سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ڕۆڵى ئيسلام لە ژيانى مرۆڤايەتيدا.! (9).
گۆڕینی فۆنت


ڕۆڵى ئيسلام لە ژيانى مرۆڤايەتيدا.! (9).

بەشى نۆيەم.

ئەو عەقیدانەی لەسەر ڕق و قین دروست ئەبن، ناتوانن مرۆڤایەتی بگەیەننە ئاسۆی برایەتی و هاریکاری و خۆشبەختی.

لە ڕاستیدا زۆربەی ئەو (چاکەخواز)انەی بێ باوەڕن، هێزی ئارامگرتن و خۆڕاگرتنتان لە خۆشەویستی و دڵپاکییەوە وەرناگرن، بەڵکو لە ڕق و کینەی کەسایەتیەوە وەری ئەگرن..! جا ئیتر ئەو ڕق و کینەیە لە چینێک بێت، یان له نەتەوەیەک، یان له نەوەیەک، یان له تیرەو هۆزێک ، یان لە پارت و کۆمەڵێکی تر..
پاشان بەو (چاکە کردن)ە ئەگەنە چەند مەبەستێک، جگە لەوەی كە ئەو ڕق و کینەیان وایان لێ ئەکات بەو پەڕی دڵڕەقی و دڕندەییەوە سزاو ئازار بۆ هێنانە دی ئاواتەکانیان بخەنە کار، گەرچی ئەشزانن (یاخۆیان گێل ئەکەن لەوەی) کە هێزو توندوو تیژی ناتوانێت قەناعەت بۆ کەس دروست بکات، تۆ ئەتوانی من ناچار بکەیت سەدان ئیمزا بكەم، یان بەرد بە دان بشکێنم.! بەڵام ناتوانیت وام لێ بکەی خۆشم بوێیت.. چونکە –با دەست و پێم لە کۆت و زنجیریشدا بێت- بەڵام لە دڵ و دەروونمدا ئازادم.. لەمەوەیە کە ئەڵێین: ئەو عەقیدانە لەسەر ڕق و قین دروست ئەبن، ناتوانن مرۆڤایەتی بگەیەننە ئاسۆی برایەتی و هاریکاری و خۆشبەختی، ڕەنگە بتوانن چەند گیروگرفتێک چارەسەر بکەن، یان دەسەڵاتی ستەمکارێک لابدەن، بەڵام هەرگیز نابنە چارەسەری ڕاستەقینەی ئەو هەموو ئێش و ئازارەی تووشی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بووە، بۆیە قابیل نییە هەر لەو ڕێبازەی ئاشکرای کردووە، لابدات.!! ئینجا چەند جۆرە خراپەیەک ئەهێنێتە جێی جۆرە خراپەيەكی تر، جۆرە ستەمێک ئەگۆڕێتەوە بە جۆرە ستەمێکی ترو دابەزینێک بەدابەزینێکی تر.. کەوا بوو ئەو بیرو دیدو ڕێبازە نەیتوانی کۆمەڵێک لەسەر بناغەی خۆشەویستی و هاریکاری درووست بکات، چ جای کۆمەڵگەیەکی دوور لە ڕق و قینی پڕ ڕێزو دۆستایەتی ڕاستەقینە، لەوەی کە بتوانێت بەرامبەر خراپەکاری و ستەم ڕاوەستێ و بۆ خێرو خۆشی هەمووان بجەنگێت.
ئەو عەقیدەیەى کە بتوانێت سوود بە خەڵکی بگەیەنێت و بەرەو شارستانێتییەکی بەختەوەری ببات، ئەبێت باوەڕەکەی لەسەر بنچینەی خۆشەویستی و متمانە دامەزرا بێت، ئەبێت لە زەمینەی بەرفراوانی خۆشەویستی خواوە وەرگیرا بێت، ئەو خۆشەویستیەی کە پێوەری هەموو خۆشەویستیەکی بوونە..
عەقیدەیەک لەسەر باوەڕهێنان بەڕۆژی دوایی دامەزرا بێت، وا لە شوێنکەوتوانی ئەکات کە هەستی تەمەن کورتی و نەمانیان لێ دوور بکەوێتەوە، لە جێی ئەوە هەستی نەمرێتی ڕۆژی دوایی و لای خوایان ئەداتێ، چونکە لە عەقیدەی ئايینیدا مردن کۆتا قۆناغی بوون نییە، بەڵکو قۆناغێکەو قۆناغی تری بە دوادا دێت.
عەقیدەی ئایينی هەستی ئەوە لە شوێنکەوتوانی دوور ئەخاتەوە کە ڕەنجەکەیان بەری نەگرتووە، مادام نەگەیشتوونەتە ئامانج، یەعنی تێکۆشانەکەیان بێ سەمەر بوە.!! نا، چونکە شوێن کەوتووانی عەقیدەی ئايینی هەر لەسەرەتاوە ئەزانن گرنگ لە کاریاندا گەیشتنە ئامانجی سەر زەمین و ژیانی خۆیانا نیە، بەڵکو مەبەستی سەرەکی دینداری و هەوڵ و ڕەنجیان وە دەستهێنانی ڕەزامەندی خوایەو پاداشتیش لەسەر ئەو ڕەنج و خەباتە هەر لای خوای گەورەیە.. ئەمە ڕوانگەی هەموو عەقیدەیەکی ئایینیە کە لەسەر بناغەی باوەڕهێنان بەڕۆژی دوایی دامەزرابێت.. ئەمە کاریگەری هەموو ئایينێکی وایە بە گشتی، بەڵام ئيسلام لەسەر ئەمەشەوە کاریگەری تایبەتی تری خۆی هەیە..!

ماويەتى..

نووسينى: ئازاد نجم الدين

تايبەت بە پەيجى شێخ ئەحمەد كاكه مەحموود - www.ahmadkaka.org



 434

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram