سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  رۆڵى ئيسلام لە ژيانى مرۆڤايەتيدا.! (12).
گۆڕینی فۆنت


رۆڵى ئيسلام لە ژيانى مرۆڤايەتيدا.!

بەشى دوازدەيەم. (12)

ئیسلام ڕزگار بوونە.!

خوای پەروەردگار ئەیەوێ شوێنکەوتووەکانی قورئان پێداچوونەوەی باوەڕو پابەندییەکەیان بکەن، بۆیە ئاوا بە پێغەمبەرەکەی ﷺ دەفەرموێت: پێیان بڵێ ئەگەر ئەو لەزەت و خۆشیانەتان لا خۆشەویستترە لە خواو پێغەمبەرو لە جیهاد، دەچاوەڕوانی غەزەبی خوا بن.!! چاوەڕوانی سزای ڕەنجاندنی خوا بن.!! چونکە ئێوە چونەتە خانەی فاسقانەوە.!! ئەم هەڕەشەیە لای موسڵمانان شتێکی زۆر گەورەیە، زۆر ترسێنەرو کاریگەرە، زۆر قورسە لەسەر دڵی..
بەم شێوەیە ئیسلام هەموو حەزو ئارەزووەکان لە تایەکا کۆ دەکاتەوەو خۆشەویستی خواو پێغەمبەرەکەی ﷺ و ئەو جیهادە قورسەش (بەڵام خۆش و بەعیززەت و بەلەزەتە) لەتایەکی تردا کۆ دەکاتەوە.. خۆشەویستی خواو پێغەمبەرەکەی ﷺ ڕوکنی ئایینەکەن، بەڵام ئەوەتا ئەیبینیت خۆشویستنی جیهادیش ئەکاتە مەرج و سیماو نیشانەی باوەڕ بەو ڕوکنانە.!
خۆ ڕزگارکردن لە هێزەکانی ڕاکێشانی حەزو ئارەزووەکان هەر بۆ بەرەنگار بوونەوەی ستەمکاران نیيە، بەڵام هەر بۆ رزگاربوونە لەهەموو تین و تەوژم و فشارێک کە ئەم مرۆڤە وا لێ دەکات پارسەنگی خواویستی لە دەست بدات.!! ئیسلام ناهێڵێت شوێنکەوتوەکانی ببنە شوێنکەوتووی هەواو هەوەسیان، چونکە ئەو کاتە وردە وردە ئەکەونە تەنازول کردن لە هەڵوێستی ڕەسەن و کاریگەری ئايینەکەیان.. بەمەش خۆ لەگەڵ هەموو بارودۆخێکی جاهیلیدا خۆ ئەسازێنن لەجیاتی ئەوەی لە ڕەگ و ڕیشاڵەوە هەڵی کەنن و بیگۆڕن بە هی ئیسلاميی..
ئەستەمە مرۆڤ – پێش ئەوەی خۆی لە هێزی ڕاکێشانی ئەو حەزو ئارەزوانەی خۆی قوتار کات- بێتە مەیدانی خزمەت کردنێکی کاریگەرەوە، ئەمما ئەگەر توانی خۆی لەو تین و تەوژمە ڕاپسکێنێت، ئەوە ئەتوانێت لەو مەیدانەی کە شارەزایی تێدا هەیە خزمەتی خۆی بکات: ئەوی زانایە بە زانستی خۆی، ئەوی هونەرمەندە بە هونەرەکەی خۆی.. هەرکەس خاوەنی ئەو ڕزگاری و ئەو عەقیدەیە بێت، حەتمەن خۆیی و گەلەکەشی بەرز ئەکاتەوە، بۆیە ئیسلام سورە لەسەر ئەوەی کە شوێنکەوتووە نوێکەی هەر لەسەرەتاوە لەو تین و تەوژم و هێزی ڕاکێشانە ڕاپسکێنێت.! تا بتوانێت بێت بەدەم داواکاریيەکانی ئیسلامەوە.. جا کە ئیسلام ئەیەوێت شوێنکەوتووەکانی خۆیان لە هەواو هەوەسی خۆیان ڕزگار کەن، نایەوێت تەرکی دنیا کەن و بکەونە خەڵوەتەوە.!! نایەوێت – وەکو مەسیحێتيی ئەخوازێت – بۆی ببنە ڕاهیبی دێرو پەرستاری خەڵوەتی گۆشەگیری.. نا.. وەک جڵەو شلکردنی هەواو هەوەس و حەزو ئارەزوویان لێ قەدەغە دەکات، ئەمیشیان لێ قەدەغە دەکات.. ئیسلام دەیەوێت شوێنکەوتووەکانی پارسەنگ بن، بواری ژیرانە بۆ ئارەزووەکانیان بکەنەوە بێ ئەوەی لاسەنگ بکەون بەلایەکدا.. نە بەلای گۆشەگیری و تەرکی دنیا، نە بەلای بەرەڵڵايی و سنوور بەزاندن.!

ماويەتى..

نووسينى: مامۆستا ئازاد نجم الدين

تايبەت بە پەيجى شێخ ئەحمەد كاكه مەحموود - www.ahmadkaka.org

 459

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram