سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ڕۆڵى ئيسلام لە ژيانى مرۆڤايەتيدا.! (22).
گۆڕینی فۆنت


ڕۆڵى ئيسلام لە ژيانى مرۆڤايەتيدا.!

بەشى بيست و دووەم. (22).

ئیسلام لە جیهانی واقیعدا.!

ئیسلام وە نەبێت تەنها عەقیدەیەکی ڕۆحی بێ، یان هەر هاندەرێکی داڕشتنی ڕەوشت بەرزی بێ، یان تەنها بانگەوازێک بێ بۆ مێشک و بیرخستنە کارو لێکۆڵینەوەی ئاسمانەکان و ئەوی تێیاندایە، بەڵکو ئايینێکە تەماشای کاری گەردوونی و هەڵسوکەوتی مرۆڤی سەر زەوی دەکات، پڕۆگرامێ بۆ پەیوەندییەکانی نێوان ئەندامانی کۆمەڵ دادەنێ، ڕامیاری بن، یان کۆمەڵایەتی، یان بارى ئابوری، بۆ هەر یەکێکیشیان ئەحکامێکی یاسایی خۆی بۆ داناوەو شێوازی چەسپاندن و ڕێگاکانیشی بەشێوەیەک داڕشتووە کە پەیوەندییەکانی نێوان تاک و کۆمەڵ، ژیريی و ویژدان، پەرستن و کردەوە، زەوی و ئاسمان، دنیاو قیامەتی پێکەوە بە کۆمەڵێک ڕێسای خۆی، زۆر مەحکەمانە پێکەوە گرێداوە.! هەرچەندە ئێرە جێ باسی ئەو ڕێساو ئەحکامانە نیە کەباس لەو شێوازو ڕێگایانە ئەکاتەوە کە ئەو لایەنانەی ژیانی مرۆڤی پێکەوە بەستۆتەوە ، بەڵام ئەکرێت چەند ڕاستیەکیان لێ بخەینە ڕوو:
یەکەم: ئیسلام بانگەوازێک نیە –دوور لە جیهانی واقیع- لە چوارچێوەی تیۆر (نظریة)ێکدا مابێتەوە، بەڵکو یاساو ڕێسایەکی کردەوەییەو شارەزای هەموو کەلێنێکی پێداویستییە ڕاستەقینەکانی خەڵکییەو لە ڕەنجێکی بەردەوامدایە بۆ هێنانە دییان..
دووەم: ئیسلام-بەو ئەندازەی وزەو توانای مرۆڤ خۆی لەباریدا هەیە- هەوڵ بۆ هێنانە دی هەموو پێداویستییەکانی کۆمەڵ دەدات، لەباری ماددیدا بن یان واتایی، پێداویستی ڕۆحی بن، یان جەستەیی، لە بارودۆخی دەرووندا بن، یان باوودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری.. هەمووشیان بە هاوکێشەیەک پارسەنگ ڕادەگرێت، ناهێڵێت لایەنێک لەسەر حسابی لایەنێکی تر گەشە بکات، یان توغیان بکات، بۆ نمونە گەشە بەلایەنی ڕۆحی مرۆڤ نادات لەسەر حسێبی زیندە وزەکانی جەستەی، ئەمان مت ناکات بۆ نەش و نمای ئەو، یان بایەخی زیاتر بەلایەنی حەزو ئارەزووە جەستەییەکانی نادات لەسەر حسێبی پاکی ڕۆح و سافی دڵ و فراوانی دەروونی.. هەموو لایەنەکان پارسەنگ ڕائەگرێت، هەستی مرۆڤەکە لە هاوکێشەیەکی پارسەنگدا لە نێوان ڕاکێشان و خۆگرتنەوەدا بەرز ڕائەگرێت.. کە تاکی مرۆڤەکان ئاوا پارسەنگ پەروەردە ئەکات و دەیانکاتە خشتی لە قاڵب دراوی خۆی، ئینجا ئەیانخاتە ناو کۆمەڵگەکەوە، لەوێش بە شێوەیەکی تر ئاڕاستەی دەکات، گیانی کۆمەڵکاری تێدا ئەخوڵقێنێت، ناهێڵێت ئەوەندە ئەنانی و خۆویست بێ، هەر بۆ لای خۆی کێش کات.! هەمیشە ئەو ئاستەی ئەخاتە بەرچاو کە خوای گەورە ئەو موسڵمانەی خۆش ئەوێت کە بە تەنگ خەڵکانی ترەوە دێت، ڕقیشی لەو کەسانەیە کە ستەم لە کەسانی تر دەکەن.!! چ وەکو تاک یان وەکو دەستەو تاقم و چین و توێژ، یان وەکو کاربەدەست و دەسەڵاتدارو خاوەن هێز، یان وەکو گەل و نەتەوەکان لە یەکتری.. چونکە ئیسلام خۆی(وەکو پۆلیسی هاتوچۆ) لە نێوان هەموو ئەمانەدا ئەوەستێ و ئاڕاستەی هەموو لایەکیان وا ئەکات کەبەرژەوەندی هەموویان –بێ پێک کێشان و ململانێ- لەبەر چاوی خۆیان بهێنێتە دی.. هەر هەمووشیان بەردەوام بۆ خێروخۆشی هەموو مرۆڤایەتییە مەحرومەکە بانگ ئەکاتەوە..

ماويەتى..

نووسينى: مامۆستا ئازاد نجم الدين

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.
www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org



 528

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram