیان تێدایە کە هەڵوێستی بەرامبەر ئیسلامیش زۆر چاکە، وەکو زانای کۆمەڵناسی (جیمس بیۆرگ) کە باوەڕێکی پتەوی بە ئاینی ئیسلام هەیە، ئەڵێ: چونکە ئیسلام لە یەک بیروباوەڕدا لایەنی ماددی و ڕۆحی بەهاوکێشەیەکی پارسەنگ پێکەوە بەستووە، هەروەها نوسەری بەناوبانگ (سۆمرست مۆم) قسەیەکی ڕاست و جوانی هەیە کە ئەڵێ: (ئەمڕۆ ئەوروپا وازی لە خواکەی هێناوەو باوەڕی بە خوایەکی تازەی هێناوە کە زانستە.! زانستیش زیندەوەرێکەو بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە.! ئەوەی ئەمڕۆ بەڕاست ئەیسەلمێنێت، سبەینێ باوەڕی پێی نامێنێت.! ئەوەی دوێنێ پێی وابوو چاکە، ئەمڕۆ بە لاسەنگ و لاواز ئەیبینێتەوە.. بۆیە پەرستیارەکانیش لە گۆڕانی بەردەوامدان.!!

دکتۆرە (لۆرا فيشا ڤاگلیری) مامۆستای زمانی عەرەبی و شارستانیەتی ئیسلامی لە زانکۆی ناپۆلی ئیتاڵیا ئەڵێ: (ڕۆژێ لە ڕۆژان ئیسلام لەڕێی تەواوداڕشتنی ڕەوشتدا نەبوەتە لەمپەڕ، بەربەستێکی نەهێنایە ڕێ، نەک هەر ئەوەندە، بەڵکو پێش هەموو ئاینێکی تر هێزێکی کاریگەری لە خۆیدا خەلق کرد کە بەردەوام کاریگەر بمێنێت لە ئاڕاستەکردنی شوێنکەوتوەکانیدا بەرەو خۆ پەروەردە کردن لەسەر هەموو چاکەو خێرخوازیەک، بۆ بەرزبونەوە بەرەو خوا.. سەرکەوتنی ئیسلام ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو بایەخدانەی کە خۆی زیاتر لە ئاینەکانی تر بەلێپرسینەوەی ڕەوشت ئەیدا.. (محمد) باوەڕی بە پێغەمبەرەکانی تر هێنابوو ، ئیعترافی بەوە کردبوو کە هەموویان برای ئەون، ئیسلام فەرمان بەشوێنکەوتوەکانی ئەکات کە بە بەزەیی بن لەگەڵ هەموو دروست کراوێکیدا، قسەو ڕوو خۆش بن، لێبوردنیان هەبێت، ژیانی سادەیان بوێت، پەیوەندی کۆمەڵایەتیان بەهێز کەن.. ئایەتی قورئانیش بۆ بەڵگەی ئەم قسانەم زۆرن).!

ئەمانە باوەڕیان هێناوە کە ئايین پێویستیەکی مرۆڤەو دەرون و ژیری مرۆڤ پێویستی پێیەتی..!

ماويەتى..

نووسينى: ئازاد نجم الدين.



 643

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram