ئەحمەدى موفتی زادەو خۆشەویستی خۆشەویست ﷺ.! دەڵێ: لە زیندانی تاکە کەسی بووم، خەمی دووری لە هاوەڵان دایگرتبووم و، هیچ کەسم لەگەڵ نەبوو و، هیچ دەنگێک نەدەهات، تەنانەت دەنگی پاسەوانەکانیش نەدەهات، و تاک و تەنیا. بیرم لەوە دەکردەوە چەند بەیتە شیعرێک بنووسم لە سەر جیاوازی (ئیمانی زیهنی) و (ئیمانی قەلبی) و دەستم پێ کرد و چەند بەیتێکم لێ نووسی و، بە بڕوای خۆم دامنابوو درێژە بکێشێ، بەڵام کاتی نوێژی عەسر بوو، وتم دوای نوێژەکەم دەستی پێدەکەمەوە، چووم دەستنوێژ هەڵبگرم و نوێژەکەم بکەم، کە هاتمەوە ئەم دوو بەیتە هاتەناو دڵم و، ئیتر کۆتایم بە شیعرەکەم هێنا بەم دوو بەیتە. ئا لێرەدا موفتی زادە زۆر دەگری ـ و بەدەم گریانەوە دەڵێ: زۆر تاڵە هەڵبڕان لە هاوەڵان وەک لە چاڵێ ـ نەک لە یاڵێ ـ تاقە دارێ. گیانم، سەرم، ماڵم، فدات کەم ئازیز بۆ ئاوڕێ، بزەیەکی، تاقە جارێ!. لێکدانەوە: ۱. هەڵبڕان لە هاوەڵان: دابڕان لە هاوڕێیان، خەم و خەفەتی هاوڕێیانێتی لەدەرەوە، دەبێ چۆن بن، و چی بکەن. ۲. وەک لە چاڵێ نەک لە یاڵێ تاقە دارێ: تەشبیهی غەریبی خۆی دەکات بە تاقە درەختێ کە، لە ناو چاڵێکدا بێ، هیچ کەس نەبینێ، نەک لە بەرزاییەک (یاڵێ) کە خەڵک بیبینێ. ۳. گیانم، سەرم..هتد: هەموو ئەم خەم و ئازارە، نەک ئەوە بەلکۆ گیان و سەر و ماڵم قوربانی تۆ بێ ئازیزەکەم (علیە السلام)، تەنها لە بەرامبەر ئاوڕدانەوەیەکی ڕەحمەتی تۆ، یان یەک دانە زەردەخەنەیەک با لە خەویشدا بێ. بەڕاستی ئەمەیە ئەوین و عەشقی ڕاستەقینە بۆ پێغەمبەری ئازیز ـ علیە الصلوات والبركات. هەزار دروود و سڵاوات بۆ گیانی پاک و خاوێنی سەروەری مرۆڤایەتی. پلەی عارف و خواناسی مەزنیش موفتی زادە فیردەوسی ئەعلا بێت. د. محمود زمناکۆیی ۱۲ ربیع الاول ۱٤٤۳ پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله. www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org