سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ڕۆڵى ئيسلام لە ژيانى مرۆڤايەتيدا.! (15).
گۆڕینی فۆنت


ڕۆڵى ئيسلام لە ژيانى مرۆڤايەتيدا.!

بەشى پازدەهەم. (15)

جیهانی ئەمڕۆ پێویستی بە ئیسلامە.!

جیهانی ئەمڕۆ پێویستی بە ئیسلامە وەکو کە پێش هەزارو چوار سەد ساڵ لەمەوبەر پێویستی پێی بوو، پێویستی پێیەتی تا لە ئەفسانەگەری ڕزگاری کات، تا ڕۆح و ژیری لەو زەلکاوە بۆگەنە دەربهێنێ، ئیتر ئەو ئەفسانەیە پەرستنی دارو بەردو ئەفسانە پووچەڵەکانی بێ، یا پەرستنی زانیاری بێ کە ئەمڕۆ ڕۆژائاواییەکان گرتوویانەتە بەر.! پێویستی پێیەتی تا ئاشتی بخاتەوە نێوان زانست و ئایين، تا دڵنیابوون بگێڕێتەوە بۆ ئەو مرۆڤەی عەقیدە پیسەکانی ڕۆژئاوا شڕى کردووە.! ئەوی کە ژیری و ویژدانی ئاوای لێک ترازاندووەو لێکی دوورخستونەتەوەو نازانێ چەند پێویستی بە زانستەو چەند پێویستی بە خوای گەورەیە.! چەند پێویستی بە خوای پەروەردگارە تا ڕۆحە پیسەکەی ئیغریقی بۆ لا ببات، تا پاشماوەی ئیمپڕاتۆڕییەتەکەی ڕۆمانی بۆ پاڵفتە کات کە ئەمڕۆ بۆ ئەوروپا ماوەتەوە، پاشماوەی ئەو بۆچوونە ساویلکەیەی کەوا ئەزانێت پەیوەندی نێوان خوای کردگارو مرۆڤ پەیوەندی ناکۆکی و بەربەرەکانێیە.! ئەوە نییە کە دەگەنە نهێنییەکی زانستی، یان کە بەختەوەرییەک بەدەست دەهێنن، وا ئەزانن مافێکەو بەزۆر لە دەست خوای گەورەیان دەرهێناوە.! یان وای حسێب دەکەن کە ئەوە سەرکەوتنێکی زانستە بەسەر خوادا.!

ئەو ڕۆحە پیسە هێشتا هەر وا لە ژیری ناوەکی ئەوروپاییەکان بە تایبەتی و هەموو ڕۆژئاواییەکان بە گشتیدا ئەجمێ.! ئەمەش شاراوە نیە لە هەموو کارە ئەدەبییەکانیاندا دەر ئەکەوێ، چ شيعرو چیرۆک بێ، چ شانۆگەری و سینەما، لە تەعبیرەکانیاندا دەردەکەوێ وەکو (مرۆڤ ڕقی لە سروشتە) یان (زانست نهێنییەکان دائەماڵێ).هتد.

هەروەها لەو شێوازی هەست کردنەیاندا دەردەکەوێ کە بەخوای کردگار دەکەن.! نابینیت دەڵێن: هەست کردنی مرۆڤ بەلاوازی خۆی بەرامبەر بە سروشتە وای لێ دەکات خوا بناسێ و بیپەرستێ.! بۆیە دەڵێن: هەر پلەیەک زانست و مرۆڤ بباتە سەرەوە بەو ڕادەیەش ئەو زانستە پلەیەک خوا ئەهێنێتە خوارەوە.! تا ئەو قۆناغ و کاتەی کە مرۆڤ –لەڕێی زانستەوە- پەی بە هەموو نهێنییەکانی ژیان و گەردوون دەبات ( ئەمەش ئەو خەونەیە کە زانایان لە خەویاندا ئەیبینن) ئیتر بەتەواوی خۆی لە دەسەڵاتی خوا ڕائەپسکێنێ و خۆی ئەبێت بەخوا.!!

ئای ئەم جیهانەی ئەمڕۆ چەند پێویستی بە ئیسلامە، تا لەو گومڕایی و سەرگەردانییەی ڕزگاری کات، تاهێمنی و ئاسایشی دەروونی بۆ بهێنێتەوەو ڕۆحی شاد کاتەوە، تا سەر لەنوێ ئەو هەستەی تێدا بڕوێنێتەوە کە خوای کردگار هەمیشە لەگەڵیدا بە بەزەییە، ئەو داهێنان و کەشف کردنەی ئەو بەزانستەکەی دەیگاتێ هەر لەخزمەتی مرۆڤایەتیدا بەکاری بێنێ، خوای گەورەش پێی خۆش دەبێ و لێی ڕازی ئەبێ و زیاتر هاریکاری دەکات، چونکە ئەویش خواپەرستییە.. خوای گەورە لە ئیسلامدا ڕقی لە کەس –لەبەر ئەوەی پەی بە زانستێک بردووە- نابێتەوە، لە کێبەرکێ (مونافەسە)ی کەس ناترسێ، خوای گەورە –لە ئیسلامدا- کاتێک ڕقی لە مرۆڤێک یان لە کۆمەڵە کەسێک هەڵ ئەستێ کە زانستەکەی خۆیان بۆ ئازارو ئەشکەنجەو زیاندانی یەکتری بەکار بێنن.

ماويەتى..

نووسينى: مامۆستا ئازاد نجم الدين

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.
www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org



 450

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram