سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  رۆڵى ئيسلام لە ژيانى مرۆڤايەتيدا.! (10).
گۆڕینی فۆنت


رۆڵى ئيسلام لە ژيانى مرۆڤايەتيدا.!

بەشى دەيەم.

ئیسلام ڕزگار بوونە.!

ئەو کەسانەی وا لە ئیسلام تێگەێنراون کە گوایا مەبەستەکانی کۆتا هاتوون، خۆشیان و مامۆستاکانیشیان نازانن ئیسلام بۆچی هاتوە.؟

ئەوانە وەکو لە وانەکانی مێژوودا خوێندوویانە –کە ئیستیعمار پڕۆگرامەکەی دانابوو- ئەوەندە لە ئیسلام نازانن کە بۆ ئەوە هاتووە تا خەڵکی دارو بەرد نەپەرستن و فێری خوا بە یەک ناسینیان بکات.! تا عەرەبەکان لە تیرەو هۆزی پچڕ پچڕی ناکۆکەوە بکات بە یەک نەتەوە.! یان بۆ ئەوەی نەهێڵێت عەرەب ئەوەندە سەرکەنە سەر شەراب و قومارو خراپەکاری، بەڵکو لە جێی ئەوانە چاکە خوازی و ڕەوشت بەرزی دابمەزرێنێت.! هەروەها (شایەنی باسە) کە گەلێک خووڕەوشتی نەفامێتی لەناو عەرەبەکانی لە ڕەگەوە هەڵکەند.! وەک تۆڵە سەندنەوە بە زیادەوە، یان زیندە بەچاڵ کردنی کچان.. ئەمە جگە لەوەی کە ئیسلام شوێنکەوتوەکانی هاندا بۆ بڵاوکردنەوەی ئیسلام، ئيتر شەڕوشۆڕ ئەقەوما، ئەم ڕۆڵەشی بەبڵاوبوونەوەی ئیسلام لەو وڵاتانەی کە ئێستا تیایەتی، کۆتایی هات.. ئەمە ڕۆڵی ئیسلام بووە.! کەوابوو ئیسلام هات و ڕۆڵیشی کۆتایی پێ هات، چونکە ئیسلام ڕووداوێکی مێژووییەو مەبەستەکانی لەگەڵ کۆتایی هاتنی ڕووداوەکەدا کۆتاییان پێ هات.!

خۆ کەس لە جیهانا نەماوە تا دارو بەرد بپەرستێت تا ئیسلام دیسان ڕۆڵی بۆ بینێتەوە.! تیرەو هۆزیش لە نەتەوەکانا تواونەتەوە، شەراب خواردنەوەو قومارکردنیش دراونەتە دەست (پێشکەوتن)ی کۆمەڵ خۆيی و یاساش دیاريیان دەکات، شەرابیش هەرچەندە ئايینەکان هەمووی دژین، بەڵام ئەوەتا هەر بەردەوام بووە، کەوا بوو هەوڵدان بۆ نەهێشتنی خۆ ماندوو کردنەو بەس..! بڵاوکردنەوەی بانگەوازی ئیسلامیش تەواو بووە، ئەمڕۆ (بیروباوەڕ)ی تازە هاتۆتە کایەوە لەسەر بنچینەو بنەمای (زانستی) دامەزراوەو خەڵکی موناقەشەی ئەوانە ئەکات، نەک موناقەشەی بانگەوازی ئایینی، چونکە ئەو بیروباوەڕە زانستیانە بەختەوەری بۆ مرۆڤ دەهێنن و خۆشگوزەرانی بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی مسۆگەر دەکەن.

ئا ئەمە بوو ئەو مێژووەی کە لە قوتابخانە پێیان ئەخوێندين.. ئەمە ئەو وەحیە بوو کە ڕۆژئاواییەکان بۆیان هێناین.. بەڵام نە ئەوانیش و نە ئەمانیش نازانن ئیسلام بۆچی هاتووە.. ئەوانە نازانن کە ئیسلام گەر بە یەک وشە پێناسە بکەین ئەڵێن ئیسلام یەعنی ڕزگاری..!

ماويەتى..

نووسينى: مامۆستا ئازاد نجم الدين

تايبەت بە پەيجى شێخ ئەحمەد كاكه مەحموود - www.ahmadkaka.org

 457

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram