سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  بۆچی ئیسلام باڵای نانەوێ.؟
گۆڕینی فۆنت


بۆچی ئیسلام باڵای نانەوێ.؟

ڕاشد غەنوشی سەرۆکی حیزبی نەهزەی ئیسلامی تونس لە وتەیەکیدا دەڵێ: "خراپترین شتێک کە بەسەر ئیسلامییەکان دێت ئەوەیە کە پێش گەیشتنیان بەدەسەڵات خەڵک خۆشی دەوێن، بەڵام دوای گەیشتن بەدەسەڵات دەیانبوغزێنن".
دەکرێت یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو بوغزاندنە هەڵسوکەوتی خودی ئیسلامییەکان خۆیان بێت نەک لاوازی ئیسلام. هەندێک لە ئیسلامییەکان ئەو وێنەیەمان دەدەنی کە هۆکاری شکستهێنانیان دەرکین و خۆیان هیچ سوچێکیان نییە.
هۆکاری شکستیهێنانی ئیسلامییەکان زۆر و ئاڵۆزن. هەندێکیان پەیوەندییان بە کەموکورتی ئیسلامییەکان خۆیانەوە هەیە و، هەندێکیان بارودۆخی دەوروپشتیان هۆکارە. بۆ نموونە: عەلمانییە خۆجێیەکان، ئەوانەی بەناوی دیموکراسییەوە کار دەکەن، دەنگی ئیسلامییەکان کپ دەکەن و بەپێی پلانێکی تۆکمە لێیان دەدەن. هەڵوێستی هێزە نیودەوڵەتییەکانیش دژ بە ناسنامەی ئیسلامی وەستاونەتەوە و لە سادەترین دروشم و هێمای ئیسلامی دەدەن بۆ ئەوەی موسوڵمانان بەگشتی ببەنەوە دواوە و لە کۆمەڵگەدا دەرنەکەون و کارتێکردنیان نەبێت.
کەموکوڕی ئیسلامییەکان یان موسوڵمانان بەگشتی شلگرتنی پرینسیپەکانی دینەکەیان و، نەشارەزاییانە لە سیاسەت و فرتوفێڵی دەوڵەتەکانیان. هەروەها نەبوونی پلانێکی ستراتیژی. لەسەرو هەموویانەوە سەرکردایەتییەکی دەستەوستانیان هەیە کە هەلەکان لەدەست دەدەن. کەواتە خۆڕاگرتنی ئیسلام و باڵا نەوی نەکردنی لەبەهێزیی خودی دینەکەدایە کە هیچ هێزێک ناتوانێت گۆڕانکاری نێگەتیڤی تێدا بکات و دینێکی دیکە لە شوێنی دابنێت. لە هەمان کاتدا کەسایەتییەکانی ئیسلام لە پێغەمبەری خواوە صلى الله عليه وسلم بیگرە تا نەوەکانی دواییتر وەک کاهینەکان نەژیاون، یان تەنها خاوەن قسە نەبوون، بەڵکو بەکردەوەش سەلماندوویانە کە خاکین و خاوەن پرینسیپن لە ژیانی خۆیان و چەسپاندنی دینەکەیاندا. لە دادگەری تێگەیشتوون و چەسپاندوویانە. لە دەوڵەت و سیستەمی دروستکردنی دەوڵەت تێگەیشتوون و دروستیان کردوە. زانیویانە یاسا چییە و چۆن بۆ خۆشگوزەرانی میللەت پیادەی بکەن.
لە پەیامەکەی پێغەمبەری خوادا صلى الله عليه وسلم کاری سیاسی و سەربازی لە خزمەت حەق و دادگەریدا بووە و، هۆکارێک بووە بۆ بەدەستهێانی ڕەزامەندی خوای گەورە. پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم صلى الله عليه وسلم بەرەنگاری شەپۆلە سەختەکانی ژیان بووەتەوە و لە گۆشەیەکدا گیری نەخواردوە و، تەنها ویژدانی خەڵکی نەجوڵاندوە و نەزانێت بەرەو کوێیان دەبات. گەورەترین هێزی ئەو سەردەمەی ملکەچ کردووە بۆ حەق و ڕاستی. هەروەها نموونەیەکی بەرزی ئەخلاقی لە شوێنکەوانیدا ڕەنگ پێداوەتەوە و چەسپاندوویانە.
سیاسەت لە قوڵایی ئەو پەیامەدا بووە کە پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم بۆ مرۆڤەکانی هێناوە. هەر لەسەرەتایەکی زووەوە دەوڵەتی لە مەدینە دروستکردوە و، ئەمیر و قازییەکانی دیاری کردوە. وەک هێزی سوپای جوڵاندوە پێشتر نامەی بۆ پاشا و دەسەڵاتدارەکان ناردوە. وەک ڕێککەوتننامەی واژۆ کردوە سزاکانیشی جێبەجێ کردوە. سیستەمی خەزێنەی دەوڵەتی دروستکردووە و بەپێی شەڕع خۆی و ئەوانەی دوای خۆشی مامەڵەیان بەو خەزێنەیەوە کردووە و، ئیدارەدانی دەوڵەت بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵگە بووە.
ئیسلام بەو دیدە ڕۆشنەیەوە مانای داوە بە ژیان و لەهەمان کاتیشدا بزاڤێکی سیاسی خاوەن پرینسیپ بووە و، دەنگێک بووە هەمیشە پشتیوانی لە ستەمدیدەکان کردوە. بۆیە تاکو خەڵک هەست بەو پشتیوانییە بکەن بێ خەمن و پابەند دەبن بە ئیسلامەوە. هەوڵی ئەوانەش کە دژ بەم دینەیە شکست دەهێنێت، بەڕادەیەک ئەگەر ئیسلامی سیاسی و حیزبە ئیسلامییەکانیش نەمێنن ئیسلام هەردەمێنێت و گەردنی نەوی ناکات.

نووسینی : خالید ڕەنجدەر

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.
www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org



 376

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram