سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ڕۆڵى ئيسلام لە ژيانى مرۆڤايەتيدا.! (23).
گۆڕینی فۆنت


ڕۆڵى ئيسلام لە ژيانى مرۆڤايەتيدا.!

بەشى بيست و سێيەم. (23).

ئیسلام لە جیهانی واقیعدا.!

ئیسلام موراعاتی هەموو حەزو ئینتیماکانی مرۆڤ دەکات، بۆیە لە یاساو ڕێسا شەرعییەکانیدا ئەبینیت هەم ئارەزووەکانی تاکی لەبەرچاو گرتووە، هەم لەزەتی ئینتیمای کۆمەڵکارییەکانی تیرەو هۆزو چین و نەتەوایەتی مرۆڤ، بۆیە ئیسلام وەکو کۆمۆنیزم نییە هەر باری ئابووری بخاتە پێش چاوی خەڵکی و مەحرومەکان بەناوی چینی پڕۆلیتاریاوە کۆکاتەوەو ڕقانە ئاڕاستەیان کات تا تۆڵە لە دەوڵەمەندە بورژواکان بسەننەوە.!! دیسان ئیسلام وەکو مەزهەبە ئایدیالیزمە ڕۆحییەکان نییە، پێداویستی ڕۆحی خەڵکی بۆ کۆمەڵکارییەکەی خۆی بقۆزێتەوەو وا ئاڕاستەیان کات تا پێداویستی جەستە مت کەن و ئارەزووەکان بە قێزەون و پیس تەماشاکەن.! کەوا پێویست کات خۆ لە ئاستیان دەرهێنن و بە ڕۆحێکی (پاکتر) ئاستی خۆیان لە ئاستی حەزو ئارەزووی جەستە بەرزتر کەنەوە.!!
ئیسلام ئەمانە ناکات، چونکە ئەزانێت کە مرۆڤ لە هەموو ئەمانە پێکهاتووە، بۆیە وەڵامی ئەم پێداویستییە ماددی و ڕۆحیانە –بەشێوەیەکی شیاوو پارسەنگ- دەداتەوە.. بە دەنگ ڕۆحەوە دەچێت و حەزە ڕەسەنەکانی جەستەش بەدی دەهێنێت، ژیری ئەبزوێنێت و بیر ئەوروژێنێت تا سەرنجدان و تێفکرين و لێکۆڵینەوە بێتە دی، تاک وا تێ ئەگەێنێت کە بەشێکە لە هەموو (جزء من الکل)، پێی دەڵێ: کۆمەڵگە (هەموو) لەتاک تاکی ئێوە پێک دێت، تاک تاکی ئێوەش (بەشەکان) بە کۆمەڵکاری و پێکەوە سازانەکەتانەوە جوانن..
سێیەم: ئیسلام بیروهۆشێکی کۆمەڵایەتی و سیستمێکی ئابووری سەربەخۆی خۆی هەیە، ئەگەرچی لە هەندێک بڕگەو بەشدا لەگەڵ سەرمایەداری یان لەگەڵ کۆمۆنیزمدا یەک دەگرێتەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەڵێین: کە ئیسلام شتێکەو ئەو دوو مەدرەسەیە شتێکی تر..
ئیسلام سیفەتە چاکەکانی ئەوانی تێدایە بێ ئەوەی تووشی لارو وێرییەکەی ئەوان بووبێت، چونکە ئیسلام سیستمێکە نە –وەکو سەرمایەداری- ئەوەندە تاک هەڵ ئەنێ بیگەێنێتە ئاستی دەسەڵاتداری هەموو شت، کە دواتر هەموو شت ڕقیان لێی ببێتەوە.! وەکو ئەوەی لە ڕۆژئاوا ئەبینرێت کە چەند کەسێکی سەرمایەدار دەبنە خاوەنی هەموو شتێک.! سەرمایەدارییەکە ناهێڵێت کەس –تەنانەت خودی کۆمەڵگەکەش- لەڕێیاندا بوەستنەوە.! بۆیە دەبینین چینی سەرمایەداری ڕۆژئاوا کە دەسەڵاتی سیاسییان زەوت کردووە بوونەتە زەرووی ئابوریش، بەناوی سیاسەت و سەربەستییەوە ڕووتانەوەیەکی یاسایی مومارەسە دەکەن.!!

ماويەتى.

نووسينى: مامۆستا ئازاد نجم الدين

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.
www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org


 401

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram