سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
   تاوانی هاوەڵدانان بۆ خوای گەورە. (24).
گۆڕینی فۆنت


زنجیرەی تاوانی هاوەڵدانان بۆ خوای.گەورە.

زنجیرەی بیست و چوارەم.

بەشی یەکەم:

چەند خاڵێکی کورت و گرنگ لەسەر تەبەروک..!

سم اللە الرحمن الرحیم
لەکۆتا زنجیرەکانی باسی تەبەروک دەمەوێ رونکردنەوەیەکی گرنگ بدەم، تاوەکو بەهەڵە لە تەبەروک حاڵی نەبن و وانەزانن ئێمە لە زنجیرە باسی تەبەروکدا وتومانە هەموو جۆرەکانی تەبەرووک شیرکی گەورەن و هەرکەسێک بەهەر نێتێک تەبەروک بکات و باوەڕی بە دروستی تەبەروک هەبێ دەبێتە موشریک، هەرکەسێک وابڵێت و قەناعەتی وابێ بەراستی بێ ئینسافی کردووە، چونکە لە زنجیرە پۆستەکانی تەبەروکدا بەرۆشنی دەردەکەوێ، من چیم وتووە، بێگومان شیرکی گەورەو بچووک هەیە، شیرکی بچوک چەندین جۆری هەیە، وەک چۆن شیرکی گەورە چەندین جۆری هەیه،
شیرکی تەبەروک لەم چەند خاڵە کورت دەکەینەوە
۱ - ئەو سۆفی و دەروێش و خەڵکە نەزانە ئەوەی دەیکەن لە سەردانی گۆڕی ئەولیاو پیاو چاکان و دەستی پیا دێنن و باوەڕیان وایە گۆڕی ئەو پیاوچاکانە سودیان پێدەگەیەنێ و بەرەکەتیان هەیە، ئەگەڕ باوەڕیان وابێ گۆڕەکەو خاوەنی گۆڕە لە خۆیدا پیرۆزو موبارەکەو دەتوانێ سود بگەیەنێ بەوانەی سەردانی دەکەن، ئەوە شیرکی گەورەی کردووەو ئەگەر دوای ئامۆژگاری کردن و تێگەیاندنی تەوبە نەکات و بەردەوامبێ لەسەری دەبێتە موشریک، ئەگەر نوێژ و شەو نوێژو عیادەتەکانی تریش بکات.
۲ - ئەگەر لەکاتی سەردانی کردنی گۆڕی ئەو پیاوچاکانە دەستی پیا بێنن و باوەڕیان وابێ گۆڕی ئەو پیاوچاکانە بەرەکەتاوین و سودی هەیە بۆ ئەو کەسانەی سەردانیان دەکەن، بەڵام باوەڕی وانیە ئەم سودە هی گۆڕو خاوەن گۆڕەکەیە بەڵکو باوەڕی وایە خوای گەورە ئەو بەرەکەتەی ناردۆتە سەر ئەو گۆڕو خاوەن گۆڕە، ئەم بیروباوەڕە شیرکی گەورەنیە، بەڵام رێخۆشکەرە بۆ شیرکی گەورە، لەبەر ئەوە دەبێ موسڵمان زۆر ئاگاداربێ لەوکارو بیرو باوەڕە نامۆیە خۆی دووربگرێ، و بەرگری لەکاری وانەکات.
۳ - هەرکەس تەبەروک بە دروستکراوێک لە دروستکراوەکان بکات، جا گۆڕبێ و یا درەخت، یا بەرد، یا ئینسانی زیندو یا مردوو، باوەڕی وابێ ئەو دروستکراوە خۆی خاوەنی ئەو بەرەکەتەیە، یا ئەو دروستکراوە دەتوانێ تکای بۆ بکات و لە خوا نزیکی بکاتەوە، ئەمکارە بە شیرکی گەورە دادەنرێ و هاوشێوەی کرداری موشریکەکانە کە لەگەڵ بتەکان دەیانکرد، لە شێوەی ئەوەدا فەرموودەی (أبي واقد الليثي) هاتوە، موشریکەکان بۆ پیرۆزی سیلاحەکانیان هەڵدەواسی بە درەختێکەوە، هاوەڵان وتیان: ئەی پێغەمبەر درەختێک بۆ ئێمە دیاریکە تا ئێمەش وەک ئەوان کەین، پێغەمبەر صلی الله عليه وسلم ئەو قسە وەک شیرکی گەورە حسابی بۆ کرد بۆیە فەرمووی: سُبْحانَ اللهِ قسەکەتان وەک قسەکەی بەنی ئیسرائیل وایە کە وتیان: [اجْعَلْ لَنَا إِلَهًا كَمَا لَهُمْ آلِهَةٌ] فەرموودەکە ئەحمەدو نەسائی گێڕاویانەتەوە.
۴ - هەر کەس تەبەروک بەدروستکراوێک بکات و باوەڕی وابێ بەو تەبەروکە لە خوا نزیک دەبێتەوە بەڵام لەگەڵ تەبەروک پێکردنی باوەڕی وانیە ئەو شتە دەتوانێ زەرەر یا سودی پێ بگەیەنێ، وەک تەبەروکی نەزانەکان بە پەردەی کەعبەو دەستدان لە دیواری کەعبەو مەقامی ئیبراهیم و ژورەکەی پێغەمبەرو پایەکانی مزگەوتی حەرەم و مزگەوتی پێغەمبەر، بەو مەبەستە کە خوای گەورە پیرۆزی کردووە، ئەم شێوە تەبەروکە بە بیدعە دادەنرێ و رێ خۆشکەرە بۆ دروست بوونی شیرکی گەورە، تەنها هەندێک شت نەبێ کە بەڵگەی لەسەرە، ئەوانە دروستە تەبەروکیان پێ بکرێ وەک خواردنەوەی ئاوی زەمزەم، و تەبەروک بە عارەق و موو جسم و ئاوی دەست نوێژو ... پێغەمبەر صلی الله عليه وسلم.

نووسینی: مامۆستا مظفر پێنجوێنی

تايبەت بە پەيجى شێخ ئەحمەد كاكه مەحموود

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.
www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org



 530

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram