سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ڕۆڵى ئيسلام لە ژيانى مرۆڤايەتيدا.! (21).
گۆڕینی فۆنت


ڕۆڵى ئيسلام لە ژيانى مرۆڤايەتيدا.!

بەشى بيست و يەكەم. (21).

ئەوەندە بە زانست دەسخەڕۆ مەبن.!

جارێک فەیلەسووفێکی هیندستانی ڕەخنەیەکی توندی لێ گرتم، دوای باسکردنی شارستانێتییەکەمان کە شۆفێری چەندەها سەیارە توانییان ماوەی سێ سەد، یان چوار سەد میل لە کاتژمێرێکدا ببڕن و توانیتان لەسەر زەوی و بەفڕۆکەش ماوەی نێوان مۆسکۆ و نیویۆرک بە بیست یان پەنجا دەقیقە (من لەبیرم نەماوە) ببڕن، توانیتان وەک باڵندە بە ئاسماندا بفڕن و وەک ماسیش توانیتان بەدەریادا بڕۆن، بەڵام هەر شارەزای ئەوە نەبوون کە ئەبێت چۆن بەسەر زەویدا بڕۆن.!!
ئەمەش هەر قسەی ئەلیکسیس کاریل (Alexis carrel)ـە کە دەڵێ: (وا دیارە شارستانێتی ئەم سەردەمە ناتوانێت پیاوانێک بهێنێتە بەرهەم کە خاوەنی پلەیەکی باش لە زیرەکی و بلیمەتی و چاو نەترسی بێت، هەموو کەس و لە هەموو شوێنێکدا تێبینی ئەوە دەکات کە ئەو چینەی کاروباری ئەم وڵاتە هەڵ دەسوڕێنن، بیروهۆش و ڕەوشتیان زۆر هاتۆتە خوارەوە.! تاکەکانی کۆمەڵگاکان و مرۆڤایەتی بە خێراییەی دەزگا زانستییەکان –کە هەر ژیری خۆیان درووستی کردبوو- پێش نەکەوتن، ئەمەش ئاشکرایە کە کێ هۆکاری ئەم کارەساتەیە.! ئەمانە هۆی کەم و کورتی بیروهۆش و ڕەوشتی سەرکردەکانی سیاسەتە.! ئەوانن کە نەزانینەکانیان وا بکات چارەنووسی نەتەوەو گەلانی داماو بە زەلیلیيەوە بکەوێتە ژێر ڕکێفیان).
لەبەر ئەم هۆیانەیە کە ئەڵێين جیهان پێویستی بە ئیسلامە، وەکو کە پێش هەزارو چوارسەد ساڵ لەمەوبەر پێویستی پێی بوو .! پێویستی پێیەتی تا لەهەواو هەوەس پەرستی ڕزگاری کات، تا ورەو وزەی ئازاد کات، بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی بگەێنێتە لوتکەی خێرخوازی، تا بیگەێنێتە ئەو پلەیەی کە شایانی ڕێزلێگرتنەکەی خوایە تێیدا.! کەس نەڵێ هەوڵدان بۆ هێنانەوەی ئیسلام کارێکی نەزۆک و بێ بەرهەمە، چونکە مرۆڤایەتی شایەتی ئەوە دەدات کە هەرچی جارێک ڕوویدا، مومکینە جارێکی تریش ڕوو بداتەوە.! خەڵکەکە هەر ئەو خەڵکەیە، ئەو ئاستە نزمەی خەڵکی هەواو هەوەس پەرستی پێش ئیسلامەتیی تێی کەوتبوون، کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ئەمڕۆش –تاڕاددەیەکی زۆر- هەر لەهەمان ئاستدا.! تەنها جياوازييەك کە هەستی پێ بکرێت، بریتییە لە جیاوازی ئامێرەکانی خزمەتی لەزەت کردن.! ڕۆمانی کۆن لە داوێن پیسیدا هەر وەکو پاریس و لەندەن و شارەکانی ئەمریکای ئەمڕۆ بووە، ئەو ڕەوشت نزمییەی کۆمۆنیزم بۆ مرۆڤایەتی داوا دەکات و لە وڵاتانی خۆیدا چەسپاندوێتی، هەر وەکو ئەو بەرەڵایی و نقوم بوونە وایە فارسی کۆنی تێدا بووە.! ئیسلام کە هات ئەمانەی هەموو گۆڕی بۆ ژیانێکی بەختەوەرو خێزخوازو دادپەروەر، ئیسلام بووە پاڵنەری مرۆڤایەتی بەرەو پاڵفتە بوونی ڕۆحی و ئازادکردنی ئیرادەو هەستیار کردنی بیروهۆشی، تا ئاسان و بە گوڕ بتوانێت گۆڕانکاری بهێنێتە دی، بۆیە ئاسان و زووش توانی ئەو هەموو کەندو کۆسپانە ڕادات کە شەڕخوازو زلهێزانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا ئەیانهێنایە سەر ڕێی، دیسان دوای ئەوەش جیهانی ئیسلام بۆ ماوەیەکی زۆر تولانی توانی هەر وەکو سەرچاوەی ڕووناکبیری و خێرخوازی و دادی کۆمەڵایەتی و شارستانێتی پێشکەوتوو بمێنێتەوە.! جارێک لە جاران ڕووی نەدا ئیسلام پێویستی بە وەرگرتنی ڕەوشت و ڕەفتاری غەیرە بووبێتەوە.! جارێک لە جاران ڕووی نەدا زانایانی مووچە خۆری دەوڵەت لەبەر کەم دەرامەتی دەوڵەت مووچەیان نەدرێتێ.! چ جای ئەوەی بسوتێنرێن.! بۆیە شارستانێتی ئیسلام لەهەموو بوارێکدا هەر بەو ئاستە بەرزەی مایەوە، تا ئەو زەمانەی کە ئیتر ئاستی ڕەوشتی شوێنکەوتووانی ئیسلام لەو ئاستە بڵندەیەوە بەرە بەرە بەرەو خوا شۆڕ ئەبۆوەو لە جیاتی خواپەرستی و خواویستی هەواو هەوەس و حەزی مونحەریف دەر ئەکەوت و چەوتی و لارو وێری ئەهاتە جێی ڕاستی و دادی کۆمەڵایەتی، بۆیە هەر ئەبوو ڕێسای گەردوونی خوایان بەسەردا بچەسپێت و بڕوخێن..!
کۆمەڵگای نوێی ئیسلامەتی ئەمڕۆ وا هۆشێکی هاتۆتەوە بەرو هەستی بەوە کردۆتەوە کە دەبێ بیروهۆشی خۆی لەو گەنجینە دەوڵەمەندەی ڕابردووەی خۆی وەرگرێتەوە، دەبێ هێزی ئەمڕۆی هەر لە بنەماکانی هێزەکەی دوێنێى وەرگرێتەوەو چاویش لە داهاتوویەکی گەش ببڕێت، دەبێت هەموو هۆکارێکی گەشەو نەش و نما بگرێتەوە بەر، تا بتوانێت ئەو موعجیزە قەیمییەی ئیسلام لەسەرەتای پەیدا بوونیدا خستیە ڕوو، ئەمیش جارێکی تر بۆ جیهانیان بخاتەوە ڕوو، جا ئەو کاتە کۆمەڵگەیەکی مرۆڤایەتی سەر لەنوێ ئەبینرێ کە لە هەواو هەوەس پەرستی قوتاریان بۆتەوەو بەرەو ئەو پلەو ئاستە بڵندبوونەتەوە کە خوای گەورە بۆ مرۆڤی دیاری کردووە، ئەوسا مرۆڤ خۆی ئەبینێتەوە کە قاچی لەسەر زەویەو چاوی هیوای بڕیوەتە ئاسمان.!

ماويەتى..

نووسينى: مامۆستا ئازاد نجم الدين

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.
www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org



 435

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram