سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ڕۆڵى ئيسلام لە ژيانى مرۆڤايەتيدا.! (8).
گۆڕینی فۆنت


ڕۆڵى ئيسلام لە ژيانى مرۆڤايەتيدا.! (8).

بەشى هەشتەم.

هەر عەقیدەیەک لەسەر سوودی کەسایەتی دامەزرا بێت، هەرگیز سەرکەوتوو نابێت.!

ئەو بیروباوەڕو پارت و کۆمەڵانەی ئەمڕۆ لەجیهاندا درووست بوون و هەن.. بۆ نموونە ئەوە سۆشیالیستی، ئەیبینیت لەسەر بناغەکەی میکاڤیللیزم داڕێژراوە کە باوەڕی وایە بۆ گەيشتنە ئامانج هەموو هۆکارێک درووستە بیگریتە بەر (الغایة تبرر الوسیلة) با لەڕێی گەيشتنە ئامانجیشدا دەیان جار ستەم و سەدان جار ماف پێشێلکردنی ئەم و ئەویشی تێدا بێت.!!
خاوەنی ئەم جۆرە عەقیدەو بیروبۆچونانە لەم ناکۆکیانەی ڕێیاندا هەندێک سوودو ئارەزوو بەدەست دەهێنن، بەڵام ئەویش سەرەنجامی ئەو هەڵپەیەی ئەیکەنە سەر یەک بۆ خراپە کردن، خۆشیەکی وای لێ نابینن، حەزوو ئارەزووپەرستی لەم جۆرە کەسانەدا ئەبێت بە پیشە..! تا ئیتر ئەبنە کۆیلەی ئاڵقە لە گوێی گوێڕایەڵ بۆ هەموو فەرمانێک کە کەمێکی تر ئارەزووەکانیان بهێنێتە دی، وەک فرۆشتنی گەل و وڵات.!! ئەمە تاکەکان، کۆمەڵ و پارتەکانیش، تەنانەت نەتەوەکانیش، هەر ئەکەونە شەڕو پێکدادان، ئەکەونە وێرانکاری و زیان لەیەکتردان، ئەوەیە کە ئەیبینیت، زانستی (ئەو ئامێرە بەسوودە) ئەکەنە ئامێری تۆقێنەرو دژواری کاولکاری..!!
گەنجینەی بیری مرۆڤ و مرۆڤایەتی پێویستە بە عەقیدەیەکی ڕاست و درووست پڕ بکرێتەوە، ئەمەش جگە لەوەی بەجێهێنانی فەرمانی خوای کردگارە، یارمەتیدەری کەم کردنەوەی ناکۆکیەکانی سەر زەمین و بوارکردنەوە بۆ هەست و سۆزی خۆشەویستی و بەزەیی و هاریکاری و برایەتی لەسەر زەمینا.. چونکە لە عەقیدەی وادا دیندارەکان هێنانە دی زۆرینەی هیواو ئاواتەکانیان هەڵدەگرن بۆ ڕۆژی دوایی، باوەڕیان وا ئەبێت کە لە ڕۆژی دواییداو لەبەهەشتی خوای گەورە حەزو ئارەزووەکانیان تێر دەکەن.
ئەو کەسانەی باوەڕیان بەڕۆژی دوایی نیيە، چی وایان لێ ئەکات زیاتر لە خەباتکردنیاندا بە ئارام بن.؟ ڕاددەی ئارام و تەحەموول کردنیان چەندە.؟ ئەوان چەندو لە کێ چاوەڕوانی چ پاداشتێک دەکەن.؟! خۆ زۆرجار مۆمی ژیانیان ئەکوژێتەوە بێ ئەوەی دەستیان لە هیچ ئاواتێکیان گیربوبێت..! ئەمە جگە لەوەی ئەبینن کە بەرهەمی ڕەنج و خەباتیان کەسانێکی تر بۆ خۆیانی ئەماشنەوەو بە دزی، یان بە ئاشکرا لووشی ئەدەن.!!
لەم ڕوانگەوەیە کە ئەڵێین هەر عەقیدەیەک لەسەر سوودی کەسایەتی دامەزرا بێت، هەرگیز سەرکەوتوو نابێت مەگەر لە هێنانەدی هەندێک ئامانجی کورت و کەم، کە ئەویش زۆر جارو لە زۆر شوێن ئەکەوێتە بەر گەردەلوولی خۆ پەسەندی و ئارەزووی ئەم و ئەو.!! کەوابوو بەدەست هێنانی بەرژەوەندی نزیک و هێنانە دی هیواو ئاواتی کورت و کەم، نابنە بناغەی ئارامگری و خۆگری.

ماويەتى..

نووسينى: ئازاد نجم الدين.

 485

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram