سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
   تاوانی هاوەڵدانان بۆ خوای گەورە. (16).
گۆڕینی فۆنت


زنجیرەی تاوانی هاوەڵدانان بۆ خوای گەورە.

زنجیرەی شازدەیەم. (16).

بەشی هەشتەم:

بسم اللە الرحمن الرحیم
سەرەتا دەڵێم: داوایەکی برایانەو دڵسۆزانە بۆ سەلامەتی عەقیدەو بیروباوەڕمان و رەزامەندی خوای بێ هاوەڵ، با لەباتی ئەوەی بە دوای قسەی لاوازو لێکدانەوەی بێکەڵک و شەرعاندنی ناشەرعی بگەڕێین، بابێین گوێ لە قوڕئان بگرین و ئایەتەکانی بەجوانی بخوێنینەوە و گوێی لێ راگرین و هەر فەرمانێکی کرد بڵێین: [سَمِعْنَا وَأَطَعْنَا ۖ غُفْرَانَكَ رَبَّنَا وَإِلَيْكَ الْمَصِيرُ] خوایە گیان بیستمان و گوێڕایەڵین، ئەی ئەوانەی دەڵێن موسڵمانین و ئومێدی بەهەشتان هەیەو لەگەڵ ئەوە هەموو کاری رۆژانەتان دەعوەو بانگەوازتان بۆ هاوار کردن و تەبەروک و تەوەسولە بە گۆڕی پیاوچاکان، یا بەناو شێخانێکی دڵ نەخۆش و دوور لە عەقیدە پاکەکەی رسول اللە و عولەماو صولەحاو ئال و بەیتی رسول اللە، ئەگەر بەراست گوێڕاڵی قوڕئانن، خوا دەفەرموێ: [وَمَا آتَاكُمُ الرَّسُولُ فَخُذُوهُ وَمَا نَهَاكُمْ عَنْهُ فَانتَهُوا ۚ وَاتَّقُوا اللَّهَ إِنَّ اللَّهَ شَدِيدُ الْعِقَابِ] ئەوەی پێغەمبەری پێهاتووەو پێی ڕاگەیاندوون وەریگرن و ئەوەی ئەو رێگری لێ کردوون وازی لێ بێنن.
بەسە ئەوەندە کرداری فڵان زاناو فیسارکەس مەکەنە بەڵگە بۆ گومڕایی خۆتان و سەر لێشێواندنی خەڵکی داماو، لە ئوسوڵی فیقهدا کۆدەنگی زانایان دەفەرموون: سەرچاوەی دین قوڕئان و سوننەت و ئیجماعە هەندێکیش دەفەرموون قیاسە، قسەی بەهێز ئەوەیە قسەو کرداری هاوەڵێک لە هاوەڵان نابێتە بەڵگە، ئیتر ئێوە بۆ دەچن بەدوای کرداری زانایەکدا دەگەڕێن، بۆ خەڵەتاندنی خۆتان و شوێن کەوتوەکانتان، لە کاتێکدا زۆرینەی کرداری ئەو زانایەی ئێوە دەیکەنە بەڵکە سەنەدی زەعیفەو ئەسڵی نیەو بۆی دروستکراوە، بۆ نمونە تەبەروکی ئیمامی شافیعی بە کراسی ئیمام ئەحمەدەوە یا بە گۆڕی ئیمام ئەبو حەنیفە، کە پێشتر رۆشنمان کردەوە، دروستکراوە بۆی و پێچەوانەی قسەو فەتواکانی خۆی و زانایانی مەزهەبە کەشیەتی،
ئێستا بابێینەوە سەر بەڵگەی ئەوانەی تەبەروک بە گۆڕی پیاوچانەوە بەدروست و باشیش دەزانن.

بەڵگەیەکی تری رەواجدەرانی تەوەسول بە گۆڕو پیاوچاکان بریتیە لە:
5 - دەڵێن: بیلال حەبەشی بانگ بێژی پێغەمبەر صلی الله عليه وسلم لە خەودا پێغەمبەری صلی الله عليه وسلم بینی فەرموویەتی پێی بۆ ئەوەندە ساردو سڕی ئەی بیلال؟ ئایە کاتی ئەوە نەهاتوە سەردانم بکەی بیلال، کاتێک بەخەبەرهات خەمبارو دڵ تەنگ بوو، ترسی لێ نیشتبوو، سوار وڵاخەکەی بوو چوو بۆ مەدینەو چووە لای گۆڕی پێغەمبەر صلی الله عليه وسلم، لای گۆڕەکەی گریاو دەم و چاوی خستە سەرگۆڕەکەو حەسەن و حوسەین هاتن بۆلای و ئەویش باوەشی پێداکردن و گوشینی بەخۆیەوەو ماچی کردن و بە بیلالیان وت: پێمان خۆشە ئەو بانگە ببیستین کە بۆ پێغەمبەرت صلی الله عليه وسلم دەوت لە بەیانیدا، بەگوێی کردن چووە سەربانی مزگەوت، لەو شوێنە راوەستا کە زوو رادەوەستا، کاتێک وتی: الله أكبر الله أكبر مەدینە لەریەوە، کاتێک وتی أشهد أن لا إله إلا الله لەرینەوەی مەدینە زیادی کرد، کاتێک وتی: أشهدُ أن محمداً رسولُ الله
کچان لەماڵی خۆیان هاتنە دەرەوە، وتیان ئایە پێغەمبەر صلی الله عليه وسلم زیندو بۆتەوە، هیچ رۆژێک بە ئەندازەی ئەو رۆژە خەڵک نەگریاوە لە دوای وەفاتی پێغەمبەر صلی الله عليه وسلم.
لەوەڵامدا دەڵێین: ئەم ئەسەرو گێڕانەوە لە بارەی بیلالەوە راست نیە، گێڕانەوەیەکی غەریب و مونکەرە، سەندەکەی نا مەعلومەو پچڕان لە سەندەکەیدا هەیە، ئیمامی زەهەبی دەڵێ: (إسناده ليِّنٌ، وهو مُنكرٌ) ئیبن حەجەر دەڵێ: ئەم چیرۆکە بەرۆشنی دیارە دروست کراوە.
ئیبن حەزم دەڵێ: باسمان کردووە دووکەس نیە لە گێڕەوەی فەرموودە نەڵێ بیلال هیچ کات بانگی بۆکەس نەداوە لەدوای وەفاتی تەنها جارێک نەبێ لە شام بانگی دا بەڵام بۆی تەواو نەکرا.

6 - دەڵێن: ئیمام ئەحمەد لە کەسیری کوڕی زەید لە داودی کوڕی ئەبی ساڵحەوە ریوایەتی کردووە کە رۆژێک مەڕوان چووە بۆلای گۆڕی پێغەمبەر صلی الله عليه وسلم بینی پیاوێک دەمو چاوی خستۆتە سەر گۆرەکە، وتی: دەزانی چی دەکەی، پیاوەکە روی تێکرد بینی ئەبو ئەیوبە، وتی: بەڵێ: هاتم بۆلای پێغەمبەر صلی الله عليه وسلم نەهاتووم بۆلای ژوورەکەی، بیستم لە پێغەمبەر صلی الله عليه وسلم فەرمووی: بۆ ئایین مەگرین ئەگەر خاوەنی خۆی بەڕێوەی برد، بەڵام ئەگەر غەیری خاوەنی خۆی بەڕێوەی برد بۆی بگرین.

لەوەڵامدا دەڵێین: فەرموودەکە لاوازە چونکە داودی کوڕی ئەبو ساڵحی تیایە، ئیمامی زەهەبی دەڵێ: حیجازیەو کەسێکی ناسراونیە، ئیبن حەجەر لەگەڵی هاوڕایە، نەسائیش بە زەعیفی داناوە، زانایانی موحەقیق وەک نەوەوی و کەسانی تریش ئینکاری ئەم فەرموودەیان کردووە

بەڕێزان و خۆشەویستان ئەوە چەند بەڵگەیەکی لاواز بوو لەدەیان بەڵگەی لاواز کە سۆفی و بیدعەچی و گۆڕ پەرست شەخس پەرست پشتیان پێ بەستووە بۆ کارەکانیان، بەڵگەکانی تریان باس ناکەم چونکە بابەتەکە درێژە دەکێشێ و بەڵگەکانی تریشیان لەم بەڵگانە بەهێزترنین.

نووسینی: مامۆستا مەلا مظفر پێنجوێنی.

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.
www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org

 486

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram