زنجیرەی عەقیدەو بیروباوەڕی ئیسلامیی بۆ منداڵان و نەجەوانان. ئیمان بەقەدەر ، بابەتێکی زۆر گرنگ و هەستیار ، بەڵام زۆربەی خەڵکی زانیارییان لەسەری نییە.! وانەی شانزدەهەم : بنەماکانی ئیمان بنەمای شەشەم : ئیمان بەقەدەر ا ـ مانای ئیمان بەقەدەر چییە ؟ ـ ئیمان بەقەدەر باوەڕپێکردنێکی تەواوەتییە بەوەی کە هەرچییەک روو ئەدات لە خێر و شەڕ بەقەدەری اللە یە ، واتە : بەگوێرەی ئەندازەگیری اللە یە ، یان ئیمان بەقەدەر ، واتە : ئیمان بەوەی کە اللە بەر لە دروستکردنی ئاسمانەکان و زەوی ئەندازەگیری شتەکانی کردووە ، و زانیویەتی چی کەی و لە کوێ روو ئەدات ، ئەویش بەگوێرەی ئەوەی ئەندازەگیری کردووە . بێگومان هیچ شتێک لە جیهاندا نییە لە بازنەی قەدەر دەرچێت . وە ئێمە ئیمانمان بەقەدەر و پلەکانی قەدەر هەیە . بەڵگە : پێغەمبەرمان محمد صلی الله علیه وسلم فەرموویەتی : " الایمان ان تؤمن بالله وملائكته وكتبه ورسله والیوم الآخر ، وبالقدر خیره وشره " رواه مسلم . ب ـ پلە کانی ئیمان بەقەدەر چین ؟ یان ئیمان بەقەدەر چی لە خۆئەگرێت ؟ ـ ئیمان بەقەدەر چوار شت لە خۆ ئەگرێت ، ئەوانیش پێیان ئەوترێت پلەکانی قەدەر : یەکەم : زانست (العلم) : واتە : ئیمان بەوەی کە خودا زانستی بەهەموو شت ، ورد و درشت ، بەجوملە و تەفسیل هەبووە و هەیە ، واتە : زانیویەتی چی بووە و چی ئەبێت و چۆن ئەبێت ، و هەروەها ئەزانێ ئەوەی کە نەبووە ئەگەر ببوایە چۆن ئەبوو . دووەم : نوسین (الکتابة) : واتە : ئیمان بەوەی کە ئەوەی زانیویەتی نوسیویەتی لە کتێبێکدا ، واتە : لە (لوح المحفوظ) دا . بەڵام ئەم نوسینە مانای ئەوە نییە کە ئینسان زۆرلێکراو بێت ، بەڵ دەلالەت لەسەر علمی خوا ئەکات بەکردارەکان و گوفتارەکان و ئەحواڵی بەندەکان بەر لە دروستکردنیان . سێیەم : دروستکردن (الخلق) : واتە : ئیمان بەوەی تێکڕای بوونەوەران ، بەخۆشمان و کردەوەکانیشمانەوە ، خودا دروستی کردوون بەقەدەر و ئەندازەگیری . چوارەم : ویست (الارادة والمشیئە) : واتە : ئیمان بەوەی کە هەموو شتێک بەئیرادە و ویستی خودا ئەبێت ، جا پەیوەندی بەکرداری خودا خۆیەوە ببێت ، یان پەیوەندی بەکرداری بەندەکانەوە ببێت ، وە ئەوەی خودا ویستی لەسەری بێت ئەبێت و ئەوەی ئەو ویستی لەسەری نەبێت نابێت . وە ویستی بەندەکانیش تابعی ویستی خودایە . ج ـ ئایا ئینسان سەرپشکكراوە لە ئەنجامدانی کردەوەکانیدا ، یان زۆرلێکراوە ؟ ـ ئینسان سەرپشککراوە لە ئەنجامدانی کردەوەکانیدا ، ئەویش بەمانای ئەوەی ویست و توانستی ئەوەی هەیە کاری چاکە بکات و کاری خراپەش بکات ، گوێڕایەڵی خودا بکات و سەرپێچیشی بکات ، سزا و پاداشتیش لەسەر ئەوەیە . د ـ ئایا هەموو شتێک ئیرادەی خودای لەگەڵە ؟ ـ بەڵێ هەموو شتێک ئیرادەی خودای لەگەڵە ، و هیچ شتێک بەبێ ئیرادەی خودا نابێت و ناکرێت ، وەلێ ئەمە مانای ئەوە نییە هەرچی ئیرادەی خودای لەگەڵ بێت ، ئیتر خودا حەزی پێ بکات و پێی رازی بێت ، یان بەپێچەوانەوە ، بۆ نمونە : خودا حەزی بەئیمان و ئیسلام و ئیحسان و تاعەت هەیە و پێیان رازییە ، بەڵام حەزی بەکوفر و شرک و فسوق و سەرپێچی نییە و پێیان رازی نییە . وە ئیرادە و رازیبوون دوو وشە و دوو شتی جیاوازن لە لەفز و مانا و دەلالەتدا . هـ ـ یەکەم شت خودا دروستی کرد چی بوو ؟ ـ یەکەم شت خودا دروستی کرد قەڵەم بوو ، واتە : ئەوەی لە لای خۆیەتی . و ـ کاتێک دروستی کرد چی پێ فەرموو ؟ ـ فەرمووی : هەرچی شتێک ئەبێ هەتا رۆژی قیامەت بینوسە (اکتب کل شیئ کائن الی یوم القیامة ) . ز ـ چی ئەڵێیت کاتێک موسیبەتێکت لێ ئەقەومێت ؟ ـ انا للە وانا الیە راجعون ، قدر اللە وما شاء فعل . واتە : ئێمە بەندە و موڵک و خەلقی خوداین و بۆ لای ئەویش ئەگەڕێینەوە ، خودا ئەندازەگیری کردووە و ئەوەشی ئەو ویستی لەسەر بووە ئەنجامی داوە . ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ قەدەر : واتە : ئەندازەگیری خودا بۆ شتەکان وەک ئەوەی لەسەرەوە بەکورتی روونمان کردووەتەوە . نووسینی: مامۆستا مەلا مصطفی محمد جعفر پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله. www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org